Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

“هەڵبەت خێرۆک هەڵدەداتەوە” نووسینی: سارا شەرارە شەمامی

نوسینی: سارا شەرارە شەمامی

دەمەوئێوارەیە، خوناوکە نمە دەخاتە سەر پەنجەرە نیوەکراوەکەوە و تەم‌ومژێکی تەنک دیمەنی دارستانەکەی بەرامبەری شلوێ کردوووە.

دەست درێژ دەکا و پەنجەرەکە بەتەواوی دەکاتەوە. جێی خۆی لەسەر کورسییەکەی بەر پەنجەرەکە خۆش دەکا، لە دارستانەکە دەڕوانێت و تێبینی ئەو چەن پەلەوەرە دەکا کە لەژێر گەڵا و پەلی دارەکانەوە هەڵتووتەکاون.

تاوێک لێیان ڕادەمێنێ و گوێ بۆ زەمزەمەی سازی نەرمەباران ڕادەگرێ، کەچی هەر زوو سەرنجی ڕەکێشی ئەو دوو گەنجە دەبێ کە بەڤینەوە و بەبێ دڵەڕاوکێ لێک دەڕوانن و بەدەم قسەکردنەوە ئەو ڕێیە دەپێون کە ژوورەکەی ئەو و دارستانەکەی لێک دابڕاندووە. چرایەک ملی بەسەر ڕییەکەدا شۆر کردووەتەوە و بەرپێیانی ڕووناک کردووە. تەم‌ومژەکە تا دێ خەستتر دەبێت و تیشکی چراکەش جموجۆڵێکی زیاتری تێدەکەوێ تا خۆی بخزێنێتە نێو وردیلە ئاوە چەقبەستووەکانی هەوا سرەوتووەکەی سەر ڕێیەکەوە.

بێدەنگیی دەرەوە، ناوەوەشی داگرتووە و جگە لە جریوەی جاروباری پەلەوەرەکان، دەنگێکی دی نایەتە بەر گوێوە.

دەرفەتەکە بەهێند وەردەگرێ و بۆ وەرگێڕان کرتە دەکاتە سەر بەسەرهاتی یەک لەو لاوە بەناحەق لەسێدارەدراوانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە کە لە هەشتاکانی زایینی و لە بەندیخانەکانی ڕژێمدا کۆمەڵکوژ کران. وا کە دەیخوێنێتەوە فرمێسکەکانی دێنە خوارەوە و ئازارێک بە هەموو جەستەیدا بڵاو دەبێتەوە. هێشتا لە دواڕستەی کۆتاییی دەربازی نەبووە کە برکێک سەرڕێی پێ دەگرێ و پرسیاری لێ دەکا:

ئەی ئەوانی دی؟ ئەوانی دی چییان بەسەرهات؟

 خۆی بۆ ناگیرێ. تەختەکلیلەکە پشتگوێ دەخا، کۆی فایلی سەربردەی نەمران دەکاتەوە و پێیاندا دێتە خوارەوە. لاپەڕەکان یەک لەدوای یەک و بەپشوسوارییەوە بەڕێ دەکا. شانۆی دادگە، دادوەری بەکرێگیراو، دەلیل و بەڵگەی هەڵبەستراو، شایەتحاڵی ساختە، حوکمی ناڕەوا، ئەشکەنجە و سێدارە خێزەرە دەبەستن و لە دوڕ دێڕی بەسەرهاتەکاندا ڕمبازێن دەکەن. هەست بە کەشی نالەباری بەندیخانە و بارودۆخی بەندکراوەکان دەکا. لە وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕی بەسەرهاتەکاندا دەژی و ئازار دەکێشێ. گوێی لە گەردەلوولی ناڵە و هاوارەکانیان دەبێ و گوڕە و نەڕەی ئەشکەنجەدەرەکان وڕ و کاسی دەکا. لەپڕ ژوورەکەی پڕ دەبێ لە دیمەنی ئازار و ئەشکەنجە و ڕێک هەمان حاڵی ئەوان، ئەویش دادەگرێ…

جەستەی بریندار و ماندووی لەژێر توندترین و نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکاندا دەلەرزێ و لە هۆش خۆی دەچێ. بەڕاکێش‌ڕاکێش دەیبەنە خانە تاریک و شێدارە تاکەکەسییەکەوە و تووڕی دەدەنە سەر زەویە تەزیوەکەوە. بۆ ساتێک ڕوح لە جەستەی جیا دەبێتەوە و بەسەر مەیتەکەیدا دەگری، لەپڕ بە خشەخشی مشک و جرجەکان هۆشی دێتەوە بەر خۆی. قامچی وەکوو گاسن، کوزی بەسەر پشتیدا هێناوە و لەشی لەژێر تەوژمی ئازاردا دەناڵێنێ. لەودەمەدا گوێی لە دەنگی چەن هەنگاوێک دەبێ بەرەو ژوورەکەی هەڵدێنەوە. سەری بەدژواری بەرز دەکاتەوە و گوێ هەڵدەخات. کلیلەکان لە قفڵی دەرگە ئاسنەکەدا دەسووڕێن، دەرگەکە دەکرێتەوە و ڕووناکی خۆی دەکاتە نێو تاریکیی خانەکەوە. دوو تارماییی دێنە ژوورەوە و تاو دەدەنەوە پیلەکانی. دەیهەوێ هاوار بکات و پێیان بڵێ بێتاوانم، کەچی وشەکان لە ئەوکیدا پەنگ دەخۆنەوە. هێزی ئەژنۆکانیشی هەر زوو دەڕەوێ و دەنوشتێنەوە. جەستە سڕ و هیلاکەکەی بەدوای خۆیاندا و بە پێپیلکەکاندا ڕادەکێشن و دڵۆپە خوێنی لەدوا بەجێ دەمێنێ. دەنگێک لەنێو دەرگەی ژووری ئەشکەنجەدا دەگوڕێنێ:

