“ئەو نەمرانەی تەرمەکانیان نەگەڕانەوە”.
نووسینی: فەرهاد عەبدوڵڵاپوور
5ی بەفرانباری ساڵی 1369 هەتاوی. لە بەرەبەیانی ژیندا لە قووڵایی پێدەشتی شاری شنۆ و لە ئاوایی قەرەسەقەل، کۆرپەیەکی خنجیلانە چاوی بە دنیا هەڵدێنێت و ناوی “هیدایەت”ـی بۆ هەڵدەبژێرن، تاکوو لە دواڕۆژی نیشتمانە بێنازەکەمان، ببێتە هیدایەت و ڕێپێشاندەری کوردایەتی و گیانبازی بۆ لاوانی کورد و بەڵەدی تێکۆشانیان بێ لە پێناوی ڕزگاری و ئازادی کوردستان.
لە سێبەر و زەحمەتکێشانی دایە مەرجان بێهرووزی و کاک ئەبووبەکر عەبدوڵڵاپوور پەروەردەیەکی ڕەسەنی کوردانە دەکرا و هێدی هێدی هیدایەت گەورە بوو و ناردیانە بەر خوێندن. بەداخەوە چەشنی زۆربەی منداڵە بێنازەکانی کورد بە هۆی باری گرانی ژیانی بنەماڵە و نەبوونی ئیمکاناتی پێویست لە قوتابخانەکاندا، تەنیا توانی تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی درێژە بە خوێندن بدات. کە تەمەنی گەورەتر دەبێت، هەستی بەرپرسیارەتیشی دەرحەق بە ئازار و ئێشەکانی نەتەوەکەی زیاتر دبێ. بە ورەیەکی بەرزەوە لە پیشەی سەنعەتکاریدا دەست بە کار دەبێت و ئەزمون کۆدەکاتەوە، تاکوو سووچێک لە ماندووبوون و ئازاری بنەماڵەکەی کەم بکاتەوە.
لە وەها دۆخێکدا کە بیر و هزری گەشەی دەکرد باش و خراپی نیسبەت بە نیشتمان و گەلەکەی زیاتر هەست پێ دەکرد و پرسیاری زیاتر و پڕ ماناتر لە مێشکیدا چەکەرەی دەکرد. تامەزرۆی ئەوە بوو تا وەڵمێک بۆ ئەو پرسیارانەی لەلای کەڵەکە ببوون بدۆزێتەوە. یەکەم هۆکار کە توانی بە سەرچاوەی هەموو ئەو پرسیارانەی خۆی بزانێت، بوونی دەسەڵاتێکی پاوانخواز و دیکتاتۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەر گەلەکەی بوو. بەو بڕوایە گەیشت کە بۆ ژیان کردنێکی بەختیار و شیاوی مرۆڤ، پێویست و ئەساسە کە کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتدارێتی بە سەر نەتەوە و نیشتمانەکەیدا نەمێنێت، لە سەر ئەساسی ئەم جیهانبینیە “خەبات و تێکۆشانی” بە ڕەساڵەتی خۆی زانی و لەم ڕوانگەیەوە بۆ بەدیهێنانی ڕزگاری و گەیشتن بە ئازادی خۆی وەکوو هەموو لاوانی دەروەستی نیشتمان بە بەرپرسیار زانی. بڕیاری خەبات و تێکۆشان کردنی نەمر هیدایەت، لە پێناو دۆزینەوەی هەموو وەڵامەکان و ژیانی شیاوی مرۆڤ بۆ نەتەوەکەی لە قۆناغی تازە لاوێتی بەو پەڕی ئیمان و سداقەتەوە درا.
لە ساڵی 1387 هەتاوی وێڕای خۆم بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزی تەشکیلاتی نهێنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەردانی بارەگای حیزبیان لە شاری کۆیە لە باشووری کوردستانمان کرد و لە بەشی تەشکیلاتی نهێنی دا سازمان دراین. نەمر هیدایەت پاش ساڵێک لە ئەندام بوون و چاڵاکی نەهێنی، لە ساڵی 1388 هەتاوی بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە لایەن ئیتلاعاتی شاری شنۆوە دەگیرێت و چون هیچ دانپێدانانێکی حیزبی و کاری تەشکیلاتی ناکات، ئازاد دەبێت. نەمر هیدایەت وەک ڕۆڵەیەکی ئازا و بە جەرگ ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی نیسبەت بە خۆی و نەتەوەکەی خستبوویە سەر شان شێلگیرانە و ماندوو نەناسانە لە هەموو ڕوویەکەوە هەوڵی بۆ دەدا، هەرچەند بە هۆی دۆخی نالەباری ژیان نەیتوانیبوو پلەکانی خوێندن تێپەڕ بکات بەڵام خۆشەویستی بە نیسبەت خوێندن و خوێندنەوە زۆر بوو بەردەوام هەوڵی خۆ پێگەیاندنی دەدا و پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەرزی لە ئاستی شار و هاوپیشەکانی خۆیدا هەبوو و وەکوو کەسێکی سەر و ڕوو خۆش و خۆشناو جێگای تایبەتی لە ناو خەڵکدا هەبوو. وەکوو نموونەیەک لە مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و بە ئەخلاق دەناسرا.
