Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بیرەوەرییەکانی ناو زیندان – کەژاڵ بلوری – بەشی یەکەم

ئەو ڕۆژەی کە ئێمەیان لە بەندیخانەی مهاباد بەرەو تەورێز تەبعید کرد

نووسینی: کەژاڵ بلوری

بەشی یەکەم

لە رۆژێکی گەرم و بێ دەنگی مانگی جۆزەردان، کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ، من و خوشکم خۆمان ساز کردبوو و چاوەڕێ بووین بێن لە دووامان و بڕۆین بەرەو “حاجی‌ئالیکەند” کە ئەوکات مقەڕی ناوەندی ‌کۆمەڵەی لێبوو. من لە دەرگا هاتمە دەرێ تا بزانم ماشێنەکە هاتووە؟ دیم لەو بەری ماڵەکەمان راوەستاون و چاوەڕێی ئێمەن و بەهۆی ئەمنییەتییەوە بڕێک دوورتر لە ماڵ ڕاوەستابوون، هاتمەوە ژوورێ بەچاو بە خووشکمم ڕاگەیاند کە دەبێ بڕۆین. لەو کاتەدا لە دەرگایان دا. من چووم دەرگا بکەمەوە بە ناباوەڕی دیم کە پاسدارن، زۆر ترسام و  بە خۆمم گوت ئێستا هاوڕێیانمان دەگرن! پاسداڕەکان گوتیان ئێمە هاتووین بەدوای فڵان کەس دا، ناوی خووشکمیان بردوو منیش گوتم وا نابێ، من دەبێ کارێک بکەم، با پاسداڕەکان سەرگەرم کەم و تەفرەیان دەم. پێمگوتن کوا نامەتان؟ لاپەڕەیەکیان نیشان دام و من گوتم ئەوە قانوونی نییە. تەواو وەخت بەدەنگی بەرز قسەم دەکرد تا ماڵەوە ئاگادار بن و خوشکم بتوانێ دەرباز بێ، پاسدارەکە هەر قسەی دەکرد و منیش هەر هۆشم لە لای هاوڕێیان بوو کە لە ماشێنەکە دا بوون و لای خوشکم کە بتوانێ دەرباز بێت، لەناکاو پاسداڕەکە پاڵی پێوەنام و ویستی بڕواتە ناو ماڵێ. لەو کاتەدا من پەلاماریم دا و لەپشتەوە ڕا یەک زللەم لە پشت ملی دا و ئەوانی دی کە ئەوەیان دیت، گوتیان “برادر برگرد” منیان دەست بەسەر کرد و بردیانم. بە قیژە و هەڵای من جیرانەکان هاتنە دەرێ و دەستیان کرد بە ناڕەزایەتی و گوتیان ئەو منداڵە بۆ کۆێ دەبەن؟ بۆماوەیەک پێشیان بە ماشێنەکە گرت. من تەواو هۆشم لە سەر خوشکم و هاوڕێکان بوو و هیوام بوو زوو وەڕێ کەون تا ئەوان لە ئەمان دابن.

کەژاڵ بلوری، زیندانیی سیاسی و نووسەری ئەو بیرەوەرییانە لەو تەمەنەدا کە گیرا بوو

لەو کاتە دا ماشێنە کە ڕۆیشت و پاسدارەکانیش منیان بردە بەندیخانەی مهاباد کاتژمێرێک تێپەڕی و منیان بانگ کرد بۆ بازجویی و گوتیان تۆ خوشکت دەرباز کردووە منیش گوتم من بەتەنیا لە ماڵێ بووم و ئەو شتە درۆیە، دوایی گوتیان بۆ لە پاسداڕەکەت داوە گوتم بێ ئیزن دەیەویست بێتە ماڵمان.

