نووسینی سەعدوون فەرەج
هاوڕێ یانی خۆشەویستم، لە پاشکۆی یادەوەریەکانم، کە ئومێدەوارم بە چاپ بگات و بکەوێتە دەستی خوێنەران، بابەتێکم نوسیوە دەربارەی ڕەوایەتی و ناڕوایەتی سزای مەرگ، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگار بوونەوەی سزای لە سێدارە، دەیخەمە بەردیدگاتان، هیوا دارم کاتێکی کەم تەرخان بکەن و بەدڵتان بێت ، تا خۆمان لە بەرەی دژی مەرگ و کوشتن ببینیەوە و رێزی بەهاکانی مرۆڤ بوون بکەینە کلتور . ئەمە دەقی پاشکۆکەیە:
ڕەوایی ناڕەوایی سزای مەرگ
بەشی زۆری ژێرخانی فکری و پەروەردەیی و لە دەرئەنجام دا هەڵوسوکەوتی مرۆڤ بەرهەمی ئەو ژینگەیە کە تیادا لەدایك بووە و گەورە بووە. ڕاستە لەگەڵ کامڵ بووندا توانای بیرکردنەوەی زیاتر دەبێت، کەمینەن ئەو کەسانەی کە ئازادانە بیر بکەنەوە، و لە تەلیسمی ژینگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا خۆیان ڕزگار بکەن و بەتەنها بڕیار بدەن. بە بۆ چوونی من، نابێ مرۆڤ لەسەر بیرو بۆ چوونی سیاسی سزا بدرێت. نەخوازەڵا سزای مەرگ، بەڵام ئیتر ئەوە واقیعی ئەو ووڵاتانەیە کە ڕژێمی دیکتاتۆری تیادا دەسەڵات دارە، ئەو ڕژێمانە زۆر بەیان لەڕێگای کودەتای سەربازی یەوە کورسی دەسەڵاتیان دەست بەسەرا گرتووە، بۆیە نایانەوی دامەزراوە دیموکراتی یەکانی بەڕێوە بردنی دەوڵەت، دروست بکەن و پەرەی پێبدەن، ئەگەر دروستیشی بکەن لە چوار چێوەیەکی ڕواڵەتی دایە، هیچ ڕۆڵی لە بەڕێوە بردنی کۆمەڵگا دا نیە. هەر بۆیە ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی یە کارێکی نەگەتیڤی دەبێت لە سەر خودی تاك، بۆیە ئەگەر هێزەکاریگەرەکانی کۆمەڵگا بڕیاری بنیات نانی کۆمەڵگەیەی دیموکراتی بدەن و هاوووڵاتی جەرگەی ئامانج بێت، کە دیموکرانی لە خەڵکەوە و لەپێناوی خەڵکدا بێت، لەو کاتەدا دەسەڵات پێویستی بە ڕاوە دونانی خەڵک و چالاکەوانی سیاسی نابێت و نە زیندانی پێویستە و نە یاسایەکی وا کە سزای مەرگ و زیندانی بەسەر کەسانی سیاسی بەرەی بەرهەڵسکار دا بدات.
