نەمر ئێحسان فەتاحیان کوڕی عیزەتوڵڵا، لە دایکبووی ١٣٦١/١٢/١٢ هەتاوی لە شاری کرماشان بوو. بە تاوانی پێشمەرگەبوون رۆژی چۆارشەممۆ (٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٨٨ بەرانبەر بە ١١ی نۆامبری ٢٠٠٩) کاتژمێر ٦ی سەرلەبەیانی لە زیندانی ناوەندی سنە ئێعدام کرا. ڕەوتی بەدواداچوونی حقوقی بۆ تاوانەکانی ئەو نەمرە چەشنی کەیسی هەموو خەباتکارانی هاوشێوەی نەمر ئێحسان، پێشتر و لە ژوورەکانی مەرگ بڕیاری لەسەر دراوە و گیان ئەوان دەبێتە مەززەی شەڕابی سەرمەستانی دژە مرۆڤ و کوردکوژ. کورد بوون و ئازادیخوازی بەسە تا لەشت هەنجن هەجن کەن و ڕۆحت کۆڵەوار.
نەمر ئێحسان فەتاحیان چەند ڕۆژێک پێش لەسێدارەدانی نامەیەک ئاڕاستەی ڕای گشتیی دەکات و باس لەو ڕۆژە ڕەشانە دەکات کە جەللادانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێیان نیشاندا و ئەو نەهامەتیانە دەگێڕێتەوە کە بەسەریان هێنا. با ئەو ئازارنامەیەی نەمر ئێحسان سەرلەنوێ بخوێنینەوە، هەروەها بۆ منداڵەکانمانی بخوێنینەوە تا بزانن نرخی مرۆڤبوون لە وڵاتێک کە کەمتیار حاکمە چەند گرانە.
نامەی نەمر ئێحسان فەتاحیان
زیندانی ناوەندی سنە
دوا تیڕۆژەکانی هەتاوی زەردەپەڕ،
پێشاندەری ڕێبازێکە کە ویستمە خامەم بۆی بگەرێ
لە کاتی هەنگاونانم،
خشپە خشپی گەڵاکان
ئاوا بە گوێچکەمدا دەچرپێنن:
با بکەوی، لە کەوتن مەترسە
تا نەکەوی
ڕێگای هەستانەوە و لە ئامێزگرتنی ئازادی
نادۆزییەوە.
هیچکات لە مردن نەترساوم، تەنانەت ئيستاش کە زۆرم لێ نزیک بووەتەوە و لە پەنای خۆم هەستی پێدەکەم و بۆنی دەکەم و دەیناسم. مردن ناسراويکی کۆنی خاک و نەتەوەمە. قسەم زۆرە لەگەڵ مەرگ نەک لەبەر ئەوەی کە کۆتایی هەناسەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی لەو ڕۆژەوە کە چەمکی “تاوان” ماناکەی چەواشە کرا و لەگەڵ ئازادیخوازی و مافخوازی پێکیان گرتن. ئاخۆ دەکرێ لە دۆخێکی ئاوادا بیر لە دەرکەوتەو و دەرئەنجامەکان بکەیەوە؟ ئێمە کە لەلایان “ئەوان” بە مەرگ سزا دراوین بۆ ئەو چالاکییانەی کە کردوومانە بۆ وەدیهێنانی دونیایەکی باشتر و بێ زوڵم و زۆر و بێدادی، وا هەیە کە بزانن چ دەکەن و خەریکی چ بێدادیەکن؟
من لە شاری کرماشان چاوم بە دونیا هەڵێنا، ئەو شارەی کە سەربەرزییەکەی وێردی زمانی نیشتمانمە. ئەو شوێنەی سەرچاوەی پێشکەوتوویی وڵاتەکەمە. توانایی ئاوەزم بەو بەرەیدا ڕایکێشام کە نابەرابەری و زوڵم هەست پێبکەم و لەناخی دڵەوە لێ تیبگەم. زوڵمێک لە من هەم وەک تاکەکەس و هەم وەک ئەندامێکی ئەو نەتەوەیە وای لێکردم بەدووای وڵامێکی گونجاو بۆ ئەو تاوانانەدا بگەرێم.
