Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بیرەوەرییەکانی ناو زیندان – کەژاڵ بلوری – بەشی شەشەم

لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران، مەهاباد ڕۆژانێکی زۆر تایبەتی بەخۆیەوە دیت. لاوانی شارەکەمان بە زووترین کات شاریان ڕازاندەوە. خەڵک کە هێرشیان کردە سەر پادگانەکانی پەهلەوی، توانیبوویان چەکێکی زور وەدەست بێنن و خۆ چەکدار کەن. بە زووترین کات ناوچەیەکی شۆرایی‌یان پێک هێناو زۆر بە جوانی شاریان بەڕێوە دەبرد. دوو مقەڕی کۆمەڵە و دێمۆکڕات لە پەنا یەک بوون و هیچ کێشەیەکیان نەبوو. حیزبەکانی دیکەش وەکوو چریکی فدایی خەڵق، ئەشرف دێهقانی، ڕەزمندەگان،  پەیکار،  راەکارگر، موجاهیدنی خەڵق و لایەنگرانی مفتی‌زادە، لەو شارە چکۆڵە، حەولی خۆیان دەدا بۆ کۆ کردنەوەی لایەنگران، بەڵام تەنیا هێزی چەکدار و سەرەکی، کۆمەڵە و دێموکرات بوون کە جلی پێشمەرگایەتییان لەبەردا بوو و شاریان بەڕێوە دەبرد.

نەمران کەریم بلوری و جەماڵ موفتی

من زۆر جار بەهۆی ئامۆزاکانم و براکانم دەچوومە مقەری کۆمەڵە و زۆرم پێشمەرگە دەدیت و هەستێکی خۆشی گەورە بوون و شانازیم بە پێشمەرگە دەکرد هەر لەو کاتەوە پێشمەرگە بۆم مووقەدەس بوو. پاکی و ڕاستگۆیی و هەڵسووکەوتی پێشمەرگە، خۆشەویستییەکی تایبەتی لە لای خەڵکدا ساز کردبوو. منداڵی خۆیان و کەسی خۆیان و بەزمانی خۆیان دەدوواند، دڵسۆزی ڕاستەقینەی خەڵکەکەیان بوون. کەس نەیدەزانی ڕۆژێک ئەو ڕۆژە خۆشانە دەبێتە خەون و وەک داخ و حەسرەتێک لە سەر دڵمان دەمێنێتەوە. ئەو ڕۆژە خۆش و پڕ لە شانازیانە تا ئاخری هاوینی ساڵی ٥٩ بەردەوام بوو.

لە شەری ٢٤ڕۆژەی سنەی خۆێناوی دا خەڵکی مەهاباد ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو بۆ یارمەتی‌دان بە خەڵکی سەربەرزی سنە کە هێزی داگیرکەری خومێنی هێرشی کربوونە سەر و خەڵکێکی زۆر بە هۆی ئەو هێرشەوە گیانیان لە دەست دا.

خەڵکی مەهابادێ هەرچی لە توانایاندا بوو، یارمەتییان دەکردن. نان، ئاو، جل و بەرگ، چەک‌وچۆڵ، دەرمان و هێزی پێشمەرگەی پشتیوان، بەردەوام بەڕێ دەکرانە سنە. خەڵکی قارەمانی سنە خۆڕاگری و موقاومەتێکی بێ وێنەیان خووڵقاند و مێژووی کورد بێ ئەو خۆراگرییە ناتوانرێ تۆمار بکرێ.

ڕژیمی داگیرکەری خومەێنی دوای گرتنەوەی شاری سنە، وردەوردە جێ پێی خۆیان قایم کرد و لە هاوینی ساڵی ٥٩ بەرەو مەهاباد وەڕێکەوتن .چەندین کەڕەت هێزی پێشمەرگە بەرەنگاریان بوونەوە تا نەیەنە ناو شار. ئەوان بە فرۆکە، تانک، خۆمپارە، ئاڕپیجی و هەرچی چەکی قوورسە خەڵکێکی زۆریان کوشت و لە کۆتایی‌دا بەیارمەتی یەکێک لە پارتە کوردەکان بەرەو پادگانی مەهاباد ڕۆیشتن و لەوێ نیشتە جێ بوون.