بێتاوانی هااا؟ پەلە مەکە، لێرە هەموو شتت بیر دەخەینەوە.

ئەوجار تووڕی دەدەنە سەر زەوییە ڕووتەکەوە و دەیگرنەوە بەر قامچییان.

یەک، دوو، سێ، چوار…، دە…، بیست،…

قامچییەکان گیانی سست دەکەن و لە هۆش خۆی دەچێتەوە.

Photo 2025 10 28 11 12 44

 پاشی ماوەیەک و وەک ئەوە خانەکە بەسەریدا بگری، بە تکەتکێک چاوی دەکاتەوە.

نازانێ کەی و چۆن هێناویانەتەوە خانەکە، بەڵام ئازار بە جەستەیدا ڕۆدەچێتە خوارەوە و بێ‌بەزەییانە دەیکۆڵێ. دڵۆپەکان لە دیوارە ساردە ڕووتەکاندا دەنگ دەدەنەوە و جارێکی دی پووچەڵی و بەتاڵی ژوورەکەی بیر دەخەنەوە. بۆ ساتێک چەقوچۆی تەنیایی، ئازار و سەرما دایدەگرێ. چاوەکانی دادەخاتەوە و لەشی وەک مکانیزمێکی بەرگری، مێشکی پڕ دەکات لە یادەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی:

درەوشانەوەی تاو لە ئاسماندا، خۆنواندنی پەڵەهەورەکان و ڕاوێچکەکردنیان بە بەردەم خۆرەکەدا، بۆنی نانی گەرم و سێبەری سەمای دووکەڵی تەندوور، مەلەی گەڵا وەریوەکان بەسەر جەستەی ڕووبارەکەوە و شەپۆلە خوڕێنە گەڕۆکەکانی، تۆپی پێیەکەیان کە بە زەویدا دەکوترێ و لەگەڵ هاوڕێکانی بەدوایدا ڕادەکەن، دەنگی خۆشی و پێکەنینەکەیان کۆڵانەکە پڕ دەکات…

لەپڕ و بە فرمێسکە ساردەکانی سەر ڕووخساری، دێتەوە حاڵ.

لە خۆی دەپرسێ:

چۆن ڕێیەکەی من گەییە ئێرە و بۆچ خەریکە لێرە کۆتایی پێ دێ؟

وا کە بە کۆڵانە تاریک و پێچەڵ‌پێچەکانی مێشکیدا دەگەڕێتەوە دواوە، خەیاڵ هەڵی دەگرێ و دەیباتە ڕۆژی ناشتنەکەی. هەموو لەوێن و بەحەسرەتەوە لێیان دەڕوانێ. هەوڵ دەدا بانگیان بکا، کەچی دەنگی کورت دەهێنێ و نایانگاتێ. وێدەچێ دەمێک بێ مەرگی ئەویان قەبووڵ کردبێ. سێبەرێکیش لە گومان و دڕدۆنگی بەسەر ڕووخساری هێندێکیاندا کشاوە و دوودڵن لەوەیکە تاوانبارە یان بێ‌تاوان. نیگای شڵەژاوی بەسەریاندا دەگێڕێ و لە هەژمەتان دەلەرزێ. ڕووخساری دایکی دێتەوە یاد، کە هەمیشە باوەڕی پێیبوو.

هاوار دەکا:

من بێتاوانم، تێدەگەن؟ بێتاوان.

بەڵام کەس گوێی لێی نییە.

لەودەمەدا دەنگی دەرگە ڕایدەچڵەکێنێ. یەک لە بەندیوانەکان دێتە ژووەوە، خەیاڵی دەڕەوێنێ و دڵی دەخاتە کوتەکوتەوە. هەر جووڵەیەکی دەمی، وەک خەنجەرێکە لەسەر دڵی. لاپەڕەیەک و پێنووسێک دەداتە دەستیەوە. دیسان و بۆ ساتێک لە دنیای دەوری دادەبڕێتەوە و دەچێتە فکرەوە. بیر لەوە دەکاتەوە، کێهەیان بەئازارترن؟

مەرگ خۆی یان بەبێ تاوانی چوونە ژێر پەتی سێدارەوە؟

فکر و خەیاڵ ناهێڵن لە بەندیوانەکە تێبگا. بەندیوانەکە دەڕوا و ئەویش ئەژنۆ هیلاکەکانی لە باوەش دەگرێ و پاڵ بە دیوارە ساردە شێدارەکەوە دەدا. لەپڕ برینەکانی پشتی دەکولێنەوە و نرکەیێک هەناوی دەکوتێ.

