Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بیرەوەرییەکانی ناو زیندان – کەژاڵ بلوری – بەشی دووهەم

تێبینییەکی پێویست:

کاتێک باسی بیرەوەرێکانی نێو زیندان دەکرێ، ھەوڵدەدرێ بیرەوەرێکان وەک خۆی بنوسرێنەوە. ھەرکەس زیندانی نەدیبێ، ناشزانێ کە دۆخی زیندان چۆنە و دەیلەکان لە ژێر چ گوشارێکی دەرونی و ئەشکەنجە و ئازارێک دان؟

ڕوون و ئاشکرایە کە توانا و هێزی مرۆڤەکان چ لە بواری دەروونی،جەستەیی و هزرییەوە، وەک یەک نیین. لە بەرانبەر ئەو ئازار و جەربەزە نامرۆڤانەیەدا کەم کەس هەیە بەرگە بگرێ و بە پێچەوانەش زۆر کەسیش  هەبووە کە باجی خۆڕاگری لە زیندانی کۆماری ئیسلامیان داوە و بە دڵ و گیان خۆڕاگر بوون و سەریان بۆ هیچ داو و داوایەکی ئەو جەلادانە دانەنواند.  ئەو کەسانەی کە بە ھەر ھۆکارێکەوە نەیانتوانی خۆڕاگر بن، ئەوە ناگەیەنێ کە ھەموویان کەسی خراپ، یان بێ ورە بووبن.  من نامەوێ لەو بیرەوەڕێانەدا سەرکۆنەی ئەو کەسانە بکەم  ئەو کەسانە لە لایەن هەموومانەوە بوراون و لۆمەیان ناکەین بەڵام ناشکرێ ئەو چاوەڕوانییەتان لە من هەبێ کە لەو بیرەوەریانەدا باس لەو کەسانەی نەکەم کە بە ورەی قایم و پۆڵائین و بەتەوای وزە، خۆڕاگر بوون. گەر باسیان نەکەم خۆم بە بەرپرسیاری مێژوو و ویژدانم دەزانم.

بە باوەڕی من شۆرش کاتێک بە ئامانج دەگات کە تاکەکانی کۆمەڵگا خۆڕاگری بکەن، نرخی بۆ دابنێن و قوربانی بۆ بدەن. کەسێک کە نەزانێ ئاکامی شۆرش و ئەگەر و دەرئەنجامەکانی چییە، دەبێ لە خۆتێوەگلان بە شۆڕش خۆ بپارێزێ یان شێوازەکانی تری نیشتمانپەروەری هەڵبژێرێ.

لێرەشەوە دەستخۆشی لە ماڵپەڕی نەمران دەکەم کە رێز لە یادی ئەو نەمرانە دەگرن و بە یادکردنەوەی ئەو نەمرانە، باری قورسی سەرشانی بنەماڵەکانیان سووک دەکەن.  هەروەها سپاسیان دەکەم کە ئەو دەرفەتەشیان ڕەخساندووە تا گیراوانی سیاسی، گێڕانەوەی خۆیان لەو ڕۆژە ڕەش و سەختانەی ناو زیندان بێننە زمان و ئەو ئازارانە بۆ میللەتی خۆیان بگێڕنەوە کە لە دەستی ئەو نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی ئێران چێشتوویانە بەڵکوو، سوودی هەبێت و بەرچاوڕوونییەک بێت بۆ ئەو کەسانەی مەرگیان پێشان نەداون و  ئەشکەنجەیان نەبینیوە. مێژووش بزانێ کە کورد چی دیوە و چی بەسەر هاتووە؟
کەژاڵ بلوری

بیرەوەرییەکانی ناو زیندان

نووسینی: کەژاڵ بلوری

(بەشی دووهەم)

کورد، سوونی، پیس، چەپ، بەخێرهاتنی موجاهیدەکان لە بەندیخانەی تەورێز.

