Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

زەمەنێکی هەرمان لەگەڵ هاوڕێیەکی مەزن، ئەحمەد شەعبانی

من و ئەحمەد شەعبانی بەهۆی کاری هاوبەش و ڕا گۆڕینەوە، زیاتر دەگەڵ یەک ئاشنا و پەیوەندیەکەمان نیزیکتر دەبۆوە . کەسێکی گەرم‌وگوڕ بوو و زوو پەیوەندی نزیکی لەگەڵ خەڵک دروست کرد. لە دایکبووی ساڵی 1953 یە و لە دایک بووی خێزانێکی چینی مامناوەندی شاری سنەیە. چەند برا و خوشکی هەبوو. من و “شیرین”ی خوشکی ئەحمەد لە کاتی کارکردنماندا لە  لە ئەنجومەنی خانمان دا یەکمان بینی و ئاشنا بووین. 

لە ڕێگەی شیرنەوە دەگەڵ ئەحمەد و براکانی تری کە هەموو هەڵسوڕاوانی سیاسی بوون ئاشنا بووم کە دواتریش بوون بە پێشمەرگەی کۆمەڵە. ئەحمەد هەڤاڵێکی کۆنی کۆمەڵە بوو من هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی سەردەمی شۆڕشەوە، کە هاوشان بوو لەگەڵ گرووپی لاوانی چەپ و ڕۆشنبیر، ئەحمەدم ناسی.

دوای شۆڕش کەمتر لە گردبوونەوە و خۆپێشاندانە ناڕەزایەتیەکاندا دەردەکەوت. دواتر بۆی دەگێڕامەوە کە، لە بەهاری 1979ەوە لەلایەن کۆمەڵەوە ئەرکی پێدرا کە لە مەهاباد و لە ڕێکخستنی ئەم شارەدا کار بکات. لە دەرفەتی جۆراوجۆردا هەوڵماندا کە لە بارودۆخی خۆمان و تێکۆشانەکانمان دا بدوێین بۆ ئەوەی باشتر یەکتر بناسین.

ساڵی 1972 لە زانکۆی هەمەدان کشتوکاڵی خوێند و لە هەمانکاتدا دەگەڵ تەشکیلاتە چەپەکان ئاشنا دەبێ.  موتاڵای خۆی لەسەر مارکسیزم پتەو دەکرد و بەردەوام بەشداری لە خەباتی قوتابیان دا دەکرد. دوای تەواوکردنی خوولی زانکۆکەی وەک ئەفسەری ئەرکدار لە دەزگای بەرزکردنەوەی ئاوەدانی لە شاری “خۆی”، “بانە” و “سنە”، سەربازی زۆرەملی تەواو کردووە.

بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی کار و بواری خوێندنیی، پەیوەندی نزیکی لەگەڵ خەڵکی گوندەکان و بە تایبەت کرێکاران و ڕەنجدەران دادەمەزرێنێت و یارمەتییان دەدات بۆ هۆشیاری و ئاشنابوون بە مافەکانیان. لە سنە چاوی بە بازنە ڕەەناکبیرییەکان دەکەوێت، لەوانە ئەندامانی کۆمەلە. لە بانەش بە شانە ڕووناکبیرییەکان و هەروەها شانە کرێکارییەکان و ڕەنجدەران پێوەندی دەگرێ.  دوو لەو هەڤاڵانەی کە لەوێ دەگەڵیان ئاشنا بوو بە ناوەکانی خالید و مستەفا حامیدی، لە کاتی شۆڕشدا بەشداری ڕیزەکانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوون و لە شەڕی “دارساوێن” گیانیان لەدەستدا. 

ئەحمەد لە سنە هەوڵیدا لەڕێگەی هاوڕێکانییەوە کە مامۆستای گوندەکان بوون، بچێتە گوندەکان و پەیوەندی نزیک لەگەڵ خەڵکدا دروست بکات و لەشاریش لەڕێگەی فێربوونی کارەکانی بیناسازی و کاری کارەبا، کرێکاریی کردووە. بەو شێوەیە لەنزیکەوە ئاشنای کێشەی کرێکاران و چەوساوەکان بووە و بەردەوام بووە لە خەبات کردن لە پاڵیاندا.

