Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بەسەرهاتەکانی ناو زیندان “عیسا ئیراندووست” – بەشی یەکەم

سەعات بوو بە دوازدەی شەوێ هەر هیچم نەگوت. پاشان لە نێو خۆیان گرتم و دەستیان بە لێدانم کرد. ئەو لێ دەدام و بەڕێی دەکرم بۆ ئەوی تر، وەک چەلهووپانیان پێدەکردم. ئەو شەوە هەتا بەیانی لێیاندام.

پرسیار: کاک عیسا سڵاو و رۆژ باش. کاک عیسا تکایە خۆتمان پێ بناسێنە!
وەڵام: سڵاو، من عیسا ئیراندۆستم لە گوندی “شەملەکان” لە دایک بوومە ساڵی ١٣٤٤/٢٦/٦

پ: ناوی دایک و باوکت؟

و: باوکم موسا ئیراندووست و دایک شمسی

پ: کاک عیسا ژیانی منداڵیت چۆن ڕابووردووە؟

و: ژیانی منداڵین بە خوای ئێمە فەقیر بووین و بڵێین دەوڵەمەند نەبووین، بنەماڵەمان بنەماڵەیەکی فەقیر بوون و هەر کار و کاسبیمان دەکرد و ئاوا. بەداخەوە مەدرەسەش هەر نەچووم.

پ: کاک عیسا چەند خوشک و برات هەیە؟

و: ئەمن خوشکێک و سێ برام هەیە.

پ: گوندەکەتان لە شاری ورمێ نزیکە؟

و: گوندەکەمان ناوی “شەملەکان”ـە سەر بە ورمێیە و پێیدەڵێن “بەکشلوو” یانی “بارکشلوو”، یانی دەبێتە سەر بە ورمێ، دەوری ئورمیە.

پ: کاک عیسا ئەو سەردەم کە لە ئێرانێ ئینقلاب کرا تەمەنت چەند بوو؟ لە ساڵی ١٣٥٧

و: ئەمن ئەودەمی دەوری دوازدە ساڵ ئەوانە دەبووم، ئەودەمی ئینقلاب بوو. دەوری دوازدە ساڵ تەقریبەن سێزدە ساڵ ئەوانە دەبووم.

پ: کاک عیسا چ بیرەوەرێکت لە دەورانی ئینقلاب هەیە، دەبێ هێندێک شتت لە بیر مابێ؟

و: پێش ئەوەی ڕێژیمی خومەینی بێت، ئێمە چەند کەسەێک بووین هەرکەسە و حەیوانی خۆمان دەبرت بۆ چەڕایە، کاتێک گاڕان دەهاتەوە ئەمە هەر کەسە و حەیوانی خۆمان دەبرد. ئەودەمی لە بیرم تێت دەیانگوت خومەینی دێتن هەر ماڵێکی سەد تومەن دەدات و نەفت و هەموو شتێک بێ پارەیە و دوایی بەداخەوە دەرکەوت ئەو شتانە هەمووی درۆ بوون.

بنەماڵەمان بە بنەماڵەی دیموکرات ناسرابوون

باوکم و دایکم ئەندامی حیزب بوون

پ: باشە ئەگەر شۆرشی ئێران کرا و کە جمهوری ئیسلامی هاتە سەر کار چ ئاڵ و گۆڕێک لە گوندی ئێوە روویدا، لە ناوچەی ئێوە چ روویدا؟

و: کە دەوڵەتی جمهوری ئیسلامی هاتە سەرکار دوایە دەرکەوت ئەو قسانەی کە دەیلێن هیچیان ڕاست نەبوون. ئینقلاب چێ بوو، کوشتار کوشتار چێ بوو مەسئەلەی شیعە و سوونی هاتە پێشێ یانی زۆر شتی نادرووست هاتنە پێشێ ئەودەمی تەقریبەن ساڵی ٥٨ برام بوو بە پێشمەرگە.

پ: پێشمەرگەی کوێ؟ پێشەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران، بەڵێ ناوی چ بوو؟

و: ناوی ڕەمەزان ئیراندووست بوو بەداخەوە ساڵی ٥٩ لەگەڵ ٤٩ پێشمەرگە لە شاری ورمێ شەهید بوون.

پ: بەڵێ رووحی شاد بێ

و: سپاست دەکەم.

