دایکی لە بەیانییەوە هەتا شەو لەبەر دەم دەرگای زیندان چاوەڕێ دەبوو بەشکەم ئیزنی دیداری دەگەڵ فەخری پێبدەن. ڕۆژێکی پاسدارێک بە نێوی “گولزار” پێی گوتبوو گەر سەرت وەک ددانت سپی بێ ناهێڵم چاوت بە مناڵەکەت بکەوێ.
فەخری شەیدایی کچی هاجەر و ئەحمەد، ڕۆژی یەکەمی خەرمانانی ساڵی 1335 هەتاوی لە شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بوو. بنەماڵەکەیان لە مەهابادەوە هاتبوونە سەردەشت. فەخری مناڵی سێهەمی خێزانەکەیان بوو. خوێندی سەرەتایی و هەتا سێهەمی دواناوەندی هەر لە سەردەشت تەواو کرد. دوابەدوای ئەو دوو ساڵیش دانیشسەرای سەرەتایی لە بەندەر عەباس تەواو کرد. پیشەی مامۆستای قوتابخانەی لە گوندی “قوڵتێ”ی سەر بە سەردەشت دەست پێکرد. هاوکات دەگەڵ وانە وتنەوەی قوتابخانه له زانکۆی هونەرە جوانەکانی تاران درێژەی بە خوێندن دا و توانی دیپلۆمی باڵای “دەورگێڕی” بەدەست بهێنێ. ئۆگرییەکی زۆر بە هونەر هەبوو و هەر لە هەڕەتی منداڵییوە ئۆگری خوێندنەوە بوو. بلاڤۆکی “کیهان بچەها | کەیهانی مناڵان”ی ئابوونە کردبوو و بە شێوەی کتێبەکی گەورە ئارشیوی کردبوون. کاتێکی زۆری بۆ خوێندنەوە دادەنا. هەر لە دوا ناوەندییەوە کتێبی دەکڕی و لەو کاتیشەوە بەرەوە نووسین ڕاکێشرا. بەهرەی نووسینی لە کاتی خوێندنی سەرەتایی بە دیار کەوتبوو. هەمیشە لە وانەی نووسینەوەی “ئینشا” نمرەی باشی دەهێناوە. وردە وردە ڕووی هێنایە شێعر هۆنینەو و حەزیشی لە خەتاتی، وێنەگرتن، کارگەڵی دەستساز، مۆسیقا و بەرگدووری بوو. بۆ فێربوونی ژەنیاری گیتار بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە لەسەردەشت ئیمکانی نەبوو، بە چەرمەسەرییەکی زۆرەوە هاتووچووی مەهابادی دەکرد. کاتێ لە سەردەشت مامۆستا بوو شانۆیەکی نووسی و بە هاوکاری قوتابییەکان بەرێوەییان برد.
یەک لە خزمەکانی دەیگێڕایەوە کە:
(ڕۆژێک پێکەوە دەچووینە قوتابخانە، کیژۆلەیەکی نەوت فرۆشی دیت کە لەبەر لۆمەی خەلک جلی پیاوانەی دەبەر کردبوو، زۆری کاریگەری لەسەر دانا، خێراییەکی دەفتەر و قەلەمەکەی دەرهێنا و شێعرێکی لە وسفی حاڵی کیژۆلەکە و رەنجەکانی هۆنییەوە).
