Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پێشەکی و پێناسە

دیاردەی ئێعدام و سێدارە، کردەوەیەکی دژەمرۆڤی و دژی بایەخەکانی ئینسانییە. ئێمە وەک ناوەندی نەمران لە دژ هەر چەشنە ئێعدام و لە سێدارەدانێک رادەوەستین و بە کردەوەیەکی نامرۆڤانە پێناسەی دەکەین.

لای هەمووان ئاشکرایە کە گەلی کورد و خەباتە حەقخۆازانەکەی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بە تووندی سەرکوتکراوە. ئەگەرچی رەهەندی خەباتی ئازادیخوازنەی گەلی کورد بە دیسکۆرسی هێمنانە، ئاراستەی ئاشیتخوازنە، رێکاری مرۆڤتەورانە لە سەر بنەمای جوڵانەوە ستانداردە پەسەندکراوە نێونەتەوەییەکان خۆی رێکخستووە، لێ دەسەڵاتی ئاماژە بۆکراو بە ئامانجی شێواندنی ئەو پێناسانە تەنیا بە مێتۆدی تووندوتیژی و چەک وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کوردییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوەتەوە.

سیاسەتی ترساندن و تۆقاندنی گەلی کورد بە پانتایی مێژووی داگیرکردنی کوردستان،بە گشت ڕەهەندە مەترسیدارەکانی درێژەی هەبووە. قەڵاچۆ و کوشت و لە سێدارەدانی ئازادیخوازانی کورد و کاوڵکاری کوردستان تاکە شێوازی ڕەفتاری تاران دژی گەلی کورد بووە.

لە چوارچێوەی سیاسەتی سەپاوی ژێنۆسایدی کورد، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئامانجی چاوترسێنکردنی خەڵکی کوردستان و بەمەبەستی سڕینەوەی فیزیکییان، کەڵکیان لە ئیعدامی رۆڵەکانی کورد وەرگرتووە. ئەو کردەوە قێزەونەشیان زۆر جار بە شێوەی ئێعدامی بە کۆمەڵ ئەنجام داوە. تەنانەت تەرمی نەمرانی ئیعدامکراویان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردۆتەوە. سیاسەتی سڕینەوەی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بە شێوازی زۆر مەترسیدار بەرێوەچووە. ئێعدامی کەسانی ژێر ١٨ ساڵ، ژنی دووگیان، خەڵکی بێ تاوان و… تەنانەت دوور لە هەر چەشنە یاسا و رێسایەکی نێونەتەوەیی بەڕێوە چووە. ئەو کردەوە قێزەونانە بە فتوای ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە خەڵکی کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژ ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بۆتە بنچینەی ئەو تاوانانە.

بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی زۆردارانەی ژێنوساییدی رژیمی تاران لە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لێمان دەخوازێ چالاکتر بین و ئەو تاوانانە بەڵگەمەند بکەین.

ناوەندی نەمران لە سەر بنەمای پێداویستی بە بابەتی ئێعدامی تێکۆشەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ جیاوازی حیزبی و ناوچەیی و هاوکات بە شێوەیەکی بێلایەنانە و سەربەخۆ هەنگاو دەنێت، بۆ ئەو مەبەستە ژومارەیەک خۆبەخش لە دەوری ئەو ناوەندە کۆبووینەوە و بۆ بەڵگە مەندکردن و ئاڕشیوکردنی ئەو تاوانانە تێدەکۆشین.

ئا) ئامانجە گشتیەکانی “ناوەندی نەمران”

١. کۆکردنەوە، تۆمارکردنی بەڵگە و زانیاری پشتراستکراو لە سەر ئیعدامکراوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢. کار و چالاکی و لێکۆڵینەوەکانی ئەو ناوەندە وەک دیکۆمێنت بۆ ڕای گشتیی نێونەتەوەیی بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیسی لە “ماڵپەڕی نەمران” بڵاو دەبێتەوە.

٣. “ناوەندی نەمران” هەوڵدەدا تا ئەو جێگایەی لە توانایدا بێت و بۆی بلوێ، دۆسییەی یاسایی سەبارەت بە تاوانەکانی رژیم لە دادگاکانی مافی مرۆڤ و بێلایەنی نێونەتەوەیی پێک بێنێ.

تێبینی

“ناوەندی نەمران”لە سەر ئەو ڕوانگەیە سوورە کە تۆمارکردن و بەڵگەمەندکردنی زانیاری تەواو لە سەر ئیعدامکراو و بێ سەروشوێنکراوەکانی کورد، دەتوانێ هەرچی زیاتر روخساری رژیمی ئێران بۆ رای گشتی دەربخات.

ب) چوارچێوە و پێکهاتەی “ناوەندی نەمران”

١. “ناوەندی نەمران” سەربەخۆ و بێ لایەنە. تەنیا بە پاڵپشتی خۆی بەرێوە دەچێ و هیچ حیزبێکی سیاسی یان ناوەندێکی تر رێ و شوێنی بۆ دیاری ناکات.

٢.دامەزرێنەران و بەرێوەبەرانی “ناوەندی نەمران” لە چوارچێوەی ئامانجەکاندا خۆبەخشانە چالاکی دەکەن.

٣. “ناوەندی نەمران” لە لایەن کۆمەڵێک ئەندامی بنەماڵەی نەمران و کەسانی باوەڕقائیم بەو پرسە گرینگە بەڕێوە دەچێت.

ج)سەرچاوە ئابوورییەکانی “ناوەندی نەمران”

١. “ناوەندی نەمران” بە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی بەرێوەبەرانەکەی دامەزراوە و لە لایان هیچ ناوەندێکی نێونەتەوەیی و کوردستانی پشتگیری ماددی نەکراوە.

تێبینی

لە ئەگەری وەگەرخستنی کەیسی قوربانییەکان لە دادگای بێ لایەن و نێونەتەوەییەکان کە پێویستی بە تێچووی ماددی بێت، ناوەندی نەمران داوای هاوکاری لە خەڵکی دڵسۆزی ئەو پرسە گرینگە دەکات.

د) ماف و خاوەندارێتی

١.مافی هەموو بڵاوکراوەکانی “ناوەندی نەمران” تەنیا بۆ ناوەندە و هەرچەشنە کەڵک لێوەرگرتنێک لە بەڵگەکان بە بێ ئاماژە پێدان بە سەرچاوەکە نایاسایی بەئەژمار دێت.

٢. “ناوەندی نەمران” لە بەرانبەر یاسا نێونەتەوەییەکانی ڕاگەیاندن و رۆژنامەوانی خۆی بە ئەرکدار دەزانێ.

هـ) یارمەتیدان و هاوکاریکردنی ناوەندی نەمران

»ناوەندی نەمران» بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانیاری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بەگشتی، لەمەڕ ئێعدامیان و بزرکراوان هەروەها بۆ داکۆکی کردن لە مافی پێشێلکراوی بنەماڵەی قوربانیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستی هاوکاری و یارمەتی گشت کەسایەتی و لایەنەکان بە گەرمی دەگووشێ و داواکارین بە ناردنی زانیاری، وێنە و فیلم، ژیاننامە، ناسنامەی ئێعدامکراوان یا هەر چەشنە بەڵگەیەکی پەیوەندیدار یارمەتیدەرمان بن.

و) ناو و لۆگۆ

١.ناوی تەواو “ناوەندی نەمران”

٢. لۆگۆی ناوەندی نەمران پێناسەی ئاشتیخۆازی و دادپەروەری دەگەیەنێت. دیزاینی لۆگۆکە لە لایەن بەڕێز کاک موراد بەهرامیان ئەرکی بۆ کێشراوە.