ژوورەکە بێدەنگە، بەڵام گەردەلوولێک لە ڕوحی ئەودا هەڵی کردووە. بیر لەوە دەکاتەوە چۆن بێتاوانی خۆی بسەلمێنێ. کەچی دیسان گوێی لە دەنگی چەن هەنگاوێک دەبێ کە لە ژوورەکەی نێزیک دەبنەوە. دڵەڕاوکێ هەڵدەکوتێتەوە سەری و جەستەی سست دەکاتەوە.

بە خۆی دەڵێ:

دیسانەوە ئەشکەنجە.

بەڵام دەنگەکە ژوورەکەی ئەو تێدەپەڕێنێ و قفڵی دەرگەی خانەکەی ئەوبەر دەکرێتەوە. وێدەچێ سڕەی ئەو هاتبێ.

بەڕەکێش‌ڕەکێش دەیبەن.

وا کە بە ڕێڕەوەکەدا دەیخشێنن هاوار دەکات:

 کەس گوێی لێمە، من ڕێبوارم؟

دوایی و وەک ئەوە دەستیان بە دەمییەوە گرتبێ، پچڕپچڕ دەڵێ:

تکایە خەبەر بنێرنە لای دایک و بابم! پێیان بڵێن کە من لێرەم.

داڵانە چۆلەکە لە بێ‌هیواییدا دەنگ دەداتەوە.

ئاخێک هەڵدەکێشێ و بەچرپە وڵامی دەداتەوە:

ئاە ڕێبوار ئاە، ئەو ڕەشچاڵە جەهەنەمی داگیرکەرە و هەموومانی تێدا دەسووتێین.

بیر لەوە دەکاتەوە:

دیوارەکان چەن بێ‌بەزە و نەهێنی پارێزن.

خەیاڵی لاسار کۆڵی لێ نادات و دیسان لەگەڵ خۆی دەیبا. ئەوجارەیان بە جلوبەرگێکی شڕەوە کە شوێنی دڕینی قامچییەکانی پێوە دیارە لەسەر شانۆ وەستاوە، گڵۆپەکان کوژاونەوە و تاریکیی شانۆکەی گەمارۆ داوە. بێدەنگیەکی قووڵ بەسەر جەماوەر کشاوە و وەک ئەوە وایە چاوەڕێی شتێکی سەیر بکەن. هەست بە هەناسەکانیان و جووڵەی جاربەجاری لەشیان لەسەر کورسییەکان دەکا، بەڵام تاریکییەکە وەک نیسێیەکی شوم، جەستە و ڕووخساریانی داپۆشیوە. لەودەمەدا دەنگێک لە ناخیدا سەرهەڵدەدات و هەوڵ دەدا پێیان بڵێ بێتاوانە، کەچی دەنگەکە لە تاریکییەکەدا بزر دەبێ و پێڵووی شانۆکە دەکرێتەوە.

دەبێ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بنێ، بەڵام دەزانێ هەر هەنگاوێکی هەڵی دێنێتەوە، لە مەرگەساتی خۆی نزیکتری دەکاتەوە. هەست بە دڵەڕاوکێ دەکا کە خۆی دەخزێنێتە ناخیەوە. چاوەکانی دادەخاتەوە و داوا دەکات دەرفەتێکی پێ بدەن تا بێتاوانی خۆی بسەلمێنێ، کەچی گڵۆپەکە دەست دەکات بە چاوترووکاندن و پێی دەڵێ کاتەکەی بەسەرچووە. ئاوڕێک لە هەموو ئەو کەسانە دەداتەوە کە تووشیان کردووە. هەمووی لە یەک دەچن. لەو ساتەدا تێدەگات کە ئەو تەنیا بۆ ژیان شەڕ ناکات، بەڵکوو شەڕ دەکات بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریش. هەروا کە وەستاوە و بیر لەو پێویستە دەکاتەوە، پێڵووی شانۆکە دەست دەکات بە داخزین و تێدەگات هەرگیز دەرفەتی ئەوەی نابێ بێتاوانی خۆی بسەلمێنێ.

بۆ ساتێک هۆشی دێتەوە بەر خۆی. بێدەنگیی بەندە تاکەکەسییەکە قورس و بێ‌بەزەیە. پشتی هەروا بە دیوارە ساردەکەوەیە و هەست دەکات تەز خەریکە بە ئەندامەکانی لەشیدا ڕۆدەچێتە خوارەوە. دیسان دڵەڕاوکێ وەک هاوڕێیەکی کۆن لە باوەشی دەگرێتەوە.

