Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بیرەوەرییەکانی ناو زیندان – کەژاڵ بلوری – بەشی چوارەم

بەندیخانەی تەورێز

بەشی چوار

ماوەی چەند مانگێک لە مانەوەمان لە بەندیخانەی تەورێز تێپه‌ڕببوو، له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌موو خاتوونه‌کان یه‌کترمان زیاتر ناسی. کەشی زیندان وایکردبوو هه‌مومانی پێکه‌وه‌ گرێدابوو. هاوکاری یه‌کترمان ده‌کرد و ئەرکەکانمان بە هەرەوەزی ڕادەپەڕاند، هێندێک جاریش ناکۆکییەکان ده‌گه‌یشته‌ ئه‌و په‌ڕی خۆی.

ژیانی نێو زیندان ژیانێکی ئاسایی نه‌بوو. هه‌ر که‌سه‌ و بە لەونێک له‌گه‌ڵ دۆخی زیندان خۆی ڕادێنا و خۆیان بە شتێکەوە سەرقاڵ دەکرد، بەو چەشنە  کاتیی زیندان کە هەر چرکەیەی بە ساڵێک دەبوو، تێپەڕیان دەکرد. زۆرجاران دەگەیێشتینە کۆتایی ژیان و بڕستمان لێدەبڕا و مەرگی خۆمان بە ئاوات‌  ده‌خۆاست. که‌س هه‌بوو تووشی نه‌خۆشی دەروونی قوورس ببوو، که‌س هه‌بوو ته‌نانه‌ت وزه‌ی ئه‌وه‌شی تێدا نه‌مابوو جله‌کانی خۆی بشوا یا جێ‌وبانه‌که‌ی ڕێک بخات. شۆێنی چێشتلێنانمان جاری وابوو هێنده‌ پیس بوو کە هەترەت نەدەکرد بچێ ناوی و خواردن بخۆی. کۆی ئه‌و شتانه‌ هێندێک جار ده‌بووه‌ هۆی لێکتێنه‌گه‌یشتن و ناکۆکی درووست ده‌کرد و لێک هه‌ڵده‌به‌زینه‌وه‌ و دواتر کۆبوونه‌وه‌مان ده‌گرت و داوای لێبووردنمان لە یەکتر ده‌کرد.

فاتمە خانم ژنێکی ئارام وهێدی بوو بە هۆی هاوکاری لەگەڵ حیزبی تودە خۆی ومێردەکەیان گرتبوو. فاتمه‌ خانم تەمەنێکی وای نەبوو بەڵام، هەموومان وامان بیر دەکردەوە کە تەمەنی زۆرە و زۆر ژیرە. کچێکی تەمەن چوارساڵانەی هەبوو کە کاتێک دەست بەسەریان کردبوو، دایەگەورە و باپیرەی بردبوویانە لای خۆیان. جاروبار دەیانهێنا ناو بەند و دوو/سێ کاتژمێرێک کاتی لەگەڵ دایکی تێپەڕ دەکرد و لەگەڵ منداڵی مووجاهیدەکان کایەی دەکرد. سەرباقی هەموو ئەو خدە باشانەی کە هەیبوو، لە بیروڕا و ئیدۆلۆژی زۆر شتمان جیاوازی دەگەڵ یەکترهەبوو و زۆرمان دمەقاڵە خۆش و مشتومڕی سیاسی دەکرد،  بەتایبەتی ئەوکاتەی کە کیانووری لە سەرشاشەی تی‌ڤی تەواوی بیروڕای حیزبی تودەی بردە ژێر پرسیار و تۆبەی کرد کە کاتێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ ئێمە بەڵام، قسەکان و تۆبەی کیانوری نەبوو بەهۆی گۆڕین و کوورت هاتنی ئەو لە بیرو ڕای بە داخەوە بەر لەویش سەعید یەزدیان وهاوڕێکانی تەشکیلاتی تاران و تەورێزیان بردە بەر پرسیار و ئەوەش خاڵێکی ڕەش بوو کە ئێمە نەماندەتوانی بە باشی کاری کیانوری وهاوڕێکانی مەحکووم بکەین. تەنیا جیاوازێکی کە هەبوو ئەوە بوو دوای کیانوری حیزبی تودە نەیتوانی سەر هەڵێنێتەوە، بەڵام کۆمەڵە هەر ماو زۆرتر گەشەی کرد.

