نووسینی ئەو بیرەوەریە بە ئەرکێک دەزانم بۆ هاوڕێی ئازیزم ئەفسەری گیانبەختکردوو “بێهروز بێهروزنیا”– هومایوون ئەردەڵان
پاییزی ساڵی ۱۳٤۲ی هەتاوی بۆ من و هاوتەمەنەکام وەرزێکی نوێ لە ژیـانمان دەستی پێدەکرد، کۆتایی خوێندنی سەرەتایی و دەسپێکی خوێندنی دواناوەندیمان بوو.
لەو ساڵـەدا لە شاری سنە چـوار قوتابخانەی سەرەتایی تایبەت بە کوڕان هەبوو. قوتابخانەی “هیدایەت” لە باڵەخانەی بنکەی لەشکەر و لە شەقامی شاپوور هەڵکەوتبوو، گۆیا ئیدارەی پەروەردە و فێرکردن ئەو باڵەخانە گەورە و دوو قات و قایمەی بـۆ ماوەی یەک ساڵ بەکـرێ گرتبوو و بە هـۆی ئەوەی کە ئەو قوتابخانە لە شوێنی ناوەندی شار هەڵکەوتبوو بەشی زۆری قوتابیانەی شاری لـەخۆی دەگـرت و هەر ئەوەش ببوو هـۆکار کە نزیـک دووسەت و حەفتا لە قوتابێکانی پۆلی حەوتە لە قوتابخانەی هیدایەت خـۆیان ناونووس بکەن. بەرپرسانی قوتابخانە بە پێی تێکەڵاوی نومرەکان، قوتابییەکان لە پۆلی شەشەم ئەوانیان لە پێنج کلاس دا سەروسامان دان. من هاوڕی لە گەڵ نزیـک پەنجا قوتابی کە تێکەڵاوی نومرەکانمان لە نێـوان پازدە تا شازدە بوو، لە پۆلـی حەوتی (ب) جێگیر کرد.
لەناو هاوپۆلـەکانم کوڕێـکی بە وزە، خوێنگـەرم و خۆشخوڵق و تا ڕادەیەکیش بزۆز هەبوو زۆر زوو ناسیمان و دەگەڵی بووین بە دۆست. بێهروز چێراغزادە کوڕی حاجی عەوڵای چێراغزادە خاوەنی یەک لە قەنادییەکانی کۆنی شارەکەمان بە ناوی “لوکس” بووکە دوکانەکەیان لە ناوەندی شارەکەمان هەڵکەوتبوو. بێهروز چەند ساڵ دواتر ناسناوەکەی گۆڕی و کردی بە “بێهرووزنیا”.
بێهرووز کوڕێکی زۆر مێهرەبان بوو. دەگەڵ هەمووکەس بە باشی هەڵسوکەوتی دەکرد. زۆر باش دەرسی دەخوێند، هـۆگری وەرزش و بەتایـبەت یاریی تۆپیپێ بوو. لە تۆپیپێ زۆر شارەزا و لێـزان بوو چاوی هەموانی بـۆ لای خـۆی ڕادەکێشـا. بەزووترین کات وڵامی ئەرێنی مامۆستای وەرزش ئاغای پیـر زەهیـری دایەوە و جلی تایبەت بە یاریی تۆپـیپێ دابین کـرد. هەڵـبەت بە هۆی باوکییەوە کە یارمەتییەکی باشی دارایی بێهرووزی دا. ئەو ڕۆژانەی کە وانەی وەرزیشمان هەبوو و بە پێیان لە قوتابخانە دەچووین بۆ کلووپی وەرزیشی هەوەڵ کەس بوو کە خـۆی ئامادە دەکرد و جلی وەرزشی دەکردە بەر و لەناو مەیدان حازر دەبوو. جـموجۆڵ و یاری کردنەکەی بەو بەژنە کورت و سینگەی کە وەک سینگی کـۆتر دەچوو بۆ دیتن دەبوو.
کـرانەوەی باڵەخانەی تازە لە قوتابخانەی هیـدایەت و دابەش کردنی قوتابێکان کـۆتایی هاوڕیەتی من لەگەڵ بێهروز نەبوو و لە شاری چکۆلەی ئەوکاتی سنە جارناجارێک یەکتریمان دەدیت و دیدارمان نـۆ دەکردەوە.