بیر و هۆشی لەسەر ئەو بەڵگانە دەخوولێنەوە کە لە دژی خراونەتە ڕوو و کەسیش نایهەوێ لە وەدەکاری نێوان دێڕەکانیان تێبگات. لادەکاتەوە سەر لاپەڕە و پێنووسەکەی تەنیشتییەوە و دڵی دەست دەکاتەوە بە کوتەکوت. لەپڕ دەنگی کلیلەکان و سووڕانیان لە قفڵە ئاسنەکەدا ڕایدەچڵەکێنێتەوە و جەستەی دەکەوێتە لەرزین.

دەرگەکە دەکرێتەوە و لەگەڵ ئەشکەنجەدەرەکە، نامۆیێکیش هەنگاو دەنێتە بەندەکەوە.

نامۆکە چارەنووسە، لاپەڕەیەکە لە دوالاپەڕەکانی ژیانی کە خۆی هەڵی نەبژاردووە.

ئەشکەنجەدەرەکە چاوێک بە خانە تاریک و بەرتەسکەکەدا دەخشێنێ و دەڵێ:

واژوت کرد یا بچینەوە ژووری ئەشکەنجە؟

کە ناوی ئەشکەنجە ‌دێنێ، پەنجەکانی بێ‌ئاگا دەکەونە تاڵوکەوە و تاو دەدەنە لاپەڕەکە.

چاوێکی خێرای پێدا دەخشێنێ، بەڵام کەسەکەی نێو دێڕەکانی لە خۆیدا نادۆزێتەوە.

بە گوێی تاریکییەکەدا دەچرپێنێ:

من ئەو دێوەزمەی نێو لاپەڕەکە نیم.

دیسان تاریکییەکە بێدەنگی هەڵدەبژێرێ.

 ئەشکەنجەدەرەکە وەک ئەوەی بیهەوێ پێی بڵێ کە شەڕەکە کۆتایی پێ هاتووە و کاتەکەی بەسەر چووە، زەردەیەکی دێتێ. بێ ئەوەی هیچ بڵێ لەشی لە ژوورەکە دەباتە دەرەوە و دەرگەکە لەدوای خۆی دادەخاتەوە.

بە خۆی دەڵێ:

دواکەوتنی ناوێ، بڕیاری خۆیان داوە و بەزمی جەلادیش مسۆگەرە.

لەسەر زەوییە سڕەکە درێژ دەبێت و لە تاریکییەکەی سەرەوە ورد دەبێتەوە. خەیاڵ بانەکە هەڵدەگرێ و سەر لە ئاسمانە زیوئاژنکراوەکە دەسوێ. ئەستێرەکان وەک هیوایەک لە دوورەوە زریوە زریویانە. هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێ، سییەکانی پڕ دەکات لە شەوی سارد و خەیاڵی دوور دەفڕێ.

میوانی و شەونشینییەکانیان، بۆنەکانی دەرەوە، دەنگی قاقا و پێکەنینەکانیان…

 زەردەیەک بە دەموچاویدا بڵاو دەبێتەوە، بەڵام هەر زوو و کاتێک تێدەگات کە ئەو خۆشییانە هەموو یادەوەرین و هەرگیز جارێکی دی دووپات نابنەوە، دەڕەوێتەوە.

بە چرپە بە ئەستێرەکان دڵێ:

 لەبیرم مەکەن!

لە خۆی دەپرسێ:

مەرگ بە ئازارترە یان لەبیرچوونەوە؟

هێز دەنێتە بەر خۆیەوە، دادەنیشێت و پشتی لە دیوارە ساردەکە دوور دەخاتەوە. ئەوجارەیان خەیاڵ وەک ئەوەی حەزی لێ بێ یاریی لەگەڵ بکات، کاتژمێرێکی ژەنگاوی بە لادیوارەکەی بەرامبەریەوە هەڵدەواسێ. چرکەکانی وەک بیرهێنانەوەیەکی تێپەڕینی کات دەچرپێنن. دەزانێ لەگەڵ هەر هەنگاوێکی کاتژمێرکە و کوژانەوەی هەر چرکەیەک، بەشێک یا پارچەیەک لە ئەویش دەکوژێتەوە و بەرەو هەڵدێر دەچێت. هەست دەکا شتێکی بەنرخ لە نێوان پەنجەکانیدا دەخلیسکێ.

فرمێسکەکانی دەڕژێنە خوارەوە. ڕوو لە تاریکییەکە دەکات و دیسان دەچرپێنێ:

کەس گوێی لێمە؟

هیچ وڵامێک نابیستێ جگە لە مینگەی مشک و جرجەکان.

ئەوجاریش فکری دەڕوات و خەون بەو ژیانەوە، بەو ئازادییەوە دەبینێ کە بەناحەق لێی زەوت کراوە، بەڵام کاتژمێرەکە بەردەوام دەبێ لە هەنگاو هاویشتن بەرەو کۆتایی.