لە سەردەمی شۆڕشی 1979 دا یەل لە هەڵسووڕاوانی ئەنجومەنی گەڕەکەکان بوو. بەشداری لە تێکۆشانی خەڵکی مەریوان و هەروەها یەکێتیی جوتیاریی مەریواندا کرد. ئێستا کە لە مەهابادە، لە هەڵس‌وکەوتیدا دەگەڵ خەڵکی بە تایبەتی دەگەڵ هاوڕێ کرێکارەکانیدا ئەم توێشەبەرەیە پڕ لە ئەزموونە بە ڕوونی پێوەی دیارە بوو. لە پەیوەندی لەگەڵ ژناندا هەڵس‌وکەوتی یەکسانیخوازانەی هەبووە.  هەمیشە هەوڵی داوە لە هەموو بوارەکاندا ژن شانبەشان پیاو دابنێ تەنانەت لەکۆبوونەوەکانی حیزب و لە دەرەوەی حیزب و لەناو کۆڕی کرێکارییەکانیشدا یارمەتی ژنانی دەدا لە کاری ماڵەوە و هانی دەدان لە تەنیشت پیاوانەوە دانیشن و بەشداری لە گفتوگۆدا بکەن. بە تایبەتی کاتێک ژن و مێرد پێکەوە بەشداریان لە کاری تەشکیلاتیدا کردووە زیاتر ڕەچاوی یەکسانی دەکرد. ئامادەبوونی ئەو لە هەموو کۆڕ و بۆنەیەکدا، هانی ژنانی دەدا تا بەشداری ئەو کۆڕە بکەن. 

یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی ئەحمەد ئەوە بوو کە هەوڵی دەدا لەهەموو کۆبوونەوەیەکدا لەتەنیشت ژنانی ناو خێزانەوە دانیشیت و لە دۆخیان بپرسێت و ڕێزیان لێبگیرێت و ڕێز لەبۆچوونەکانیان دابنێت. ئەو هەڵس‌وکەوتە گەرمەی ئەحمەد وای لە ژنان کرد کە کاتێک گلەیی لە مێردەکانیان هەبێ، هانا بۆ ئەحمەد بێنن. ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی دەگەڵ پیاوەکان سەبارەت بە ئاکارە دواکەوتووییەکان و  پیاوسالارانەیان بدوێ.

ئەحمەد دەیگێڕایەوە کە ماوەیەک لە نێو کرێکارانی خشتبڕیندا کاری کردووە و هاوڕێ و ناسیاوی لە نێوانیاندا هەیە کە ئێستا لە مەهاباد دەژین و هەموو ساڵێک لە بەهاردا لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ناو کورەخانەکان لەگەڵی لە پەیوەندی دان. 

ئەحمەد لە دەیەی 1980 دا پەیوەندی بە کۆمەڵەوە کردبوو و هەمیشە لە جەفەنگەکانمدا پێمدەگوت چونکە ساڵێک زووتر لەو وەک ئەندامی کۆمەڵە وەگیراوم، کەوایە دەبێت لە پرسە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخراوەییدا وەک بڕیاردان و “سەرۆکایەتی”!دا من بەرپرس بم. ئەویش وەڵامی بەم جۆرە دایەوە و گوتی: «هەم لەبەر ئەمە و هەم لەبەر ئەوەی تۆ ژنێکیت، گوێ لە فەرمانەکەت دەگرم.»

بەڵام زۆری نەبرد شمشێری تیژی کۆماری ئیسلامی دڵی پڕ لە خۆشەویستی و سۆز و خۆشەویستی ئەحمەدی خوێناوی کرد و بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت. 

ڕژێم هێرشەکانی خۆی بە مەبەستی گرتن و زیندانی کردنی تێکۆشەران لە شانەکانی ناو شار و تێکۆشەران زیاد دەکرد و لەو ناوەشدا بە دەستگیرکردنی ئەندامانی ڕێکخراوەکان زانیاری زیاتری لەسەر تان و پۆی ڕێکخراوەیی و ناسینەوەی بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوانە وەدەست دەهێنا. 