پاش جنێو و تەوهینێکی زۆر، بردیانم بۆ ژووری ئەشکەنجە، لە ڕێگادا بۆ ژووری ئەشکەنجە چاویان بەستبووم و بە تەنافێک یان پەڕۆیەک کە سەرێکی بەدەست پاسداڕێکەوە بوو سەرێکیشی بەدەست منەوە بوو منیان بەچاوی بەستڕاو دەکێشا چەند جار گوتم بۆ کوێم دەبەن؟ کە بە بێرێزی و جنێو هەوڵی بێدەنگ کردنیان دام. لە رووناکایی و گەرمای خۆرەتاو هەستم پێکرد لە حەوشێکین، لای خۆم گوتم ئێعدامم دەکەن. دڵم گیرا و یادی دایکم دەکرد و پێمخۆش بوو بیبینمەوە، خەم و ماتەمێکی سەیر دایگرتم.  لە لای خۆمەوە بڕیاڕم دەدا دەبێ خۆڕاگر بم  و چاوەڕوانی هەموو ئازارێک بکەم. ئەوە شۆڕشێکە کە هەڵمان بژاردووە و دەبێ خۆینی بۆ بدەین. لەو بیرانە دا بووم و بەهەستی خۆم بردیانمە ژێرزەمینێک. ژوورەکە زۆر فێنک بوو، چاویان کردمەوە ژێرزەمینێک کە پەنجەرەیەکی بچکۆڵانەی تێدابوو و لە وێڕا کەمێک ڕووناکایی دەدرا بە ژوورەکە، تەختێکی ئاسن لە نێوەڕاستی ژێرزەمینەکە بوو بۆنی برش و خۆێن تێکەڵ ببوون. چەند دانە تەنەکە کە ئاویان تێدابوو و چەند دانە پەتووی ڕەش لەسەر تەختەکە و خوارەوەی تەختەکە بڵاو کرابوونەوە. ترسێک و هەستێکی سەیر  دایگرتم بەڵام،  لە دڵی خۆم دا خۆم دڵیداریی خۆمم دەدایەوە و ورەم دەدایەوە بەر خۆم. بەخۆم دەگوت تۆ خوشکی شەهید کەریم و رەحیمی، دەبێ خوڕاگر بی.

هاواری پاسدارەکە دایچڵەکاندم  و گوتی:

  • بخواب!
  • گوتم: نە، چرا بخوابم؟

لەوکاتەدا پاسداڕێکی دیکە هاتو و گوتی:

  • خانم قهرمان، برادر ما رو میزنی؟
  • گوتم: بدون اجازە میخواست وارد خونەمون بشە…

بە زللەیەک کە لە دەم و چاوی دام و بە زۆر ڕایانکشاندمە سەر تەختە ئاسنەکە و دەست و لاقیان بەستمەوە. ترسێکی سەیر و بێزارییەکی بێهاوتا تەواوی بیر و جەستەی داگرتبووم .

هەزاران بیرو فکر لە مێشکم دا دەهاتوو دەچوو حەتا بە لێدانی کابڵێک و قامچییەک وەخۆ هاتمەوە . ئێشەکەی هێندە سەیربوو کە مێشکم لەکار کەوت، بەقیژەیەک کە لەناخمەوە هات، وەخەبەر هاتم.

لەو کاتە دا ئاهەنگێکیان دانا کە قیژەکەم نەڕواتە دەر و پەتۆیەکی ڕەشی پیسی بۆگەنیویان لە دمم نا کە نەفەس کێشانی بۆ سەخت کردبووم، شەلاقەکان بەردەوام دەوەشێندران و ئێشێکی یەکجار زۆری هەبوو، ئێشەکە مێشک و تەواوی جەستەمی داگرتبوو، من هەر بیرم لە دایکم دەکردەوە و وره‌ی خۆم دەبردە سەر، لاقم سڕ ببوو، بەچاوی ئاوەڵە دیم پاسداڕەکە هەر شەلاق دەوەشێنێ و من ئێشم نایە، لە دڵی خۆم دا جنێوم پێدەدان، کە لە ناکاو پاسداڕەکە تەنەکەیەکی ئاو هەڵگرت و بە لاقمی داکرد. ناتوانم ئەو ئێش و ئازارە بەهیچ زمانێک و بەهیچ وشەیەک باس بکەم.  رشتنی ئاو بە سەر لاقم، لە سڕبونی هێنایە دەر و دووبارە شەلاق و جنێو و پرسیار. لای خۆمەوە گوتم با هەر لێمدەن لەوەی خراپتر نابێ، هێندیان لە لاقم دا کە قامچییەکە پچڕا و بە سیمی ناو کابڵەکە خۆێن لە لاقم فیچقەی کرد و تەواوی دەم و چاوی پاسداڕەکە بوو بەخۆێن، رق و تووڕەییەکی قووڵ لە هەڵس‌وکەوتی پاسدارەکەدا بەدی دەکرد و نەخۆشییەکی پیسی دەروونیم تێدا دەبین.ئەو کە خوێنی لاقی منی بە دم و چاوی پڕژابوو، نازانم لە ترسی خوێنەکە بوو لە لە ڕقان بوو، بە هەموو هێز و توانای خۆی شەقێکی لەزکم دا و بە پاسداڕەکەی گوت بۆ ئەوڕۆ بەسە.