فاتمە خانم خاتوونێکی پاک وخاوێن بوو زۆر شتی جوانی ساز دەکرد و دەیچنی. وەک خوشکێکی گەورە بۆ ئێمە وابوو، زۆر شتی لێ فێر بووین. سەرەڕای ئەوە کە ئەو دووگیان بوو زۆر بە تاقەت و نەرم هێدی بوو لە هەڵس‌وکەوتیدا. زۆر جاران لەسەر ئێمە لەگەڵ مووجاهیدەکان شەڕی دەکرد و لەسەرمان وەجواب دەهات، ئەوەش ببوو به‌ هۆی نیزیکی و متمانە بەو خانمە‌. بە تێپەڕبوونی ڕۆژ و حەوتوو و مانگ، زگیی ئەویش گەورەتر و گەورەتر دەبوو. نان و چێشتی پیسیی زیندان، دووری لە منداڵ، بێهەواڵی لە مێردەکەی و ئەو هەموو چه‌رمه‌سه‌ڕییەی ناو بەندیخانە وای لەو ژنە کردبوو کە تەنیا ئەو دەیتوانی بەرگە بگرێ، زۆر حاڵی باش نەبوو و دیاربوو بە زۆری ورەی لەبەر خۆی دەنا. ئێستا حووکمیان نەدابوویە و تەکلیفی نادیار بوو. ئەویش ئەوەی تێگەیشتبوو کە ئێمە زۆرمان متمانە پێیەتی وخۆشمان دەوێ، لەبەر وەی زۆری ئاگا لێمان بوو هەر ئەوکات خەریک بوو بەگۆره‌وی ناسکی ژنانە لانکێکی جوانی بۆ منداڵەکەی چنی کە هەموومان سەرمان سووڕ مابوو هێندە جوان و ڕێک و پێکی چنیبوو کە ئێستاشی لەگەڵ بێ شتی وا جوانم نەدیوە.  ئەوانە هەموو خسلەتی خاتوونێکی ئازەری تودەیی خەڵکی تەورێز بوو کە بەهۆی ڕێز و حوورمەتێکی کە بۆمان دادەنا پێمان دەگوت فاتمە خانم.

ڕۆژێک بڵیندگۆی بەندی “نێسوانی” تەورێز فاتمە خانمی بانگ کرد، دڵی لەرزی و دڵەڕاوکێ، دڵەخورپە و پەژارەمان لە دم وچاوی هەست پێکرد. ئاخر ئەو ڕۆژە ملاقات نەبوو ئاخۆ چی بووه‌ کە بانگیان کرد؟هەرکەسە و شتێکی دەگوت:

  • ڕەنگە حووکمەکەی هاتبێتەوە!
  • ڕەنگە ملاقاتی لەگەڵ مێردەکەی بدەنێ!
  • ڕەنگە کەسێکیان گرتبێ و گووزارشیان لەسەر دابێ
  • و….. زۆر ڕەنگەی دیکە.