شار هەر بەدەستی پێشمەرگەوە بوو ئێمەش دڵخۆش بووین بە بوونی ئەوان، هێزە داگیرکەرەکان نەیاندەوێرا بێنە ناوشار و خۆیان لە پادگان حەشار دابوو. بەڵام بەداخەوە لە پاییزی ساڵی ٥٩ هێزێکی زۆر لە پاسدار و ئەرتەشیان نارد و شاخەکانی دەوروبەری مەهابادیان گرت و لەناو شاریش‌دا بنکەیان دانا و بە یارمەتی هەندێک خۆفرۆش توانیان شارە جوانەکەمان بگرنەوە. هێزی پێشمەرگە لە شار چوونە دەر و بەشێکیان بەرەو خانێ و سەردەشت و بەشێکیشیان بەرەو بۆکان و دێهاتەکان وەرێ کەوتن و لەوێ جێگیر بوون و ئێمە بە هەتیوی ماینەوە. کەس نەیدەزانی ئەو هێزانەی مەغولئاسا چمان لێدەکەن؟ چۆنمان تۆڵە لێدەستێننەوە؟ چۆنمان ئەشکەنجە دەدەن؟  چۆن ماڵ و گیانمان لێدەستێنن؟ کە تەنانەت پێنووسیش ناتوانێ ئەو ڕۆژە ناخۆشانە بنووسێتەوە و لە مێژوو دا تۆماری بکا.

نەمر ڕەحیم بلوری

هێرشەکان و گرتن و بڕین هێندە زۆرن و هێندە بەدووای یەک‌دان کە کات و کاتژمێر و مێژوو فریای تۆمارکردنیان ناکەوێ.

ساڵی ١٣٥٩ سەعات ٢ی نیوەشەو پاسدار و جاشە خۆفرۆشەکەی مەهابادی (خالید بوڕاقی) لەدیواری ماڵێ پەڕینە ناو حەساری ماڵمان و وەک دز هاتنە ناوەوە. ئێمە کە ئەوانمان بەچەکەوە دیت زۆر ترساین. باوکم هات و گوتی:

  • بەو نیوەشەوە بۆ بێ ئیزن هاتوون بۆ ئێرە؟
  • گوتیان: هاتوین بەدووای مەنسور و کەریم و رەحیمی کوڕت‌دا.
  • باوکم گوتی: لەماڵێ نین. ناردومنە شارێکی دیکە.

بوڕاقی خۆفرش، بە قۆنداغە تفەنگەکەی لە باوکمی دا و گوتی:

  • بۆ درۆ دەکەی پیرەپیاو، بڵێ ناردوومنە پێشمەرگایەتی. ئێمە هاتوین هەمووتان بگرین تا ئەوان بێنەوە و خۆیان ڕادەست بکەنەوە، جا ئێوە ڕزگار دەبن.

ئێمە هەموومان لە ترسان دەگریاین، دوای ئەوەیکە هەموو ماڵێ گەڕان و هیچیان نەدۆزێوە، هاتن بۆلای من و خوشکەکەم کە خەواڵوو بووین و لە ترسان دەلەرزین. گوتیان:

  • لەچکەکانتان بەسەردا دەن و بڕۆن دەبنە میوانی ئێمە. باوکم هاتە پێشیان گوتی:
  • ئەو منداڵانە بۆکوێ دەبەن؟ من بەرن تکاتان لێدەکەم ئەو ڕیشە سپێم دێنمە تکاتان، ئەوانە منداڵن تا ئێستا بەتەنیا بۆ هیچ کوێ نەچوون. کاکە گیان تۆ خۆ کوردی، مەهێڵە ئەو منداڵانەم بەرن. ئەمن بگرن.

کەس گوێی لە بابم نەگرت و ئێمەیان سواری ماشێن کرد. دایکم حەپەسابوو و باوکم هاواری دەکرد و دەگریا دەیگوت:

  • ئەژنۆم شکا.

ئێمەیان برد و بە نێو شاردا ڕۆیشتن و بردیانین بۆ ماڵەکانی کووی فەرەح. ئەو کات ئێستا زیندان ساز نەکرابوو ئێمە لەو ماڵانەدا بووین و وەک دیل ڕایانگرتبووین. نە لێپرسینەوەیان لێکردین و نە قەت پرسیاریان لێ کردین. ڕۆژێک پیاوێکیان هێنا کە دەست و لاقیان بەیەکەوە لە میلەیەکی ئاسن بەستبۆوە و بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد کە:

نەمر ئەحمەد شەعبانی
  • ناوم ئەحمەد و فامیلیم ئەحمەد. بژی کۆمەڵە. “زندەباد سوسیالیسم”.