لابردنی پەتۆ پیسەکە لەسەر دەمم وەک ئەوە وابوو ژیانێکی تازەم پێ ببەخشنەوە. کاتێک برینە قوڵەکانی لاقم دیت، زۆر دڵم بەخۆم سووتا، لاقێکی هەڵماساو و ئەستوور و پڕ لە خۆێن کە ڕەش ڕەش داگەڕابوو. پاسداڕەکە گوتی هەستە سەر پێ. هەوڵمدا لەسرپێ ڕاوەستم، بەڵام نەمتوانی لە سەر پێ ڕاوەستم، زۆرم بەزەیی بەخۆم داهات بە دانیشتنەوە ویستم دمپایەکانم لە پێ کەم بەڵام، نەدەچۆ نێو لاقم ئاخر لاقم هەڵمسا بوو. پاسداڕەکە پێکەنی و گوتی ناتوانی دمپایەکە لە پێ کەی دەبێ پێ پەتی بی. سەرلەنوێ چاوی بەستم وبەتەنافەکەی دەستی منی ڕاکێشا .  ئێشی لاقم هێندە زۆر بوو نەمدەتوانی بڕۆم و ئەویش بێبەزەییانە منی لە دوای خۆی ڕادەکێشا.

لەحەوشەکە بەردی تیژی لێ بوو کە بەهەر قەدەمێک بەردەکان دەچوون نێو لاقم و ئێشەکەیان سەد بەرابەر زیاتر دەکرد. لە گۆشە و کەنارەوە گوێم لە قیژەی کچ و کوڕان دەبوو کە دیار بوو ئەوانیش وەک من ئەشکەنجە دەدرێن، هەروا کە پاسداڕەکە منی دەکێشا و منیش نەمدەتوانی بڕۆم و جنێوی دەدا کە کاری هەیە دەنگی ئاهەنگی (نوحە) سەرمی وە ژان هێنابوو، سەرم لە گێژەوە دەهات. نازانم نەو ڕێگایە چەندە دوور و درێژ بوو کە دەنگی شریخەی کلیل وەخۆی هێنامەوە و چاوم کراوە و دیم لە ژوورێکی بچکووڵانە دام.

چوار دیوارێک کە نەتدەتوانی لاقتی تێدا ڕاکێشی دوو پەتووی ڕەشی بۆگەنیوی پیس لە گۆشەیەک داندرابوو. کولانەیەکی چکۆلە لە نێوەڕاستی درگایەکی ئاسنی ئەستوور دابوو، لەسەر دیوارەکان نووسڕاوەی زۆر هەبوو. ئێش و ئازاری خۆم لە بیر چۆوە و گوتم با نووسڕاوەکان بخۆێنمەوە .هەموویان زۆر جوان بوون. لاقم هەر خۆێنی لێدەهات.

“بەقامکم خۆێنم هەڵگرتوو لەسەر دیوارێکی سپی نووسیم ئێمە ناسرەوین”

خۆێنێکی زۆر لە لاقم دەڕۆیشت گوتم دەبێ کارێک بکەم، بە لەچکەی سەرم لاقمم بەست تا زۆرتر خۆێنرێزی نەکا، بێ حاڵ ببووم توونیم بوو ، هیچ لە ژوورەکەی نەبوو هێزم تێدا نەمابوو، بەهەر جۆرێک بوو دەستم بەدیوار گرت و هەستام و لە درگام دا. پاسداڕێکی ڕدێنپیس درگای کردەوە گوتم:

  • لاقم خۆێنی لێدێ و توونیشمە
  • گوتی: لەچکەکەت بەسەر دادە.
  • گوتم: نیمە، لاقم پێ بەستووە.