پ: باشە دوایی کە برا گەورەکەت هاتە نێو ریزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دوایی چ ئاڵ و گوڕێک بەسەر ماڵی ئێوەدا هات؟

و: دوایی ئەودەمەی کە برام پێشمەرگە بوو لەو گوندەی خۆمان لە دەوری چیای شیرێ شازدە مقەڕی حیزبی لێ بوو، مقەرێکی کۆمەڵە لێ بوو، یانی بنەماڵەمان هەموو هەر حیزبی بووین، بنەماڵەمان بە بنەماڵەی دیموکرات ناسرابوون، دەیانگوت بنەماڵەی دیموکرات باوکم، دایکم ئەندامی حیزب بوون ئەمە هەموومان دەگەڵ حیزب کارمان دەکرد. بەداخەوە باوکم کە برام شەهید بوو و من چووم بۆ پێشمەرگایەتی باوکمیان زۆر شکەنجەدا. هێندەیان شکەنجەدا بە هۆی ئازاری ئەشکەنجە بابم کۆچی دوایی کرد.

پ: کاک عیسا تۆزێک باسی ژیانی خۆتم بۆ بکە دوایی کاتێک دەوڵەتی جمهوری ئیسلامی هاتە سەرکار؟

و: وەڵا دوایی کە جمهوری ئیسلامی هاتە سەرکار ئێمە هەموومان ژیانی شەخسی کاسبیمان خۆمان دەکرد. من کە موعامەلەم دەکرد لە نێوان تورکیە و ئێرانێ. پارچە و شتی وامان دەهێنا و ئەودەمی هێدی هێدی کە برام شەهید بوو ڕاستی من دەمهەویست درێژەدەری ڕێگای براکەم بم. دوو جار، سێ جار چوومە ناو حیزبێ هەر ئیجازەیان نەدام ببمە پێشمەرگە بە منیان وت برات شەهید بووە بنەماڵەت هەموو حیزبینە بڕۆ لە ماڵێ ئاگات لە باوک و دایکت بێ. منیش قبووڵم نەکرد و گوتم یان دەبێ بمکەنە پێشمەرگە، یان دەبێ کار بکەم لەگەڵ حیزبێ. دوایی ئەودەمی دەگەڵ شەهید سولەیمان ڕەحمەتی خەڵکی گوندی قاسملوویە تەماسم گرت. لە ئەوەڵین تەماسم لە ساڵی ٦١ ، بوومە ئەندامی حیزب. دەگەڵ شەهید سولەیمان بەرگە و شتیان بە من دەدا و من لە رۆژی دووی ڕێبەنداندا لە گوندی دەوروبەری بەندی بڵاومان دەکردەوە دوایی وای لێهات ئێمە چۆار پێج نەفەر بەیەکەوە کارمان دەکرد. دوومان وەک کەسی ڕابت دەگەڵ ئەندامانی ناوخۆی حیزب پێوەندیمان هەبوو. تا ساڵی ٦٣ برادەرێک هەبوو هێنام گەیاندمە حیزبێ کە دەیخۆاست ببێتە پێشمەرگە لە گوندی شەمزینان گەیاندمە دەستی حیزبێ کە گەڕامەوە برادەرێک کە لەگەڵ یەکتر کارمان دەکرد گوزارشی لێدابووم، منیش نەمزانی نامە و شتیان دابوومێ و منیش نامەم هێنا و چوومە گوندی “دزێ”.

پ: ئەو کەسەی گووزارشی لێدابووی ناوەکەیت لە بیرە؟

و: ئەرێ ناوی [ئەو ناوە لای ناوەندی نەمران پارێزراوە تا ڕۆژی خۆی] خەڵکی گوندی خۆمانە

پ: ماوە؟

و: ئەرێ ئێستاش ماوە و لەگەڵ ئیتلاعات کار دەکاتن. گوزارشی لێدابووم کە من چوومە دزێ و شانسی ئەوەم هێنابوو کە چوومە دزێ و نامە وشتم تەحویل دابوو ڕادیۆیەکی تووشیبام هەبوو خراپ ببوو، ئەو ڕادیۆیەم تەحویلی وەستا دابوو کە گەڕامەوە جێیەکە پێیدەڵێن “کوینقووربی” لەوێ گیرام و نامەیەکم پێ بوو.

پ: لە کوێ گیرای؟ یانی لەسەر جادەی؟

و: ئەرێ لەسەر جادەی لە ماشینەکەی کە دەهاتم لە نێو مینی‌بووسەکەدا لە ڕێگا هێنایانمە خۆارێ.

پ: چۆنیان ئەتۆ ناسێوە؟

و: گووزارشیان دابوو. گووزارشی دەقیقیان دابوو کە ئەو کەسە دێ و نامە و شتی پێیە

پ: ئەتۆ لە نێو مینی‌بووسێکەیدا بووی، باشە کێ هات ئەتۆ ناسێوە؟

و: تەقریبەن ئەودەمی بەند زەربەتی لێبوو، خودی بەندێ زەربەت هەبوو هەر خودی مامی ئەو کوڕەش هەر لەگەڵ زەربەتێ بوو.

