ماوەی دوو ساڵە لەسەر ئەرک و تێکۆشانی هەندێک لە کەسایەتییە سەربەخۆ و نیشتمانپەروەرەکان لە ئەوڕووپا، بە مەبەستی هەوڵدان بۆ کۆدەنگییەکی نەتەوەییی لە ڕۆژهەڵاتیی کوردستان لە نێوان هێزە سیاسییەکان، ناوەندە مەدەنییەکان، کەسایەتییە ئاکادێمییەکان و بێلایەنەکان، قۆڵیان هەڵماڵیوە بۆ درووستکردنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتیی کوردستان. لەم ڕەهێڵەیەدا ئامادەکارییان کردووە بۆ دوو کۆنفێڕانس کە لەخۆیدا هەنگاوێکی بوێرانە و نەتەوەییانە ناوەتەوە.
لە ڕۆی شەممۆ ٣٠، ٠١، ٢٠٢١ بە شێوەی مەجازی کۆنفێڕانسی دووهەم بەڕێوەچوو و تێیدا ناوەندی نەمران بە شێوەی فەرمیی بانگهێشت کرابوو. ناوەندەکەمان وێڕای دەستخۆشی کردن لە ئامادەکارانی کۆنفێڕانسەکە و بەشداربووانیی، لە لایان نوێنەری ئەو ناوەندە، وتارێک ئاڕاستەی ئامادەبووان کرا. بە هۆی ئەوە کە دەقی وتارەکەی ناوەندی نەمران دەرخەری ڕوانگەی ناوەندەکەمانە بۆ ئەم چەشنە هەنگاوانە بە پێویستی دەزانین لێرە دەقاودەق دایبنێینەوە. ئێمە وەک ناوەندی نەمران وێڕای دەستخۆشییەکی گەرم و ماندوونەبوونی لەو هەوڵە پێویست و نەتەوەییانەی بەڕێوبەرانی ئەو کۆنفێڕانسە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و ئاواتەخوازین کە لەو ڕێگا پیرۆزەدا بە ئامانج بگەن.
دەقی وتاری ناوەندی نەمران:
بەشداربووانی هێژا!
بەڕێزانی بەرێوەبەریی کۆنفڕانس!
سڵاوێکی گەرمتان پێشکەش
پێشەکی لە لایەن «ناوەندی نەمران»ەوە، سەبارەت بە ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفڕانسە دەستخۆشی و ماندوونەبوونیتان پێدەڵێین، بە حەق کە ئەرکێکی گرینگ و نەتەوەییتان هێناوەتە دی. هەنگاوەکەتان لەو قۆناغەی کە گەلەکەمان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتیی کوردستان بە تایبەتی تێیدایە، گەلێک پێویست و گرینگ بوو.
ئێمە وەک ناوەندی نەمران بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاریی لەسەر لەسێدارەدراوان، تیرەباران کراوان و بزرکراوانی ڕۆژهەڵاتیی کوردستان کە لەلایان بەشێک لە بنەماڵەی ئەو نەمرانە دامەزراوە، دەمێک ساڵە هەستمان بەو بۆشاییە کردووە کە ڕۆژهەڵاتمان قەیرانێکی بێڕابەریی و بێ بەڕێوەبەری بەرۆکی گرتووە و لە گوتارێکی هاوبەش، بەهێز و یەکلاییکەرەوە بێبەرییە، بەو واتایە کە پرۆسەی مێژووی خەباتمان بە گشت سەرکەوتنەکان و نەهامەتەکانی لە زەمەن و قۆناغی جۆر بە جۆر و بە تێپەڕاندنی مێژوویەکی دوور و درێژ ، بەداخەوە تا وەکوو ئێستا نەیتوانیوە بگاتە ئامانج.
نەتەوەی “کورد” و “تاکی “کورد”ی پێگەیشتوو و خاوەن “پێناسە” و خاوەن “جوگرافیایەکی دیاری کراو” بە بناغە و بنەمای سەروەری نەتەوەیی، لە ململانەی بەرژەوەندیخوازانەی زلهێزەکاندا پێناسەیەکی ساختە و بە دوور لە ڕاستی پێ درا کە نامۆ بوو لەگەڵ گشت بەها نەتەوەییەکانمان.