فاتمە خانم ڕۆیشت و زۆری پێنەچوو گەڕایەوە ناو حەساری زیندان دەستی بە زگێوه‌ گرتبوو، هێزی ڕۆیشتنی نەبوو، خۆی بە دار و دیواری دادەدا، هەموومان نیگەران بووین ئاخۆ چی بووه‌؟ لەو سەری حەسار تاگەیشتە بەر درگای زیندان چەندجار کەوت و هەستاوە سەرپێ. کەس ئیزنی نەبوو بڕواتە لای. دواتر پێیگوتین کە ئاگاداریان کردۆته‌وه‌ که‌ نابێ شین بگێڕێ، نابێ کەس بزانێ چ قەوماوە.   هاتە نێو بەند ئێمە دەستیمان گرت و بردمانە سەر تەختەکەی. نەیتوانی پاڵ کەوێ، وایدەزانی خەفە دەبێ، بەباشی هەناسەی نەدەکێشا. پێموابێ ژانی منداڵیش لەگەڵ ئەو هەواڵەی پێیان دابوو تێکەڵ ببوو. هەر دادەنیشت وهەڵدەستا دەڕۆیشتە ڕێگا و ڕادەوەستا ئێمە تا ئێستا ژنی دووگیانمان نەدیتبوو هیچمان نەدەزانی. دایە زارا گوتی: ژانەکەی دەستی پێکردووه‌. کچێک گوتی: دەبێ پێیان بڵێین دوکتووری بۆ بێنن. ڕۆییشتە دەفتەری زیندان و پێیان ڕاگەیاندن کە: فاتمە خانم ژانی دێتێ. گوتبوویان:

(بچە تودەای‌یە، حرومزادە است، بلکە بمیرە) یانی (منداڵی تودەییەکانە، بیژوویە، بەشکەم بمرێ).

کچەکە بە ناهومێدی هاتەوە گوتی دەبێ بۆخۆمان کارێک بکەین، دەی چ بکەین؟ ئێمە هیچ نازانین دەبێ بیبەینە قاتی خوارێ و لەوێ تەختێکی بۆ سازکەین تا بتوانێ بە هەنگاو هەڵهێنان لەبەرانبەر ئێشەکەی خۆڕاگرتر بێ. کە چووینە خوارێ، بە مووجاهیدەکانمان گوت: ئەو ژنە دەبێ لێرە تەختێکی هەبێ و منداڵەکەی ببێ. گوتیان: شتی وا نابێ، ئەو ژنە گڵاو و پیسە، نابێ بێتە ئێرە. بە شەڕ و هه‌ڵلا هەر جۆرێک بوو لە قاتی خۆاره‌وه‌ جێیه‌کمان بۆ جێ‌بەجێ کرد.

فاتمە خانمە هێدی و هێمنەکە، ژیرەکە، هیچ حەجمینی نەبوو. هەر دەگریا و دەیناڵاند. ئێشی منداڵ بوون هەر دەهات و زۆر دەبوو، ئێمەش نەماندەزانی دەبێ چ بکەین؟

شەو بەسەر داهات لە تاریکی شەودا کچێک لێی پرسی بوو چ بووه‌؟ ئەویش وڵامی دابۆوە کە مێردەکەیان گووللە باران کردووه‌ کاتێک کە ئێمە زانیمان زۆر ناڕەحەت و بە پەرۆش بووین. ئەو هەستە ناخۆشە، دوومناڵی بێباوک، خۆیشی بێ هاوڕێ، چۆن دڵیان هاتبوو ئەو هەواڵە بەو ژنە دووگیانە بدەن؟  فاتمە خانم دوو ڕۆژان برک و ژانێکی بە لەش و مێشک و دەروونی کێشا کە تەنیا فاتمە خانم بوو کە بەرگەی گرت.