گیراوی سیاسی کاک
عیسا ئیراندووست

پ: یانی مامەکەشی جاش بوو؟

و: ئەرێ مامەکەشی جاش سەرباز بوو، جاش نەبوو بەڵام جاش سەرباز بوو لە مەنتەقەی مە کە بۆی دەنووسن، دەڵێن جاش سەرباز. ئەمەش دەگەڵ وان بوو هێنایانمە خۆارێ ئەمن کارتی ئەو جاشەی شنۆیەم نیشاندا گوتم ئەمن ئەوەمە، گوتیان نانا وەرە خۆارێ ئەمە ئەتۆ دەناسین پ: ئەتۆ ئەو کارتەت لە کوێ بوو؟

و: ئەو کارتە برادەرێکی دۆستی ئێمە بوو ئەمن لێم وەرگرتبوو و پێ دەگەڕام یانی ئەویش هەر لە ناوخۆدا کاری دەکرد.

پ: یانی کارتی ئەو جاشەی کە وەرتگرتبوو بۆ وەی بوو کە کەس کاری پێت نەبێ؟

و: ئەرێ، من چوون وەختی سەربازیم هاتبوو بۆ وەی نەچمە سەربازێ ئەو کارتەم لەگەڵ خۆم هەڵگرتبوو بۆ وەی نەمگرن. کە گیرام ئەوان منیان تەحویلی ئیتلاعات دا، وەڵا گوتیان چووبویە دزێ، گوتم بەڵی. گوتیان چووبوویە کوێ، گوتم چوومە لای وەستای. گوتیان چ کارت لای وەستای هەبوو، گوتم ڕادیۆکەم خراپ ببوو چووبووم چاکی بکەم. کوتیان درۆ دەکەی ئەتۆ هەستەی و کاری حیزبی دەکەی. گوتم من کاری هەستە و شتی وا ناکەم، خۆم لە باری گێلیدا. گوتیان ئەتۆ درۆ دەکەی. پاشان ئیتلاعات منیان بردە دزێ بۆوەی بزانن درۆ دەکەم یان ڕاست دەکەم. منیش گوتم بابچین ئەگەر ڕادیۆکەم لەوێ نەبوو ئێوە حەقن. ئیتلاعات منیان بردە دزێ بۆوەی بزانن من چوومە ماڵی کێ. من وڵامم داوە کە نەچوومە ماڵی هیچ کەس. من گوتم چوومە لای ڕادیۆساز و ئەو ڕادیۆیەم تەحویلی ڕادۆسازی داوە. من پێشتر نامەکانم بردبوو و تەحویلی برادەرانم داببون، بەڵام ئەگەر ئەو ڕادۆیەم نەبردبا ئەوانیش ئاشکرا دەبوون چوون من نەمدەتوانی بڵێم نەڕۆیشتووم هەموو شتێکم ئاشکرابوو. بەڵام شانسم هەبوو هیچ نامەیەکم پێوە نەگیرا. پاشان بریانمە ئاپادانا. لە ئاپادانا پرسیاریان لێ کردم چەند کەس لە هەستەکەمدا هەیە؟

پ: ئاپادانا کوێیە؟

و: ئاپادانا ئەویش هەر سەر بە ورمێیە و شارەکێکە بە نێوی ئاپادانا لەوێڕا دیسان بردیانمە لای ڕادیۆسازەکە.

پ: کە تۆیان بردە ئاپادانا، ئاپادانا چی لێیە؟

و: ئاپادانا بنکەی ئیتلاعاتی لێیە. لەو بنکەیە هەرکەسێک بگرن هەرچی شتە لێ وەردەگرن و پاشان تەحویلی سپای پاسدارانی دەدەن. سپای پاسدارانیش کەوتۆتە سەر ڕێگای بەند و ورمێ سپای پاسداران جێگایەکی مەزنە. تا ماوەیەکی درەنگ هەر بە قسەی خۆش دەیانگوت هەرچی دەتهەوێ دەدتدەنێ، کەڵاشینکۆفت دەدەنێ، پوڵت دەدەنێ، هەرچی دەتهەوێ دەتدەینێ بەس ناوی نەفەرەکان بڵێ ئەتۆ بڕۆ ماڵی خۆت، ئێمە دوایی دەچین ئەو نەفەرانە دەگرین. من گوتم  کەس ناناسم، ناوی چ بڵێم؟ یانی هەرچیان گوت، هەر هیچم نەگوت، سەعات بوو بە دۆازدەی شەوێ هەر هیچم نەگوت. پاشان لە نێو خۆیان گرتم و دەستیان بە لێدانم کرد. ئەو لێ دەدام و بەڕێی دەکرم بۆ ئەوی تر، وەک چەلهووپانیان پێدەکردم. ئەو شەوە هەتا بەیانی لێیاندام. ئەو کەسەی گووزارشی داببو هەموو شتێکی دەقیقی پێدابوون، یان هەموو شتێکی پێ گوتبوون و ئاگاداریشی کردبوونەوە کە ئەوە دەتوانێ هەموو شتێک بڵێ.