ئەو شێوازە دابەشکردنە و ئەو جوگرافیا دەستکردانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەنووسێکی پڕ لە چەرمەسەری و نەهامەتی بۆ “کورد” هێنایە دی. هەر لە درێژەی ئەو سیاسەتە، پڕۆژەی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی گەلی کورد لە ژێر درووشمی یەک وڵات و یەک ئاڵا و یەک زمان بەسەرماندا زاڵ کرا و هەنووکەش پرۆسەی تواندنەوەی گەلی کورد بە شێوەی جۆراوجۆر پەیڕەو دەکرێت و بناغەی نەتەوەییمانی کردۆتە ئامانج.
بەڕێزان!
ئێستا و لەو سەردەمەدا کێشەی کورد هاتۆتە دۆخ و قۆناغێکی نوێ. ئێستا بێوچان و بەردەوام گەلی “کورد” لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەکان بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە شووناسی تاک و نەتەوەی خۆی دایە و تێدەکۆشێ ئەو شووناسە خۆ سەروەریە لە ژێر هێژمۆنی گووتاری بەرهەمهێنراوی دەسەڵاتی کلاسیک و دەوڵەت-نەتەوەی دەستکردی بەرژەوەندخوازانەی ناوچەدا خۆی دەرباز بکات، کە هەرەوەزێکی هەمەلایەنەی پێویستە تا ئەو قۆناغە ئاستەمە بەسەرکەوتووانە تێپەڕێنێت.
بەڕێزان!
گووتاری ئێستا لە قۆناغی گووتارێکی بنەماشکێنانە دایە. گووتارێک لە پێناوی بونیادنانی شووناسێکی خۆسەروەر و خۆداهێنەر و سەپێندراو و سەلمێندراو.. کە واتا پڕۆژەی ئێستامان بوونیادنانێکی بنەماشکێنانەی شووناسی “تاک” و “نەتەوەیی” کوردە بۆ ڕزگار بوون لە “دەوڵەت-نەتەوە”دەستکردەکان.
گووتاری “کورد” لەم قۆناغەدا خۆتەیارکردن و خۆ ساغکردنەوە و گشتگیر کردنی گووتاری زاڵی «شوناسی نەتەوەییە»، ئەوە حاشاهەڵنەگرە کە ئەو کۆنفرانسە بە هەست کردن بەو زەروورەتە و لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە گرینگە و سازکردنی گووتاری «سەروەری نەتەوەیی»هاتووەتە گۆڕەپانی خەباتی مافخوازانە و ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد.
بەڕێزان!
ئێمە وەک ناوەندی نەمران بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاریی لەمەڕ لەسێدارەدراوان، تیرەباران کراوان و برزکراوانی ڕۆژهەڵاتیی کوردستان، بە مەبەستی بەڵگەمەند کردن و سازکردنی ئارشیوێکی نەتەوەیی و هەروەتر لقاودانی جنایەتەکان و ڕەشەکوژیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەرک و چالاکیەکانی ئێوە بەرز دەنرخێنین و هیوادارین کۆنفڕانسە بگاتە ئەنجامی خۆی و بونیادنانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتیی کوردستان تا بتوانێ ببێتە مەکۆی گەشەپێدان بە سووبژێکتیویتیەی شووناسی نەتەوەیی. ئێمە وەک ناوەندی نەمران کە هەڵقوڵاو و دەرکەوتە لە ئێش و ئازارەکانی گەلمانین، پێمانوایە کە بۆ گەییشتن بەو گرینگانەی کە لە بان ئاماژەمان پێدان و هەروەها کە مەبەستی کۆنفراسەکەشە، ئەوە دەخوازێ کە ئێمە بە یەکگرتوویی و هەروەزێکی کوردانە و ڕاستەقینە هەنگاوی عەمەلی هەڵێنینەوە.
ئێمە وەک ناوەند و بەشێک لە بنەماڵەی نەمران، بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەو کۆنفێڕانسە و لە ئاکامدا بۆ خزمەت گەیاندن بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتیی کوردستان و یەکگرتوییەکی ڕاستەقینە و لەسەر ئەساسی پاراستنی خاک و نیشتمان’ نەک بۆ کورسی و ناو، بە دڵ و بە گیان ئامادەین کە پشتیوانی هەر هەنگاوێکی دڵسۆزانە بین.
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد
لەگەڵ ڕێز و حورمەتی ناوەندی نەمران
٣٠\٠١\٢٠٢١
«ناوندی نەمران»