ئێمە نەماندەزانی چ بکەین؟ نیزیکەی دە جار چووینە دەفتەری زیندان و گوتمان ئەو ژنە ژانی دێتێ نە دوکتوریان هێنا و نە بردیانە لای دوکتور. ژانەکانی هێندە زۆر بوو کە ئەو ژنە هێمن و نیانە پڕ بەو زیندانە گەورەیە دەیقیژاند و هاواری دەکرد، ئێمەش هیچمان لە دەست نەدەهاتو دەستەوەستان ڕاوەستابووین، تەنیا دەگریان.  دوای ئەوهەموو ژان و نارەحەتی و خه‌فه‌ت و گریانە، کچێک هاواری کرد سەری منداڵەکە هاتۆتە دەرێ، هەموو هەڵاتینە ژووری خوارێ چ بکەین؟ چۆن یارمەتی بدەین؟ دەستمان بۆ داوێنی دایە زارای برد. گوتی: ئەمن منداڵم بووە بەڵام، نازانم چۆن یارمەتی بدەم نە دوکتورم و نە مامانم، دەزانم دەبێ کاتێک کە منداڵە کە بوو، دەبێ نێوکی ببڕن دەنا دەمرێ.

خەمێکی دیکەمان بۆ زیادبوو، دەی بەچی نێوکی ببڕین؟ چەقۆ یا مقەست؟ ئێمە هیچ کاممان نەبوو، تەنیا کەوچکی فافۆنمان هەبوو کە بە سمیتی حەسارێ تیژمان دەکردەوە تا بتوانین یاڕەماسی (پەتاتە) و پیوازی پێ ببڕین. یه‌کێک لە کچەکان چۆ دەفتەرێ گوتی: مقەست یا چەقۆمان دەوێ. بە جنێو ناردیانە دەرێ. ئێمەش هەموومان لە حەساری زیندان خەریکی تیژکردنی کەوچکە فافۆنەکان بووین کە گۆێمان لە گریانی منداڵێکی جوان بوو کە دواتر نێونرا (سارا). ئێستا دەبێ نێوکی سارا ببڕن دەنا دەمرێ. یه‌ک به‌ یه‌ک کەوچکە تیژەکانمان دەبرد بۆ دایە زارا ئەو نێوکە بە هیچ کەوچێکێک نەدەبڕدرا فاتمە خانم دەگریا وئێمەش کەوچکمان تیژ دەکردەوە هەموومان هێرشمان کردە دەفتەری زیندانێ کە ئەو منداڵە دەمرێ دوای چه‌ند کاتژمێر بەربەرکانی و ته‌لەفۆن و شتی وا (خواهر زینب / خاهەرێکی زێنەب) بەمقەستێکەوە هاتوو دایە زارا نێوکی سارای بڕی و فاتمە خانم لەسەر خۆ چوو.  سارا بوو بە بچووکترین زیندانیی بەندی (نێسوانی) تەورێز.

ژنێکی خەڵکی ئەردەبێل کە کاتی هه‌واخۆری لەگەڵ ژنەکانی دیکە دهاتنە حەوشەی زیندان، کاتێک بیستی فاتمە خانم منداڵی بووه و‌ ئێمە نەمانزانیوە چی دەگەڵ بکەین، گوتی بریا منتان بانگ کردبا من دەمتوانی نێوکی ببڕم. ئەو خانمە مێردەکەی قومارباز بوو لەسەر قومار دوو کچی زورلاوی خۆی دۆڕاندبوو. ئەو ژنە زۆر لە دەست ئەو کارانەی مێردەکەی نارەحەت دەبێ و خەمیان لێ دەخوات. ڕۆژێک مێردەکەی دێتەوە ماڵێ و بەگریان بە ژنەکەی دەڵێ کە:

(لە قوماردا تۆم دۆڕاندووه‌ خۆت سازکە بەیانی دێن دەتبەن).

