دڵ نووسراوەی سەحەر محەمەدی بە بۆنەی ۳۷ ساڵوەگەری گیانبخت کردنی دایکی ئەوینداری!
نووسراوەی: سەحەر محەمەدی
بانگی دەکەم .هەمیسان و هەمیسان. لە تەمەنی پێنج ساڵەییم تاکوو ئەمڕۆ. لە مێژ ساڵە بانگی دەکەم. دایکم نۆ مانگ لە گرتووخانەی “اوین” دەسبەسەر ببوو. نۆ مانگ هەر دوو حەوتوو جارێک لە کرماشان تاکوو تاران لە تاسەی چاوپێکەوتنی چرکەکانم دەژمارد. بەڵام ئیزنیان پێ نەدەدام چاوم پێی بکەوێ. خاڵۆکانم لە ئێوین دەبینی بەڵام هیچ نیشانێک لە دایکم نەبوو. نەدەچوو ناو زەینی پێنج ساڵانەم کە دەبێ بە چاوپێکەوتن لەگەڵ دایکم چی ڕوو بدات! واتای یاساغ کرانی چاوپێکەوتنم نەدەزانی لەو دیوی دیوارەکانی اوین ڕادەوستام و بە تەواوی هێـزمەوە بانگم دەکرد :دایــە!” وڵامێکم نەدەبیست.
لە پاییزی ساڵی ۱۳٦۳ی هەتاوی سینگی ئەوینداری دایکمان دا بەر دەسڕێژی فیشک و تەرمی نازداریان ئەسپاردەی خاکی “خاوەران” کرد. دەچوومە سەر گۆڕی پیرۆزی دایکم و بانگم دەکرد. ئەوجار دەمزانی وڵامم ناداتەوە. لە تەمەنی شەش ساڵەییمدا واتای مەرگم بە گۆی گەیشت و لێ تێگەشتم. لە تەمەنی شەش ساڵەییمدا بووکەڵەکانم لە بیر خۆم بردبووە و لەگەڵ واتای سارد و سڕی مەرگ ئاشنا هاتبووم و بووم. مەرگی دایکم، سوسەن ئەمیری. مەرگی خاڵۆکانم؛ حەسەن و ئەسغەر ئەمیری. مەرگی باوکم، پیرۆت محەمەدی و مەرگی مامم، ڕەسووڵ محەمەدی.
دایکم و خاڵۆکانم لە ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی دەس بەسەر کران و دوای ئەشکەنجە و ئازارێکی بێ بەزەیانە لە نێوان ساڵەکانی ۱۳٦۳ و ۱۳٦٤ی هەتاوی ئیعدام کران. تەرمی ئازیزیان بەبێ هیچ نشانێک ئەسپاردەی خاکی خڵتان بە خوێنی گۆڕستانی خاوەران کرا. سێ ساڵ پێش ئەو ڕووداوە تاڵە، لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی سینگی هیـرای باوکم و مامم لە شۆڕشی “سربداران” لە شاری ” آمل” بە فیشەکی مرۆڤکوژانی ئیسلامی کرا ئامانج و بۆ هەمیشە ماڵئاوایان لە ئێمە و ژیان کرد. لە تەمەنی سێ ساڵەییمدا بەرگەی دیتنی تەرمی بێ گیانی باوکم گرتبوو. مناڵییەکەم لەو ڕۆژە نیگریسانە بۆ هەتاهەتایی لە جەنگەڵەکانی ” آمل” بزر بوو. لە شەش ساڵەییمدا تەمەنی سەتساڵانەم تێپەڕاندبوو.
ناویان دێنم .ساڵیانە ناویان دێنمە سەر زمانم ناوی پڕشکۆی ئەوان بەردەوام ئەڵێمەوە. ناوی دایکم و خاڵۆکانم ،ناوی باوکم و مامم ، ناوی هەموو ئەو گەورە پیاو و شێرە ژنانەی کە دوای دە ساڵ کە لە شۆڕشی گەلانی ئێران تێپەڕی بوو و بە تاوانی هیوا و ئاواتی جوان و گەش ،ئەسپاردەی خاکی بێ نیشان کران. تاکوو داهاتۆکان تێبگەن ئەوانە چییان لە جگەر گۆشەکانی خەڵک کرد. تاکوو مناڵانی ئەو نیشتمانە تاڵە تێبگەن کە سەردەمانێک ژنان و پیاوانێک هەبوون کە بۆ ئەوەی برسیایەتی مناڵی هاوسێ و جیرانەکانیان نەبینن بەرەوپیری مەرگ دەڕۆیشتن. نەمرانێک کە لە ئەشکەنجە و تەنافی سێدارە نەدەترسان ؛تەنیا ترسی ئەوان ئەوە بوو کە نەکا باوکێک لە ڕووی هەڵ نەیە کە لە سەر سفرەی بەتاڵ، چاوی بە مناڵەکانی بکەوێ. ناویان دێنم تاکوو خەڵکی ئەو وڵاتە بزانن کە ئیعدامی پتر لە بیست هەزار مرۆڤی ئازادیخواز لە دە ساڵەی هەوەڵی شۆڕش، یەک ڕووداو نییە کە بە تێپەڕ بوونی کات لە بیر بچێتەوە و یاخود پێ ڕابێن. ئیزن بدەن خەڵک تێبگەن کە بن میچی خانووی دایە “سەڵتەنە” ساڵانی پێشوو بەر لە ئیعدام کردنی فەرزاد کەمانگەر ڕووخا.