بەداخەوە ئەوان کەش و هەوای ناو کۆمەڵیان وەها کپ و هەنگاونانەوە بۆ مافخوازییان وەها ژەهراوی و سەرکوت کردبوو کە لە ناوخۆ هیچ درزێکیان بۆ هەناسەدان نەهیشتبۆوە بۆیە ڕێکای کۆچم گرتە بەر. بۆ ئەوەی بە شوێن پێناسەی ونبووی خۆم بکەوم کە لێم نامۆ کرابوو ڕەهێڵەی کۆچم بردمی بۆ لیزگەی تازەم و بووم بە پێشمەرگەی کۆمەڵە.
دوور کەوتنەوە لە شوێنی لەدایک بوونت، هەرچەند دڵتەزێن و بەئازار بوو بەڵام، هیچ کات منی لە شوێنی لە دایک بوونم دانەبڕی. جاربەجار بۆ دیدار تازەکردنەوە و بەتەمای دمەزەردکردنەوەی بیرەوەرێکانی منداڵیم، سەردانی زێدیم دەکردەوە. بەداخەوە جارێکیان “ئەوان” ئەو سەردانەیان لێ تاڵ کردم، دەسبەسەریان کردم و خستیانمە نێو قەفەس. هەر لەسەرەتاوە بەو میواندارییەی مرۆڤدۆستانەیەی کە لە لایەن ئەوانەی دەسبەسەریان کردم، لێمکرا، زوو زانیم کە چارەنووسی تراژیدیک و دڵتەزێنی هاوڕێیان و ڕێرەوانی ئەو ڕێگە دوورودرێژە چاوەڕۆانمە واتە: ئەشکەنجە، بوختان و پەروەندە درووستکردن، دادگای دۆڕاو و خۆفرۆشکە جەللادان بەڕێوەی دەبەن، حوکمێکی ناعادڵانە و سیاسی، لە کۆتاییشدا ئێعدام و مەرگ…
دەرفەتم پێبدەن خۆمانە بدوێم: دوای دەسبەسەر کردنم لە شاری کامیاران، لە ڕێکەوتی ٢٩/٠٤/٨٧ و دووای چەند کاتژمێرێک میوانی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، لە کاتێکدا دەست و چاویان بە تووندی بەستبووم و مافی دیتن و جوڵانەوەم لێ زەوت کرابوو، کەسێک کە خۆی وەک جێگری دادستان ناساند دەستی کرد بە کۆمەڵێک پرسیاری بێ سەرەوبەرە و زیاتر تاوانبارکردنیان تێدا بوو (پێویستە باس بکرێ هەر شێوەیەک لێپرسینەوەی یاسایی لە دەرەوەی دادگا بە گوێرەی یاسا مەمنوع کراوە).
بەو شێوەیە یەکەمین دەوری لێپرسینەوەکانیم دەرگای خۆیان کردەوە. هەر ئەو شەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کوردستان لە شاری سنە کرام و میوانی ڕاستەقینەم لەوێ ئەزموون کرد: ژوورێکی تاکەکەسی پیس بە ئاودەستێکی قێزەون و کۆمەڵێک پەتوو کە دەیان ساڵ بوو رووخساری ئاو و پاک و خاوێنیان نەدیبوو! لەو کاتەوە بەدواوە، شەو و ڕۆژ لە داڵانی خۆارەوە و ژوورەکانی لێپرسینەوە بە لێدان و ئەشکەنجەی تاقەت پڕوکێن و بەردوام، سێ مانگی خایاند. جەلادە موحتەڕەمەکان بۆ بردنەسەری ئاستی ئەزموونە پیشەییەکەیان و لە پێناو دراوێکی کەم و بێ بایەخ، لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لە هەوڵی تاوانبارکردنی سەیر و سەمەرەدا بوون بەرانبەرم کە بۆخۆیان لە هەموو کەس باشتر دەیانزانی کە دڕو دەکەن. ئەوان هەوڵی ئەویان دەدا بەسەرمدا بسەپێنن کە لە چالاکی چەکداریدا بەشداریم کردبێ، زۆریان هەوڵدا ئەو تاوانانەم بەسەردا بسەپێنن. تەنیا ئەندام بوونم لە کۆمەڵە و قسەکردنم دژی دەسەڵات تۆاندرا بسەلمێندری. شۆعبەی یەکەمی دادگای شۆرشی ئیسلامی سنە بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە و ڕاگۆاستن بۆ”رامهرمز”ی بەسەردا سەپاندم.
