ناوەندی نەمران لە دەستپێکی کاری خۆیەوە بناغەی کارکردنی لەسەر ئەساسی کۆکردنەوە و بەڵگە و زانیارییەکان کە پەیوەست بن بە پێشێلکارییە زەقەکانی مافی مرۆڤ کە لەلایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو و سیستێماتیک لە ناوچە کوردستانییەکان پەیڕەو کرابێ یا لە کۆی گشتی ئێران دا بەرانبەر بە کورد ئەنجامیان دابێ. داناوە. ئەو ناوەندە بەتایبەت گرینگی دەدات بە ئەو بەڵگە و زانیارییانە کە پەیوەست بن بە ئێعدامییەکان.
کار و چالاکاییەکانی ناوەندەکەمان بە شێوەیەکی بەربڵاو کەوتە بە سەرنجی کۆمەڵانی خەڵکەوە و کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاریی گەییشتە دەستی ئەو ناوەندە کە جێی خۆیەتی سپاسێکی هەراویان لێ بکرێ. یەکێک لەو بەڵگانە ڕاپۆڕتێکە لە یەکەمین دەستەی ناونەتەوەیی چاوەدێرانی مافی مرۆڤ کە لەپاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، بە نهێنی سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە تا هەڵسەنگاندنی چۆنییەتی بەڕێوەبردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بکەن. ئەو ڕاپۆڕتە لەلایەن (فێدێڕاسیۆنی ناونەتەوەیی مافی مرۆڤ) بنکە لە فەڕانسە نووسراوە کە بۆ ماوەی مانگێک (لە ڕێکەوتی ٩ی ئوت تا ٨ی سێپتامبری ساڵی ١٩٨٣) لە ناوچەکانی کوردستان ماونەتەوە. سەرۆکی ئەو دەستەیە کەسێک بووە بەناوی (کریستیان ڕۆستۆکێر) کە هاوکات پلەی جێگری سکرتێری گشتی ئەو ڕێکخراوەیەی لە ئەستۆ بووە. پێویستە بگوترێ کە دەوڵەتی ئێران بە فەرمی ئیزنی پێنەداون کە بچن بۆ ئەو وڵاتە، بۆیە داوایان لە حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران کردووە کە ئەوان هاسانکارییان بۆ بکەن و ئاسایش و تەناهی ئەوان بپارێزن.
ناوەرۆکی ئەو ڕاپۆرتە گرینگییەکی یەکجار زۆری هەیە. دەتوانرێت لە ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە کەڵکی لێوەربگیردرێت تا لە قوڵایی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەرحەق بە گەلی کورد لەو وڵاتە ئەنجامیان داوە و دەدات، زیاتر تیشکی بەر بکەوێت و لە کەرەسەکانی قانونی و ڕاگەیاندن کە ئەمڕۆکە لەبەردەست دان کەڵک وەربگیردرێت بۆ هەرچی زیاتر لەقاودانیان.
لەو ڕاپۆڕتەدا بە کورتی لەسەر ئەو مژارانە لێکۆڵینەوە کراوە:
- گرتن و زیندانی کردنی ناقانونی و هەڕەمەکی گەلی کورد
- ئەشکەنجەی بێسنوور و نامرۆڤانە گەلی کورد
- محاکەمەکردنی لە گۆترە و دڵخوازیی گیراوانی کورد
- ئێعدامکردنی بە کۆمەڵ گەلی کورد
- ڕووکردنی دۆخی نالەباری زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران
- لەکار دوورخستنەوەی خەڵکی کورد لە کارەکانیان
- تاراندن و کۆچی بە زۆرەملی بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی خەڵکی کوردستان لە زێدی خۆیان
- وتووێژ دەگەڵ ڕزگاربووانی ئەو تاوانانەی لە بان باسیان لێوەکرا یا دەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانی ئەو تاوانانە
- هەروەها شێوەی بەڕێوەبردنی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانەکانی حیزبی دیموکڕات و ئەو ناوچانەی کە لە ژێر دەستەڵاتی ئەو حیزبە دان.
ناوەندی نەمران بۆ وەدەستهێنانی زانیاری زیاتر هەوڵێکی زۆری دا کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو ڕێکخراوەوە بگرێ کە بەداخەوە سەرکەوتوو نەبووین. بۆیە بڕیارمان دا ئەو ڕاپۆرتە بەو چەشنەی کە هەیە بیخەینە بەر دەستی گەلی کورد و لێکۆلەران و توێژەرانی ئەو بوارە. لەسەر ئەو بنەمایە ساخبووینەوە کە حەوتووی یەک بەش لەو ڕاپۆرتە لە ماڵپەڕی ناوەندی نەمراندا بڵاو بکەینەوە.
