یای زبێد و کاک حوسێن جەهانگیری (حوسێن بەفراو)، لە ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە شاری مەهاباد کۆرپەیەکی چاوگەشیان دەبێ و ناوی دەنێن <عەلی>. هەر لەو شارە دەینێرنە خوێندگا و ڕۆیدەنێنە بەر دەرس خوێندێ. عەلی کوڕێکی زیرەک و چاوکراوە بوو. دەگەڵکوو زیاتر تەمەنی هەڵدەکشا، زیاتریش لە ئازارەکانی نەتەوەکەی دەگەییشت و خەمی لە بندەستی گەلەکەی دەخوارد. کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ کرا، عەلی لە پۆلی یەکەمی دواناوەندی بوو. بیری ئازادیخوازانە و نیشتمانپەروەرانەی تێکەڵ بە بیر و باوەڕی سیاسی کرد و بەمجۆرە خۆی لەناو ڕیزەکانی حیزبی دیموکڕات دیتەوە. لە ناو بەشی شانە نهێنییەکانی ئەو ڕێکخراوەیەدا جێگیر دەکرێ و ئەرکی پێ دەسپێردرێ. وەک لێی دەگێڕنەوە، لێهاتوویی و دڵسۆزی عەلی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکاندا بێوێنە بووە و بە دڵ و گیان ئامادەی خزمەت بە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی بووە.
بەداخەوە لە گەلەکۆمەیەکی گشتگیردا، کاتژمێر5:30 بەیانی پاسدار و بەکرێگیراوەکان بە ماڵیان دادەدەن و دەیگرن و ڕەوانە ئەشکەنجەخانەکانی سپای پاسداران دەکرێ. لە ماوەیەکی کورتی ٤٠ ڕۆژیدا واتە لە ڕێکەوتی ٢/٨/١٣٦٠ دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، دەگەڵ یەک لە هاورێکانی خۆی بەناوی نەمر <ناسر بەلالی> کە لە کوچەی پشت مزگەوتی سەعدی دەژیان و هاوسێ بوون، تیرەباران دەکرێن و تەرمی پیرۆزیان لە مردووشۆرخانەی مەهاباد دادەنێن. لەپاشان بنەماڵەی ئەو نەمرانە لە ئێعدام کردنی ڕۆڵەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە و دەچن تەرمی پیرۆز و ئەشکەنجەکراو و فیشەکباران کراوی ڕۆڵەکانیان لە گۆڕستانی بوداقسوڵتانی مەهاباد تەسلیم بە خاک دەکەن.
یادیان هەرمان
سپاس و ڕێز بۆ کاک برایم جەهانگیری کە لە نووسینەوە ئەو چەند دێڕەدا یارمەتی ناوەندی نەمرانیان دا.