مینی‌بووسەکە کە لە میاندواو تێپەڕی، ئێمەش هیوامان نەما. دەمانزانی کە پێشمەرگەکان ئیتر لێرە بە فریامان نایەن. هەموو بێدەنگ بووین، دڵڕاوکێی زۆرمان هەبوو. بێ هیوایی و دوور لە شار و بنەماڵە و لە ژێر دەستی دووژمنێکی خوێنخۆر بێ ئەوەی بزانین بۆ کوێ دەچین و بۆ کوێمان دەبەن، دڵڕاوکێیەکی زۆری خستبوو ناو دڵی هەموو کچەکان.
هیلاکی ڕيگا وایلێکردین هەموو خەومان لێکەوتبوو نازانم چەند کاتژمێرمان پێچوو کە گەیشتینە بەندیخانەی تەورێز کە لە پڕ بە دەنگی ناخۆشی پاسداڕێک وەخەبەر هاتین کە وتی: “رسیدیم همە بیدار شید”
لە حەوشێکی باریک و درێژ تێپەڕ بووین. گەیشتینە جێگایەک وەک دەفتەر کە پاسەوانيک لەسەربانەکەی هاتوو چۆی دەکرد. هەموو وڵات تاریک بوو. بردیانین بۆ ژوورێک و دەبا لەوێ لیستێکمان ئیمزا کردبا. زۆر برسی و توونی بووین. بردیانینە نێو ساڵۆنێکی گەورە و لەوێ بڕێکیان سۆمی و ئاو داینێ. بانگیان کردین و هەموو بە توورکی(ئازەری) قسەیان دەکرد. بەدوای ژنێکی (خواهران زینب) دا ڕۆیشتین. هەموو شتێک بۆمان نامۆ بوو. لێیان تێنەدەگەیشتین. لە جێگای سەیر تێپەڕین تا گەیشتینە ژوورێک. لەوێ ئێمەیان پشکنی و دیسان لە حەوشێک تێپەڕین کە زۆر تاریک بوو. ژنە پاسەوانەکە ڕۆیشتە ژوور و لەگەڵ دوو کەس هاتە دەرێ کە وا دیار بوو مەسئوولی بەندبن. چووینە ژوورێ گوتیان بڕۆنە قاتی دوو. خەریک بوو لە پلیکانەکان وەسەر دەکەوتین کە لە قاتی خواری چەند دانە کچی گەنج هاتنە دەرێ و گوتیان “نجس، کمونیست، سنی،…”نەمانزا چ باسە؟ ئەوانە کێن؟ لە قاتی دوو بردیانینە ژوورێک لەوێ زۆر مێهرەبان بوون و بەخێرهاتنیان کردین. دوایی زانیمان کە ئەوان چەپن و ئەوانی دیکە موجاهیدین بوون.
شەو ڕۆیشت و ڕۆژ هات، هێرش و نامێهرەبانێکی زۆرمان لە موجاهیدینەکان دیت کە بۆمان زۆر سەیر بوو. نەماندەزانی کە ئەوان هێندە زاڵمن و لە پاسدار خراپترن (هەڵبەت مووجاهیدینەکانی ورمێ زۆر باش بوون) دوای نانی بەیانی پێیان گوتین کۆبوونەوە هەیە، دەبێ هەموومان بەشدار بین. لە کۆبونەوەکە دا موجاهیدەکان دەستیان کرد بە بي‌ڕێزی بە ئێمە کە ئێمە گڵاوین، سوونین، کوردین، چەپین و دەبێ لە ئەوان دووری بکەین و شەرتیان بۆ داناین.

