نەمر حوسێن خزری کوڕی عەلی ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی لە شاری ورمێ چاوی بە دونیا هەڵێناوە. ناوبراو تا پۆلی سێ ناوەندی لە قوتابخانە دەرسی خوێندووە و بە هـۆی نەداری و بۆ یارمەتیدانی بژێوی ژیانی بنەماڵەی، وازی لە خوێندن هێنا و لە کارگەیەکی چنینی فەرش و مافوور خەریکی کار بوو. بە هـۆی دژواری کار و دۆخی نالەباری ئەو جیگەیەی کە کاری لێ دەکرد، هەفتا لە سەدی سۆمای چاوی لە دەست دا.
حوسێن خزری کە جیاوازی ڕەگەزی، بێدادی و نایەکسانی ناو کۆمەڵگای هەست پێ کردبوو و ئازاری دەدا بۆ ڕزگاری ئەو لە پەراوێز دابوون و بێ عداڵەتی و گەیشتن بە یەکسانی و ژیانی ئاسودەی گەل بە شێوازی جۆراجۆر چالاکی دەنواند و بۆ وەدی هاتنی ئامانجی پیرۆزی، پێوەست بوو بە حزبی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) تا بۆ گەیشتن بە هیواکانی و یەکسانی و بەرابەری پتر لە گۆرەپانی خەبات دژ بە دوژمنانی ئازادی و ڕزگاری گەل دا بێت. لە سەرەتای پێوەست بوون بەو ڕێکخراوەیە لە بەشی پەروەرده دەستی بە چالاکی کرد تا کوو ئەو ئەرکەی کە بۆخۆی هەڵیبژاردبوو بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای و سەرەتایی گەلەکەی بگات.
ناوبراو لە هاوینی ساڵی ۱۳٨۷ی هەتاوی لە شاری کرماشان دەستبەسەر دەکرێ و لە ژێـر ئەشکەنجە و ئازاری نامرۆڤانە پاش تێپەڕبوونی ۱۹٥ ڕۆژ لە ژۆری تاکەکەسی لە ڕێکەوتی ۲٨ی مانگی بەفرانباری ساڵی ۱۳٨٨ی هەتاوی لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی بە سەرۆکایەتی قازی(درویشی) لێپرسینەوەی دەگەڵ دەکرێ و لەو مەحکەمەیە کە زیاتر وەک شانۆ دەچوو تا دادگایەکی ئاسایی، نوێنەرانی ئیدارەی ئیتلاعات، سوپای پاسداران و ئیدارەی داد لە دادگا بوو. پێش ئەوەی کە ئیددیعانامەی قازی بە ئەو ڕابگەیێنن، هەر سێ نوێنەر ئێزنی قسەکردنیان وەرگرت و داوایان لە قازی کرد کە بە توندترین شێواز حوسێن خزری سزا بدەن. دوا بە دوای چەند پرسیار کە سەبارەت بە پێناسەی حوسێن خزری بوو، بێ ئەوەی کە بەرگری لە خـۆی بکات دادگا کۆتایی هات و ڕۆژێک دواتر پارێزەری حوسێن خزری حوکمی لە سێدارەدانی پێ ڕاگەیاند!! حوسێن خزری پێشتر کۆی ئەو تۆمەتانەی کە بە سەری داسەپێنداربوو ڕەدی کردبووە و لە چاوپێکەوتنێک کە لەگەڵ بنەماڵەکەی هەیبوو باسی لەوە کردبوو کە بە تەمان لە سەر تلویزیۆن بە درۆ و لە ژێر گوشار، دان بەو تۆمەتانەدا بنێ کە بە سەریدا سەپێنداربوو!
حوسێن خزری لە ڕێکەوتی ۲٥ی بەفرانباری ۱۳٨۹ی هەتاوی بە نهێنی و بێ ئەوەی کە بنەماڵەکەی ئاگادر بکرێن لە گرتووخانەی ورمێ لە سێدارە درا.