بە لەبەرچاوگرتنی زۆربوونی ئەو دەستگیرکردنانە، ئێمە لە کۆمیتەی شارەکە داوامان لە ئەحمەد کرد شارەکە بەجێبهێڵێت و تەنانەت بۆ ماوەیەکی کەم خۆی لە چاوی دوژمن بشارێتەوە بەڵام ئەو ڕازی نەبوو و جگە لە هۆکارەکانی کار و چالاکییەکانی، باوەڕی وابوو کە لەم هەلومەرجە دژوارەدا ڕێگە بەخۆی نادات کە تەنیا لە خەمی خۆی دا بێت و  هەڤاڵ و هاوڕێکانی بە تەنیا جێبهێڵێتەوە. هەموومان لەو بڕیارەی ناڕازی بووین چونکە هیچ کام لە ئێمە وەک ئەو بۆ دوژمن ناسیاو نەبوو.  لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ و گفتوگۆکانمان جێگای نەگرت و ئەحمەدیش بەردەوام بوو لە کارکردن لە شارەکەدا. ناچار بە چەند گۆڕانکارییەک لە ڕێکخراوەکەمان و کارەکانمان، هەوڵماندا کە کەمتر دەرکەوین.

پەیوەندی لەگەڵ لیژنەی ناوچە و کۆمیتەی ناوەندی بە من ئەسپێردرا. بڕیارماندا بە زووترین کات هەندێک لە بەڵگەنامە و بڵاوکراوەکانی ناوخۆ و هەندێک لەو پارە و پێداویستیانەی بۆ شارەکە کۆکراوە بگوازرێتەوە. نزیکەی 8 و  ی بەفرانبار بوو کە ئەحمەد لە کاتی شەودا لەگەڵم تا دەروازەی شار هات و بۆ بەیانی زوو، شارم بەجێهێشت. من شمەکەکەم تەسلیم کرد و دوای پێدانی ڕاپۆرتەکان و تەواو بوونی کارەکەم، بڕیار بوو ڕۆژی دواتر بگەڕێمەوە شار کە لەناکاو هەواڵی دەستگیرکردنی ئەحمەدم بیست.

ئەحمەد لە ڕۆژی ١٠/١٠/١٣٥٩ لەگەڵ چەند نامەیەکی ڕێکخراوەیی لە گیرفانیدا دەستگیر کرا. بەداخەوە دەرفەتی ئەوەی نەبوو کە نامەکان بفەوتێنێ و ئەو بەڵگانە وەک پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵدا لەسەری تۆمار کرا. دوژمن بۆ دەستکەوتنی زانیاری زیاتر لە ئەحمەدەوە پەنای بۆ دڕندانەترین ئەشکەنجە دەبرد. دواتر هەواڵی ئەشکەنجە و لێپرسینەوەکەی ئەحمەد لەلایان جەلادەکانییەوە لە ناو هەڤاڵان و ناسیاوەکاندا لە زیندانەوە دزەی کردە دەرەوە. وەک دەیانگێڕایەوە داوایان لێکردبوو خۆی بناسێنێت:

– ئەحمەد ئەحمەدی . ( لە جیاتی ئەحمەد شەعبانی ، کە ناوە ڕاستەقینەکەی بوو ) .

 – لەگەڵ چ رێکخراوێک کار دەکەیت؟

 – من کار بۆ ڕێکخراوەکەم کۆمەڵە دەکەم. 

 – هاوڕێ و ئەو کەسانە بناسێنە کە دەیناسن.

 – من جگە لە ئەحمەد کەس ناناسم.

بەم شێوەیە سەرەڕای نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکان، ئەحمەد جگە لە ناوی خۆی “ئەحمەد” هیچ وشەیەکی دیکەی لە زاری نەهاتە دەر. ئەحمەد بە بەرگریکردن و بەرخۆدانی خۆی، ئەشکەنجەی جەللادەکانی خۆی دەدا. ئەحمەد سەرئەنجام دوای سێ ڕۆژ ئەشکەنجەی سەخت و بێپسانەوە گیانی پاکی دانا. ڕادیۆ مەهاباد و هەواڵنامە پاسدارانی شۆڕش بە شانازیەوە! هەواڵی دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی ئەحمەد ئەحمەدی بڵاو کردەوە و لاپەڕەیەکی دیکەی بۆ تاوانەکانیان زیاد کرد. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەحمەد لە ژێر گشت ئەو هەموو ئەشکەنجە و ئازارانەدا تەنانەت ناوی ڕاستەقینەی خۆی نەهێنا سەر زار و زمان.

