Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بەسەرهاتەکانی ناو زیندان “عیسا ئیراندووست” – بەشی دووهەم

عیسا ئیراندووست کوڕی موسا و شەمسی. لە دایکبووی گوندی “شەمنەکۆ”ی ورمێ. ئەندامی حیزبی دیموکڕات

پرسیار: ئەو کەلاوەی کە دەڵێی، پاش ئەو هەموو لێدانە بەدەنت خوێن و شتیوای لێ دەهات؟

وەڵام: بەدەنم ڕەش و شین ببۆوە، بەڵام بریندار نەبووم، هیچ بریندار نەبووم بەس دوایی کە بردیانم لەوێ فڕییان دام زۆر سارد بوو. زستان بوو ئەودەمی. لە مانگی ڕێبەندانێدا بوو چوون ئەودەم تاهیر سۆفیان لە زیندانی تورکیە ئازاد ببوون. دە، دۆازدە نەفەرێک بوون کە ئازاد بوون کە هاتبوونە گوندی شەمزینان لەوێ ئەوان کە دەهاتن بۆ عێراقێ خەبەرم هەبوو لە لایەن هەستەی برادەرانی خۆمان، منیش ئەو نەفەرەم هێنا بردم تەحویلی ئەوانم دا، کە گەڕامەوە ئەو برادەرە گووزارشی لێدابووم، ئەرێ وەللا، دوایی پاش ئەو شکەنجە و شتە هیچم نەگوت و دوایی تەحویلی سپای پاسدارانیان دام.

عیسا ئیراندووست

پ: ئەو سپای پاسدارانە لە کۆێ بوو؟

و: ئەو تەقریبەن لەوێرا تا سپای پاسداران دەوری سێ کیلۆمیتر دەبێ و نابێ. سپای پاسداران جێگەیەکی مەزنە، هەرکەسێک لە دەوروبەری ورمێ لە مهاباد و ئەوان بییانگرن دەیانهێنن لەوێ شکەنجەیان دەدەن، یانی جێگەیەکی گەلێک خەتەرناکە ئەمن بۆ خۆم چەند جاران بە گوێ خۆم گوێم لێبوو وایان خەڵک شکەنجە دەکرد، خەڵک هاواری لێ بەرز دەبۆوە، کچ و ژن و پێاو و هەموو شتێک. کە لەوێڕا بردیانمە سپایە لەوێ لە تەک سلولێکیان کردم چاوم لێکرد یەکدانەی فارسی تێدایە.

پ: سلولەکە چەند گەورە بوو؟

و: بە خۆا درێژایەکەی هەر میترێک دەبوو و بەرینێکەشی هەر میترونیوێک دەبوو و نەدەبوو دوو نەفەریان دەوێ کردبوو کە درگاکان دەکرانەوە هەر ڕاست وە دیواری دەکەوتن. کە چوومە وێ چاوم لێکرد یەکی فارسی لێیە، لێ پرسیم لەسەرچی گیراوی؟ گوتم وەڵا من بێ گوناحم، هەرچی لێی پرسیم هەر گوتم بێ گوناحم. گوتم تۆ لەسەرچی گیراوی، گوتی من تەلێفوونم کردووە بۆ موجاهیدین تەلێفوونەکەیان کۆنترۆڵ کردووە. گوتم تۆ چەند مانگە لێرەی؟ گوتی من سێی مانگە لێرەم. لەو فارسەم پرسی گۆتم ئەتۆ چەند رۆژە لێرەی؟ گوتی من سێ مانگە لێرەم، مە گوت هیچیان بە تۆ گوتوە؟ گوتی تا ئێستا هیچیان بە من نەگوتوە. دۆای حەوتوویەک کە تەواو بوو شەو منیان برد بۆ شکەنجە.

نان خۆارنەکەش هەر شکەنجە بوو

بیرەوەری ناو زیندان
عیسا ئیرابدووست

پ: کە تۆ دەڵێی زیندانەکە ئاوا چکۆلە بوو، ئەدی چۆن دەخەوتن؟

و: بە خودا بەدانیشتنەوە پشتمان بەیەکەوە دەنا و دەخەوتین، نەماندەتوانی خۆمان بجوڵێنین هەر ئەگەر میزێک شتێکت هاتبا دەهاتن دەیان بردی، چاویان دەبەستین و دەبا بە چاو بەستراوی ڕۆیشتباین.