دیسان هاوارێک لە ناخیدا سەر هەڵدەدا:

 خۆ بەدەستەوە مەدە! شەڕ بکە! شەڕ بکە بۆ داد، شەڕ بکە بۆ ئازادی!

بەڵام هەست دەکا درەنگ بووە و وشە بەتەنیایی ناتوانێ لە چنگ چارەنووس ڕزگاری بکات.

بەربینگ بە خەیاڵ دەگرێت و کاتژمێرە بێزارکەرەکەی نێوی دەسڕێتەوە. ئەوجار سەر بەرز دەکاتەوە و سەیرێکی ئەو ئەستێرانە دەکات کە وەک دوورگە بچووکەکانی هیوا دەدرەوشێنەوە.

هێشتاش تامی خۆشیی و ئازادی هەر لەبیرە…

 هەستی ڕاکردن بە درێژایی کەناری زێیەکە، نمەی سەر ڕووخساری و هەناسەی شنەبای شەلەنگ. مەلەکردن لەگەڵ شەپۆلە یاخییەکان، سەرچۆپی ڕەشبەڵەک، ژوانی شەوان، باوەشی ئەڤین و زەردەی سەر ڕووخساری، پاسکیلسواری لەبەر با و کەروێشکەی جاڕەگەنمەکەی ئەوبەر ئەوبەری ڕێیەکە…

ڕەشچاڵەکە پڕ دەبێ لەو یادەوەرییانە.

 ڕوو دەکاتە دیوارەکانەوە و پێیان دەڵێ:

بۆچ تێناگەن، من بێتاوانم!

بیر دەکاتەوە:

 ئەگەرچی هێزم نییە چارەنووس بگۆڕم، بەڵام بەڵێن دەدەم چیرۆکەکەم بگەیێنمە گوێی گەردوون.

لا دەکاتەوە و لەسەر دیوارەکە پەنجەرەیەک دەبینێ دەگری. ساکێکی سپیش لە بەرپێی پەنجەرەکە ڕاکشاوە. “شۆڕش”ی بیر دەکەوێتەوە کە چۆن لاپەڕەکانی هەڵگری بەسەرهاتەکەی لەنێو پووزووی پانتۆڵەکەیدا جێ کردبوویەوە و پاشی لەسێدارەدرانی گەیبوویە دەست بنەماڵەکەیەوە. “ڕەحمان”یش لە مقەبای ژێری ساکەکەیدا تاقەتی کردبوون و بە ڕێکەوت لە لایان بنەماڵەکەی دۆزرابوویەوە. هەوڵ دەدا ڕاست بێتەوە و بەرەو پەنجەرەکە و ساکەکە هەنگاو بنێ، کەچی لە چاوترووکانێکدا خەیاڵ هەرتکیان دەبات و لەبەرچاوانی بزریان دەکا.

Photo 2025 10 28 11 12 56

سەیرێکی ڕەشچاڵە ڕووت و بێ‌بەرگەکە دەکاتەوە، ئاهێک هەڵدەکێشێت و دواجار بڕیار دەدا چیرۆکەکەی بسپێرێتە دەست ئەستێرەکانەوە. بەو هیوایەی ئەوان بیگەیێننە شوێنی مەبەست.

لەودەمەدا و بەبزەیەکەوە ڕێی خەیاڵ دەبڕێتەوە و دەگەڕێتەوە جێژوانی جاران.

دەگەڕێتەوە ئەو کۆڵانەی دەنگی هەنگاوەکان و ترپەی دڵی دەناسێتەوە. چەندە حەز دەکا کاردانەوەی ئەڤین ببینێ کاتێ بۆ جارێکی دی چاوی پێی دەکەوێتەوە. کەچی ژوانگە چۆل‌وهۆلە و تەمێکی تۆخی نامۆش دایهێزاندووە. سەر هەڵدەبڕێ و سەیرێکی ژوورەکەی دەکا کە بەخەمبارییەوە لە نهۆمی دووهەم پاڵکەوتووە. پەنجەرەکەشی کپ قووچاوە. خورپەیەک دەکەوێتە دڵیەوە. بەتەنگەتاوییەوە و دوودوو و سێ‌سێ پێپیلکەکان دەبڕێ، لێیان سەر دەکەوێ و تاو دەداتە ئەو گوڵدانەی ناوی ئەڤینیانی لێنابوو. وا کە لەژێر گوڵدانەکە دەست بۆ کلیلەکان دەگێڕێ، لا دەکاتەوە و نووسراوەکەی سەر دەرگەکە دەبینێ:

 “ئەڤین کۆچی کردووە. “

دڵی دەلەرزێ و دەستی لە گوڵدانەکە بەر دەبێ، گوڵدانەکە دەکەوێتە خوارەوە و پڕزۆڵ پرزۆڵ دەبێ. سەرسام چاوێک بە دورووبەریدا دەخشێنێ و دەست دەکات بە ڕاکردن بە کۆڵان و شەقامەکاندا. لە بەرزاییەکەی بەردەمی سەردەکەوێ و لە گۆڕستانەکە دەگیرسێتەوە.