ئەوین بە نەتەوەکەی وای لە نەمر هیدایەت کردبوو کە بۆ فێربوونی زمانی کوردی ماندوویینەناسانە تێبکۆشێت و لە هیچ سڵ نەکاتەوە. هاوکاتیش هانی ناسیاو و هاوزمانانی خۆی دەدا تا زنامی کوردی فێر بن و بیپارێزن. وەکوو ئەندامێکی کارا و بەڕۆژ، سەرەڕای کاری تەشکیلاتی لە ڕەهەندی مەدەنی و ژینگە پارێزیشیدا گیان لەسەر دەست و ئامادەی تێکۆشان لە پێناوی ئاگامەندیی زیاتری نەتەوەکەی بوو. لە ماوەی ئەندامێتیدا سەرەڕای کاری مەدەنی لە چەندین کار و بەرپرسیارێتی پێشمەرگەی شاردا بەشداری دەکرد و بەو پەڕی لەخۆبردوویی، سەرکەوتووانە بە ئەنجامی گەیاندن. بە شاهیدی مێژوو دەیان لاو لە شاری شنۆ لەسەر دەستی نەمر هیدایەت شەڕەفی ئەندامێتی حیزبیان وەرگرتووە.
کەسایەتییەک بوو کە شەو و ڕۆژ سەرەڕای کار بۆ بژێوی ژیان لە خۆ بووردوانە کاری سیاسیشی ڕادەپەڕاند. کاتێک لە 24ی جۆزەردانی ساڵی 1395ی هەتاوی تیمێکی شازدە کەسیی لە هاوڕێیانی پێشمەرگە بۆ شکاندنی ئۆتۆریتەی کۆماری ئیسلامی هاتنە ناوچەی شنۆ، نەمر هیدایەت وەک ئەندامێکی نهێنی لە بەشی نیزامی بەو پەڕی نهێنی پارێزی بە پێشوازیانەوە چوو و لە ڕووی ئەمنی، نیزامی، خواردەمەنی و … پێشمەرگە ئاسا، بە هۆی شارەزا بوونی نیسبەت بە خەڵک و جوگرافی بە شەو و ڕۆژ لە خزمەتیاندا بوو. بەڵام مەخابن ڕۆژی 26/3/1395ی هەتاوی پێشمەرگەکان لە ئاوایی قەرەسەقەل ئاشکرا دەبن و گیان لەسەردەست و بەو پەڕی گیانبازییەوە دەگەڵ لەشکەری پاسدار و جاشی کۆماری ئیسلامی ئێران بەربەرەکانی دەکەن کە مەخابن لەو حەماسە شۆڕشگێڕانەیەدا پاش دوو ڕۆژ شەڕ و تێکهەڵچوونی دەست و یەخە، هەشت کادر و پێشمەرگەی حیزب تێکەڵ بە کاروانی سوور خەڵاتی ڕزگاری و ئازادی گەلەکەمان دەبن و دەبنە ئەندێشە و چرای تێکۆشانی لاوانی شۆڕشگێڕی کورد.
مەخابن لەو ڕووداوەدا کەلوپەلی هاوڕێیان وەکوو کامێرا دەکەوێتە بەر دەستی دوژمن و لە وێنە و فیلمەکاندا وێنەی نەمر هیدایەت کە بە تەواوی ڕوخساریشی داپۆشراوە، وەک پێشمەرگەیەکی ناوخۆ کە پێشتر تۆمار کرابوو تێیدا دەبێت و ڕۆژی 13/5/1395 بە پیلانگێڕی سپای پاسداران بە یارمەتی سیخوڕێکی شارۆچکەی نەڵۆس بە ناوی (ج. ا) [1] لە فەلەکەی هەڵەبجەی شاری شنۆ بە شێوەیەکی دڕندانە لە ڕێگای لێدانی شۆکی کارەبا دەستگیر دەکرێ و هەر لە یەکەم ساتدا لە دەستبەسەر بوونی لە ناو ماڵێکی شاراوەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا ویستوویانە بیخنکێنن بەڵام نەمر هیدایەت وە هۆش دێتەوە و بوێرانە پێیان دەڵێت براکەم فەرهاد ئاگادارە کە (ج.ا) پەیوەندی پێوە گرتووم و ئەو لە داوی خستووم. بەو جۆرە نەمر هیدایەت دەستبەسەر دەکرێ و بۆ ژووری تاکەکەسی ئیتڵاعاتی سپا لە وڕمێ دەگوازڕێتەوە و 74 ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا دەمێنێتەوە و سەرەڕای ئەشکەنجە و ئازاری ڕوحی و ڕەوانی و جەستەیی لە ڕێگای لێدانی کارەبا و بە شێوەیەکی فیزیکی کە دەبێتە هۆی لە دەست دانی گوێچکەیەکی، خۆڕاگرانە و جەسوورانە لەسەر بیر و باوەڕەکەی دەمێنێتەوە و دان بە هیچ هاوکارێکی حیزبی نانێت، بەڵام داخ لە دڵانی کورد، بۆ ئارام گرتنی دڵی تاریکیان و داپۆشینی ڕیسواییان لە حیماسەتی قەرەسەقەل کەیسی نەمر هیدایەت سەرەڕای ڕەهەندی یاسایی و سیاسی و نیزامی لە ڕێگای بنەماڵەی جاشەکان بە شەخسی دەکەن و لە دادگای نا عادڵانەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بێ هەبوونی هیچ چەشنە بەڵگەیەکی یاسایی حوکمی لە سێدارەدانی بەسەر دا دەسەپێنن.