بــۆ ئەوەی کە لە سەر ژیانی ئەو نەمرە شۆڕشگێرە باشتر ئاگادار بین، وا باشترە کە چاوێک بەو نووسراوانە بخشێنن کە ئەو نەمرە بە دەستی خۆی بۆ ڕای گشتی نووسیون. جێ ئاماژەیە کە حوسێن خزری ئەو نووسراوانەی لە کەشێکدا نووسیوە کە لەژێر ناجۆامێرانەترین ئازار و ئەشکەنجەدا بووە بۆیە، پێمانوایە کەس وەک خۆی ناتوانێ باس لە ئێش و ئازارەکان، باس لەو بێدادی و ناحەقییە بکات کە بەسەری هاتووە.
ماکی ئەو نامانە بە فارسی نووسراوە کە ماڵپەڕی نەمران پوختەی ئەو نامانەی بە کوردی وەرگێڕاوە.
نامەی هەوەڵ:
من لەوەی کە حوکمی مەرگیان بۆ دەست نیشان کردووم ناڕاحەت و دڵنیگەران نیـم چون من وەک کەسێکی ئازدایخۆاز دادگایی دەکرێم.
من حوسێن خزری کوڕی عەلی ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی لە شاری ورمێ چاوم بە دونیا هەڵێناوە. لە ساڵی ۱۳٨۷ی هەتاوی لە شاری کرماشان دەست بە سەر کراوم. من وەک هەڵسووڕاوی سیاسی و باوەرمەند بە چالاکی مەدەنی لە ساڵی ۱۳٨۳ی هەتاوی هاوکاری خۆم لەگەڵ ڕێکخراوەکانی مەدەنی کوردستان و ئێران دەست پێکرد. هەمووکات باوەڕی من بۆ وەدیهاتنی ڕزگاری و ئازادی ئەوە بووە کە مرۆڤ خـۆی لە چۆارچێوەی دەوڵەت دەربێنێ و چالاکی خۆی بە ڕێکخستنی دمۆکراتیک و کۆمەڵایەتی درێژە پێ بدات، ئەو کاتەیە کە ئێمە دەتوانین کە دڵخۆش بە کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و سەرکەوتوو بین و هیوامان بە ئاسۆیەکی ڕوون هەبێ. لەو پێناوەدا من ماوەیەکی زۆر چاڵاکی مرۆڤایەتی و هەڵسوورانی مافی مرۆڤایەتیم لە کوردستان هەبووە و هاوڕی زۆر لە هەواڵانی دڵسۆز حەولمان دەدا کە سارێژەری برینی کۆمەڵگا ببین، تەنانەت لەو ڕێگا پیرۆزەش لە لایان هاوڕیانم پێیان وتم کە ئەگەری گیران و دەستبەسەر کرانیشیم هەیە بەڵام، من هیج بە پێویستم نەدەزانی کە بە نەهێنی درێژە بە چالاکی و هەڵسوورانم بدەم چون لە یاساییبوونی کردەوەکانم دڵنیا بووم و باوەڕم پێی بوو. ڕاست پێش دەسبەسەر کردنم لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳٨۷ی هەتاوی لە سەر پێشنیاری هاوڕێیەکی خۆم، چووم بۆ کرماشان تاکوو سەبارەت بە بارودۆخی چالاکی مەدەنی لێکۆڵینەوە بکەم و ئاکامی ئەو لێکۆڵینەوە لە وتارێک دا بە چاپ بگەینم.
من لە شاری کرماشان لە لایان هاوڕێیەکی خۆم لەگەڵ کەسێک بە ناوی ئیدریس مەهدیان کە خەڵکی شاری (گیلانغرب) سەر به پارێزگای کرماشان بوو ئاشنا بووم. ناوبراو لە زانکۆی ورمێ لقی (آبخیزداری)دەخوێند، بۆ زانیاری پتر و لێکۆڵینەوەی زیاتر لە سەر ئیدریس مەهدیان و چاوپێکەوتنی لە سنە وەڕێکەوتم بۆ کرماشان، دوای ئەوەی کە رۆژ و دانێک لە ماڵە باوکی ئەو بووم لە گوندێکی سەر بە شاری (گیلانغرب) گەڕامەوە کرماشان، لە گاراجی کرماشان لە لایان کەسانی نەناسراو هێرشم کرا سەر و دەسبەسەر کـرام.