بە پێویستی دەزانین کە سپاسێکی کوردانە بکەین لە بەڕێز کاک برایم قەزاق کە ئەو ڕاپۆرتەی لە ئاڕشیوی تایبەتی خۆیان پاراستبوو و پێشکەشی بە ناوەنەکەمانی کرد. هەروەها سپاسی هەراو لە کاک قادر سۆهرابی کە تایپ و وەرگێڕانی ئەو ڕاپۆڕتەی گرتە ئەستۆ.
بەشی یەکەم
ڕاپۆرتی: “فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ”
(مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێـران)
لێکۆڵینەوە بۆ هەڵسەنگاندنی شێوەی بەڕێوەبردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێـران
(۹ی ئاگۆست تاکوو ٨ی سێپتەمبەری ١٩٨٣ی زایینی)
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران
بەرپرسی دەستە: کریستیان رۆستۆگێر
جێـگری سکرتێری گشتی فێدێڕاسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مڕۆڤ
“پێشوتار“
لە سەرەتاکانی مانگی ژووئەنی ساڵی ۱۹٨۳ی زایینی فێدێڕاسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ ڕاگەیاندنێکی بەدەست گەیشت کە ۵۹ گیراو لە گرتووخانەی ورمێ ئیعدام کراون.
بە پێ ئەو زانیاریانەی کە هەر ئەوکات بە دەستمان گەیشت ئیعدام کراوەکان هیچ چەشنە تاوان و یاخود مێرکوژییەکیان نەکردووە و زۆرینە ئەوان کچ و کوڕانی تەمەن ۱۶ تا ۲۵ ساڵ بوون.
ئەو تاوانانەی کە بە سەر هەندێک لەوان سەپێندرابوو بریتی بوون لە:
هاوکاری “حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێـران” کە ئەو حیزبە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی بۆ وەدیهێنانی دێموکراسی لە ئێـران و خۆبەڕێوەری لە کوردستان لە شەڕ دابوون.
سزادانی ئەوان لە دادگایی کردنێکی سەرپێی دیاری کرابوو و مەلایەکی لایەنگری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کەوڵی “دادوەرێکی بێ لایان و سەربەخۆ” ئەو حوکمەیان پێدەدات و پێی ڕاگەیاندبوون.
هەر لە سەر ئەو زانیاریانەی کە لە ئێران بە دەست ئێمە گەیشتووە، بە سەدان مرۆڤی کەمینەی کورد ئەشکەنجە یا ئیعدام کراون و لەو حاڵەشدا زۆرینەی گوندەکانی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆردومان کراون و یا لە سەر عەرز هێرشیان کردوونە سەر و بە هەزاران کەس ئاوارە و لانەواز کراون.
لە ڕێژیمی پاشایەتیدا فێدێڕاسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ چەند جار ئەو هەلەی بۆ ڕەخسابوو کە کەسانێک بۆ لێکۆڵینەوە لەمەڕ چۆنییەتی دۆخی مافی مرۆڤ بچن بۆ وڵاتی ئێران، بەڵام بە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، بەرپرسانی تاران هەموو جارێک داواکارێ ئێمەیان بێوەڵام دەهێشتەوە.
بە هۆی گرینگی ئەو زانیاریانەی کە باسمان لێ کـرد، فێدێڕاسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ هەوڵی دا کە یەک لە ئەندامانی خۆی بۆ لێکۆلینەوە و جێبەجێ کردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و بابەتەکانی پێشێلکردنی ئەو ماڤە لە کوردستانی ئێران، بنێرێتە:
- دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لەو شوێنانەی ژێر دەسەڵاتی خـۆی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی خەریکی ململانە و شەڕی چەکدارانەیە. (بۆ لێکۆلینەوە لەهەمبەر چۆنییەتی ژیانی ئەو سەرباز و پاسدارانە کە بە دیـل گیراون و چۆنییەتی هەڵس و کەوت لەگەڵ ئەوان)
بەو پێیە کە دەوڵەتی ئێران بۆ دەرکردنی ڤیزای ئەو ناوەند و ڕێکـخراوانەی مافی مرۆڤی خۆی دەپاراست و بەرگری لە هاتنی ئەوان بۆ ناوخۆی وڵات دەکرد، مەئموورییەتی لەو چەشنە تەنیا لە چوارچێوەیەکی بەرتەسک و سنووردار دا جێبەجێ دەکرا. هەر بەو هـۆیە لێکۆلینەوە لە هەمبەر چۆنییەتی جێبەجێ کردنی مافی مرۆڤ لە شوێنەکانی تری ئێرانیش و یا لە مـەڕ کەمینەکانی تر وەک” بەهایی” یا ڕێـکخراوە سیاسییەکانی وەک”موجاهیدین” نەدەگونجا لە حاڵێک دا کە ئەو بابەتانەش جێی سەرنجی فێدێڕاسیۆنیە.