ئەو ساڵانە تێپەڕ بوون و بێهروز پاش وەگرتنی دیپڵۆم چوو بۆ ناوەندی فێرگەی ئەفسەری” ژاندەرمەری” و پاش خولێکی سێ مانگە بە پلەی ستوان سێهەمی دەرچوو و لە شارە جۆراجۆرەکانی ئێران دەستی بە کار کـرد. من پاش وەرگرتنی دیپڵۆم چووم بۆ زانکۆی ئەفسەری و پاش سێ ساڵ بە پلەی ستوان دووهەمی بۆ کار کردن لە ژاندەرمەری بـۆ شارەکانی باشووری ئێران بەڕێیان کــردم.
دوابەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران، ساڵی ۱۳۵٨ی هەتاوی هەر دووکمان لەسەر داواکاری خـۆمان بۆ ناوچەی ژاندەرمەری کوردستان چووین و هەر دووکمان بە پلەی ستوان یەکەمی لە پۆلی ژاندەرمەری شاری سنە ڕێکخراین. بێهروز وەک فەرماندەی گوروهانی پۆل و من وەک سەرکـردەی ڕوکنی یەکەم دەستبەکار بووین. خاڵی سەرەنجڕاکێش کە لەو بەیەکگەییشتنەوە تازەیەمان خۆی دەنواند و دەبوو بە هـۆی دڵخـۆشیر و جەفەنگی هەردووکمان، نیشتەجێبوونی پۆل لە باڵەخانەی بنکـە لە شەقامی شاپوور بوو. ڕێک ئەو شوێنەی کە شازدە ساڵ پێش هەر دووکمان لەوێ لە پۆلی حەوتەم بەیەکەوە دەرسمان دەخوێند و هەر شوێنێکی سەیرمان دەکرد بیرەوەری ئەو کاتانەی قووتابی بووین، دەهاتەوە بیرمان.
ساڵی ۱۳۵٨ی هەتاوی کە لەگەڵ نەورۆزی خوێناوی لە سنە دەستی پێ کـرد، ڕۆژ نەبوو کە ڕووداوێکی تازە ڕووی نەدات. لە هەموو جێگە و شوێنێک باس باسی سیاسەت و گەنگەشە و مشتومڕی ڕووداوەکانی سیاسی ئەو سەردەمەی بوو. لە ناو تاکسی و قاوەخانە و دووکان و هەموو شوێنێک باس و قسە لێکردن لەمەر حاڵ و هەوای سیاسی بوو تەنانەت ئەو باسانە درزی کردبوو ناو شوێنی کاری ئێمەش کە جێگەیەکی نیـزامی بوو.
هەرچی ڕۆژ بوو چاوم بە بێهروز دەکەوت و پێوەندییەکی باشمان هەبوو. ئەو وەک پێشوو گەرموگوڕ و دڵسـۆز بوو. ئەزموونێکی باشی کۆکردبۆوە و پێگەیشتبوو. تا ڕادەیەکیش خۆڕاگر بوو و فێر ببوو کە چۆن ددانی بە جەرگی خۆی دابگرێت. لە هەموو دەرفەتێک کەڵکمان وەردەگـرت بۆ قسە کردن، لە ناو حەوشە لە ناو چایخانەی ئیدارە، لە ناو سەیارەکانمان یا کاتێک بۆ خـواردنی هەلیماوی بەیانیان دەچووینە ناو شار.
دەسپێکی قسە کردنمان وەبیر هێناونەوەی بیرەوەری قوتابخانە و بەدفەڕێکانمان و پاشان ڕووداوکانی ڕۆژمان بەسەر دەکـردەدوە. بێهروز کەسێکی چەپ و سوسیالیـزم بوو و زۆر بە توندی دژی سیاسەتەکانی ڕێژیم بوو و هەر ئەوەش ببوو بە هۆکار کە پتر لەیەک نزیـک ببینەوە تەنیا بەشێک کە من ئاگادار نەبووم بەسراوەبوونی بێهروز بە حیزب و لایەنێکی تایبەت بوو کە من نەمدەزانی و خـۆیشی هیچکات ڕاشکاوانە لە لای من نەیدەدرکاند کە پێوەندی بە چ ڕێـکخراوە و حیزبێک هەیە! بەرگری لە هیچ ڕێکخراوەیەکی دژ بە ڕێژیم نەدەکرد بەڵام، بە باشی هەستی بەوە کردبوو کە من لایەنگریم لە کۆمەڵە دەکرد.
