بەداخەوە دایک و بابی نەمر عەلی قادرزادە موکری لە ژیاندا نەماون تا بتوانین زانیارییەکی تۆکمەی لەسەر کۆکەینەوە. یەک لە دۆستە نیزیکەکانی حاجی عەبدوڵای قادرزادە یارمەتی داین و هەندێک وردەزانیاری لەسەر ئەم نەمرە دایە دەستمان.
علی قادرزاده موکری، کوری گەورەی <حاجی عەبدوڵڵای قادرزادە موکری> یە. لە ساڵی١٣٤٢ی هەتاوی لە مەهاباد لەدایک بووە. تاوانی ئەندامێتی لە حیزبی دیموکڕاتیان دایە پاڵ و گرتیان. پاش ماوەیەکی کەم، لە زیندانە بەدناوەکەی شاری ورمێ بە ناوی (زیندانی دەریا)، وێڕای ١٤ کەسی تر لە شەوی ٢٥ی سەرماوەز ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا تیرەباران کرا.

حاجی عەبدوڵڵا کە هێزی ئەژنۆی لەبەردا نەمابوو، بە هەر کلۆجێک بێ خۆی دەگەیێنێتە نەخۆشخانە. لەبەر ئەوەی ئازەرییەکی باشی دەزانی، لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانە دەکەوێتە ڕاوێژ تا تەرمەکان وەرگرێتەوە. بەرپرسی نەخۆشخانەکە پێیدەڵێ کە وەرە کوڕەکەی خۆت وەرگرە و بیبەوە. حاجی عەبدوڵڵاش لە وەڵامدا دەڵێ: ئەوانە هەموویان کوڕی منن. یا هەمووم دەدەنەوە، یا هیچیان نابەمەوە. کابرای بەرپرس کە کەسێکی ئاسایی بوو. هیچ پێوەندییەکی بە جومگەکانی ئاسایشی و سەربازییەوە نەبوو. کە زانیبووی چ غەدرێک لەو نەمرانە کراوە، جوامێرانە ئیزن بە حاجی عەبدوڵڵا دەدات کە هەموو تەرمەکان بەرێتەوە بۆ مەهاباد. حاجیش بەپەلە دەچێت بارهەڵگرێکی (خاوەر) بە کرێ دەگرێت و گشت تەرمەکان لە پشت خاوەر داوێت و دەیانهێنێتەوە مەهاباد. بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز، دەگاتەوە ناو شار و لە پەنا مزگەوتی سەید نیزام بارهەڵگرەکە ڕادەگرن. کە دێنە خوار، دەبینن لە خاوەرەکە تنۆک تنۆک خوێنی ئەو ١٥ نەمرە دەچۆڕێتە سەر شەقام. ئەوەش پێشانی دەدا کە کاتێکی زۆر لە ئێعدامکردنی ئەو نەمرانە تێپەڕ نەبووە. ئینجا دەنێرێتە شوێن بنەماڵەی ئەو نەمرانە و هەرکامیان دێن و تەرمی پیرۆزی ڕۆڵەکانی خۆیان وەردەگرنەوە.ناوی ئەو نەمرانە بەم شێوەیەی بەرانبەرن:
ڕژێم لە ڕۆژی سێشەممۆ ڕێکەوتی ١ی بەفرانبار لە ڕۆژنامەکاندا هەواڵی تیرەباران کردنی ئەو ١٥ قارەمانی بەم شێوەیەی بەرانبەر بڵاو کردۆتەوە.
| ١. شەریف یۆسفی کوڕی ئەحمەد |
| ٢. ڕەحمان عەلیڕاست کوڕی عەلی |
| ٣. جەعفەر لالەعباسی کوڕی قادر |
| ٤. ڕەحمان سوارە کوڕی خدر |
| ٥. محەممەد حوسێنپوور کوڕی عەزیز |
| ٦. عەلی بلوری کوڕی مستەفا |
| ٧. خوسرەو خاوەریان کوڕی ئیبراهیم |
| ٨. عەزیز حاج عەبدوڵڵا کوڕی عەبدوڵڵا |
| ٩. کەماڵ مۆغەمی کوڕی محەممەد |
| ١٠. عەزیز سابونچی کوڕی مستەفا |
| ١١. عەتائوڵڵا مۆفەقی کوڕی محەممەد خەلیل |
| ١٢. ڕەسوڵ حەسەنزادە کوڕی محەممەد |
| ١٣. سەید حەمید حوسەینی کوڕی سەید ئیبراهیم |
| ١٤. حەسەن بامداد کوڕی متەلیب |
| ١٥. ڕزگار خاتمی کوڕی یۆسف |