هەرچی ئەو کەسانەی کە تاوانی کوشتن و بازرگانی مادە هۆشبەرەکان و تاوانی تری کۆمەڵایەتی تر ئەنجام دەدەن. ئەوانیش ڕووبەڕووی سزای مەرگ دەبنەوە، ئەوانیش وەك مرۆڤ و هەڵسوکەوتەکانیان بەرهەمی ژینگەی کۆمەڵگان کە دەسەڵات بەرپرسە لە بوارەکانی پەروەردە و گەشەیی مرۆڤی تا کۆمەڵگایەکی سەقام گیر و ئارام پێك بێت، لەگەڵ ئەوەشدا تا داپەروەری بەرقەرار بێت، با بە سزای زیندانی سزا بدرێت و هەر کەسە و بەپێی قەوارەی تاوانەکەی کە یاسایەکی هاوچەرخ و شارستانی دیاری بکات. بۆ من پاش ئەو ئەزموونەی خۆم کە ماوەی حەفتاو دوو ڕۆژ لە بەشی مەرگ( سێدارەدان) لە ئەبوو غرێب مامەوە، ژیان و مەرگم تەنها تاڵە موویەك نێوانیان بوو، لەو ماوەیە دا ، گوێم لە گفتارو هەستم بە خۆزگە و پەشیمانی و ئومێدی زیندانیەکان دەکرد، خەویان بە چانسێ تر ی ژیانەوە دەبینی، بەمەرجێ ئەو مرۆڤانە بە تاوانی سیاسی حوکم درا بوون، لە یاداشتەکانمدا ئاماژەم بەو هەستە مرۆڤیانە کردوە، بە ئاسانی خوێنەر هەستی پێ دەکات.
هەر بۆیە هەڵوێستم نایە نا نا بۆ سزای مەرگ
سزای مەرگ, کە بە شێوەی جیاواز جێبەجێ دەکرێت و گیانی مرۆڤێکی پێدەکێشن، دیاری ترین جۆری ئەو سزایە لە سێدارەدانە، ڕەوایەتی وناڕەوایەتی ئەو سزایە، پرسیارێکە لە هەموو کات و سەردەمێکدا، لەناو کۆمەڵگاو نخبەی سیاسی دا هەمیشە بە دوو دیوەکەی دەمێنێتەوە، لەوەی ناڕەوایە یان ڕەوایەتی بە جێبەجێ کردنی ئەو سزایە دەدەن، و هەر لایەکیش کۆمەڵێك پۆزش بۆ بۆچونەکانیان دەهێننەوە.
لە دوای جەنگی جیهانی دوومەوە، ڕەوتێکی بەردەوام هاتە کایەوە هەنگاوی بەرەو هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان دەدا. بۆ پشت ڕاست کردنەوەی سروشتی نا مرۆڤانەی ئەم سزایە ئاماژە دەدەم بە ڕێکخراوی ( ECPM ) پێکەوە بەرەو نەهێشتنی سزای مردن و پاراستنی مافی مرۆڤ کە لە پاریس دروست بوو، هەوڵی تەواو دەدات بۆ یەك دەنگی لەسەرانسەری جیهاندا، و کاردەکات بۆ ڕاگرتنی ئەو سزایە بەهەر چ بیانویەکەوە بێت، هەوڵەکانیشیان سەرکەوتوو بوە، لە پێناوی ئەو ئامانجەدا، دە هۆکاریان بۆ نەهێشتنی سزای لە سێدارەدانی دەست نیشان کردوە، من دەمەوێ لێرەدا وەك خۆیان ئاماژە بەو دەخاڵە بکەم، من بە بەهایەکی بەرزەوە دەینرخێنم ، بەهیوام لای ووڵاتی ئێمە ودونیادا ئەو ئامانجە بێتەدی، سزای مەرگ نەمێنێ.
یەکەم : سزای مەرگ دژی مافی مرۆڤە
ژیان مافێکی بنەڕەتییە کە لە چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤدا جێگیر کراوە.لە مادەی سێیەمی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ هاتووە “هەموولە کەسێک مافی ژیان و ئازادی و سەلامەتی کەسی هەیە”.: “هەروەها لە مادەی شەشەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان هاتووە: مافی ژیان مافێکی بنەڕەتی هەموو مرۆڤێکە . دەبێت یاساکان ئەم مافە بپارێزن، وە نابێت هیچ کەسێک ئەو مافەی لێ زەوت بکرێت لە ژیان بێبەش بکرێت”هەروەها لە مادەی یەکەمی پرۆتۆکۆڵی دووەمی ئیختیاری پەیماننامەی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، کە تاکە پەیماننامەی نێودەوڵەتییە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی سزاکەی تێدایە. هاتووە “هەموو دەوڵەتێکی ئەندام دەبێت ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەری دا
دووەم : سزای مەرگ ڕێگەلە تاوان ناگرێ
سزاکە لە بەرەنگاربوونەوەی تاوانکاریدا کاریگەرە، بەڵام ئاسایشی کۆمەڵگا ناپارێزێ.