لەپڕ ئاماژەی چاوی بەرەو نووسراوەی سەر کێلێک ڕادەکیشرێ:

“درەنگ هاتی…”

ئەژنۆکانی دەنوشتێنەوە و لەگەڵ بەچۆکداکەوتنی هۆشی دێتەوە بەر خۆی.

سەیرێکی دەورووبەری دەکاتەوە، دیسان بێدەنگییەکی قووڵ و بێزارکەر خانەکەی داگرتووە. دەزانێ ئاماژەیەکی باش نییە و زۆر لە بێدەنگی بەر لە گەردەلوول دەچێ. بۆ ئەوەی سامناکی بێدەنگییەکە بڕەوێنێتەوە، سەری بە دیوارەکەوە دەنێت و لەژێر لێوەکانیەوە ئەو ناوانە دەچرپێنێ کە لەلای پیرۆزن و خۆشی دەوێن:

ئازادی، نیشتمان، دایک، هیوا، ئەڤین…

دیسان گوێی لە هەنگاوی دوو کەسان دەبێ کە بەرەو خانەکە دێن. قورساییەک بە سینگیدا بڵاو دەبێتەوە و هەناسەی پێ سوار دەکات.

بە خۆی دەڵێ:

دەکرێ و ڕەنگە ئەوە دواساتەکانی ژیانم بێ.

چاوێک بە تاریکییە شومەکەدا دەخشێنێت و بۆی دەردەکەوێ کە ڕێی دەربازبوونی نییە.

دەنگی هەنگاوەکان نێزیکتر و نێزیکتر دەکەوێتەوە و دوو کەسەکە خۆیان بە خانەکەدا دەکەن. چاوەکانی بە کوتاڵێک دەبەستن و بە پێپیلکەکاندا و بەدوای خۆیاندا بەرەو ژووری ئەشکەنجە ڕایدەدەن. دەمی پڕ دەکاتەوە  پێیان بڵێ بێتاوانم، بەڵام پاشگەز دەبێتەوە.

وێدەچێ دوابڕیار درابێ.

هێشتا پێیان لە دەرگەی ژووری ئەشکەنجە نەبردووەتە ژوورەوە کە دەست دەکەنەوە بە کوتانی. خەیاڵ هەوڵ دەدا لەگەڵ خۆی بیبات تا کەمتر ئازار بکێشێ، بەڵام ئەویش لەژێر زەبر و نهێمی مست و قامچییان خۆی ناگرێ و هەر زوو دەڕەوێ.

چاوی دەکاتەوە و تارماییی لاپەڕەیەک دەبینێ بە بەرچاوەکانیدا دەیهێنن و دەیبەن و دەڵێن:

کاتی ئەوە هاتووە دان بە تاوانەکەتدا بنێی! واژوی بکە و خۆیشت و ڕێبواریش لەو جەهەنەمە ڕزگار بکە!

بە بیستنی ناوی ڕێبوار فرمێسکەکانی دەڕژێنە خوارەوە.

نااا،ناااا،نااااا، ڕاست ناکەن. ئەوەی ئەو ڕۆژە و بەڕەکێش‌ڕەکێش بردتان ڕێبواری برام نەبوو.

وا دەڵێ و پێکەنینێکی ژەهراوی سەر هەڵدەدات…

لەتاو ڕێبوار دەلەرزێ و دەناڵێنێ:

  • لەو گەڕێن! تکایە لەەەو گەڕێنننن، من بکوژن! ئەو زۆر منداڵە، هێشتا چاردەی پڕ نەکردووە.
  • خەمت نەبێ! تەمەن بەربەست نییە، خۆمان بەر لە سێدارە بۆی هەڵدەکێشین.

 وا دەڵێ و قاقا پێدەکەنێ. کە هیلاکیش بوو بەسەریدا دەگوڕێنێ:

قوربانیمان دەوێ، قوربانی… تێدەگەی؟

دەیزانی بەر لە سێدارە، خوێنی بەندییەکان بەتاڵ دەکەن و بۆ بەرەی شەڕ و بۆ پازدارە بریندارەکانی دەنێرن.

خوێن و تفەکەی نێو دەمی کۆ دەکاتەوە، دەیکاتە ڕوویانەوە و دەست دەکات بە جنێودان پێیان.

لێی ڕاست دەبنەوە و دەیگرنەوە بەر قامچییان…

ئەوجارەیان بە ڕاژاندنی ڕەشچاڵەکە هۆشی دێتەوە بەر.

ڕێبواری بیر دەکەوێتەوە و بەبانگ دەگری.

هێز دەنێتە بەر خۆیەوە و ڕاست دەبێتەوە. سینگی دیوارە دڵڕەقەکە دەکوتێ و هاوار دەکات:

ڕێێێێێبوار، ڕێێێێبوار، ڕێێێبوار…

بەڵام دیوارەکە هیچ وڵامێک ناداتەوە.