لە نێـوان ساڵی ۱۳۵٨ی هەتاوی دوا بە دوای بڕیاری جیهادی خومەینی بۆ شەر و هێرش کردنە سەر کوردستان، گوشارەکانی ڕێژیم بۆ زاڵ بوون بۆ سەر کوردستان و سەپاندنی سیاسەتی کـۆنەپەرەستانەکەی ڕووی لە زیاد بوون کردبوو. ژاندەرمەری و هێـزی سەر بە شارەوانی بە هـۆی گرێدراوی زۆریان بە ناوەند و حکوومەت وای کردبوو تاکوو ڕێـژیم زۆر بە ساکاری خۆی بەسەریاندا بسەپێنێ و بیخاتە ژێـر ڕکێفی خـۆی.
من بە هاوبیری سێ کەس لە هاوکارەکانم بۆ تاوتوێ دۆخەکە و یەکگرتوویی ئەندامانی ژاندەرمەری لەهەمبەر بەرەوڕوبوونەوە لەگەڵ گوشارەکانی ڕێژیـم حەولی چێ کردنی شانەیەکی نەهێنی لەسەر ناوی “پاژ” (ئەندامانی شۆڕشگێری ژاندەرمەری)م دا. یکجار خۆلیای ئەوەم هەبوو کە بێهروز هان بدەم تا ببێتە بەشێک لە ئێمـە بەڵام بێهروز حەزی لێ نەبوو سەرەڕای ئەوەی کە هاوڕای ئەو حەولەی من بوو و دڵگەرمی دەدا بە من بەڵام نەمدەزانی بۆ نایهەوێ ڕەگەڵ ئێمە بکەوێ.
دەنــگۆی ئەوە هەبوو کە ئەندامانی کورد بۆ شوێنی دیکەی جیا لە کوردستان بگۆزرێنەوە و ئەوەش ببوو هـۆی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بە تایبەت لە نێو ئەو کەسانەی کە خێـزاندار بوون و بەداخەوە ئەژماریشیان کـەم نەبوون. بۆ بەرەوڕوبوونەوەی ئەو بڕیارە ناعادڵانەیە “پاژ” توانایی خـۆی به کار هێـنا تا ناڕازی بوون و دژایەتی هەموو لایانەی ڕێـکبخات.
لە گەڵ بێهروز بڕیاری ساز کردنی کۆڕێکی هەڵبژێردراو لە ئەندامانی ژاندەرمەری کوردستان بە دەنگدانی ڕاستەوەخۆی ئەندامان لە بانگهێشتی بە کۆمەڵمدا و سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بڕیارەی پێ باش بوو و به پێویستی دەزانی بەڵام، حازر نەبوو خـۆی لەو کۆڕه دا بەشداری هەبێ و لەسەر ئەو بابەتە تەنیا شتێک کە ناڕاستەوخۆ لێ تێ گەیشتم ئەوە بوو کە لە ڕوانگەی ئەو، ئەو حەولانە هی کۆمەڵەیە تا درز بکاتە ناو ڕێکخراوە و ئیدارەکان.
هەوەڵ کاتژمێری کاری ڕۆژی شەممۆ ڕێکەوتی ۱۹ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۵٨ی هەتاوی سەرگورد “ئیرەج غەیابی” فەرماندەی پۆل داوای لە من کرد کە بچـم بۆ لای لە شوێنی کارەکەی و پێیووتم کە بڕۆمە بارەگای ناوچە و خـۆم بە سەرهەنگ شەریفی فەرماندەی ناوچـە بناسێنم.
تاوێکخەمم بۆ پەیدا بوو و لە فران ڕۆچووم ترسام کە “پاژ” و جوڵانەوەکانم ئاشکرا بووبێ.
سەرگورد غەیابی چاوەڕوانی پرسیاری من نەما و پێ گووتم:
بە گیانی مناڵەکەم ئەگەر شتێک بزانم بۆتی باس دەکەم بەڵام ئاگاداری هیچ نیم.