بڕێکی پێچوو چاشێوێکی بۆ هێنام دەگەڵ توونگێک ئاو کە بۆنی ژەنگی لێدەهات.  ئاوەکەم خواردەوە و نازانم نووستم یا بێهۆش ببووم، کاتێک چاوم کردەوە، دیتم خانمێک لە  ژوورەکەیە کە دوایی زانیم ناوی شەوکەتە و لە نەخۆشخانە کاری کردۆ، زۆر مێهرەبان بوو لە ژێر لێوی دەیگوت دەستیان بشکێ چۆن دڵیان هاتووە وا لەو کچە منداڵەی بدەن؟ لاقمی دەرمان کرد و بردیانە دەرێ.  خۆێنی لاقم بە هیچ جۆرێک ویشک نەدەبوو، نانەکەی زیندانیش هێندە ناخۆش بوو نەتدەتوانی بیخۆی، تەنیا شتێک کە دەمخواردەوە ئاوە بۆگەنەکە بوو، ڕۆژی دوایی شەوکەت خانم هات بۆ لام و لە ژێر چارشێوەکەی دا بڕێکی شیرینی بۆ هێنام و زۆر دڵ نیگەران و نارەحەت بوو.

تەواوی پەتوویەکە خۆێناوی بوو و بۆنی خۆێنی ویشکی لێدەهات.  گوتی:

  • لە هەموو جێیەک باست دەکەن کە تۆ لەمنت داوە.
  • گوتم: تۆ بە زۆر و بێ ئیزنی دادستان دەتهەویست بێیە ماڵی ئێمە، من کارێکی خەتام نەکردووە.

بەچاوی بەستڕاوەوە هەستم کرد کەسێک لێم نیزیک بۆوە یەک زللەی لێدام . گوتم:

  • ئێوە نەخۆشن و هەر لێدان و زۆری دەزانن و دەبێ بڕۆنە لای دووکتوور.

دووبارە بردیانمە ژێرزەمینی ئەشکەنجە و ئەوجارە هیچ بۆم نامۆ نەبوو، ورەم جۆرێکی دیکه بوو، خۆشحاڵ بووم کە خەڵک زانیویانە من توانیومە لە پاسداڕێک بدەم و ئەوە هێزێکی زۆری پێ دام. ئەو جار ئێش و ئازار و دەردەکە جۆرێکی دیکە بوو، هەستم بە بچووکی نەدەکرد. ئەوانم پێ چکۆڵە و بێ غیرەت بوو کە دەیانەوێ بەزۆری و بە ئەشکەنجە قسەمان لێ دەرکێشن و دەسەڵاتداریمان بەسەر دا بکەن، وەبیر کاک ئەحمەدی شەعبانی کەوتمەوە، ساڵی ٥٩ کە دەسگیر کرابووم، کاک ئەحمەدم دیت کە تەواوی جەستەی بریندار بوو خۆێنەکەی بە جلەکانێوە ویشک هەڵاتبوو، دیار بوو زۆری ئێش و ئازار هەبوو بەڵام هێندە خۆڕاگر بوو کە هەمووکات دروشمی دەدا بژی کۆمەڵە، بژی سوسیالیزم دوواتر بیستم لە ژێر ئەشکەنجە دا گیانی لە دەست دا. ئەوکاتەی من شەلاقم دەخوارد بیری خۆڕاگڕی ئەو  هانی دەدام کە منیش بتوانم وەک ئەو خۆڕاگڕ بم و مێژووی خۆڕاگڕی و سەروەری وڵاتەکەمان بە دووژمن بناسێنین. دووپات بوونەوەی ئەشکەنجە و ژووری تاکەکەسی ئاسایی ببۆوە و خەریک بوو پێ ڕادەهاتین دووای ماوەیەک ئەو هەموو ئازاری نەدەداین، وەک وەی لێهاتبوو جەستەمان خارابێ. نازانم چەند مانگ بوو بێ ئەوەی بنەماڵەکەم ببینم لە ژووری تاکەکەسی بووم ، بۆ ئەوەی نە سەعاتمان هەبوو و نە دەمانزانی کەی شەو و ڕۆژ دەگۆڕدرێ، ڕۆژەکانی تاکەکەسی تەنیا بەدڵدانەوەی خۆم و بیرەوەری ڕابردوو  و گوێ گرتن لە سروودی شۆرشگێڕانە کە لە ژوورەکانیترەوە دەبیسترا، واێدەچوو ئەوانیش بۆ ورەدان بەخۆیان و هاوڕێیانیان دەیانگوت، زۆر رووح بەخش بوو.

