جۆامێرێک بوو کە خـۆی فیدا کردبوو و پێش ئەوەی کە بیر لە بەرژەوندی تاکەکەسی خۆی بکاتەوە بیری لە باوەڕی مرۆڤایەتی دەکردەوە.
نەمر سارم لە ڕێکەوتی ۲۰ی بەفرانباری ساڵی ۱۳٣٦ی هەتاوی لە شاری مەهاباد و لە بنەماڵەیێکی مامناوەندی چاوی بە دونیا پشکووت و خوێندنی سەرەتایی تا پۆلی چوار هەر لە مەهاباد تەواو کرد و قۆناغەکانی تری خوێندنی لە تاران لە ساڵی ۱۳٤۷ی هەتاوی به کۆتا گەیاند. باوک و دایکی مامۆستای قوتابخانە بوون. بە هۆی ئەوە کە برا گەوەرەکەی نەمر سارم لە قوتابخانەی ناوەندی (ئەلبۆرز) دەرسی دەخوێند و حەزی لەوە نەبوو کە بە تەنیا بێت و لە بنەماڵەی دوور بێ، لە ئاکامدا دایک و بابیی بڕیاریان دا بچن بۆ تاران و هەر لەوێ نیشتەجێ بوون.
بە هۆی هەبوونی کەسایەتی سیاسی و فەرهەنگی لەناو بنەماڵە و خزم و ناسیاوەکانیدا، سارم بە ئازاری گەلەکەی ئاشنا و زۆر زوو تێکەڵ بە سیاسەت بوو.
پاش تەواو کردنی خوێندنی ناوەندی لە ساڵی ۱۳٥٥ی هەتاوی چوو بۆ زانکۆ و لە لقی موهەندسی مکانیک لە زانکۆی سەنعەتی ئاریامێهر(شەریفی ئێستا) وەرگیرا. هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ مارکسیسم ئاشنا هات و لە هەمبەر مارکسیسم لێکۆڵینەوەی کرد. ماوەیەکی کەم پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لەگەڵ ئەندامی سازمانی موجاهیدین (م ل) ئاشنا بوو و تێکەڵ بە ئەوان بوو و پاشان پێوەست بە ڕێکخراوەی پەیکار بوو و چالاکی سیاسی لەو ڕێکخراوەیە درێژە پێدا. لە ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی هەناردەی شنۆ و مەهاباد کرا و وەک بەرپرسی ڕێکخستنەکانی ئەو ناوچەیە هەڵبژێردرا. لەوێ بە تێگەیشتوویی و گیانبازی لە ڕادەبەدەر بۆ پێشکەوتن و سەرکەوتنی ئەو ئەرکانەی کە پێ ئەسپێردرابوو چاڵاکی نواند. ئاگادری دۆخی چینی کرێکار و هەژاری کۆمەڵگا بوو و بە حەولی بێ وچان خزمەتی دەکرد.
نەمر سارم لە هەوەڵ کەسانێک بوو کە لە دژی هێرشی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ شاری سنە وەستا و تێکەڵ بە خەبات و خۆڕاگری خەڵکی سنە بوو و گیانلەسەردەستانە لە بەرگری کردن لە شار، چالاکانە بەشدار بوو. نەمر سارم لە لایان پاسداران و حکومەت وەک شۆڕشگێرێکی کۆمۆنیست و کارامە پێناسە دەکرا. بە هۆی چالاکییە بێ وێنەکانی نەمر سارم، بڕیاریان دا کە بۆ درێژەی چالاکییەکانی ناوبراو بچێت بۆ بەڵوچێستان تا بۆ ماوەیەک یارمەتیدەری هاوڕێیانی بێ. دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان ماوەیەک لە مەهاباد، شنۆ و بۆکان و گوندەکانی ناوچەی موکریان، وێرای پێشمەرگەکان چالاکی هەبوو. پاش ماوەیەک بۆ ڕێکخستنی چالاکی نەهێنی ڕێکخراوەکەیان لە سنە نیشتەجێ بوو.
نەمر سارم لە شاری سنە بە نهێنی و زۆر چالاکانە لە نێو گەنج و چینی کرێکاری ئەو شارە خەباتی پەره پێدا و یەکێک لە پێنج کەسی سەرەکی ڕێکخراوەکەیان لە شاری سنە بوو.
لە کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی نەمر لەگەڵ فریشتە فایەقی، لە نەمرکانی ڕێکخراوەی سەقز، ژیانی هاوبەشی پێک هێنا. ئەوکات بە هۆی ئاڵۆزی و قەیرانی ناو ڕێکخراوەکەیان و ئەو زەبر و گوشارەی کە لە لایان ڕژێمەوە لە ئارا دابوو، وێڕای هاوژینەکەی لە شۆێنێکی نەهێنی لە زستانی ۱۳٦۰ی هەتاوی دەسبەسەر دەکرێ و پاشان دەیانگوێزنەوە بۆ گرتووخانەی شاری سنە. سەرەڕای حەولی دایکی نەمر سارم بۆ چاوپێکەوتنی کوڕەکەی ئیزنی ئەو چاوپێکەوتنەیان بە بنەماڵەکەی نەدا. نەمر سارم پاش بەرگرییەکی ئازایانە لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی زۆر، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی لە گرتووخانەی سنە تیرەباران کرا و لە قەبرستانی شاری قوروە ئەسپاردەی خاکی پیرۆزی کوردستان کرا.