دواتر زانیم ئەو کەسانەی منیان دەسبەسەر کردووە سەر بە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بوون، من لە سەربازگەی نەبی ئەکرەم لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی یەکجار زۆر دابووم.
ئەوە لە حاڵێک دابوو کە هیچ بەڵگە و شتێک کە بسلمێنێ من دژ بە شۆڕشم بە (گووتەی خۆیان) لە دەست وان دا نەبوو تەنیا هۆکاری دەس بەسەرکردنی من بە گووتەی خۆیان ئەوە بوو کە ئەو هەڵمەتەی من بۆ ڕزگاری گەنجان بۆ تووش نەبوون بۆ ماددەسڕکەرەکان و تووش هاتنی گەندەڵی ئەخلاقی گەنجان کە من حەولم دەدا کە خۆ بپارێزن تا تووشی ڕێگەی خەراب نەبن زۆر وەک هەڵمەتی ڕێکخراوەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەچێ!!
ماوە ٤۹ ڕۆژ منیان خستە ژێر لێپرسینەوە و ئازار و ئەشکەنجەی زۆریان دام، چەند جار منیان بە بێ حاڵی و بێهۆشی بردە ژۆری تاکەکەسی خۆم.
ئەو ماوەیە تا کاتی دادگایی کردنم یەکجار ئەشکەنجە درام و جەستەم زۆر لاواز ببوو …
حوکمی ناڕەوای ئیعدام بۆ من پەسەند کرا، من لە مەرگ نەدەترسام و هیچ خۆم نەدۆڕاند چون من وەک کەسێکی ئازادیخۆاز دادگایی کرابووم، ئەگەر لە سێدارە دانی من و هاوبەندێکانم کەڵکی بۆ ڕوون کردنەوەی کۆمەڵگا و بە تایبەت گەنجەکان دەبێ تا ئازادیخۆاز بار بێن نەک یەکجار، تەنانەت ئەگەر هەزار جار لە سێدارەمان بدەن گرینگ نییە بەڵکوو، گرینگ هێزی گەل و ڕوون بوونەوەی کۆمەڵگایە، تەنیا ئەو بەشە ئازارم دەدات کە بووم بە هۆکاری سەرئێشە و دڵەڕاوکێ بۆ بنەماڵەکەم. هیوادارم لەوەی کە من نەمتۆانی وەک ئەندامی بنەماڵە ئەرکی خۆم بەجێ بگەێنم لە من خۆش بن. من تەنیا ویستم ئەرکی نەتەوەیی خۆم لە ئاست گەلەکەم بە باشترین شێواز بەجێ بگەێنم و مناڵی کۆمەڵگا و خەڵکی بێبەش لە ئازادی و بێدەسەڵات بم و ڕێژیمی ئێرانیش لەوە باش تێبگات کە چیدیکە لاوانی کورد لە مەرگ ناترسێن چونکە لە لایان ژیانی سەربەستی لە ژیانی ژێر دەستی و کۆیلە بوون فەڕزترە و ئەو چەمکەش بە ڕەمزی ڕزگار بوون و گەیشتن بە ئازادی پێناسە دەکەن.
ئێمە لاوانی کورد تا ئاخرین دڵۆپی خوێنمان بۆ وەدی هاتنی یەکسانی و سەربەستی تێدەکۆشین و چالاکی ئێمە تا ئەو ڕۆژە بەرداوامە. ئێمە لاوان و گەنجانی کوردستان لەسەر پێ دەمرین بەڵام قەت سەرمان لە ئاست زوڵم، شۆڕ ناکەین..