نەمر فەخری نووسین و شێعر و کتێبگەلی زۆری هەبوون. بەداخەوە دایکیی دوای ئیعدامی ئەو، لەترسی ئەوەی منداڵەکانی تری گرفتاری دەستی رژیم نەبن، هەموویانی لە تەندوردا سووتاند. ئەو کارە بە دڵی خوشک و براکانی فەخەری نەبوو بەڵام چ دەکرا؟ دایکە و جەرگ سووتاوە و تاقەتی دووبارەبوونەوە کارەساتی نەبوو. خزمەکانی دەیگێڕنەوە کە:
(کاتێ لە قوتابخانەی سەرەتایی بوو، رژیمی پەهلەوی “مەلا ئاوارە”ی لە سەردەشت شەهید کرد. سەرەڕای ئەوە تەمەنی هەر دە ساڵ دەبوو زۆر کەتبوو ژێر کاریگەری و دەگریا. خۆشخۆش لە دایکی دەپرسی: بۆچی “مەلا ئاوارە”یان ئیعدام کرد؟ بۆ چ سووچێکی هەبوو کە ژیانیان لێ ستاند؟ ئەو ئازادی دەویست و ئازادیش مافی هەمووی نەتەوەی ئێرانە. دوای ماوەیەک سولەیمان مۆعینی و هاوڕێیەکانیشی قۆڵبەست کران و شەهیدیان کردن. بە شێوەیەکی دڕندانە جەنازەکانیان لە ناو کووچەو کۆڵاندا گێڕابوو.ئەو ڕووداوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ڕۆح و ڕەوانی فەخری دانابوو بەچەشنێک کە فەخری تووشی خەمۆکی ببوو. هەر دەگریا و دەیگوتەوە دیمەنەکم دیوە کە ناتوانم هیچکات لەیادی کەم. ڕق و تووڕەی خۆی نیسبەت بە ڕژیمی پەهلەی دەردەبڕی و هەر لەو کاتییەوە ورەی خەباتی ئازادیخوازی تێیدا چڕۆی کرد).
گەر دەنگێکی ئازادی بکووژێتەوە، هەزاران دەنگ بەرز دەبێتەوە بەڵام دیکتاتۆرەکان نازانن کە خۆیان گۆڕی خۆیان بە دەستی خۆیان هەڵدەکەنن.
نەمر فەخری بەردەوام دەگەڵ ئازار و ڕەنجی مرۆڤەکان دەژیان. ئازاری ئەوانی هەستپێدەکرد و هەوڵی ساڕێژیانی دەدا. کە خوێندکار بوو وێنە، پۆستەر و کتێبێ دەفرۆشت و قازانجەکەی بۆ مناڵانی باشوری تاران تەرخان کردبوو. دوای ئیعدامەکەی زانرا کە لە سەردەشت بۆ چەن بنەماڵەی دەستکورت، مانگانە له مووچەی خۆی یارمەتی بۆ بڕیبوونەوە. لە ڕاستیدا ئەوینداری زەحمەتکێشان بوو. لە قسە کردن زۆر شارەزا بوو. لە بڕیاردان کەسێکی بە لۆژیک و لەسەرخۆ بوو. هەر بۆیەش جێگەی متمانەی خەڵکی دیکە بوو و هەرکەسێکیش داوای هاوفکری لێدەکرد بە دروستی رێنوینی دەکرد و حەتمەن ڕێنوینییەکە قبوڵ دەکرا.
هەمیشە کامێرا و کاغەز و قەلەمی دەگەڵ بوو. لە بچووکترین دەرفەت کەڵکی وەردەگرت بۆ نووسین و خوێندنەوەوە. دواجار کە لە تارانەوە دەگەڕاوە سەردەشت لەبەر تێکهەڵچوونی سەربازی، لە مەهاباد مابۆوە یارمەتییەکی زۆری پێشمەرگە بریندارەکانی دابوو و شەو ڕۆژ پەرستاری لێکردبوون. بەهۆی داخستنی ڕێگەی سەرەکی مەهاباد-سەردەشت دێهات بە دێهات و بەپێی پەتی هاتبۆوە سەردەشت. دوای بیست ڕۆژ، ڕژیمی سەددام سەردەشتی بوردمان کرد و ماڵی باوکیان خاپوور بوو. دایک و براکانی لەو ڕووداوە بریندار بوون. دوای تێپەربوونی نزیک دوو هەوتوو لە بوردومانەکە لەبەر ئەوەیکە باوکیان ئێشکی ئیدارە بوو، فەخری خۆی لە سەردەشتەوە ڕۆشتە مەهاباد بۆ بە کرێگرتنی ماڵێک کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە قۆلبەست کرابوو و بۆ زیندانی مەهاباد گواسترابۆوە.
بنەماڵەکەی چەن جارێک ڕۆیشتینە بەر دەم زیندانی سوپا بەڵام ئیزنی دیداریان پێنەدەدرا. دایکی لە بەیانییوە هەتا شەو لەبەر دەم دەرگای زیندان چاوەڕێ دەبوو بەشکەم ئیزنی دیداری پێبدەن. ڕۆژێکی پاسدارێک بە نێوی “گولزار” پێی گوتبوو گەر سەرت وەک ددانت سپی بێ ناهێڵم چاوت بە مناڵەکەت بکەوێ. دوای چەن ڕۆژ لە پاسدارێک دەبیسن کە گواستراوەتە ورمێ. دوای چاردە ڕۆژ گەڕان هیچ کەس ڕاستی پێنەدەگوتن و تەفرەیان دەدان.