لەو پاییزە نگریسەی ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی کە کچە دوو گیانەکەی نەسرین بۆ دۆزینەوەی ناو و نیشانێک لە هاوژینی گیڕاوی چوو بۆ اوین و بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک لەگەڵ مناڵی ناو زگی تیرەباڕان کرا. لێبگەڕێن تا خەڵک بزانن! لێبگەڕێ بزانن کە لە سەرەتاکانی دەیەی شەست، ڕۆژنامەکان بە جێگەی هەواڵ، ڕۆژنامەکان ناوی دەیان ئیعدامیان بڵاو دەکردەوە. لێبگەڕێ بزانن کە چیرۆکی دایکانی ڕێ لێشێواو کە بە دوای نیشانێک لە جگەر گۆشەکانیان چڕنووکیان لەسەر خاکی خاوەران دەکێشا ،چیرۆکێکی تاڵ نییە؛ بەڵکوو ڕاستێکی نگریسە. دەیەی شەست تەنیا وەرزێکی ڕەش لە مێژووی نیشتمانی ئێمە نییە، بەڵکوو دووپات بوونەوەی کارەساتێکە کە برینەکانی هەنووکە ساڕێـژ نەبووە و ئێستاش ئاسەوارەکانی دیارە.
ئەو برینانە ساڕێـژ نابن چونکە نەک تەنیا دادمەندی لە گۆڕێ دا نییە بەڵکوو جینایەت ئێستاکانێ درێـژەی هەیە. ئەوانەی کە لە نێوان ساڵەکانی ۱۳٥٨ و ۱۳٥۹ی هەتاوی کوردستان و خوزستان و تورکەمەن سەحرایان خڵتانی خوێن کرد ئێستا لە دەسەڵات دا ماون. ئەوانەی کە لە دەیەی شەستی هەتاوی مناڵانی خەڵکیان ،پۆل پوڵ ئێعدام دەکرد و لە سێدارەیان دەدا لە دەیەی حەفتای هەتاوی فرووهەرەکان و پوویەندە و موختارێکانیان، لەت لەت کرد و لە دەیەی هەشای هەتاوی گەنجانی ئەو وڵاتەیان بە تاوانی خستنی کوتە کاغزێک بۆ سندۆقی دەنگ دان هەناردەی کەهریزەکەکان کردن.
ئەوان لە هاوینی ساڵی ۱۳٦۷ی هەتاوی لەگەڵ هەر هەناسە کێشانێکی نگریسیان حوکمێکی ئێعدامیان واژۆ دەکرد لە دەیەی نەوەدی هەتاوی بوون بە وەزیری دەزگای قەزایی و سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە. هەنووکەش ئارەشەکەمان حەپس دەکەن سپیدەکەمان دوور دەخەنەوە و نەویدەکەمان لە سێدارە دەدەن.
ئێعدامی ڕامین بۆیان بەس نەبوو؛ تەرمی بێ گیانی باوکی تازیەداری ڕامین بە بارمتەی دەگرن. ئێستا هەر بەردەوامن لە گرتن و ئەشکەنجە و سێدارە.نا! ئەو برینانە ساڕێژ نابن.
دەبێت لە ناو بچن. ئێعدامی پتر لە بیست هەزار گیراوی سیاسی لە دەیەی شەستی هەتاوی ،هەقایەت نییە کە جار جار تاقەتی بیستنیمان هەبێت و تاو تاویش بیهێڵینەوە بۆ کات و ساتێکی تر. باس لە مێژووی ئەو وڵاتەیه. مێژوو ناگۆردرێ بەڵام دەتوانین بە لێک دانەوەی بەرپرسانەی مێژوو ،داهاتوو بخولقێنین. باس لە داهاتووی ئەو نیشتیمانەیه.
تیرەبارانی بەژنی بەهێـزی ناسر سەلیمی کە دەستی هەڵبستراوە و دە گیراوی دیکە کە یەک لەوان لەسەر دەستەبەرەیە و ئێعدام کران، تەنیا تازیەی چەند بنەماڵە نەبوو ؛ گریانی نگریسی ڕەگبارێک بوو کە لە ناوئاخنی هەر مرۆڤێک کە لە جوامێری تۆزقاڵێک تێ دەگات بێ بڕانەوە هاوار دەکات.
دەنگی گریانی دایکانێک کە دار و نەداریان ، هیوای ژیانیان لە خاکی خاوەران دا بزر بوو، ئێستا بێ دەنگ نەبووە کە له بیر بچێتەوە.