بەندیوانەکە دەرگەکەی دەکوتێت و بەگاڵتەجارییێکەوە دەڵێ:

واز بێنە! ڕێبوار لە هۆش خۆی چووە و خەریکە خەون بە ئازادی و دادپەروەرییەوە دەبینێ.

لە ئاست خۆی دادەنیشێت و لەژێر قامچی ئازاردا بەکوڵ دەگری.

دیسان بەندیوانەکە و دوو کەسی دی، وەک نیسێی جەلاد خۆ بە خانەکەدا دەکەن و بەدڵخۆشییەکەوە     دەڵێن:

خۆت خڕ کەوە! کاتی ماڵاواییە.

دەنگیان وەک خەدەنگێکە لەسەر دڵی و هەناسەی دەوەستێنن.

خەیاڵ دەکەوێتە پەلەپەلەوە و هەموو بەندییەکان بانگهێشتی ڕەشچاڵەکە دەکات تا چەشنی ئەو کات کە “نەستەرەن” دەچوویە ژێر پەتی سێدارەوە، بەیەکەوە ” کۆچی سوور”ی بۆ  بڵێنەوە:

کۆچی یارم کۆچی سوورە

بەهارە خێڵ بەرەو ژوورە

ڕەبی حاکم کوڕت بمرێ

یاخودا ئەو کۆچە سەر نەگرێ

چونکە یارم لە من دوورە، لە من دوورە…

بۆ ساتێک دێتەوە سەر خۆ و بیر لە ڕێبوار دەکاتەوە.

بیر دەکاتەوە ڕەنگە بەزوویی سڕەی ئەویش بگاتێ.

هەوڵ دەدا چاو لە چاوی بەندیوانەکە بکات، بەڵام نیگای تووڕەی مل نادات و خۆی لێ دەبوێرێ. دیسان و بۆ ساتێک لە دنیای دەوری دادەبڕێتەوە. دەستی ڕێبوار دەگرێ و وەک دوو کوتری سەربەست، دەکەونە مێرگێکی بژوێنەوە. پێکەنینێک لە قووڵایی دڵیانەوە سەرهەڵدەدات، بە ڕووخساریاندا بڵاو دەبێتەوە و بەبێ دڵەڕاوکێ دەست دەکەن بە ڕاکردن بە نێو گیاجاڕەکەدا و بە گژ بایەکەدا دەچنەوە. سێرووەکان پۆل‌پۆل بەسەر سەریاندا و بە ئاسمانە پیرۆزەییەکەدا دەفڕن، بەرز و نزم دەبنەوە و لەنێو خۆیاندا و بە گردی یەکدا دەسووڕێنەوە.

لەپڕ خەیاڵی ڕاو دەنێن و بەسەریدا دەگوڕێنن:

خێرا کە! ئیشمان زۆرە.

دوانیگای بە ڕەشچاڵەکەدا دەگێڕێ. لە خەیاڵ زیاتر چی نییە لەگەڵ خۆی بیبات، هەڵیدەگرێت و پێشیان دەکەوێ. لەنێو دەرگەکەدا دەیگێڕنەوە، چاوی دەبەستن و پیلی دەکێشن.

بیر دەکاتەوە:

 بە مەرگی ئێمە هیچ کۆتایی پێ نایە، هەڵبەت خێرۆک هەڵدەداتەوە.

دەنگ هەڵدەبڕێ و بەدەم ڕۆیشتنەوە پێیان دەڵێ:

ڕاستە، من تاوانبارم. دان بە هەموو شتدا دێنم. تەنیا ڕێبوار ئازاد بکەن!

چاو لەیەک دەکەن و قاقا پێدەکەنن…

لەپڕ دەیوەستێنن، چاوبەندەکەی دەکەنەوە و ڕووناکیی هەڵدەکوتێتە سەر چاوەکانیەوە. پەنجەی بەرز دەبێتەوە و پەرژین بۆ چاوەکانی دەکات تا لە ئازاریان کەم کاتەوە. وا کە پێڵووەکانی دەکرێنەوە، تارماییەک دەبینێ بە سێدارەکەوە دەلاژێتەوە.

خورپەیەک هەناوی دەکوتێ و چاوەکانی ڕووباری فرمێسکیان تێ دەگەڕێ.

زەردەخەنەی سەر لێوەکانی لە هی ڕێبوار دەچێ.

 لێی نێزیک دەبێتەوە. سوورایی لە لەشیدا بەدی ناکرێ، بەڵام وەکوو ئەستێرەیەک لەسەر سەریان دەدرەوشێتەوە. لە زەردەخەنەکەی ورد دەبێتەوە و شیعری هێمنی بیر دەکەوێتەوە:

بزەی هاتێ، وتی جەلادی خوێڕی

بە کەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم

ئەوە پەت نییە میداڵی ئیفتیخارە

کە بوومە قارەمانی میللەتی خۆم …

 پەنجەی دادەنەوێنێتەوە، چەشنی ڕێبوار زەردەیەک دێنێتە سەر لێوەکانیەوە و وەک لەیلا قاسم و بە وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب، دەچێتە بەردەم ئەو پەتەوە کە لە تەنیشت ڕێبوار بۆیان هەڵبەستووە.