حەولدانم لە ڕاوێژ لەگەڵ یەک لە هاوڕیانی کۆڕە چکۆلەکەمان “پاژ” بە جێگەیەک نەگەیشت و ناچار یەک ڕاست چوومە ناوچە. بێئاگایی بەرپرسی کارگێڕی ناوچە ستوان یەددوڵا تەرەقی کە هاوڕێشم بوو لە هەمبەر ئەو بانگهێشتە کوت و پڕە، بیری پتر ئاڵـۆز کردم.
پاش چەند خولەک چاوەڕوانی، ئیزنی چوونە ژورێیان دامێ. هەوەڵجار بوو کە چاوم بە سەرهەنگ مەنووچێهر شەریفی دەکەوت. قامەتی بەخۆوە بوو، ناوچاونی گرژ بوو و تووڕەبوونی تەواو پێوە دیار بوو، هاوکات کە چاوی لە پێڕستێک کە لەسەر مێزەکەی دانرابوو بڕیبوو پرسیاری لێکردم کە ناوت چییە و لە چ شوێنێک کار دەکەی؟ زاراوەی کوردی کرماشانی سەرهەنگ شەریفی بە ڕوونی پێوەی دیار بوو. وڵامم کە داوە سەری هەڵێنا و دوای هێندێک شیکاری لە هەمبەر ئەرکەکانی ژاندەرمەری گوتی لە بنکەی سەربازی دزڵی مەریوان لە لایان کەسانی دژە شۆڕش (زیدی ئینقلاب) گەمارۆ دراوە. فەرماندەی ئەو بنکەیه ئوستوارێکی جحێڵە و پێویستی بە هاوکاری هەیە و خـۆی تەنیا توانایی ئەوەی نییە کە ئەو بنکەیە بەڕێوە ببا. هەرچی زووتر خـۆت بگەینە ئەوێ و هاوکات کە کۆنتڕۆڵی دۆخەکـە لە نزیکەوە بەدەست بگرە. هەل و مەرجی پێگەکە لە بابەت هێـز و تەقەمەنی و کەلوپەل ڕابگەینە، تاکوو حەولی شێاوی لەسەر بدەین.
لە وڵامی سەرهەنگ شەریفی دا گووتم ئەگەر راپۆرتی تێر و تەسەل لەسەر دۆخ و ژیانی من لە بەشی کاڕگێڕی وەربگری و سەیری بکەی بۆت ڕوون دەبێتەوە کە من لەسەرەتای ساڵ ئازارم لەسەرە و لە ژێـر چاوەدێری بنکەی لەشساغی دام. لای خۆی وای بیر کردەوە کە بە درۆ خۆ لە نەخۆشی دەدەم و بە تەمام خۆم لەو بڕیارە دەرباوێم. بە توڕەیی پتروە گوتی: ئەگەر تەنیا بۆت ناکرێ سەردانی کۆتایی حەوتوو ئەوڕۆ دەکەم تاکوو لەگەڵ یەک بچین بۆ ئەوێ. پێم گوت قوربان عەرزم کردی من ئازاری جەستەییم هەیە و پێویستیم بە چاوەدێری ڕۆژانە هەیە، بە تووڕەیی لێ پرسیم ئازاری چی و نەخۆشی چی؟ بە ئەسپایی کراسەکەم هەڵداوە و لای چەپی لەشم کە پێچرابۆوە و پانسمان کرابوو نیشانم دا، زیاتر تووڕە بوو و قەڵەمەکەی لە مێز کوتا و گوتی: یەک مرد و یەک مردار بووە. برۆ ئاغا برۆ، هاوکات کە ڕێزی نیزامی بۆ ڕۆیشتنم لێدەگرت لەگەڵ خۆم بیرم لەوە دەکـردەوە کە ئاخـۆ تا ئێستا چەند کەسی دیکە خۆیان لەو بڕیارە دەرهاویشتووە.