یەکێک لە خزمەکانیان لە پارێزگای(ئوستانداری) ورمێ پۆستی یاریدەری هەبوو. پەنا بۆ ئەو دەبەن و یارمەتیمان لێی ویست. دواتر کە بەدواچوونی کردبوو وتبووی کە بەداخەوە ئیعدام بووە و جەنازەکەی لە ساردخانەیە. بە یارمەتی ئەو جەنازەکەی وردەگرنەوە و دەیبەنەوە سەردەشت. جەنازەکەی خوێنی لێ دەچۆڕا. باوکی برینەکانی ئەبەستەوە. ئەوکات لەبەر تێکهەڵچوونەکانی پێشمەرگە و بوردومانەکانی سەددام، سەردەشت خەلکێکی کەمی لێبوو.
هەندێ لە گەنجەکان بەدەم خوێندنەوەی سرودی ئەی رقیب جەنازەکەیان بەروەو گۆرستان بەڕێ کردبوو. حکومەت لە گۆرەکەشی دەترسا و چەندین جار بەردەکەی سەر گۆڕیان دەشکاند و بەڵام سەرلەنوێ بنەماڵەکەی کێل و بەردێکی تازەیان بۆ دەگۆڕی. ماڵباتەکەی چەند جارێکیش هاتووچووی سوپای پاسدارانیان کردبوو و داوای وەسییەتنامەیان کرد کە ئەویشیان ئاکامێکی نەبوو. تەنانەت داوایان لە فەرمانداری ئەوکاتی سەردەشت ئاغای “موقیمی” کرد کە بە هۆی ئەوەی فەخری دانیشتووی سەردەشت بووە، داوا لە سوپای مەهاباد بکا وەسیەتنامەی فەخرییان بخاتە بەردەست و هۆکاری ئیعدام و دادگایی کردنەکەیان بۆ ڕوون کاتەوە. فەرماندار کە وەدوای دەکەوێ لە وەڵام دا وتی: کەسیان وڵامدەر نین و نازانم ئەو چ کارێکی کردوویانە!
گێڕانەوەی هاوڕێی نەمر فەخری شەیدایی کە بەرپرسی تەشکیلاتییان بووە:
(لە کۆتایی هاوینی ساڵی ١٣٥٩ نەمر فەخری شەیدایی دەیهەوێ سەفەر بکات بۆ تاران. کاتێک لە ئوتوبوس دانیشتووە و دەخوازێ لە شاری مەهاباد بەرەو تاران دەربچێ، لە خاڵی پشکنینی پاسداران ڕایان دەگرن. لە نەمر فەخری دڕدۆنگ و بەگومان دەبن و وەدەزانن پێشمەرگەیە. کاتێک چانتاکەی دەگەڕێن پانتۆڵێکی کوردی تێدا دەدۆزنەوە کە لە بەرکی پانتۆڵەکەدا ئاڕم یان لۆگۆی سازمانی چریکەکانی فەدایی خەڵق و باسکبەندێکی یارمەتییە سەرەتاییەکانی پزیشکی دەدۆزنەوە. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بیگرن و لەپێشدا بۆ زیندانی مەهاباد و پاشان بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕەوانەی دەکەن. لەپاش چەند ڕۆژێک، لەلایەن مەلا حەسەنی قازی شەڕع و ئیمام جومعەی شاری ورمێ، لە تۆڵەی کوژرانی پاسدارێکی زۆر کە لە شەڕ دەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران کوژرابوون، هاوڕێ دەگەڵ نەمر مەنسور خوسرەوی و چەند بەندکراوێکی دیکە تیرەباران دەکرێن. لەپاشان تەرمەکەی لە سەردەشت دەدەنەوە بە بنەماڵەکەیان بە سەرسووڕمانەوە دەبینن کە دەیان فیشەک بەر گیانی پیرۆزی کەوتووە و بەردوام خوێن لە جەستەی دێ. ئینجا لەلایەن خەڵکی بەشەڕەف و دلێری سەردەشت تەرمی پاکی نەمر فەخری بە خاکی پیرۆزی کوردستان دەسپێرن.)
ئامادەکردنی: ناوەندی نەمران