بەڵام گرینگ ئەوە بوو کە ڕاپۆرتێک کە لە سەر شایەتحاڵی دانیشتووانی شارەکانی کوردستانی ئێران کە خۆیان یا کەسەکانیان گیرابوون، ئەشکەنجە یا ئیـعدام کرابوون ڕێک بخرێ، لە حاڵێک کە شارەکانی ناوبراو لە لایان ئەرتەش یا سوپای پاسداران داگیر کراوبوون و ئێـمە بە هۆکارەکانی ئاشکـرا نەماندەتوانی بۆ ئەو شارانە بڕۆین، بە تایبەت بۆ مەهاباد یا ورمێ کە ۵۹ بەندکراو لە مانگی مەی ۱۹٨۳ لە گرتووخانەکەی ئیعدام کرابوون.
لەو ڕووە و بەپێچەوانەی هەموو ئەم مەترسیانەی کە ئەو کردەوەیە هەیبوو بە دەیان ژن و پیاو لە مەهاباد سەردانی ئێمەیان کرد؛ بەو جۆرە نیشانیان دا کە هەوەڵ دەستە کە بۆ لێکۆڵـینەوە لە هەمبەر پێشێل کردن یا جێبەجێ کردنی مافی مرۆڤ هاتوون بۆ ئێران چەندە بۆیان گرینگە.
بێجگە لەوانەش، لـە کاتی تێپەڕبوونمان بەنێو زۆر گونداندا کە بۆ سێ حەوتوو لە ناوچەی سەردەشت/مەهاباد مابووینەوە، شایەتی زۆر کەسمان کۆ کردەوە.
لە ئەنجامیشدا وێـڕای چاوپێکەوتنمان لە دوو بەندیخانەی ناوەندی حیزبی دیمۆکرات لەگەڵ زۆر لە گیـراوەکان وتووێژمان کرد.
هەر وەک پێشووتر ئاماژەمان پێ کرد، لەوەی ڕا کە هـێزی نیزامی ئەرتەش و پاسداران دەستیان بە زۆر شار و ڕێگاکانی کوردستان داگرتبوو (لە ڕاستیدا ئەژماری سەربازەکانی بەرەی شەڕی کوردستان ۱۰۰۰۰۰ کەس دەخەمڵێنرا، لە حاڵێـکدا کە تەنیا ۱۲۰۰۰ پێشمەرگە دژ بەوان بەرگریان دەکرد)
بێـجگە لە درێژەی ڵێکۆڵینەوەمان لەو ناوچانەی کە باسمان لێ کرد، ڕێگەی دیکەمان لە سەر ڕێ نەبوو. سەرەڕای ئەوەش ئاشکرایە کە فێدێڕاسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، ئامادەیە کە دەستەیەکی دیکە ڕێکبخات تا بە شێوەیەکی گشتی و لە کۆی ئێراندا، لە هەمبەر پێشێل کاری یا جێبەجێ کردنی مافی مرۆڤ لێکۆڵینەوە بکات و لە دۆخێکدا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کۆک بن، دوای کۆتایی هاتنی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکانمان، بیدەینە دەستی بەرپرسەکانیان.
***
- جێبەجێ کردنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ لە لایان دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
(ئـ) بەکارهێنانی ئەشکەنجە و دۆخی گشتی گرتووخانەکانی مەهاباد.