خەیالم ڕاحەت بوو و دوای گۆڕینی پانسمانی لەشـم لە بنکەی لەشساغی، لە پیلکان کە وەسەر دەکەوتم چاوم بە بێهروز بێهروزنیا کەوت کە دەهاتە خـوارەوە، دەمانچەکەی لە ناو دەستی بەولاوئەولا دەبرد و بەو زەردەخەنەی کە لەسەر لێوەکانی بوو سڵاوی لێکـردم لێیم پرسی بۆ کۆی دەچی ئاوا بەپەلەی؟ وڵامی دامەوە: فەرماندەی بنکە لە دوای ناردووم نازانم بۆ؟ لەوانەیە یەک لە سەربازەکانم هەڵەیەکی کردبێ! پێیم گوت: نا ئەوە نییە. من دەزانمئەتۆی بۆ چییە؟! ڕاوەستا و چاوپێکەوتنی خـۆم لەگەڵ فەرماندەی ناوچە بۆ گێـڕایەوە. دەمێک چوو لەخۆیەوە بەڵام زوو زەردەخەنەی وەک هەمیشە هاتە سەر لێوەکانی و جێی خۆی دا بە گرژی. ناوچاوانی و پێیگوتم خۆت دەرباز کرد و منت تووش کرد؟ بە وەبیر هێنانەوەی قسەی کۆتایی شەریفی گووتم وێناچێ من تەنیا بم لەو خۆ دەرباز کردنە. دەستی لەسەر شانم دانا و گوتی شۆخیم لەگەڵ کردی، منیش هیچکات ناچمە ژێـر ئەو بڕیارە. لە پلیکانەکان چووە خوارەوە و ئەوە کۆتا چاو پێکەوتنمان لەگەڵ یەک بوو.
دوای کۆتایی کاری ڕۆژانە و لە کاتی چوونەوەم بۆ ماڵەوە دەنگۆی گوللە وێکەوتن لە سەرهەنگ شەریفی و بریندار بوونی لە نێـوان ئەفسەران و پلەدارەکان هەبوو بەڵام کەسیش هەواڵی ڕاستی نەدەزانی.
ڕۆژێک دواتر ژاندەرمەری ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و هەموانی ئاگادار کردەوە: “سەرهەنگ شەریفی وێڕای دوو ئەفسەر و پلەدارێک لە کاتی سەردانی ناوچەکانی سنووری، کاتێک کە تەمای ئەوەیان بوو بە هێلیکۆپتێر لە دزڵی بنیشن لە لایان یەک لە هاوڕیانی بە ناوی بێهروز بێهروزنیا دەستڕێژی گوللەی لێدەکرێ و شەهید دەکرێ”.
چیرۆکەکەشیان وا هەڵبەستبوو کە لەقسان بێهروز به تەمای ئەوە بووە کە تەیارەکە بەرەو عێراق ببات و هەرەشە لە فرۆکەوانەکە دەکات کە تەیارەکە بەرەو عێراق ڕی بخات. کە لەگەڵ بەرگری لە لایان سەرهەنگ شەریفی بەرەوڕوو دەبێ کە بێهروز تەقەی لێ دەکات و دەیکوژێ. پاشان فرۆکەوان و یاریدەدەری فرۆکەوان و ئەفسەر و پلەداری ناو تەیارەکە دەکەونە سەر بێهروز و قۆڵبەستی دەکەن و پاشان ڕادەستی بنکەی سەربازی مەریوان دەکرێ و دوایی دەیگوێزنەوە بۆ تاران سەرهەنگ شەریفی پاش کوژرانی لەکاتی خزمەت پلەیەک سەرتری پێ دەدرێ و دەکرێ بە سەرتیپ!
ڕووداوێکی تاڵ بوو و یەکجار نیگەرانی سڵامەتی بێهروز بووم. دیمەنی کۆتایی چاوپێکەوتنم و تەنیا چاوپێکەوتنم لەگەڵ سەرهەنگ شەریفی له پێش چاوانم لا نەدەچوو. هیچکەس ئەو ڕاستیەی کە لە ناو تەیارەکە ڕووی دابوو نەدەزانی. وتەکانی پێوەندی گشتییەکانی ژاندەرمەری جێی متمانە نەبوو. هەر بۆیەش لەگەڵ هاوڕێانی کۆمەڵی “پاژ” لە دانیشتنێکی بەپەلە دۆخەکەمان تاووتۆ کرد.