وەک نەمر سەلیم بەرپرسی ڕێکخراوەی کوردستانی ڕێکخراوی پەیکار باس دەکات:
سارم لە یەکەمین کەسانێک بوو کە وەک ئەندام و کادری چالاکی ڕێکخراوە لە کوردستان بەشداری کرد. فریشتە هەوەڵ ژنێک بوو کە وەک ئافرەت لە سەقز پێوەست بە ئێمە بوو. دوای شەڕی دووهەم بڕیارمان دا کە چالاکی ڕێکخراوەیی لە شارەکان پەرە پێبدەین و کەسە ناسراو و بەرچاوەکانی خۆمان بۆ شارەکانی دی کە نەناسراو بوون بەڕی بکەین. سارم و هاوژینکەی هەناردەی سنە کران تاکوو شانەی نەهێنی لەوێ پێک بێنن. پاش قەیران و ئاڵۆزی و لێکهەلبڕان و چەند تاقمی سازبوونی ناو ڕێکخراوە، سارم دەسبەسەر دەکرێ. هاوژینەکەی یای فریشتە ماوەیەک دواتر بە هـۆی ئەوەی کە گومانی لێدەکەن، لە شەقامی شاری سنە دەسبەسەر دەکرێ. بەڵام پێوەندی فریشتە لەگەڵ سارم بۆ ڕێژیم ڕوون نەبووە. فریشتە زیرەکانە شوێن ونکەی کردن و خۆی لە نەزانی و بێخەبەری دا تا ئەو ئاستەی کە لە لایان ڕێژیمەوە بڕیار درا ئازادی بکەن بەڵام، بە داخەوە لە لایان کەسێکی لایەنگر ڕێکخراوەکەیان کە لە شاری تەورێز خوێندکار بوو[ناوەکەی لای ناوەندی نەمران پارێزراوە تا کاتی خۆی] و پلە و پایەی پەری لە ناوی ڕێکخراوەکەیانی باش دەزانی، خیانەتی پێ کرا کرد و ناوی فریشتەی درکاند بەو شێوەیە نەمر فریشتە کەوتە ژێر ئازار و ئەشکەنجە و لە ئاکام دا ئەویش لە سێدارە درا.
لە گرتووخانەی سنە تا ماوەیەک ئاگاداری چالاکی و ڕۆڵی سارم نەبوون بەڵام، بە داخەوە بە هــۆی خیانەتی تاقمێک خائین لەقاو دەدرێ. کاتێک کە ڕێژیم زانیاری هاتە دەست لە هەمبەر چالاکی و سرکردایەتی نەمر سارم، بێبەزەییانە کەوتە ژێر ئازار و ئەشکەنجە. نەمر سارم و هاوژینەکەی کەمترین زانیاریان نەدا بە دوژمن و وەک ڕەمزی بەرخودان و بەرگری لە گرتووخانەکانی سنە و قوروە ناویان دەرکرد. ئەو دوو نەمرە ئەویندارە، لە تەواوی ئەو کاتانەی لە گرتووخانە دەسبەسەر کرابوون، سەرەڕای ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی کە لە سەریان بوو ئاواز و ستران و سروودی شۆڕشگێریان دەخوێند و بەو چەشنە ورە و هێزیان دەدا بە بەندکراوانی دیکەی ناو گرتووخانە. بە داخەوە لە ئاکامدا سارم لە ئیعدام و سێدارەدانی بە کۆمەلی سەرەتای ساڵەکانی ۱۳٦۱ی هەتاوی لە گرتووخانەی قوروە تیرەباران کرا.
شایەتحاڵێک کە وێڕای سارم لە گرتووخانە هاوژووری بوو دەگێرێتەوە: بۆ ئەوەی کە سارم ناچار بکەن داوای ئەماننامە بکات و پەشیمانی خـۆی لە سەر شاشەی تەلەویزێون دەرببڕێ، ئاخوند میسباح یەزدی هاتبوو کە قسەی لەگەڵ بکات، پاش ئەو پەیڤینە کە لەگەڵ سارم کردبووی دانی بەوە داهێنابوو کە سارم ئیفتخاری من کافـر دەکات بەڵام، من ئەو تواناییەم نییە کە ئەو دیندار بکەم!!