وا وێدەچوو کە دەسپێکی کۆماری ئیسلامی ئێـران خاڵی کۆتایی لە بیرەورێکانی خەمباری ساواک بێت. لە ڕاستیدا ئەو ڕێکـخراوەیە و پۆلیس نهێنێ شای ئێران، بەرپرسیارەتی ئەشکەنجە کردنی سەدان لە دژبەرانی سیاسی لە ئەستـۆ بوو. سەرەڕای ئەوە، بە لە ناو چوونی ساواک نەک تەنیا کۆتایی بە ئازار و ئەشکەنجە نەهات بەڵکوو لە خۆی دا بەم هۆیە گۆڕانکارییەک لە دۆخەکەدا نەهاتە گۆڕێ: بە زوویی”ساوما” وەک جێگرەوەی ساواک چێ بوو و بەرپرسیارەتی و ڕێکخستنی ئەو درا دەست”تیمسار سوجدەهی” جێگری هەوەڵی “تیمسار نەسیری” وەک کەسی هەوەڵی ساوما ناساندرا، دواتر پاسدارەکان ئەرکەکانی سەرەکی خۆیان لەگەڵ یەک دابەش کرد و بە خێـراییەکی زۆرەوە، ئەشکەنجەدەرانی ساواکیان سەر لە نوێ دامەزراندەوە.
بە شایەتی چەند شایەتحاڵ کە لە هەردوو سەردەمی ڕێژیمی شا و خومەینی دەسبەسەر کرابوون و ئەشکەنجەیان کردبوون جیاوازی نێـوان ساواک و ساوما تەنیا لەوە دایە کە ساواک، زانستیتر ئەشکەنجەی دەکرد لە حاڵێک کە ئەمڕۆکە چۆنییەتی ئەشکەنجە بە ڕادەی دڕبوویی پاسدارەکانی بەرپرس لە لێپرسینەوە دیاری دەکرێ. ئەوان دەڵێـن ساواک هەرگیز غیرەت و زاتی نەبوو کە ئەو هەمۆ ژن و مناڵە ئەشکەنجە یا ئیعدام بکات. ئەوە نەریتەکە کە تەنانەت ساواکیش بە ناچار ڕەچاوی دەکرد.
ئامادە کردنی پێڕستێک لە جۆرەکانی ئەشکەنجە کە ئەمڕۆ لە ئێـران باوە کارێکی دژوار نییە:
- ئەشکەنجەکانی جەستەیی:
– لێدان بە مست و پێلاقە
– لێدان بە باتووم
– قامچی لێدان بە کابڵی ئاسنی لە سەر جەستە، لاقەکان و دەستەکان
– سووتاندن بە ئاگری جگەرە (جارجار درووشمی زیندوو بمێنێ خومەینی بە ئاگری جگەره لە سەر جەستەی گیراوەکان دەنووسن)
– سووتاندن بە ئاسنی سوور بووە بە ئاگر
– تێنانی دەرزی سوور بووە بۆ ژێـر نینۆکەکان
-کێشانی نینۆک
– بەستنی دەستەکان بە حاڵەتی خاچ لە پشتەوەی گیراوەکان. (وەک دەستبەند قەپانی)
– ئەشکەنجەی ئێلێکتریکی – بە تایبەت چەشنە ئەشکەنجەیەک کە “ئاپۆلۆ”ـی پێ دەڵێـن (بەندکراو لە سەر ڕووپەرێکی ئاسن لە سەر کورسی دادەنەیشێنن و سەری لە کلاوێکی ئاسنی دادەنێن)
– لێـدانی گیراو لە حاڵێکدا لە بن میچ هەڵاوەسراوە.
– گیراوەکە بە چەند کاتژمێـر لە سەر پێ ڕادەگرن، بە تەناف دەیبەستنەوە و لە سەر کورسی ڕایدەگرن.
- ئەشکەنجەی ڕووحی
– سازکردنی ڕێوڕەسمی دەستکرد و ڕواڵەتی ئیعدام.
– ناچار کردنی گیراو بە بەشدار بوون و دیتنی ئەشکەنجە کردنی ئەندامانی بنەماڵەکەی.
– ئەشکەنجەی گیراوەکان لە لای ئەندامانی بنەماڵەکەیان.
- ئەشکەنجەکانی تایبەت بە ژنان
– گیراوەکانیان بە پرچی سەری هەڵداوەسن و لەو حاڵەتەدا لێیان دەدان.
– دەستدرێـژی (لە ڕاستیدا خومەینی بەو باوەڕەیە کە ژنانی بەند کراو کۆیلەی پاسدارەکانن).