هەرچەندە هەواڵی مردنی ئەحمەد دوور نەبوو لە چاوەڕوانی، بەڵام هەموو ئەو کەسانەی کە ئەویان ناسیبوو تووشی شۆک کرد، بە منیشەوە. مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ و دڵسۆز و جەماوەری بوو لە درێژەی ئەو چالاکیانەدا کە ماوەی 10 ڕۆژە بە ناوی ‘ئۆپەراسیۆنی شەهید ئەحمەد’ ئەنجام دراوە، پێشمەرگەکانی هەرێمی مەهاباد لە ناو شارەکەدا، زەبرێکی قورسیان لە بنکە و بارەگاکانی دوژمن داوە و زیاتر لە 50 پاسداریان لە تۆڵەی ئەحمەد ناردە بەهەشت. ڕۆژی 7ی بەفرانبار، پاسداری بەرپرسی دەستگیرکردن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی ئەحمەد لەلایەن پێشمەرگەکانی مەهابادی لە تۆڵەی ئەحمەد لە سێدارە درا. (خبرنامە کۆمەڵە ٤/١١/١٣٥٩)

من تەنیا گریاوم و بیرم لە جوامێری و خۆتەرخانکردنی ئەم مرۆڤە بێ وێنەیە دەکردەوە، کە چۆن بە ئاسانی جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی ئەم کوڕە هەڵکەوتەیە و ئەو ڕۆڵە بە ئەمەک و  دڵسۆزانەی نەتەوەکەمان لەناو دەبات؟ بەڵام چیبکەم جگە لە درێژەپێدانی ڕێبازی ئەحمەدەکان و “گلریزها” بۆ ئازادی مرۆڤایەتی چی ترم لەدەست نەدەهات. 

جارێکی تر گەڕامەوە بۆ مەهاباد.

چەند ڕۆژێک دواتر لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆم، بۆ دۆزینەوەی شوێنی ناشتنی ئەحمەد مردووشۆرخانەمان دۆزیەوە و پرسیارمان لەو پیاوە کرد کە لەوێ کاری دەکرد. جا بەو نیشانانەی کە دامان بە کەسەکە، ئەحمەدی ناسییەوە و لی ئێمەی پرسی کە ئێوە کێن؟

گوتمان ئێمە خزمەکانی ئەحمەدین، لە سنەوو ە لە لایان دایکی ئەحمەدەوە هاتووین و داوا دەکەین شوێنی ناشتنەکەیمان نیشان بدەن، ئەگەر پاشماوەی کەلوپەلەکانیشمان لێ بەجێ ماوە و  بماندەیەوە بۆ ئەوەی لە مەرگی ئەو دڵنیا بین مەمنونت دەبین.

ئەو کاتژمێرێک و  ژێرکراسێکی دڕاو و خوێناوی ئەحمەدی بۆ هێناین و گوتی: 

– لە ئەشکەنجەکانی جەستەیەوە بۆم دەرکەوت کە دەبێت سیاسی بێت. نەمدەویست ئەم شتانە فڕێدەم، گوتم ڕەنگە کەسێک داوای بکات.

من کاتژمێرەکەی دەستییم ناسییەوە و نیشانەیەکی ڕاست بوو، پاشان ڕوونی کردەوە چۆن تەواوی جەستەی بە ئوتوو و جگەرە سووتاوە و هیچ نیشانەیەکی فیشەک لە جەستەیدا دیار نەبوو و دیار بوو کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە. پاشان دارێکی لەو نزیکانە بوو پیشان داین و گوتی : من لێرە ناشتوومە. 

لێرە تەنیا خاکێک دیار بوو بەبێ هیچ ناو و ناونیشانێک. من و فەراسەت چەند خولەکێک لەسەر گۆڕەکەی دانیشتین و فرمێسکمان هەڵوەراند. پاشان بۆ هەمیشە ماڵئاواییمان لێ کرد و بە تەنیا بەجێمان هێشت.

کتێبی شقایقها بر سنگلاخ. لاپەڕەی 499 بۆ 505 نووسەر: گۆلرۆخ قوبادی