1.پەتی جل هەڵخستمان جیا بێ، ئەو جێگایەی زۆرتر تاو لێیدەدا هی ئەوان بێ.
2.ئەوان بەیانیان بەر لە ئێمە بڕۆنە ئاودەست بۆ ئەوەی ئەوان نۆێژ دەکەن.
3.حەمام لە دەرەوەی زیندان بوو، ئەوان دەبا بەر لە ئێمە چووبانە حەمام.
4.ئەوان لە قاتی خۆارێ بن و ئێمەش لە سەرێ بین.
5.بۆمان نییە بە کوردی قسە بکەین.
6.لە کاتی هەواخۆری لە حەوشە لە ئەوان دوور بین.
7.بۆ وەرگرتنی چێشت ئەوان بەر لە ئێمە بن (گربە را دم حجلە کشتند)
زۆر تووڕە بووین بەڵام، لەبەر ئەوەی ئێمە لەوێ تازە بووین، نەماندەزانی چ بڵێین؟ بەر لە ئێمە کچەکانی سنە و سەقز لەوێ بوون بەڵام، چەپەکان لە ژێر باڵی خۆیان گرتبوون. ئێمە کە چووین ترسابوون دەیانهەویست بەسەرمان دا زاڵ بن. دوو دانە لە کچە چەپەکان(ره‌حیمە و شەفان) لە سەر ئێمە وە جواب هاتن و گوتیان شەرتەکانتان بێجێیە بەڵام، لە دوایی‌دا شەرتەکانیان بەسەردا سەپاندین.
وردەوردە نیشتەجێ بووین و بەندیخانەی تەورێز بۆمان بوو بە جەهەنەمێکی تازە ئەوجار بە دەستی مووجاهیدەکانەوە.
ئەوان هەموو بە توورکی قسەیان دەکرد فارسی کە زمانی هاوبەشی زیندان بوو، قسەیان پێ نەدەکرد. ئێمەش زۆر جار لێیان تێنەدەگەیشتین. ڕۆژانە زۆریان جنێو دەدا، بەڵام دڵمان خۆش بوو بەوەی کە ئیتر ئەشکەنجە و بازجویی تەواو بووە!
نازانم چەند حەوتوو تيپەڕ بوو کە ئێمە لەوێ بووین. نە ملاقاتمان هەبوو نە هیچ هەواڵێکمان پێدەگەیشت تەنیا هەواڵە ناڕاستەکانی کۆماری سێدارە لە تی ڤی بڵاو دەبووە.
دایە زارا کە تەمەنی سەرووی شەست ساڵ بوو بە تەمەنترین کەسی ناو ئێمە بوو دایکی کاک یۆسفی حەسەنخاڵی بوو کە پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو و لە شەڕی نێوان کۆمەڵە و دیموکرات گیانی بەخت کردبوو. دایە زارا ڕێزێکی تایبەتی هەبوو لای هەموومان. ئەو لەگەڵ یەک لە کچەکانی دەستبەسەر کرابوو.

زارا ڕەسوڵنەژادیان حەلاج (دایە زارا)