کاتێک دەوڵەت بەبێ بەها سەیری ژیان دەکات، ئەم تێڕوانینە لەناو هاوووڵاتیاندا بڵاودەبێتەوە ،ئەمەش بەهێچ شێوەیەك سەقامگیری و ئاسایشی کۆمەڵگا زیاتر ناکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە. وە هەرگیز ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، کە سزای لەسێدارەدان کاریگەرە لە ڕێگری کردن لە تاوان. چەندین لێکۆڵینەوە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە توندوتیژی دەبێتە هۆی توندوتیژی،هەموو ئەو وڵاتانەی سزای لەسێدارەدان تیایان دا جێبەجێ دەکرێت، ڕێژەی تاوان تیایاندا بەگشتی زیاترە لە چاو ئەو وڵاتانەی کە سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندووەتەوەلە
بەپێی ئاماژەی کۆنگرەی ئاشتی جیهانی لە ساڵی ٢٠١٩ دا، لە ئاستی جیهاندا بیست دەوڵەت کە ناسراون بە ئارام ترین و ئاسایش تیایاندا بەرقەرارە، تەنها سێ دەوڵەتیان سزای مەرگ پەیڕەو دەکەن.
سێهەم : سزای مەرگ تۆڵەیە نەك دادپەروەری
سزای مەرگ بازنەی توندوتیژی و ئازارەکان بەردەوام و چەق بەستو دەکات، بەڵام دادپەروەری بەپێچەوانەی ئەوەوە ، ئامانجی ڕێکخستن و چاکسازییە لە دۆخەکەدا. بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان، خودی چەمکی دادپەروەری لەو وڵاتانەی کە ئەو سزایە جێبەجێ دەکەن، لاواز دەکات. درێژە پێدەری یاسای تۆڵەسەندنەوە یە، کە باوباپیران پەیڕەویان دەکرد لەسەر بنەمای تاوان و سزا، بە دەستەواژەی “چاو لەبری چاو، دان لەبری دان” هێمای بۆ کراوە، ماهاتما گاندی دەڵێ: ئەگەر چاو لەبری چاو بێت، دنیا بێ چاو دەبێت.
چوارەم : سزای مەرگ گەڕانەوەی نییە
“هەڵەیەکی دادگا بە بڕیاری سزای مەرگ دەبێتە هۆی کوشتنی مرۆڤێکی بێ تاوان.
ئەو هۆیانەی سەرەکین لە بڕیاری سزای لەسێدارەداندا، بریتین لە نەبوونی زانیاری تەواو و لاوازی توانا و نا سەربەخۆیی پۆلیس و دەسەڵاتی دادوەری. هەروەها لاوازی لایەنی بەرگری کار ، لە زۆرێک لە وڵاتان ئەوانەی ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە، لە لەیەن دادگاکانەوە، پارێزەریان بۆ دادەنێن، ئەو پارێزەرانەش هیچ لێهاتوویی بەرگری کردنی باشیان نیە لەو کەسانەی کە ڕووبەڕووی ئەو سزایە دەبنەوە
،لە ساڵی ١٩٧٣ ەوە لە ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا، ١٦٧ کەس کە سزای مەرگ درا بوون، بێتاوانیان پشت ڕاستکرایەوە.