ژنەکە زۆر تووڕە دەبێ و کاتێ هاوسەرەکەی دەخەوێ بە چەقۆ دەیکوژێ و تەواوی جەستەی بە چەقۆ لەت‌لەت دەکات و دوایی خۆی بە پۆلیس دەناسێنێ. ئەو لەوەی کە لە زیندان بوو زۆر خۆشحاڵ بوو دەیگوت: باشترە لەوەی کە بڕۆمە باوەشی پیاوێک کە بە قومار منی بردۆتەوە. ئەو ژنە لەو کاتانەدا کە ده‌هاتە حەوشەی زیندان زۆر شتی فێرکردین کە چۆنمان ئاگا لە سارا بێت و چۆنی بەخێو کەین. هاتنی سارا خەم و پەژارەی لە دەستچوونی مێردەکەی فاتمە خانمی ساڕێژ نەکرد و ئەو ژنە هێمن وسەبوورە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ تێکدەچوو، وابزانم خەمۆکی دۆای منداڵبوون و خه‌می ئێعدامکردنی مێرده‌که‌ی هه‌موو تێکه‌ڵ ببوون. ئێمە ئاگامان لە سارای دەبوو بەشی شیری خۆمان که‌ له‌ زیندان بۆیان بڕیبوینه‌وه‌ دەدایە چونکه‌ دایکی شیری نەبوو سارا لەگەڵ ئێمە گەورە دەبوو ئێمەش زۆرمان خۆش دەویست بەڵام، فاتمە خانم ئیتر وەک جاران نەبوو لەگەڵ هەواڵی گووللەباران کردنی مێردەکەی ئەویش مرد.

ئێستا ئه‌و خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌ بۆمان ئاسایی نببۆوه‌ که‌ هەواڵێکی ناخۆشی دیکه‌مان پێگەیشت. (ئەسمەر ئەرژەنگ نیژاد) ناسراو بە (ئەسمەر چاوجوان) خەڵکی مهابادیان هێنا بۆ بەندیخانەی تەورێز کە زۆری هەواڵ بۆ هێناین. هەموومان لە دەوری ئەسمەر کۆ بووینەوە و چاوەڕێ بووین گۆێمان لە هەواڵی تازە بێت. یەکێک لەو هەواڵانە باسی شەری خۆێناوی ناوخۆی کۆمەڵە و دێمۆکڕات بوو، گوتی کە زۆر کەس گیانیان بەخت کردووه‌ لە نێویاندا (نەسرین حەسنخاڵی) و (منیر موودەرەسی) کە خوشکە بچکۆلانەکەی لەگەڵ ئێمە بوو کە لە کاتی دەست بەسەر کردنی تەمەنی دوازدە ساڵ بوو و دایکێکی کەم ئەندامی هەبوو کە فریشتە ئاگای لێدەبوو. کاتێ باسی منیر ونەسرینی کرد، گریان و خەم و پەژارەیەکی دیکە ژیانمانی تاڵتڕ لە پێشوو کرد.

دایه‌ زارا و کچه‌که‌ی زیندانی بوون و هه‌واڵی مه‌رگی کچ و خوشک ئه‌وه‌یش له‌ شه‌ڕی ناوخۆی نێوان کۆمه‌ڵه‌ و دیموکرات بووبێ، چ کاره‌ساتێک ده‌تووانێ له‌وه‌ قورستر بێ؟ فریشته‌ که‌ گیرا ته‌مه‌نی ته‌نیا دۆازده‌ ساڵ بوو، دایکێکی که‌مئه‌ندامی هه‌بوو، ده‌بێ چ دڵێک بتوانێ ئه‌و خه‌مه‌ قوورسه‌ هه‌ڵگرێ؟ گریانی دایە زارا و کچەکەی و فرمێسک ڕشتنی بێ دەنگی فریشتە جەرگبڕ بوو. نەماندەزانی چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ک دڵخۆشییان بدەینەوە ئەو خەمە بە هیچ ساڕێژ نەدەکرا. ئەسمەر ماوەیەکی کەم لە زیندان بوو. چەند ساڵ بەر لە ئێستا بیستم کە خۆی سووتاندووە و ئیتر لە نێومان دا نەماوە. گریانەکان لە ژێر پەتوو بەچاوی گریان خەوتن بەردەوام بوو.

درێژه‌ی هه‌یه‌

چەند وێنەیەک لە گیانبەختان نەسرین حەسەنخاڵی و مونیرە مودەڕەسی