ئەو کاتەی ئێمە لە بەندیخانەی تەورێز بووین نەسرین کچی دایە زارا کە ئەویش پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو بەداخەوە ئەویش لە شەڕی نێوان کۆمەڵە و دیموکرات گیانی بەخت کردبوو، بەڵام هەواڵەکەی زۆر درەنگ بە ئێمە گەیشت. شەوێکی درەنگ کەکاتی چرا کوژاندنەوەی زیندانەکان بوو و دەبوایە هەموو نووستباین (خاموشی)، لە ناکاو (خواهرێکی زێنەب) هاتوو دایە زارایان لەگەڵ خۆیان برد. ئێمە زۆر نیگەران بوین. من و کچێکی سەقزی کە ئەویش برایەکی گیانبەخت کردووی کۆمەڵە بوو زۆرمان پەرۆشی دایە زارا بوو، خەومان لێنەدەکەوت و لە تاریکایی خۆماندا دانیشتین تا دایە زارایان هێناوە. کە دایە زارا هاتەوە، ڕەنگ بە ڕووخسارێوە نەمابوو. بۆخۆی سپی وجوان بوو، بەڵام دیار بوو زۆریان ترساند بوو هەرچی لە دایە زارامان پرسی بۆ کوێیان بردووی؟ توانای وڵام دانەوەی نەبوو.
ئێمە زۆری بۆ بەپەرۆش بووین. دایە زارا زۆر مات و کز بوو. دەگریا چ گریانێک! بەڕاستی جەرگبڕ بوو. ڕۆژێک هاتن کوتیان پاسدارەکان لە جیبهەی خۆینیان دەوێ هەر کەس خۆێن بدا، ملاقاتی حزووریان دەدەینێ، بڕێک لە کچەکان چوون و خۆێنیان دا. زۆربەی ئێمە نەچووین ئەوە بوو بە دووبەرەکییەکی زۆر لە ناومان دا. بووین بە دژی یەکتر و نێو و نرتکەی جاش و تەواب و شتی وامان بە یەکتر دەگوت.
شەوێک من و چەند کەس لە کچەکانیان بانگ کرد و بردیانین بۆ مەیدانێک کە دوایی زانیمان نێوی مەیدانی تیرە. لەوێ دەنگی فرۆکە دەهات. چاوی ئێمەیان بەست. کاتێک چاویان دەبەستین، کچێکی خەڵکی مەرەند گوتی ئاگاتان لەخۆتان بێ هیچ نەڵێن ئێعدامی جەعلیمان دەکەن لە مهاباد جارێک لە حەوشی زیندان ئێعدامی جەعلییان کردبووین بەڵام، هێندە دەنگە دەنگ نەدەهات.
ئێمەیان ڕیز کرد و دەنگی ڕێژنەی گووللە دەستی پێکرد هەستێکی زۆر ناخۆش بوو نەماندەزانی کەسیان کووشتووە یا کەس برینداربووە؟ دەستمان لە خۆمان دەدا تا بزانین فیشەکمان وێکەوتووە؟ لەولاش قاقای پاسدارە نەخۆشەکان گوێچکەی مرۆڤی کەڕ دەکرد. سەرمای پاییزی لێ کردبووین بە چلەی زستان. هەستێکی ئەوەندە ناخۆش بوو کە توانام نییە بە نووسین وێنای بکەم. نازانم بۆ ئاوایان لێکردین و مەرگیان پێشان داین؟ ئاخۆ ئەو خوێنمژانە کە تام لە بۆنی خوێن و چێژ لە دیتنی مەرگی مرۆڤەکان دەبینن، لینگەفرتە و دوا قرخەقرخی پێش گیاندانی مرۆڤەکان دەبینن چ هەستێکیان پێ بدات؟ ئاخۆ دەیانویست گرێ و گۆڵی دەروونیان لەو بوارەوە سارێژ بکەن؟ یان دەیانویست فیلممان لێهەڵگرن، چوون لە ژێر چاوبەندەکە جاروبار هەستمان بەرووناکاییەکی نامۆ دەکرد.
من خۆم زۆر ترسابووم. هەموو گیانم دەلەرزی. پێموابێ هاوڕێکانی دیکەش وەک من بوون. نازانم ئەو ئەشکەنجەیە چەندی پێچوو بەڵام پاش ماوەیەک گەڕاندیانیوە نێو بەند. من خۆم هێندەم سەرما بوو بەهیچ گەرم نەدەبوومەوە. دایە زارا هاتە لای من گوتی بۆ کوێیان بردن؟ منیش هەموو بەسەرهاتەکەم بۆ گێڕایەوە. گوتی ئەو شەوە منیشیان وا لێکرد. ئەو کە بەسەرهاتی خۆی بۆ گێڕامەوە غەمی خۆم لەبیر چوویەوە. دایە زارام لە باوەش کرد و هەر دووکمان هۆڕ هۆڕ گریاین. زۆر بێکەس بووین، نەمان دەوێرا بەدڵی خۆمان قسە بکەین، نەمان دەتوانی هەستی خۆمان دەر ببڕین ،تەنانەت نەماندەتوانی بە زمانی خۆمان قسە بکەین، دەردمان زۆر گران بوو، ڕق و قین لە پاسدار و موجاهید و تەواب هێزی لێ بڕیبووین. کەسانی زەعیف بۆ وەرگرتنی ئیمکاناتێکی بچکۆڵانە خۆیان دەفرۆشت و ئەوە ئێمەی زۆر ئازار دەدا.
درێژەی هەیە