پ: ئەدی نان و خۆاردن و شت چ بوو؟

و: هەر لەوێدا بوو دەرپێچەکەیان دەکردەوە و لەوێڕا نانیان بۆ بەرێ دەکردین، ئینجا نان چ بوو؟ هەر نانێکیان دەداییەی هەر برسی بووی. نان خۆارنەکەش هەر شکەنجە بوو، ئەرێ وەڵلا!

پ: چەند جەم نانیان دەدانێ؟

و: سێی جەم هەبوو.

پ: خۆارنەکان چ بوون؟

و: خواردنەکە جاری وابوو هێکلەیەکیان دێنا، جاری وابوو سێوێکیان دێنا، جاری وابوو شۆراباویان دێنا، یان جاری واببو ئەوەندە سووبیان دەهێنا، یانی شتەکە وانەبوو ئەگەر خۆاردنی دە کەسیان بۆ هێنابای نەیدەکردە خۆاردنی جەمێکی. هیچ نەبوو، هەموو کات هەر برسی بووی، بەڵام لەبەرئێش و ئازاران زۆرت ئاگات لە برسێیاتی نەبوو. وا بە قوورسی شکەنجە دەکراین برسێتیت لەبیر دەچۆوە. بەزۆریش شەوانە دەیان بردین بۆ شکەنجە کردن. شەوێکی لە سەعات دەی شەوەوە هەتا سەعات دۆازدەی شەو شکەنجەیان کردم.

پ: ئەو کەسانەی شکەنجەیان دەکردن کێ بوون؟ چەند کەس دەبوون؟

و: نازانم، چاویان دەبەستین و هیچمان نەدەدیت، بەڵام هەستم دەکرد دوو نەفەر بوون لە منیان دەدا. لاقیان لە ئاسنێکی دیوارەکە دەبەستێوە و بە شەلاق/ قامچی لێیان دەدای، هەتا سی قامچی هەستت بە ئێش دەکرد. کاتی قامچی لێدان ڵاقت لە حەوا بوو و سەرت لە عەرز. جاربەجار کە کەلێنێک دەکراوە و چاوت لە دیوارەکان دەکرد هەمووی خۆێن بوون.

پ: بۆم باس کە یانی تۆ لاقیان بەستبووی و هەڵیان واسیبووی؟

و: بەڵێ لاقیان لە ئاسنێک بەستبووم و بەشتێک هەڵیان کێشامە سەرێ بە شێوەیەک سەرم لە عەرزی بوو و لاقم لە حەوای، هاوکات دەستیشم بەسترابوو. هیچ شتێکت نەدەتوانی بکەی. هەروەک ئاماژەم پێکرد، هەتا سی بۆ سی و پێنج قامچی هەستت بە ئازار دەکرد، بەڵام پاش ئەوە بنی پێت سڕ دەبوو و هەستت بە هیچ نەدەکرد. هەم بە قامچی و هەم بە کابڵی بەرق لێیان دەدام. بە قسەی خۆیان دەیانگوت ٨٥ شەلاقت لێدراوە هیچی نەوتووە.

پ: هەر ئەو شەوە ٨٥ شەلاقیان لێدای؟

 و: بەڵێ ٨٥ شەلاقیان لێدام.

پ: داوای چییان لێدەکردی؟ چییان لێ دەپرسی؟

و: دەیانگوت هەرچی لێتدەپرسین دەبێ پێمان بڵێ. دەمگوت بم کوژن هیج نازانم، من چ بڵێم؟

 پ: باشە چییان لێ دەپرسی؟

لاقیان لە ئاسنێکی دیوارەکە دەبەستێوە و بە شەلاق/ قامچی لێیان دەدای

بیرەوەری ناو زیندان
عیسا ئیرابدووست

و: دەیانگوت نێوی هەستەی حیزب بڵێ، ناوی نەفەرەکان بڵێ، ئەتۆ لەگەڵ کێ پێوەندیت هەیە؟ لەگەڵ کێ هەستان و دانیشتن دەکەی؟ لەگەڵ کێ کارت کردووە، دەبێ هەمووان بڵێی. منیش دەمگوت، من هیچ نازانم چ بڵێم؟ من کابرایەکی فەقیر و هەژار. من ئاگام لە هیچ نیە. ئەو دەمی بە منیان دەگوت فارووق پێشمەرگە بووە و شەهید بووە و ئەویش بێ سەواد بووە و چەندین پاسداری ئێمەی کووشتووە.