- ئەو ڕۆژانە ڕێژیم گوشارەکانی بۆ سەر کوردستان کەم کردبۆوە، دەنگۆی دانیشتن لە نێوان نوێنەرانی دەوڵەت لەگەڵ نوێنەری حیزبە کوردەکان و لە هەمووی گرینکتر ئەوە بوو کە لە لایان کۆمەڵە و حیزبی دیمۆکرات بێ شەڕ و پێکدادانی زۆر، کۆنتڕۆڵی زۆر بەشیی کوردستانیان بەدەستەوە کرتبۆوە. بۆ وێنە” ڕۆژی سێزدەی مانگی خەزەڵوەر شاری نەوسوود و پاسگەی دزئاوەر، شۆشمی و هانیگرمەله لە لایان هێزی چەکداری حیزبی دیمۆکرات دەستی بەسەر داگیرابوو (ڕۆژنامەی ئیتلاعات ڕێکەوتی چواردەی خەزەڵوەری ۱۳۵٨ی هەتاوی) بۆچی سەرهەنگ شەریفی و فەرماندەکانی دیکە ئاوا گرینگیان دەدا بۆ دزڵی؟ بۆ ئێمە ڕوون نەبوو و بێ گومان زۆر نەهێنی بوو.
- سەرهەنگ شەریفی بە منی گوتبوو کە تۆ دەبێ بچی بۆ دزڵی بەڵام دۆینێ خۆی لەگەڵ سەرۆکی روکنی سێی ناوچە (سەرگورد حوسێنی؟؟) و ئوستواری دەزگای هەواڵگری (ناسر کەمانگەر؟) هاوڕێ لەگەڵ دوو ئانتێنی بڵیندی بێ سیم و بێهروز هاوسەفەری تەیارە دەبن.
- سەرهەنگ شەریفی بە بیستنی لادانی هەندێک لە ئەفسەرەکان لە بڕیاڕەکان و نەچوونیان بۆ دزڵی، حاڵێکی ڕوحی باشی نەبوو و وێنەدەچوو کە ڕاستیکانی ئەو بڕیارەی بۆ بێهروز شی کردبێتەوە و زۆر وێدەچێ کە بۆ پاراستنی گیانی خۆی بێهرووزی ڕەگەڵ خۆی خستبێ، یانی بێهروزی فـریو دابێ.
- بێ گومان بێهروز لە ڕێگەی چوون بۆ دزڵی و لە قسەکانی ئەو دوو کەسە (شەریفی و حوسێنی) ڕا بۆی دەردەکەوێ کە مەبەستیان چییە و دەیانهەوێ بێهرووز لە دۆخێکی نەخوازراو بهاوێن. بێهروز هەروەک بە منیشی گوتبوو بە هیچ جۆرێک حازر نەبوو و حەزی لەوە نەبوو کە بچێ بۆ ئەوێ و لە ڕاستیشدا ڕوبڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و حیزب و ڕێکخراوە کوردەکان بۆ ئەو هێڵی سوور بوو و لە نەیدەتوانی هەر بیریشی لێ بکاتەوە. هەر بەو هۆیەش لە ناو تەیارە و کە ئاگاداری بڕیاری ئەوان دەبێ، بەگژیان دادێ و لە بڕیاری فەرماندەکەی لادەدات و بە قسەی ناکات تا لەگەڵ ئەوان بچێ بۆ شەڕی کوردەکان. ئەو دمەقاڵەیە شەریفی تووڕە دەکات و کە دەبێته شەر لە نێوان بێهروز و شەریفی، حوسێنی و یاریدەدری فرۆکەوان لەسەر شەریفی وەدەنگ دێن و کەمانگەریش بۆ خۆشخزمەتی کردن بۆ شەریفی بە دەسکی ئانتێنەکەی بەشداری دەکات لە گرتن و دەسبەسەر کردنی بێهروز. شەریفی دەکوژرێ و جوڵانەوەی تووندی تەیارەکە و کەڵک وەرگرتن لە پایەی بڵیندی ئانتێنەکە وەک داردەست، کەمانگەریش بریندار دەکات. ئەو سێ/چوار کەسە، دەستەکانی بێهروز دەبستن و تەیارەکە لە سەربازگەی مەریوان دەنیشێنن.