پێنجەم : سزای مەرگ ئەشکەنجەدان
بارودۆخی ناخۆشی دەستبەسەرکردنی سزا دراوانی مەرگ ، ئازاردانی دەروونی و شێوازی لەسێدارەدانیان زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە یە و ڕیسوای یە. هەر سزایەك مرۆڤەکە بێ هیوا بکات، لە ڕاستیدا ئەشکەنجەیە. ئەوانەی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لە ترسی بەردەوامدا دەژین کە لە هەر سا تێکا بکوژرێن. ئەمەش پێی دەوترێت نەخۆشی ڕیزبەندی مردن. جگە لەوەش بە هەر شێوازێک سزاکە جێبەجێ بکرێت،دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر. ڕێگەیەکی نامرۆڤانە یە بۆ کوشتنی کەسێ. نمونەی زیندانی ژمارەیەك دەوڵەتیان وەك نمونە هێناوەتەوە، بەپێویستم نەزانی ئاماژەی پێبکەم.
شەشەم: سزای مەرگ جیاکاری یە
ئەو کەسانەی تۆمەتبارن سەر بە ژینگەیەکی داڕماون، وە ڕووبەڕووی دوو کێشە دەبنەوە: نەبوونی توانای دارایی تا لە بەرگریکردن لە خۆیان بەکاری بهێنن و شارەزای سیستەمی یاساییش نین تا تێبگەن لە تەنگەژەکانی دادگاییکردنەکەیان و بەڕێوە چوونێکی دادپەروەرانە. ئەم سزایە بە شیوەیەکی تایبەتی دژی ئەو کەسانە بەکاردەهێنرێت کە سەر بە کەمینەیەکی چەواشەکراون: کۆچبەران، هاوڕەگەزبازان، گروپە نەتەوەییەکان یان ئاینییەکان. لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٦ ی کۆلیژی یاسایی دەلهی لە ووڵاتی هندستان هاتوە، %٨٩ ئەو کەسانەی سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەر جووە، پێش دەرچوونی حوکمەکە پارێزەریان نە دیوە، وە %٢٠ یان هەرگیز نە جوونەتە قوتابخانە، وە لە %٧٤ یانباری ئابوریان لاواز بووە، وە لە %٧٦ یان لە کەمینەکان وچینە هەژارەکان بوون.
حەوتەم: سزای مەرگ ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردنی سیاسی
سزاکە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی جەماوەر (دژی خەڵک) و بۆ فشارکردن (لە نێوان وڵاتان دا) بەکار دەهێنرێت
زۆر ووڵات ئەم سزایە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی سیاسی یان ئایینی، یان هەردووکیان بەکاری دەهێنن: بۆیە هیچ کەس بەئاشکرا ناڕەزایەتی خۆی دەرنابڕێت بەرامبەر بە سیاسەتی حکومەتەکەی بەوەی تەنها دەربڕینی بۆچوونێک بەس بێت بۆ ئەوەی ڕەووبەڕوی لە سێدارەدان بێتەوە.
ئەم سزایە زۆرجار لە نیوان ووڵاتانیش، وەک ئامرازێک بۆ فشار خستنە سەر یەك بەکاردەهێنرێ، بە مەبەستی دانەوسان کردن لەسەر زیندانیانی بێیانی هەر ووڵاتێك،، کە سزادراون بە لە سێدارەدان
ئێران وەك نمونە هێناوەتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٠ تا ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی ١٢٠ کەس لە سێدارە دراون، بەتاوانی ئەوەی سەر بەڕێکخراوی سیاسی هێزە ئۆپۆزیسێۆنەکان بوون.
هەشت: سزای مەرگ سزایەکی شۆککەرە
سزای لەسێدارەدان قوربانی تر و نوێ دەخاتەوە.
سزای لەسێدارەدان لەکاتێکا ئازاری کەسوکاری قوربانیانی تاوانباران کەم ناکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی ئازار وکارەسات بۆ خێزانی سزا دراوی لەسێدارەدانیش.وە بەهەمان شێوەش، کاریگەری لەسەر دەستەی سوێندخۆران و پارێزەران و دادوەران و کەسانی دیکەی پەیوەندیدار بەم سزادانەوە دەبێت
ئارامیس ئایالا، داواکاری گشتی ویلایەتی فلۆریدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێ.