دوای ماوەیەک منیان هێنا ژووری گشتی، لەوێ چاوم بە زۆر کەسی ناسیاو کەوت کە مەجبوور بووین بەدزی یەکتر لە باوەش بگرین تا نه‌بێتە هۆیەک بۆوەی بڕۆینە ژێر چاودێری.

لەو ژوورە دا کەسانێکم دیت کە تەمەنیان تەنانەت ژێر ١٥ساڵ بوو، بەو تەمەنە کەمەی  خۆمەوە دڵم بۆ ئەوان دەسووتا. لەو ژوورە دا هاو بەندێکانم زۆریان ئاگا لێم بوو. دڵم زۆر خۆش بوو. هەستم دەکرد غەریب نیم. چەند ڕۆژێک گووزەرا، ڕۆژێک پاسداڕێک هات و حووکمی بڕێک لە کچەکانیان خۆێندەوە بێ وەی کە نە دادگایی کرابین و نە تاوانێکمان لەسەر سەلمێندرابێ، لەگەڵ هەر نێوێک کە دەیان خۆێندەوە خۆرپە دەکەوتە دڵمان. حوکمەکان وەکوو مێوژ وکشمیش بوو. من هەشت ساڵم بۆ بڕابۆوە، سێ ساڵی قەتعی بوو و پێنج ساڵیش تەعلیقی. کەمترین حووکم سێ ساڵ بوو.

ڕۆژ دەهات و شەو دەڕۆیی لە ژوورێکی بچووک دا نازانم چەندکەس بووین ، بەڵام جێگامان زۆر تەنگ بوو  شەوانە نەماندەتوانی لاقمان درێژ کەین، کەسانێک بەبیرو ڕای جیاواز و زیاترین تەمەن ڕەنگە ١٨ساڵی بایە ، بڕێک لەوان تۆبەیان کردبو و تەواب بوون کە ئێمە لە بەر ئەوان زۆر کەممان قسە دەکرد و زۆرتری قسەکانمان بە ڕەمز بوو، نازانم چۆن ئەو رەمزانە فێر ببووین و ئێستاش هیچم لە بیر نایەتەوە. دوای خۆیندنەوەی ناوەکان ، ڕۆژێک هاتن و گوتیان ئەوانەی حووکمیان دراوەتێ جل و بەرگیان کۆ کەنەوە بەڕێیان دەکەین بۆ بەندیخانەی تەورێز، نێوەکانیان خۆێندەوە و ناوی منیشی تێدابوو، دڵمان زۆر گیرا، هەرچەند هەر لەو شارە تائێستا ملاقاتمان نەبوو بەڵام هەر دڵمان خۆش بوو کە لە شاری خۆمانین و هەستمان ئەوەندە نامۆ نەبوو ، خەم وتەمێکی زۆر دایگرتین کە زۆر قوورس بوو،  لە ناکاو کچێک بەناوی ف ح  بەگۆرانی لەسابڵاغێ وەدەر کەوتم، لە گوڵەزەردان وەسەرکەوتم دڵگرانی شکاندین و هەموو مانی وەگریان خست. هەستێکی سەیر بوو کە هیچ ووشەیەکی بۆ نادۆزمەوە. دوای چەند کاتژمێر  بەخۆێندنەوەی نێوەکان ماڵ‌ئاواییمان لە هاوڕێیانمان کرد وهە ستێکی تێکەڵ بەوەی کە ئەوان لە شارەکەمان دەمێننەوە لە ناخمان دا گەشەی کرد، نازانم چەند کەس بووین بەڵام دوایی کە لە مینی‌بوسەکە سەرکەوتین هەموو جێیەکانی مینی‌بوسەکە پر بوو، ئەوانەی وا لە بیرمن پەروین، فرشتە، دایە زارا کە تەمەنی٦٤ساڵ بوو لەگەڵ کچەکەی، مەرزە، کوبڕا و………