تەواوی گیانی خۆێن بوو کە بە جلەکانێوە ویشک هەڵاتبوو. پێستی لەشی ڕەش هەڵگەڕابوو. گوتیان دەیناسن؟

من هەر چاوم پێیکەوت بیرم دەکردەوە چۆن شتێک بڵێم تۆزێک پشوو بدا؟ لە ناکاو گوتم ئاوا نایناسین، ڕەنگە ئەگەر ڕاوەستێ بیناسینەوە. ماوەیەکی پێچوو کردیانەوە و ئەویش هەر ئەو درووشمانەی دووپات دەکردەوە. تۆزێکی پێچوو گوتمان نایناسین ویستیان بیبەستنەوە کە خوشکم گوتی “برادر نبندینش گناە دارە” پاسدارەکە (غضنفر) بەتەواوی هێزی خۆی زلەیەکی لە خوشکم‌دا. کە خووشکم کەوتە عەرزی زەربەی زللەکە وا تووند بوو کە جێگای قامکەکانی لەسەر دەمووچاوی خووشکم دیار بوو. هەستێکی لە ڕادەبەدەر ناخۆشمان هەبوو. بیرمان لەوە دەکردەوە کە چ دووژمنێکی دڕندە هاتۆتە وڵاتەکەمان. بەدڵێکی پڕ لە ڕق و قینەوە هاتوونە ئێرە و بەزەئییان بە کەس دا نایات.

کاک ئەحمەدی نەناسراویان بردوو من و خوشکم ماینەوە و هەزاران بیر و فیکر. دوای سێ مانگ ئێمەیان ئازاد کرد و من کاک ئەحمەدم لەبیر نەدەچۆوە. نەمدەزانی ئەو مرۆڤە گەورەیە کێیە؟ چ شتێک هۆی خۆڕاگری ئەو ئینسانە پاکە بوو؟ ڕۆژێک لە خەبەرنامەی کۆمەڵەدا وێنەیەکم چاو پێکەوت هەستم کرد لە جێگەیەک ئەو کەسەم دیوە.  کە هەواڵەکەم خۆێندەوە، نووسرابوو:

(“ئەحمەد شەعبانی” بەرپرسی نەهێنی تەشکیلاتی کۆمەڵە لە مەهاباد لەژێر ئەشکەنجە گیانی لەدەست داوە).

بێ ئەوەیکە هەست بکەم فرمێسک بە چاوانم‌دا هاتە خوارێ. ئەو گەورە پیاوە کۆمەڵە بوو. ئەو کاتە بڕیارمدا کە خۆڕاگری ئەو مرۆڤە مەزنە ببێتە ڕێنوێنی ڕێگام.  ئەوکات من نە تشکیلات و هەستەم دەناسی و نەکەس هێندە سازمان درابوو بۆ نووسینی تراکت و شووعار و شتی لەم جۆرە. کتێبێکی  وەرگێردراوی رووسیم بە هەڵکەوت وەدەست کەوت کە چۆن گەنجە ڕووسەکان بە دژی دیکتاتۆری ئەوکاتە خۆڕاگریی‌یان دەکرد ئەو کتێبە کە ناوی نینابوو بوو دەسپێکی سەرەتاییم بوو بۆ کردنەوەی دەرگای چالاکیم.

شەھید سولەیمان و شەھید کەریم

دایە گەورەم نەخۆشی سیەی هەبوو. ئەوکات عەکسیان دەگرت و کاغەزەکەی شتێکی زۆر باش بوو بۆ نووسینی شووعار، دووانم هەڵگرت و چوومە لای هاورێیەک کە خەتی خۆش بوو داوام لێکرد درووشمەکەی کاک ئەحمەدم بۆ بنووسێ، ئەویش نووسی. دوو فیکساتۆری سوور و ڕەشم کڕی و شەقام و کووچەکانی مەهابادێ پربوو لە بژی کۆمەڵە و “زندەباد سوسیالیسم” کە ئەوکات ماناکەییم زۆر بە باشی نەدەزانی. پاسدارەکان وردە وردە بە یارمەتی خۆفرۆشەکان هاتنە نێو شار. بنکەکانیان هەر دەهات و زیاتر دەبوون. خەڵکیش ئەوانیان وەک دووژمن و داگیرکەر چاولێدەکرد. کچانی مەهاباد تا نێوەراستەکانی ساڵی ٦٠ هەر بێ لەچکە هاتووچۆیان دەکرد هێزی پێشمەرگە بە نەهێنی و بە ئاشکرا هەر لە نێو شاردا بوون و ئەوە وزەی دەداینێ کە ئێمە تەنیا نین برا و کەس و کارمان چاوەدێریمان دەکەن.

ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ساڵی ٥٩ یەکەمین کارەساتی رژیمی داگیرکەر لە سەری بنەماڵەمان دا ئەویش گیانبەختکردنی کاک سولەیمانی ئامۆزام بوو، تەرمی خۆێناوی و تکانی خۆێن بە سەر سمێڵە جوانەکەی پشتی هەموومانی شکاند. گابۆڕ و گەرمەشین، گریان و ڕۆڕۆ و هاوار و هەنیسک، هیچیان نەیانتوانی خەمی گێانبەختکردنی ئەو شێرەکوڕەمان لە سەر شانی سووک بکا.