ئەو دەنگە ،دەنگی گریان نییە ،دووپات بوونەوەی مێژوویەکی ترسناکە کە لە ئەمڕۆی ئێمە دا هەر ماوەتەوە.
گوێچکەمان بۆ بیستنی دەنگی گریانی دایکانی تازیەدار کپ نەکەین. ئەو دەنگە تاڵە، بەڵام ڕاستی نیشتمانی ئێمەیە. باوەڕ بێنین کە چارەنووسمان بە یەکەوە گرێ دراوە. بە ژان و ئازار و خۆشێکانمان. بڕوا بکەین کە بە خوێن نەخش بەستنی دەنگی ئازادیخوازی ژانێکی هاوبەشە. ئەو کەسەی لە کاتی تاریکی شەو تەوەر بەدەست لە دەرگای هاوسامان دەدا، شەوێکی تر بۆ لای دەرگای ئێمە دێت. لەگەڵ یەک هاودەنگ بین و مناڵانی سبەێ بپارێزین لە بەرکەوتنی تەوەری ئەو ناجوامێـرانە.
من و تۆ بەرپرسیارین. لەبیرکردنی تاوان، ڕێخۆشکەری دووپات بوونەوەی تاوانە .بێدەنگ نابین، تاکوو ئەوەی بە سەر ئێمە داهات بەسەر مناڵەکانمان نەیە.
مسـۆگەر بوونی دادگەری لە مەڕ گیانبەختکراوانی ڕێگەی ئازادی، بابەتێکی تاکەکەسی نییە ؛بەڵکوو ئەرکێکی کۆمەڵانی خەڵکە. شانێک بین بۆ ژێـر ئەو خەمە قوورس و گرانە تاکوو قوورسایی ئەو خەمە شان و پیلی دایکانی جەرگ سووتاو نەچەمێنێتەوە. من و تۆ بەرپرسیارین.
من وەک ماڵباتی پێنج گیان بەختکردووی دەیەی شەستی هەتاوی لە بەرامبەر کۆی ئەو گۆڕە بێ ناونیشانەی بەرپرسیارم . لە تەمەنی شەش ساڵەییم شایەتی هەڵوەرینی هەموو ئەو گوڵانەی باخچۆڵەی دایە گەورە و بابەگەورەم بووم. شایەتی تاڵی شین گێڕی دایەگەورەم کە لە تەنیایی خۆی دا پڕ بە هەورەکانی ئاسمان شین و ڕۆڕۆی دەکرد. شایەتی دەنگی بەرزی شکاندی دڵی بابەگەورەم بووم کە بە تەمەنی پیری،گۆچان بەدەست بەدوای نشانێک لە جگەرگۆشەکانی لە اوین و خاوەران سەرلێشێواو ببوو.
من شایەتی هێرشی کارەسات بووم . شایەتی ڕۆیشتنەکان و نەگەڕانەوەکان ، شایەتی چاوەڕوانی ،چاوەڕوانی ،چاوەڕوانی بێ کۆتایی. من شایەتی بەدەمارێکی خەمناک بووم کە ئیزنی بە دایەگەورەم نەدەدا لە لای خەڵکانی تر شیوەن و ڕوڕۆ بکات. شایەتی ورەی بەرزی بابەگەورەم بووم کە سەرەڕای شکانی ئیسقانی لەسەر پێ بوو. من شایەتی شانازی بەخۆ بوون بووم .
شانازی بەخۆ بوونێکی دایکێک کە مناڵاکانی لووتەکەی شانازی ئەو بوون. شایەتی وره بەرزی.
تا ئەمڕۆ هاوارێک لە قووڵایی خاکێک بین کە تەرمی ئازیزانی ئێمەی لەخۆی گرتووە. بانگی دادخوازی. بانگی مسۆگەر بوونی دادوەری. نا! ڕۆڕۆ نیم ،گریان نیم ،تەواو هاوارم .
ناویان دێنم .نەک بە چرپە و لە تەنیایی دا، بەڵکوو بە دەنگێکی بەرز و بلیند. تاکوو جیهان تەژی بێت لە ناوی پیرۆزیان. ناویان دێنم، تاکوو وەچەی دادێ ناویان بزانن، ئاوات بە ئاواتە جوان و مرۆڤانەکانیان بخوازن. تا پێناودار و پارێزەری شەڕەف و جوامێریان بن. تاکوو دەنگم ئاوێتەی ئەو دەنگانە بێ کە هاواری ئازادی دلێرانە گاز دەکەن نەک بە چرپە، بەشکەم لەو ڕێگایەوە هاواری ئازادی لێوڕێژی جیهانیان بێ. بۆیە ناویان دێنم
سەحەر محەمەدی
مافناس و چالاکی جووڵانەوەی دادخوازی
پاییزی ساڵی ۱٤۰۰ی هەتاوی لە سی و حەوت ساڵەی ئێعدامی دایـکم
وەرگێڕان لە فارسیەوە: قادر سۆهرابی