لە ڕۆژی بیست و سێی خەزەڵوەر، چوار ڕۆژ پاش ڕووداوەکە خۆپێشاندانێکی بەرفراوان بە دروشمی سەرەکی(بێهروز بێهروزنیا دەبی ئازاد بکرێ) لە سنە بەڕێوە چوو کە ئەندامانی ژاندەرمەری ژێـر ڕێکخستنی هەڵبژاردە لەو خۆپێشاندانە ڕۆڵی سەرەکی گێرا. قوتابێکانی قوتابخانەکان بەشداری باشیان کرد و دەنگدانەوەی باشی لێ کەوتەوە کە هەواڵی ئەو خۆپێشاندانە لە ڕۆژنامەی ئیتلاعات ڕێکەوتی ۲٤ی خەزەڵوەری ۱۳۵٨ بە چاپ گەیشت.
جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی بێهروز بێهروزنیا هێمای ڕوونی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خۆ بەدستەوەدانی کوێرانەی داڕێژراو لە ناو هێزەکانی نیزامی و چەکداریی ڕێژیمی ئێران بوو کە دەنگدانەوەی باشی چ لە نێوان ئەندامانی نیزامی و چ لە کۆمەڵگادا هەبوو.
ڕۆژی ۲٤ی خەزەڵوەر پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و دوو ڕۆژ دواتر حیزبی دیمۆکرات و ڕێکخراوەکانی دیکە پاش سێ مانگ دیار نەبوون لە نێوان شادی و خۆشی خەڵک دیسان هاتنەوە ناو شاری سنە و بارودۆخی کراوەی سیاسی و دێموکراسی بەسەر شاری دا زاڵ بۆوە و دەرفەتێک هاتە ئاراوە کە خەڵک داواکاری خـۆیان و ناڕەزایەتی خۆیان باشتر لە شەقام دەرببڕن، داواکاری ڕزگاری بۆ بێهروز بێهروزنیا لە سەروەی هەموو داواکارێکان بوو و دروشمی: ئەفسەری شۆڕشگێر دەبێ ئازاد بکـرێ لە هەموو جێگەیەک دەبیسترا.
بێهروز یەک مانگ لە ژێر گوشار و ئازار و ئەشکەنجە دابوو و لە ڕێکەوتی نۆزدەی مانگی سەرماوەزی ۱۳۵٨ی هەتاوی لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران لێپرسینەوەی لێ دەکرێ و سێ تۆمەتی بەسەر دا دەسەپێ (ڕفاندنی تەیارە) (کوشتنی فەرماندەی ژاندەرمەری) و بریندار کردنی ئوستوار کەمانگەر.
بەشێک لە بەرگریکردنی بێهروز بێهروزنیا لە ڕۆژنامەی کەیهان لە ڕێکەوتی ۲۰ی سەرماوەزی ۱۳۵٨ی هەتاوی بە چاپ گەیشت، بێگومان دەقی نووسراوەکە سانسۆر کرابوو بەڵام بەرگری بوێرانە بێهروز لەسەر مافی کوردان بە ڕوونی دیار بوو ئەو ڕاشکاوانە ئەوەی باس کردبوو کە بە تەما نەبووە بچێ بۆ مەریوان و ئاماژەی بەوە کردبوو کە نایهەوێ لە کوشتنی برا کوردەکانیدا بەشدار بێت، لە هەمبەر کوشتنی شەریفی ئاوا دەڵێت: شەریفی چەکی بەرانبەرم ڕاگرت و منیش چەکی خۆم لە بەرانبەری ڕاگرت و پێمگوت کە کۆڵتەکەت لەسەر جێ خۆی دانێوە کە هاوکات کەمانگەر هێرشی کردە سەر من و لەو نێوانەدا چەند گوللە لە چەکەکم هاویشترا (وەرگیراوە لە ڕۆژنامەی کەیهان)
هەموو ڕێکخراوە و حیزبەکانی پێشکەوتوو و ئازادیخواز خوازیاری ئازادی بێهروز بوون، ئێمەش لە ژاندەرمەری زۆرمان حەول دەدا ئەو کردەویە بە ئەنجام بگات. ڕێکخستنی کۆمەڵی نوێنەرایەتی گەلی کورد بۆ وتووێژ لەگەڵ ڕێژیم لە هەمبەر ڕووداوەکانی کوردستان باشترین دەرفەت بوو. هەر بەو هۆیەش کۆمەڵی ئەندامانی هەڵبژراوی ژاندەرمەری به بەشداری پێنج کەس کە من یەک لەوان بووم بڕیارمان دا تا چاوپێکەوتنمان لەگەڵ شێخ عیزەددین حوسێنی هەبێت و داوکارێکانمان بەوی ڕابگەیەنین و ئەویش لەگەڵ نوێنەرانی ڕژیم باسی لێ بکات.