نامەی دووهەم:
لەو ماوەیە دا زۆر ئازار و ئەشکەنجەم لە سەر بووە، ڕۆژ بووە بۆ چەند کاتژمێر ئازاری جەستەیی دراوم وێڕای ئەو ئەشکەنجانە ئازاری ڕوحی زۆرم لە سەر بووە، هەڕەشەیان لێ دەکردم کە ئەگەر هاوکاریمان نەکەی و کۆی ئەو تۆمەتانە قەبووڵ نەکەی، تۆمەتی دژە یاسا دژ بە نیزام بەسەر برا و زاواکەت دا دەسەپێنین. بە شەق لە ئەندامی زاوزێیان دەدام کە تووشی ئازار بووم کە ئاسەوارەکەی ئێستاش لە سەر جەستەم ماوەتەوە، بە مست و شەق لێیان دەدام، بە باتوومی کارەبایی لە تەواوی ئەندامی جەستەییان دەدام…
لە ڕێکەوتی یازدەی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ۱۳٨۷ی هەتاوی بۆ هەوەڵ جار و ئاخر جار کە منییان برد بۆ دادگا، لە لایان کەسانی سەر بە ئێتلاعاتی سوپای پاسداران هەرەشەم لێ کرا کە لەسەر ئەو ئەشکەنجە جەستەیی کە لە سەرت بووە نابێ هیچ بلێی و نابێ باس لەسەر لێپرسینەوە و هیچ شتێک بکەی کە لە گرتووخانە لێیان کردووی. لە ماوەی دە خولەکدا کۆی ئەو تۆمەتانەی کە بە سەرمدا سەپابوو لە لایان قازی خوێندراویەوە و من و پارێزەرەکەم لەو ماوەیەدا دەرفەتی پارێزگاریمان نەبوو!!
بردنی من بۆ دادگا تەنیا شانۆیێک بوو کە زیاتر وەک گاڵتە پێکردن بۆ کەسایەتی من و پارێزەرەکەم دەچوو تا مەحکمەیەکی عادڵانە و پارێزەری لە خۆم، چوون لەو مەودایەدا دەرفەتی تەنانەت قسە کردنی ئاسایشییم نەبوو!!
بەڵام من تەنیا ئەوەم بە قازی(درویشی)گوت کە من هیچ کام لەو تۆمەتانەم قەبووڵ نییە و هەمووی ئەو تۆمەتانە کە بە سەرمدا سەپێندراوە، لە ژێر ئەشکەنجە بووە بەڵام، قازی بایەخی بۆ قسەکانی من نەدا و بێ ئەوەی کە لەسەر قسەکانی من لێکۆڵینەوەی هەبێت، حوکمی ناڕەوای ئیعدامی لەسەر من پەسەند کرد. ئەگەر چی من ناڕازی بوونی خۆم بۆ ئەو حوکمە ڕاگەیاند بەڵام، لە گرتووخانەی ورمێ لە ڕێکەوتی یازدەی مانگی گەلاوێژی ساڵی ۱۳٨٨ی هەتاوی پەسەند کردنی ئەو حوکمە بە من ڕاگەیندرا…
دیارە کۆی ئەندامانی بنەماڵەم زۆریان حەوڵ دا تا ئەو حوکمە ناڕەوایە که بە سەر مندا سەپاوە بشکێ بەڵام، بە داخەوە دەنگی ئەوانیش نەبیسرا و لەو پێوەندی دا باوکی خۆشەویستم کە ماوەیەک لە من بێئاگا بوو و هیچ وەڵامی ڕوونیان نەدەداوە لە سەردانێک کە بۆ ئەوەی هەواڵێک لە من بزانێ چووبوو ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای ورمێ و لەوێ هیچ وەڵامیان پێ نەدابۆوە، دڵنیگەران دەبێ کە نەوەک منیان لە سێدارە دابێ و هەر ئەوەش دەبێتە هۆکار کە جەڵتەی لە مێشکی بدا و کاتێک دەیگەیەنن بە نەخۆشخانە، لەوێ گیانی لە دەست دەدات و ماڵئاوایی لە ژیان دەکات. ئەوەش یەک لەو جنایەتانەی ڕێژیمی ئێرانە کە بە دڵەڕاوکێ ساز دان و وەڵام نەدانەوەی ڕوون بە ئەندامانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی، تووشی ناڕاحەتی و حەتا مەرگ لە ئاست چاڕەنووسی ئێمەی زیندانی دەبن، ئەو ڕووداوە بواری ڕوحی منی ڕووخاند و ژیانی ناو گرتووخانەی زیاتر بۆ دوژوار کردم. پاش مەرگی باوکم بەجێی ئەوەی کە لە گرتووخانە سەرەخۆشیم لێ بکەن بە بێ هۆ و بێ ئەوەی کە ئاگادارم بکەن، منیان گۆاستەوە بۆ گرتووخانەی شاری قەزوین. پێیان گوتم کە شتێکی ئاساییە و تەنیا شۆێنی گرتووخانەکەت گۆڕدراوە بۆ شاری قەزوین.