سێ جار چوومە ناو حیزبێ هەر ئیجازەیان نەدام ببمە پێشمەرگە بە منیان وت برات شەهید بووە بنەماڵەت هەموو حیزبینە  

بڕۆ لە ماڵێ ئاگات لە باوک و دایکت بێ.

پ: چەند کەس بوون ئەوان؟

و: ئەوانەی کە لە منیان دەدا و لێیان دەپرسیمەوە چۆار کەس بوون و هەر چۆاریان ئیتلاعاتی بوون. پرسیاری ئەوەیان لێدەکردم هەستە چەند کەسە …

پ: ناوەکانیان چ بوو؟

و:بە خوای ناوەکانیان نازانم.

پ: باشە لە نێو خۆیاندا نێوی یەکتریان نەدەگوت؟

و: نا نێوی یەکتریان نەدەگوت، بەڵام یەکنەفەریانم لە نێو ئەواندا دەناسی نێوی تاهیر بوو و کە پاشان کووژرا، خەڵکی حەسارۆک بوو و حەسارۆکیش سەر بە ورمێیە.

پ: کورد بوو یان فارس؟

و: ئەو تاهیرە کورد بوو، بەڵام ئەوانیتر فارس بوون.

پ: ئەو تاهیرە لەگەڵ ئەو سێ کەسەی تر لە بازجوویی و شکەنجەی تۆ دا دەستی هەبوو؟

و: بەڵی، لە هەموو شتێکدا ئەویش دەستی هەبوو. دوای وەیکە شکەنجەی زۆریان دام و هیچم نەگوت. ئەمنیش نامەم پێبوو و لە نێو دۆخینەکەم دابوو.

پ: نامەی چت پێبوو؟

و: نامەی حیزبێم کە تەحویل دابوو، وەرمگرتبوو بۆ وەی بەڕێیکەم بۆ حیزبێ، نامەی ئەو برادەرانە. نامەیەکی تەشکیلاتی بوو کە وەک ڕابت وەرم گرتبوو، نامەی حیزبم کە تەحویلی وان دەدا، نامەی ئەوانیشم وەردەگرت تەحویلی حیزبم دەدا. پیرە مێردێکی بەسیجی لێبوو، لێم پرسی کە دەبێ بچمە تەوالێتی و وەزعم باش نێ. وتیان ئەگەر وەزعت باش نێ برۆ، کە دەرگەیان پێوەدا نامەکەم دەر هێنا و لە نێو تەواڵێتێم کرد. ئیدی کە نامەکە رۆیشت تازە گوتم هەرچی لێم بکەن هیچ ئاشکرا نابێ، تازە تەواو بوو. ئەو شەوە هەتا بەیانی لێیاندام و هیچم نەگوت.

پ: لێدانەکەیان چۆن بوو؟

و: بە زلە، بە پێلاقە، بە فانوسقە، بە هەموو شتێک لێیان دەدام.

پ: بە شەلاق و کابڵ و شتیش لێیان دەدای؟

و: بە هەموو شتێک، تا بەیانی هیچم نەگوت. بەیانی دوو سەعات بۆ سپێدە مابوو، دەوری سەعات سێ شەو بوو و بریانمە جێگایەک کە وەک کەلاوە وابوو ورکە نان و شتی وایان لێ فڕێ دەدا، منیان فڕیدا ئەوێ. هەتا سەعات شەسی بەیانی ئەو تاهیرە هات، دەستی منیان کردەوە گوتیان بڕۆ، کە بردیانمە ژوورێ گوتیان لێرە هەرچی بڵێ ئازادت دەکەین، وتم هیچ ناڵێم چ بڵێم؟ گوتم تۆ دەڵێ من هەستەم، من هەر نازانم هەستە چشە! ئێمە هەستە بە ڕەشماڵی ئەسپ دەڵێن

پ: ئەو کەلاوەی کە دەڵێی، پاش ئەو هەموو لێدانە بەدەنت خوێن و شتیوای لێ دەهات؟
کۆتایی بەشی یەکەم …

بەشی دووهەم بخوێنەوە