کۆ کردنەوەی سەرجەم جۆرەکانی لێدان و ئەشکەنجە و لێک کردنەوەی ئەوە کە هەمووی لە گرتووخانە جێبەجێ دەکران کارێکی ئاسان نییە. لە ڕاستیشدا جۆر و ڕادەی ئەشکەنجەکان لە گرتووخانەیەک تا گرتووخانەیەکی دیکە بە تەواوی جـیاوازە و تەنانەت ئەو کەسانەی ئەشکەنجەش دەکەن لەگەڵ یەکتری بۆ هەر گرتووخانەیەی جیاوازان و دەگۆردرێـن.
یەک لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات کە زیاتر لە ۱٨ مانگ پێشتر گیرابوو و پاشان بۆ شەش گرتووخانەی جیاواز دەیگوازنەوە، هەواڵـی بە هاوڕیەکانی دابوو کە جۆرەکانی ئەشکەنجە لە هەر گرتووخانەیەک لەگەڵ یەک جیاوازە.
هەر وەک پێـشتر باسمان لێ کرد، ئێـمە بە وریایی و ئاگاداری لێـکۆڵینەوەی ئەو پێشێل کاریانەی مافی مرۆڤ لەو ڕوویەوە بۆ ناوچەی مەهاباد و تایبەت حەوت گرتووخانە لە شاری مەهاباد تەرخان کرد کە سرنجی لێکۆڵینەوە بەو پەڕی خـۆی بگات. سەرەڕای ئەوەش دواتر زانیمان کە چاو پێکەوتنی کەسانی ئەشکەنجە دیتوو زۆر دژوارە و تەنیا کەسانێکی کەم کە ئەشکەنجە کراون ئازاد دەکرێـن.
لەو ڕووە توانیمان تەنێ لەگەڵ یەک لەو گیراوانە چاوپێکەوتنمان هەبـێ، بەڵام چەند گیراو توانیبوویان لە گرتووخانە ڕا بکەن و ئێمە لەگەڵ سێ کەس لەوان چاو پێکەوتنمان کرد.
هەروەک لە پێشوتار دا ئاماژەمان پێ کرد بۆ باشتر بەڕێوە چونی ئەرکەکانمان پێـویست بوو کە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە توانیبوویان لەگەڵ کەسوکارەکانیان کە ئەشکەنجە کرابوون لە گرتووخانە چاو پێکەوتنیان هەبێ و برین و ئەو زامانەی کە به ئەشکەنجە لە سەر جەستەیان مابووە و دیتبوویان، چاوپێکەوتنمان هەبێ و وتووێژیان لەگەڵ بکەین. بەڵام ئەوان لە مەهاباد دەژیان و ئێـمە لەبەر هۆکارەکانی ئاشکرای “هێمنایەتی و ئاسایشی”، بۆمان نەدەگونجا کە بچیـن بۆ مەهاباد.
لە ئاکام دا لە مەودای پتر لە چوار ڕۆژ بە دەیان ژن و پیاو مەترسی هاتنە دەرەوەیان لە مەهاباد وەخـۆگرت تا بۆ شایەتی دان بێن بۆ گوندێک لە بیست کیلۆمیتری مەهاباد لە جاددەی ئەو شارە بۆ “جانداران” و بۆ لای ئێـمە هاتن.
ئەو کردەوەیە زۆر ئازایانە بوو، چونکە ئەو کات لە مانگی “ئاگـۆست”، ۴٨ کەس لە گرتووخانەی ورمێ ئیعـدام کرابوون و بەو هۆیە پاسدارەکان بـۆ پێشگرتن لە هەر خۆپیشاندانێکی جەماوەری بە خەستی و توندی یەکجار زۆر چاوەدێری دۆخەکەیان دەکرد.
ئەو ژن و پیاوانە کاتی ماڵئاوایی لەگەڵ ئێـمە لە وڵامی سوپاس لێکردنی ئـێمە لەوان، دەیانگوت:
ئـێمە، هەموومان ،هاوژیـن، یەک یا چەند مناڵ، براکانمان ،یا لانی کەم یەک لە ئەندامانی بنەماڵەمان لە دەست داوە. کاتی ئەوەی هاتووە کە دونیای پێشکەوتوو لەو تاوانانەی کە دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجام دراون ئاگادار بکـرێنەوە. ئێـمە دەزانین کە تەنیا، چاوەدێـری توندی سوپای پاسداران دەبێتە هـۆی ئەوەی کە دەیان کەسی دیکە نەتوانن بێنە لای ئێـوە و شایەتی بدەن.
درێژەی هەیە…
وێنەی ڕاپۆڕتەکە تا لاپەڕەی ٥