لە ئیددیعانامەی دەرکراو کە لە لایان ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و دادستانی ناوەندی ئازەربایجانی ڕۆژاوایی و هەروەتر حوکمی دادگا، من وەک کەسێکی موحاریب( کە ئەو حوکمە بە کەسانێک دەدرێ کە دژ بە یاسای ئیسلامی و دژە خودا دەوترێ) ناساندراوم!! لە حاڵێک دا کە ئەو حوکمە بۆخۆم بە ڕەوا نازانم و زۆرم پێ نامۆیە. من ئەو کاتەی کە دەسبەسەر کرام، چەک و چۆڵم پێ نەبوو، کۆی لێکۆڵینەوە و وەداوکەوتنی سیاسی من، مەدەنی بوو و هیچ چەشنە هەڵس و کەوتی چەکداریم دژ بە ڕێژیمی ئێران نەکردووە، لە ماوەی هەشت مانگ کە دژوارترین ئازار و ئەشکەنجە درام، بۆاری ڕوحیم وا تێکچوبوو کە تەمای خۆ کۆشتنم گرت، ئەویش دوو جار. ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕوحی ئەوەندە زۆر بوو کە ئاواتی مردنم دەکرد، جێ پرسیارە لە کۆی جیهان کەسێک بۆ ماوەی هەشت مانگ ئاوا ئەشکەنجە دەدرێ؟!
ئێستاش من کە نازانم چ کاتێک لە سێدارەم دەدەن و دەنگی کپ کراوی من کە تا ئێستا بە نووسراوە بۆ زۆر شۆێنم ناردووە بە گۆی کەس نەگەیشتووە، هەر بۆیەش لە بار و دۆخێکی تەواو ئەمنی لە کۆی ڕێکخراوە و ناوەندەکانی مافی مرۆڤی و هەموو ئەو شۆێنانەی کە بۆ بەرگری لە زیندانیانی سیاسی چالاکانە هەڵسووراون دەنگی کپ کراوی من بە گۆی هەمووی جیهان بگەێنن و لە ئێستاوە من ئێوە وەک پارێزەرێکی ڕاستەقینە هەڵدەبژێرم تا ئەگەریش من تاوانێکم کردبێ لە دادگاێکی ڕاستەقینە محاکەمە بکرێم و پێ داچوونەوەی دووبارە لە سەر پرۆسەی دادگایی کردنم بێ ئەوەی کە شتێکی پێ کەم یا زیاد بکرێ بکەن و لە سەر ئەو ئەشکەنجە جەستەیی و ڕوحی کە ئەو ماوەیە لە سەر من کراوە بەدواچوون بکرێ..
لە کۆتایی دا لە ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی ناوەندی جیهانی، ڕێکخراوەی لێبوردوویی گشتی نێو دەوڵەتی و کۆی ئەو ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیانە داوا دەکەم ئەو نووسراوەی من بڵاو بکەنەوە و حەولی جیددی بدەن و ببن بە دەنگی نەبیسراوی من.
زیندانی سیاسی: حوسێن خزری
زیندانی لە گرتووخانەی ناوەندی ورمێ
ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۱٤ی گەڵاڕێزانی ساڵی ۱۳٨۹ی هەتاوی