شێوە بەڕیوەبەرایەتی ئیداری و سیاسی ئێران هەموو کات تووشی نەخۆشی بڕیاری ناوەند بووە بەڵام لەو بابەتەدا هەوڵی خۆدابڕین لە بڕیاری لامەرکەزی ئەمری قەزاییاندا. لەو ماوەی ئاخریدا دەسەڵات و سەلاحیەتی پێداچوونەوە بە حوکمی تاوانبارانیی سیاسییان لە سەرووترین تەنانەت ئێعدامیش لە دیوانی عالی وەرگرتووە و دەسەڵاتیان داوەتە حاکمانی پێداچوونەوەی ئوستانەکان، بە سکاڵای دادستانی کامیاران بە حوکمی یەکەمم و بەسەرسوڕماوێکی زۆرەوە و بە پێچەوانەی یاسای پێوەندیدار و ناوخۆیی ئێران، شۆعبەی چۆاری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگاری کوردستان حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی کردنمیان بە ئێعدام گۆڕی.
بە گۆێرەی خاڵی ٢٥٨ی یاسای ئائینی دادڕەسی تاوان، حوکمی پێداچوونەوەی تەنیا بەشێوەیەک پەسەند دەکرێ کە حوکمی پێشوو هەڵوەشێتەوە و حوکمی دراو کەمترین ئاستی سزای بەسەردا سپاندبێ. بە گۆێرەی سکاڵای دادستان یانی “محاربە” (دووژمنی لەگەڵ خودا) لاوازترین حوکم یەکساڵ زیندانیە، لێرەدا دەبێ حوکمی ١٠ ساڵە و دوورخستنەوە لەگەڵ لانی کەمی حوکم کە یەکساڵە پێکی بگرین تا بۆمان دەربکەوێ کە ئەو حوکمە چەند نایاسایی، نادادپەروەرانە، نا حقوقی و سیاسی بووە.
هەڵبەت ئەوەش بڵێم کە ماوەیەکی کورت پێش گۆڕینی ئەو حوکمە لە زیندانی ناوەندی سنەوە ڕەوانەی زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرام و لەوێ داوام لێکرا کە لە گرتەیەکی ویدیۆیدا دان بەو تاوانانەدا بنێم کە بۆم ساز کرابوو و لە بیر و بۆچوونی خۆم پەشیمان ببمەوە. سەرەڕای گووشاری زۆر، من کۆڵم بە داواکاری ناڕەوای ئەوان نەدا و ئەوان “ڕاشکاوانە” پێیان ڕاگەیاندم کە حوکمەکەم بۆ ئیعدام دەگۆڕن، کە زووترین کات بەڵێنەکانی خۆیان بە جێ گەیاند و بێ دەسەڵاتی دادگای بێدەسەڵاتیان سەلماند و دەسەڵاتیان بە ناوەندە ئەمنیەتێکان دەرەوەی بازنەی یاسا سپارد.
قازی سۆێندی خواردووە کە لە هەموو جێیەک، لە هەر کاتێک و لەبەرانبەر هەر کەس و تاوانێکدا بێ لایەن بمێنێتەوە “هەڵبەت ئەگەر لە گۆشەی پەنجەرەی یاساوە چاو لە دوونیا بکەن”. نازانم قازی ئەو مەملەکەتە دەتوانێ بڵێ کە سۆێندی خۆی نەشکاندووە و بێ لایەن و عادڵ ماوەتەوە؟ بە باوەڕی من ئەو دادوەرە دادپەروەرانە ڕەنگە ژمارەیان لە ئەنگوستەکانی پەنجە تێپەڕ نەکات. لە کاتێکدا سەرجەم سیستمی یاسایی ئێران بە ئاماژە پێکردنی بازجوویەکی نەفام و نائاگا بە یاسا، بڕیاری دەسبەسەر کردن، لێپرسینەوە، زیندانی کردن و بڕیاری ئێعدام دەردەکا و بەڕیوەی دەبا، ئایا دەتۆانرێ لەسەر چەند دادوەرێکی بێ دەسەڵاتی پارێزگارێکی زوڵم لێکراو حیساب بکرێ؟ بەڵی ماڵەکە لە بناغەوە رووخاوە.