ڕۆیشتنی کاک سولەیمان و نەبوونی لە نێومان دا، وەکوو هەوەڵین گیانبەختکردووی بنەماڵە، زۆر گران و قوورس بوو. هەستی تۆڵە وەرگرتنەوە لە دووژمنێکی زاڵم و دڵسۆنەک کە بەزێی‌یان بە کەس‌دا نەدەهات ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ پەرەی پێدەدرا.

ئێستا جلی ڕەشمان لە بەردا بوو و برینی کاک سولەیمان لە ڕۆح و دەروونماندا قەتماغەی نەکردبوو.  ڕۆژێک کاک کەریمی برام بۆ ئەرکێک هاتەوە نێوشار و ڕاپۆڕتیا لێدا و  دەست بەسەر کرا. ئێستا دووهەمین کەس لە بنەماڵە لە گۆشەی بەندیخانەدایە. نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکانیان لەسەر پەیڕوە کرد. بە قارەمانانەترین شێوە خۆڕاگریی کرد و لە کۆتاییدا لەگەڵ حەوت کەسی دیکە لە مانگی پووشپيەڕی ١٣٦٠ی هەتاوی لە بەندیخانەی پاسدارانی ورمێ، گوللەباران کرا. ١٨گووللە لەشی دابێژ دابێژ کردبوو. تا ئەوکاتە هەناسەی دەبەردا بووە، هەر سروودی خۆێند و درووشمی دابوو. هیچ کە تەرمەکەیان نەداینەوە، داوای پووڵی فیشەکەکانیشیان لێ دەکردینەوە.

باوکم پێیگوتن: ئەوە هەر لە ئێوە دەوەشێتەوە کە لێشم دەکووژن و پووڵیشتان دەوێ.ئەو قسەیەی باوکم لەسەر دڵیان گران هات و کوتایانە سەر ماڵمان و هەرچی کەل‌وپەلی ماڵێ بوو، بردیان. ماڵێکی چۆل و هۆل بۆمان مایەوە دەگەڵ سێڵاوی فرمێسک و گریان بۆ برا و ئامۆزا شەهیدەکەمان.

نەمر سولەیمان بلوری

هەموو بەیەکەوە بڕیارمان دا نابێ فرمێسکمان بە دووژمن نیشان دەین دەبێ خۆڕاگر و قاییم بین. باوکم کە وەک باوکێک هەستی بە بەرپرسیارەتی دەکرد بۆ داهاتوو و سڵامەتی منداڵەکانی و بۆ ئەوە منداڵێکی تری نەکەوێتە بەر دەستی ئەو کەمتیارانە، هەموومانی کۆکردەوە و گوتی:

  • ڕۆڵەکانم، دوو قارەمانیان لێستاندووین، بەرگەی یەکی تر ناگرین، وەرن با بۆ ماوەیەک لەو شارە بڕۆین.

هەموو بەرهەڵەستی باوکمان بووینەوە کە ئێمە زێدی خۆمان بەجێ ناهێڵین و تا خۆێنمان لە جەستەی دابێ حەول دەدەین تا وەدەریان دەنێین.

پاش شەهیدبوونی کاک کەریم، خوشک و براکان،  ئەوەی توانیی چەکی هەڵگرت و بەشێکی دیکەش بووینە تەشکیلاتی نهێنی و چالاکوانی نێو شار. دوژمنی خۆێنخۆر هەر ڕۆژەی وەکوو زووحاک، گیانی خەڵکی بە گووللە و دەبابە و زیندانی کردن، لێدەستاندین.

بیست و چوار ڕۆژ دوای گووللە بارانی کاک کەریم، کاک جەماڵ موفتی کە هاوڕێی گیانی گیانی کاک کەریمم بوو، کە لەناوماندا چی وای لە پلە و پایەی کاک کەریم بۆ ئێمە کەمتر نەبوو، ئەویش هەر وەک یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەمان بوو، لە شەر لەگەڵ پاسداران لە شاری مەهاباد گیانی خۆی پێشکەشی ئاسوودەیی و ئازادی خەڵکی کورد کرد.  شەش مانگی پێنەچوو کە کاک رەحیمی براشم لە شەڕێکی نابەرابەر لە شاری سەقز، گیانی خۆی پێشکەشی بیر و ڕای پیرۆزی کرد و ئەویشمان لە دەست‌دا.

درێژەی هەیە.