دیارە نەمر هیدایەت وەک کەسایەتییەکی بەرزی شۆڕشگێڕانە لە ماوەی مانەوەی لە بەندیخانەی ورمێ وەک پێشمەرگەیەکی بە جەرگ و خاوەن ئیمانێکی کوردانە لە خۆ پێگەیاندن و پەروەردە بوون دەست ڕاناگرێت و درێژە بە خوێندن دەدا و تاکوو پۆلی حەوتی سەرەتایی بە پلەی نایاب تێپەڕ دەکات و وەکوو نموونەی مرۆڤێکی پێشڕەو و ڕووناکبیر کۆتاییەکانی تەمەنی خۆی دانابوو بۆ گەشەی خۆی. بە شاهیدی هاوزیندانییەکانی وەک نەمر عووسمان مستەفاپوور، محێدین ئیبڕاهیمی، محەممەد نەزەری، ئەرسەلان خۆدکام، سەعید سەنگەر؛ ڕەوشت و ئاکارە جوانەکەی وای کردبوو کە متمانەی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشابوو و لە ناو بەندیخانەشدا بەو پەڕێ ئیمانەوە دەیگوت: ( ئاسۆی خەبات ڕوونە) و هەموو جارێ هیوا و ورەی بە بنەماڵە، هاوڕێ و هاوبەندەکانی دەبەخشی و بە ورەیەکی بەرزەوە دەیگوت: ( بە گیانم نرخی ئازادی دەدەم). کە ئەوە خۆی ئاماژەیەک بوو بە وتەیەکی نەمر دوکتور قاسملوو کە دەیانفەرموو: (گەلێک ئازادی بوێ، نرخەکەشی دەبێ بدات) لەسەر ئەساسی ئەو ڕێبازە؛ لەگەڵ شەهیدان و ئەو خەباتەی باوەڕی پێی بوو، تا دوا هەناسەی ژین وەفادار و خۆڕاگر بە ئەندێشە و خەباتەکەی مایەوە.
بەداخەوە ڕۆژی 20 بانەمەڕی ساڵی 1399ی هەتاوی داخ لە دڵانی کۆماری پەت و سێدارە بۆ تۆڵە کردنەوەی مێژوویان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، بۆ وەیکە حەماسەتی قەرەسەقەل لەو مانگەدا ڕووی دابوو و هەروەها بۆ ماوەیەکی زۆریش بوو، بە هۆی پەتای کۆڕۆنا ئیزنیان نەدابوو کوردستانی 7 ساڵە و سیروانی 12 ساڵان و خێزانی بە جەرگ و خۆڕاگری، پشتیوانی ڕاستەقینەی بیر و باوەڕی نەمر هیدایەت، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بکەن. کە نەمر هیدایەت بە لە سێدارەدانی خۆی دەزانێت سەرەڕای دوا داوای لە داخ لە دڵانی کۆماری پەت و سێدارە داوای بینینی خێزان و دوو منداڵە ژیکەڵانەکەی دەکات بەڵام مەخابن ئیزنیان پێ نەدا و لە بەرەبەیانی زوودا لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ، بە بەڕچاوی بنەماڵە جاشەکانی شەری قەڕەسەقەل تیربارانیان کرد و تێکەڵ بە کاروانی پڕ سەروەری نەمرانیان کرد و ئەوەندە لە تەرمەکەی ترسان کە تەنانەت ئیزنیان نەدا بنەماڵەکەی لە دوای نەمر بوونیشی، لە ناشتنی تەرمی پیرۆزیدا لای بن.
[1] ناوەکە لای ناوەندی نەمران پارێزراوە و هەوڵ دەدرێ زانیاری زیاتری لەسەر کۆبکرێتەوە تا لە ڕۆژی خۆیدا بخرێتە بەردەم دادگایەکی نەتەوەیی.
پەیامێکی نەمر هیدایەت عەبدوڵڵا پوور
ئاڵبۆمی وێنەکان