پ: یانی باسی ئەویشیان لێ دەپرسی؟

و: بەڵێ دەیانگوت فارووقیش بێ سەواد بووە و بێ سەوادە ناچێتە سەری ئێمەوە. دەیانگوت تۆ کارت کردووە، من وڵامدانەوە کە من هیچم نەکردووە و من هیچ نازانم. من ناتوانم نێوی خەڵک بە دڕۆ بڵێم، من ناتوانم بووختان بە کەس بکەم.

پ: باشە ئەوان ئەوەیان دەزانی کە تۆ برایەکەت پێشمەرگەی حیزبی کوردستان ئێران بووە؟

و: ئەی چۆن دەیانزانی، هەموو شتێکیان دەزانی. تەنانەت لە کاتی ئەشکەنجە کردندا دەیانووت، ئەگەر ڕاستێکانمان پێ نەڵێی دەچین دایک و باوک و خوشک و کەس‌وکارت دێنینە ئێرە.

پ: باشە دایک و باوکتیان هێنا؟ دەیانگوت ئەگەر بییانهێنین چیان لێ دەکەین؟

و: دەیانگوت دەیانهێنین وەک تۆ ئەشکەنجەیان دەکەین. پێمگووتن، ئەگەر دایک و بابیشم بێنن من هیچم نیە بیڵێم. یانی هەرچییان کرد، هیچم نەگوت. پاش ئەشکەنجەکردنم کە بردیانمەوە ژوورە تاکەکەسێکە ئەو کابرا فارسە پێم پێدەکەنی، لێم پرسی بۆ پێدەکەنی؟ دەیگوت من سێ مانگە لێرەم لێیان نەداوم، بەڵام چوون تۆ کوردی بۆیە ئەشکەنجەت دەکەن. پێموت من بێ گوناحم نازانم بۆ لێمدەدەن؟

وایان لێداببوم کە لاقم نەدەچۆ ناو پێڵاوەکانمەوە.

بیرەوەری ناو زیندان
عیسا ئیرابدووست

پ: باشە پاش ئەشکەنجە‌کردنەکەت وەزعت چۆن بوو؟

و: پاش ئەشکەنجە کردن بنی لاقم سڕ ببوو و شین و ڕەش ببۆوە. هێندە ئەستتور ببوو نەدەچوونە نێو پێلاوەکانەوە. پازدە رۆژی پێچوو تا ئەستتوری لاقم نیشتەوە.

پ: یانی هێندەیان لێداببوی لاقت نەدەچۆ ناو پێڵاوەکەتەوە؟

و: بەڵی وایان لێداببوم لاقم نەدەچۆ ناو پێڵاوەکانمەوە. کاتێک دەچوممە ئاودەستێ مەجبوور بووم لاقم لەسەر دەمپاییەکان دانابو بۆوەی ئازارەکانم زیندوو نەبێتەوە، یانی لاقم نەدەچۆ نێو دەمپاییەکانیش.

پ: باشە ئەو ئەشکەنجەکردنە چ ماوەیەک بەردەوام بوو؟

و: من هەر یەکجار لە سپای پاسداران بەو شێوە ئەشکەنجەیاندام، کە هیچم نەگوت وازیان لێهێنام. من هەر لەسەر ئەوە سووربووم کە هیچ گووناحێکم نەکردوو. ئاگام لێبوو خۆبەخۆ بە فارسی پێکەوە قسەیان دەکرد کە ئەوە هیچ نازانێ، دەنا پاش ئەو لێدانە شتی دەدرکاند. دوو حەوتتوی پێچوو ئەو فارسەی بە من پێدەکەنی بردیان، پاش وەیکە هێنایانەوە (ئەو کە هیچ کات ئازار و شتی وای نەچێشتبوو) کە هێنایانەوە هەموو بنی پێ قەڵشابوو، بەڵام ئەو هەموو شتێکی ئاشکرا کردبوو. بەیانی دەربیجەیان کردەوە و قەڵەم و کاغەزیان بۆ هێنا، وتیان هەرچی دەزانی بینووسە. لە منی پرسی چ بنووسم، پێموت من چووزانم بۆخۆت دەزانی. من بۆخۆم کە هیچم نەبووە بیڵێم بۆیە هیچم نەگوتووە. وتی بۆ هیچیان نەدا بەتۆ شت بنووسی؟ من وتم من هیچم نەبووە کە بیڵێم. نازانم، بەڵام لەو کاتەدا ئینسان لەوانەیە هەست بەوە بکات کە ئەویش قسەت لەسەر بکا، بەڵام من هەر لەسەر ئەوە سوور بووم کە بێ‌گووناحم.
کۆتایی بەشی دووهەم…

بەشی یەکەم بخوێنەوە