مینی‌بوسەکە لە بەندیخانەی مهابادێ ڕا وەڕێ کەوت  و نیگەهبانەکە گوتی ئیزنتان نێ دەرەوە چاو لێکەن، هەستێکی غەریب دڵی دەکووشین، نەمدەزانی داهاتوومان چۆن دەبێ و چمان بە سەر دێ؟! هەموو شتێک نادیار بوو، لە بەنددا بی، دوور لە شار و دایک و بابت و هاوڕێ و دۆستانت بی، هەستێکی یەکجار ناخۆشە. من بە دزی گۆشەی پەردە ڕەشەکەم هەڵداوە کە لەو کاتەدا بەسەر پردی تازەدا دەڕوویی خۆم بۆ ڕانەگیڕا و فرمێسکەکانم هاتنە خوارێ، هەستێکی یەکجار ناخۆش و ماڵئاوایەکی دڵتەزێن، بەڵام ئێمە فێرببووین خۆڕاگڕ بین و وڕەمان بەرز بێ و نەهێڵین دووژمن فرمێسکمان ببینێ، خۆم بەو شتانە دڵخۆشی داوە و جارێکی دیکە سووچی پەردەکەم هەڵداوە  دیتم لە جادەی مهاباد ـ میاندۆاوین.

نەمر مەعسومە سەرهەنگی

لەو کاتەدا بێسیمێک کرا.  پاسدارەکە بەدەنگی بەرز جنێوی بە کۆمەڵە دەدا. زانیمان شتێک قەوماوە، لە قسەکانی ئەو وا تێگەیشتین کە گۆیا پێشمەرگەی کۆمەڵە لەو دەور و بەرەن. ئەوە بۆ ئەوان ناخۆش بوو بەڵام بۆ ئێمە هێز و وڕە و خۆشییەکی بێهاوتا بوو. گۆیمان لە تڕپەی دڵی یەکتر دەبوو. واماندەزانی پێشمەرگە هاتوون ئێمە ڕزگار بکەن.  ئەو خۆشییە تا لە زینداندا بووین هەر لە دڵماندا بوو.

بە ڕق و قینێکی زۆرەوە ماشێنەکە سەری هەڵگەڕاندەوە و گەڕاوە بەندیخانەی مهاباد.  هەموومان زۆر خۆشحاڵ بووین من و مەعسووم یەکترمان لە باوەش گرت و گوتم دوازدەی گووڵان(نێوی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو) لە سەر ڕێگامان بوون، لە پێکەنینە جوانەکەی‌ڕا دیار بوو زۆر دڵخۆشە، ئەو هەستە جوانە، ئەو هیوایە هەر چەند نەماندەزانی وا بوو یانا، بەڵام تەنانەت ئەگەر لێکدانەوەی خۆشمان بوبێ، دڵخۆشی کردین، ئەوانەی دەمانزانی لە خۆشیان چاومان بریقەی دەدا. تاماوەیەکی زۆر دڵخۆشی هەر بەری نەدەداین، هەڵە نەبم یەک حەوتووی بەسەر داچوو دووبارە نێویان خۆێندینەوە و سواری مینی بوسێکیان کردین بەڵام ئەوجارە شەو بوو. هەموو وڵات تاریک بوو کاتێ پەردەی مینی‌بوسەکەم هەڵداوە هیچم نەدیت، ئەوکات شار حکوومەت نیزامی بوو، شارێکی ئارام و بێدەنگ، دووبارە دڵ تەنگی و دڵڕاوکێ و بێ هیوا بەداهاتوو مێشکی تەنین.

درێژەی هەیە