
ئاژانسی هەواڵدەری میزان, پێوەندیدار بە دەسگای دادی ڕێژیمی ئێران هەواڵی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی دوو گیراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی ڕامین زلە و کەریم مەعروف پوور لە گرتووخانەی ناوەندی شاری نەغەدەی پارێزگای ورمـێ لە بەرەبەیانی ۳۱ی بانەمەڕی ۱٤۰٥ی هەتاوی ڕاگەیاند.
ڕامین زلە و کەریم مەعروف پوور بە ئەندام بوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و شەڕی چەکداری تاوانبار کرابوون, ئاژانسی هەواڵدەری میزان لە شرۆڤەیەک کە لەسەر ئەو دوو گیراوە کوردە کردوویەتی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەندام بوون لە گرووپی تیرۆریستی جیاخواز و شەڕی چەکدارانە و هەنگاو نانەوەی بۆ تیرۆر, هۆکاری پەسەندکردن و جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامیان بووە.
ڕامین زلە لە ڕێـکەوتی ۱ی گەلاوێژی ۱٤۰۳ی هەتاوی و دوابەدوای هێرش بردن و لێدانی لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماڵەکەی خۆی له نەغەدە دەسبەسەر دەکرێ و ڕادەگوازرێ بۆ گرتووخانەی ناوەندی نەغەدە و دواتر لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا و ئەندام بوون لە حیزبی دیمۆکراتی کورستانی ئێران بە ئێعدام مەحکووم دەکرێ. پێویستە باس لەوە بکرێ کە جڤاتی پێداچوونەوە بەسەر حوکمی ڕامین زلە لەچەند خولەک و بەبێ بەشدار بوونی پارێزەر ئەنجام درابوو و لە ڕێکەوتی ۱٥ی سەرماوەزی ۱٤۰٤ی هەتاوی لە گرتووخانەی نەغەدە پێ ڕاگەیندرابوو.
کەریم مەعروف پوور خەڵکی شاری نەغەدە لە ڕێکەوتی ۳ی خاکەلێوەی ۱٤۰۰ی هەتاوی لە شاری سەردەشت و بە تۆمەتی ئەندام بوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران دەسبەسەر دەکرێ و دوای چەند مانگ لە بێ سەر و شوێن بوون و بزر کرانی, هاوڕێ لەگەڵ ڕامین زلە و لە دۆسییەکی هاوبەشدا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازی سیامی بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا و ئەندامێتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە ئێعدام مەحکووم دەکرێ.

جێبەجێ کردنی بەنهێنی حوکمی ئێعدامی ڕامین زلە و کەریم مەعروف پوور لەدرێژەی شەپۆلی بەربڵاوی ئێعدامەکان لە ئێران بە ئەنجام گەیشتووە و ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەهۆی نەبوونی پێوەندی چڕوپڕ و بڕانی هێڵی ئینترنێت لە ئێران بێجگە لەسەرچاوە و ئاژانسەکانی هەواڵدەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە هەواڵی پەسەند کردن و جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی گیراوانی سیاسی ڕادەگەینن, هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ لە ڕێکەوتی درووستی جێبەجێ کران و ڕەوتی دادگاهی و پێداچوونەوەی تۆمەتبارانی مەحکووم بە ئێعدام بە شێـوەی ڕێـک و پێک زانیاری وردی لا نییە.
ناوەندی نەمـران بە توندترین شێوە جێجەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین زلە و کەریم مەعروف پوور مەحکووم دەکات و داوا لە هەمووان دەکات کە لە ئاست ئەو حوکمە دەنگ هەڵبـڕن.
نووسین و ئامادەکار: قادر سۆهرابی