داواکارێکانمان کە دوو داوای گرینگ بوو ۱: هەڵوەشانەوەی بڕیاری زاڵمانەی گواستنەوەی ئەندامانی کورد بۆ شوێنەکانی دیکەی ئێران ۲: ئازادی بەپەلەی ستوان یەکەم بێهروز بێهروزنیا. ئەو داواکاریانە لە ڕوانگەی ئەو بۆ باس کردن و پەسەند کرا و بەڵێنی بە ئێمە دا کە باسی لێ دەکەن.
لە گەڕانەەومان بۆ سنە ئاکامی سەفەرەکەمان و ڕوانگەی ڕیبەری کۆمەڵ و وەدی هاتنی داواکارێکانمان بۆ هەموان ڕاگەیاند کە بوو هۆی دڵـخۆشی ئەفسەر و پلەدارەکان.
ڕێپێوان و خۆپێشاندان هەر ڕۆژ بە بیانووی جۆراجۆر ڕێک دەخرا و دروشمی (بێهروز بێهروزنیا دەبێ ئازاد بکرێ) لە سەرەکیترین درووشمەکان بوون، بەڵام بەداخـەوە ڕێژیمی خوێنڕژ لەسەر دەسپێکی وتووێژەکان نێوان نوێنەرانی کوردەکان و نوێنەرانی ناوەندی ڕانەوەستا و لە ڕۆژی ۲۰ی سەرماوەز یەک ڕۆژ پاش لێپرسینەوەی لە دادگا لە حاڵێکدا کە خەڵک دڕوشمی ئازادی بۆ بێهروزیان دەدا، لە سێدارەیان دا.
هەواڵەکە درەنگتر بڵاو کرایەوە و تووڕەیی گشتی بەدواوە بوو. داوکاری گشتی بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتن بڵاو کرایەوە، زانـکۆی ڕازی، قوتابخانەکان بە تێکڕایی، ئیدارەکان، بانکەکان، بازار و شوێنە جۆراجۆرەکان وڵامی ئەو داوکارییەیان داوە و ڕۆژی ۲۷ی سەرماوەز ۱۳۵٨ی هەتاوی هەموو جێگەیەک داخرابوو و ماتەمینی گشتی ڕاگەیەندرا.
لە کۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەو ڕۆژە خاڵۆی بێهروز لە قسەکانی کە بـۆ جەماوەری بەشدار بووی دەکرد ئاماژەی بە کۆتا پەیامی بێهروز دا کە ئەویش دوو ڕستە بوو :
یەکەم، ڕێز و حورمەتم هەیە بـۆ تەواوی ئەو کەسانەی لەو یەک مانگەی ڕابردوودا هاوڕی من بوون و داوای ئازادی منیان کردووە داکۆکییان لێکردم. دووهەم، دەبێ بڵێم کە من گیانفیدا بووم و وەک کەسێکی گیانفیداش دەمـرم. هەواڵی ئەو خۆپێشاندان و مانگرتنە دەنگدانەوەی باشی مێدیایی لێکەوتەوە.
کۆمەڵی نوێنەرانی کوردستان ڕۆژی ۳۱ی سەرماوەز ساڵی ۱۳۵٨ی هەتاوی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند کە بابەتی بێهروز بێهروزنیامان لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیم و فروهەر باس لێکردبوو و ئەوان بەڵێنی ڕاگرتنی ئەو حوکمەیان دابوو بەڵام، بەداخـەوە لەسەربەیانی هەوەڵ ڕۆژی وتووێژەکاندا بێهروزنیایان لە سێدارە دا .
بەمشێـوە خوێنی بێهروز تێکەڵ بە خوێنی لە سێدارەدراوانی چەند مانگ پێشووی پاوە، مەریوان، سنە و سەقز بوو و ناوی بۆ هەمیشە هەرمان مایەوە.
یادی بەخێـر
هومایوون ئەردەڵان