لە دووایین چاوپێکەوتنم لە نێو زیندان لەگەڵ دادستانی بڕیاردەری حوکمەکە ئەو ڕاستێ درکێندرا کە حوکمەکە یاسایی نییە، بەڵام بۆ دووهەمین جار داوای جێبەجێ کردنی حوکمەکە دەکەن. ئەوە ڕاستییەکە کە ناوەندە ئەمنییەتی و سیاسییەکانی دەرەوەی ناوەندی یاسایی دەدرێ. ئەو کەسانە لە سەر ئەساسی بیرکردنەوەی تەسک و کورت و تەنیا لە پێناو بیری ئیدۆلۆژی و دژایەتێکی بێ سنوور دەگەڵ خەباتی بەر حەقی خەڵکی کورد بڕیار دەدەن، تەنانەت ئەگەر بە قیمەتی گێانی تاکی کۆمەڵگاش تەواو بێ.
بەڵام قسەی کۆتایی: ئەگەر بە بیری زۆرداران و دەسەڵاتداران، مەرگی من دەبێتە هۆکاری سڕینەوەی پرسێک بە نێوی کورد، دەبێ ئەوە بڵێم کە خەیاڵیان خاوە. نە مردنی من و نە هەزارانی وەکوو من دەرمانی ئەو دەردە بێدەرمانە ناکا و بە پێچەوانەوە کلەی ئاورەکە زیاتر دەکات. بێ گومان مەرگ ئاماژەیەکە بۆ ژیانێکی نۆی.
ئیحسان فەتاحیان
زیندانی ناوەندی سنە
١٧/٨/١٣٨٨
تێبینی: نامەی نەمر ئێحسان بە زمانی فارسی لە ماڵپەڕی دۆیچێوێلەی ئاڵمانی وەرگیراوە و ماڵپەڕی نەمران کردوویە بە کوردی.
بۆ ئیحسان فەتاحیان
هەستی ڕاساوی ئەم گەلەی، ئارەزووی بووژانەوەی
ئەشق و شووری ئاگرینی سەردەمی هەستانەوەی
مەرگی سوورت ژینی تازەی دا بە گیانی سەنگەران
بەرخۆدانت مەشخەڵێکە وا بە دەست تێکۆشەران
تۆ بەزاندت ئەو سنوورەی دوژمنی دڵڕەش تەنی
وەک سروودی سەروەریمان، دەنگی ئازای سەردەمی
تۆ حیماسەی خۆشەویستی، پڕ پەیامی باوەڕی
ئاوەدانی ڕێی خەباتی، جەربەزەی جەنگاوەری
شۆڕشێکی گەرمە ناوت، دڵنیامە هەڵدەکەی
چەشنی بورکان سەردەکێشی، گڕ لە دوژمن بەردەدەی
ئەی نەسیمی نەوبەهاری دۆخی ژینم، هەڵکە دەی
هەڵکە موژدەی ڕۆژهەڵاتی یەکبوونەوەم هەڵکە دەی
حوسێن شەبەق
١١/١١/٢٠٠٩
لە دیوانە شێعری “شنەی یادی هاوڕێیەتی” وەرگیراوە
سروودی بووژان…
ئەی ئەوەی هاواری بەرزت تەوسی بێدەنگی شکاند
تۆ گزنگێک لەو بڵێسەی شەو پەرستانی هەژاند
قەقنەسی ناو خۆڵەمێشی باوەڕێکی زۆر گەشی
دەنگی خنکاوی لەمێژینەی گەلێکی بێبەشی
تۆ لە زنجیرەی پەپوولەی، وا لە عەشقێکی چڕا
دەس لە مل ئاوات و خۆزگە، ڕۆ دەچیتە ناو گڕا
بۆ ئەوەی پەردەی ڕزیوی وەرزی زریان هەڵدڕی
گوڵ سروودی سەوزی بووژانت بە گوێی باخا چڕی
تۆ شەپۆلێک بووی لە دەریای نەفرەتی چەوساوەکان
دژ بە یاسای لیخنی زەلکاوی زوڵم و دەردو ژان
ئەی هەڵۆی شاباڵ خوێنینی چیای بێستوونەکەم
مەرگی سوورت بۆ هەتایە، ڕەمزە بۆ هەڵچوونەکەم
بیهرووز مەلەکشا