سارم لە ژێـر دژوارترین شێوازی ئازار و ئەشکەنجەی ڕوحـی و جەستەیی دابوو و لە سێدارەیان دا. تەنانەت ڕێژیم لە جەستەی بێ گیان و کوتکوتی سارمیش دەترسـا هەر بۆیەش لە چۆلگەیەکی دوور لە شاری قوڕوە، به بێ ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەکەی، لە حاڵێکدا بەشێک لە جەستەی لە ژێـر گڵ و بەشێکی تری لە سەرەوەی گڵ دابوو چاڵ کردبوو و لە سەر کوتە پەڕۆیەکی ناویان نووسی کە دواتر شوانێک کە تەرمی بێ گیانی دەدۆزێتەوە هەر لەوێ بە دەینێژێ و بە خاکی دەستپێرێ.
سەرچاوە:ماڵپەڕی گیان بەختکراوانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و هەروەتر بیرەوەرێکانی نەمر سەلیم.
برای نەمر سارم لەسەر ئەو بابەت و بەسەرهاتە ئاوای نووسیوە:
لە هەل و مەرج و بارودۆخی زستانی ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی و دوا بە دوای دەسبەسەرکرانی پۆلێک لە شۆڕشگێرانی ڕێکخراوی پەیکار، زۆربەی تێکۆشەران گوێزرابوونەوە بۆ شارەکانی تر و بە نەهێنی دەژیان.
من لەگەڵ خوشکم لەو هەل و مەرجە دا هاتین بۆ تاران و بە نهێنی دەژیاین. لەو کەسانەی کە وەک بەرپرسی ڕێکخراوەی پەیکار لە کوردستان مابوون، سارم بوو کە خـۆی بەتەنیا لە سنە مابۆوە.
لە زستانی ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی سارم بۆ کۆکرنەوەی کەلوپەل بۆ یارمەتی گەیاندن بۆ لایەنگرانی ڕیکخراوە لە سنە چوو بۆ تاران. لە چاوپێکەوتنێک کە لەگەڵ برام سارم هەمبوو، بە ڕوونی بۆم شیکردوە کە گەرانەوەی بۆ سنە مەترسیدارە و ئەگەری دەسبەسەر بوون و تەنانەت لە سێدارەدانی هەیە. لە وڵامدا سارم زۆر بە ڕوونی پێگوتم:
کە لەو هەل و مەرجە ئاستەمەدا ئەو خۆی لە ئاست گیانی لایەنگرانی لە سنە بە بەرپرس دەزانێ و تاکوو ئاخرین لایەنگر نەبا بۆ شۆێنکی دوور لە مەترسی، سنە بەجێ ناهێڵێ و هۆی هاتنی بۆ تارانیش کۆ کرنەوەی یارمەتی ماڵی و لاوەکی بووە بۆ یارمەتی دان بە لایەنگران.
خوشکی ڕەفیق لەسەر ئەو بابەتە ئاماژە دەکات:
سارم هەر لە سەرەتای مناڵێوە دژ بە نابەرابەری هەڵوێستی هەبوو و بۆ یەکسانی مرۆڤەکان و بەرابەری ژن و پیاو لە کۆمەڵگا دا حەولی دەدا، لە هەمبەر ئەو نابەرابەری و زۆڵم و زۆرە بە نەترسی ڕای خۆی دەردەبڕی و حەولی دەدا بۆ ڕازی کردنی کەسی بەرانبەر و یا ئاسەوار دانان لە سەر ڕای کەسی بەرانبەری.
سارم کەسێکی نەترس و دلێر بوو، کاتێک کە خەلکیان ناچار دەکرد ببن بە ئەندام و واژۆی بکەن کە دەبن بە ئەندام بۆ حیزبی (رستاخیز) ئەو لەو دەگمەن کەسانە بوو کە ئەو ئەندامێتی واژۆ نەکرد. سارم یەک لە هەرە خوێندەوارە زیرەکەکان بوو. بە هۆی یارمەتیدان و هاوکاری هاوپۆلەکانی، کەسێکی خۆشەویست بوو. لە ناو ئەندامانی خزم و کەسیشی، مرۆڤێکی خۆشەویست بوو. هەموو لە هامووشۆ و چاوپێکەوتنی سارم دڵیان خۆش دەبوو و بێجگە لە خزم و کەسەکانی، بێگانەکانیش سارمیان خۆشدەویست و بۆیان جێی شانازیی بوو. سەرەڕای ئەوەی کە ڕا و بیری خۆی ڕوون و ئاشکرا دەدرکاند بەڵام ئەوە نەدەبوو هـۆی دڵهێشانی کەس چونکە هێـزی قسەکردن و کەلامی هەروەها ژیرانە دوایی هێندە بەقەوەت بوو کە لە هەمبەر لێدوانی بەرانبەرەکەی شتی بۆ گووتن پێ بوو.
جۆامێرێک بوو کە خـۆی فیدا کردبوو و پێش ئەوەی کە بیر لە بەرژەوندی تاکەکەسی خۆی بکاتەوە بیری لە باوەڕی مرۆڤایەتی دەکردەوە.