“بائەو دڵە ڕاوکێ یەمان لە بیر نەچێ کاتێك شۆک دەبین لە ئەنجامی بەرپرسیارێتیمان لە کوشتنی مرۆڤێك و چەند گرانە کە تێئەگەین تا چ سنورێ هاوبەش بووین لە مردنی کەسێکی تردا
نۆیەم: سزای مەرگ بەربەستە لەبەردەم ڕاستی دا
بنەماڵەی قوربانییەکان هەموویان پشتگیری لە سزای لەسێدارەدان ناکەن، هەروەها سزاکە قەرەبووی زیانەکەیان ناکاتەوە.
پێش هەموو شتێك زۆرێک لە قوربانییەکان و خێزانەکانیان، یان هەموویان، دەیانەوێت دادپەروەری ببینن و پشتڕاست بکرێتەوە. بۆ نموونە لە دۆسیەی تیرۆردا، بەشێک لە قوربانییەکان دەیانەوێت سزاکان بگۆڕدرێن بۆ زیندانی هەتاهەتایی و بۆ ئەوەی سزادراوەکان گوێیان لێبگیرێت بە مەبەستی بەهێزکردنی شەڕی تیرۆر
گویلۆم دینۆیس لە شاری سانت مارک، بەڕێوەبەری گشتی کۆمەڵەی قوربانیانی تیرۆری فەرەنسی دەڵێ:.
“لە سێدارەدانی ئەو جیهادیانە ڕێگە نادات کۆمەڵگاکانمان و قوربانیانی تیرۆر لە هۆکاری چوونیان و لق وپەلی ڕێکخراوەکەیان تێبگەن
دەیەم: سزای مەرگ دژایەتی چاکسازی دەکات
سزای لەسێدارەدان ڕەتی توانای هەر کەسێ دەکات لە ئەگەری تێکەڵ بوونەوەی بە کۆمەڵگا، بەڵام .
هەموو ئەوانەی سزادراون، دەکرێ لە ژیانی دا جارێ تر سوودبەخش بێت بۆ کۆمەڵگا. ئەمەش ئامانجە مەزن و گرنگەکەی دادپەروەری یە، کە دەبێت ئەو کەسانە چارەسەر بکرێن کە تاوانی گەورەو بچووکیان ئەنجامداوە، ئامادە بکرێنەوە بە گەڕاندنەوەیان کۆمەڵگا هاوسەنگ و ئارام بێت
بیت ئۆکۆ، هاوڵاتی کینیا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بوو دەڵێ:.
١٨ ساڵم لە زیندان بە سەر برد و لە چاوەڕێی سزای لەسێدارەدان دا، کاتێک هاتمە دەرەوە بڕوانامەی یاسام بەدەستهێنا و کۆمەڵەیەکم دامەزراند بۆ بەرگریکردن لە مافی زیندانییەکان لە ئەفریقا
دوا پەیڤ لەم بوارەدا، دەبێت ئاماژە بدەم بەڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی ئەمنیستی ئینترناسیونال وئامارەکانی لەو بوارەدا، ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ دا
١- ژمارەی ١١٢ ووڵات سزای مەرگیان لە یاساکانیاندا لابردوە.
٢- ژمارەی ٢٣ ووڵات سزای مەرگ لە یاساکانیاندا هەیە بەڵام جێبەجێی ناکەن.
٣- ژمارەی ٩ ووڵات سزای مەرگ تەنها بۆ تاوانە نێودەوڵەتیەکان جێبەجێ دەکەن
٤- تەنها ٥٥ ووڵات سزای مەرگیان لە یاساکانیاندا هێشتوەتەوە، جارجار ئەو سزایە جێ بەجێ دەکەن.
کەواتە خۆشبەختانە زۆرینەی ووڵاتانی جیهان ١١٢ ووڵات، سزای مەگیان بەتەواوی لەیاساکاندا لابردوە.