خەیاڵ لەو دواساتانەشدا ناسرەوێ. هەڵی دەگرێ و لەگەڵ خۆی دەیباتەوە باوەشی پیرەوڵات.

کیژ و لاوی بۆ کۆ دەکاتەوە و مایک دەداتە دەستییەوە تا لەدواساتەکانی ژیانیدا بۆیان بدوێ.

نیگای شێلگیری بەسەریاندا دەگێڕێ و هۆنراوەکەی سوارە ئیلخانزادەی بیر دەکەوێتەوە. هێندێک وشەی لێ دەگۆڕێ و ڕاشکاوانە تێی هەڵدەکا:

پێتان ناڵێم کە داکەون

پێتان ناڵێم کە ئاڵی زاڵی شەو، چاوی بێخەوی چڕە

پێتان ناڵێم نەهاتنەوە ئەوانەی کە چوون

ناگریم بۆ خەساری بێ گەڕانەوە

ڕێگەمان دوور و سەخت و قاقڕە

خۆشەویستەکانم

ئێمە نوێنەری خەباتی ڕۆژهەڵات

ڕۆژهەڵاتی سووری ئاگرین

فێر نەبووین بەزین و دابەزین

ڕانەهاتووە

چاوی قارەمانی کورد

بە شەونمی گرین

خۆشەویستەکانم

لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە

چاوی من لە ئێوەیە

لە حەنجەرەی زەمانەوە

گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی وردە خیزەکانی کانییە

یاران

پێتان ناڵێم کە داکەون، نیشتمان چاوی لێتانە…

ئەوجار و لە کۆتاییدا دەبێتە هەژار، سوێندیان دەدا  و بەڵێنییان لێ دەستێنێ:

توخودا کاتێ کە ئازادیو سەند

ڕەگەزی خوێنمژەکانو هەڵقەند

کیژ و کوڕ هەرچی بەلاما لادا

پێم بڵێ و پایێ بە قەبرم دادا

بڵێ پێم بەسیەتی مردن هەستە

موژدە بێ مەوتەنەکەت سەربەستە.

یاران، یاران …

دڵنیام، دڵنیام ڕیشەکانمان دەگاتە ئاو. لق‌وپۆمان دەگاتە هەتاو. ئێمە سەرلەنوێ شین دەبینەوە.

سارا شەرارە شەمامی. بەهاری ٢٠٢٥، نۆروێژ

Photo 2025 10 28 11 12 52

بەردەنگی هێژا

هەروەک هەموومان کەم و زۆر ئاگادارین، کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەر حوکمیەوە، بە شێوەیەکی سیستێماتیک و بۆ خۆسەپاندن و پاکتاوکردنی کەمینە ئایینی، سیاسی و نەتەوەییەکان دەستی کرد بە ئێعدامی هەڕەمەکی بەکۆمەڵ کە پشکی هەرە زۆری بەر کوردستان کەوت و لەو ڕێیەوە کۆمەڵێک مێرمنداڵ، لاو و ئازادیخوازی بێتاوانی کورد لە ڕەشچاڵ و بەندیخانەکانی ڕژێمدا شوێنەون و کۆمەڵکوژ کران. ڕژێم بەوەشەوە نەوەستاو و بە درێژایی تەمەنی و لە هەموو ئەو ساڵانەدا، بە پیلانێکی تۆکمە، هەوڵی شێواندنی مێژوو و سڕینەوەی ئاسەواری ئەو تاوانانەی دا تا دیزە بە دەرخۆنەیان بکات و بەساناییی لەژێر باریان دەربچێت.

هەربۆیە و بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەو هەوڵانەی حکومەت ساڵی ٢٠١٩ ز ، لەلایەن هێندێک لە بنەماڵەی ئەو ئێعدامییانەوە ناوەندێکی لێکۆڵینەوە بە ناوی “ناوەندی نەمران” بۆ کۆکردنەوە و ئارشیوی بەسەرهات، زانیاری، بەڵگەی فەرمی دەوڵەتی و بەڵگەی نافەرمی لە شێوەی وەسێتنامە، نووسراوە و یادداشتی نەهێنی و ژێرزەویی ئەو بەناحەق لەسێدارەدراوانە دامەزرێندرا.

بەخۆشییەوە ئەو ناوەندە توانیویەتی لە ماوەیەکی کورتدا پێوەندییەکی چڕوپڕ لەگەڵ ڕێکخراوی “مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان” دروست بکات. لە ڕێگەی ئەوانەوە بەربینگ بە ڕژێمی ئێران بگرێت و داوای لێدوان و ڕوونکردنەوەی فەرمی لەسەر چارەنووسی ئەو نەمرانە و شرتوگومکردنی تەرمەکانیان بکات. هەروەها توانیویەتی ببێتە سەرچاوەیەکی بێ‌لایەن و باوەڕپێکراو بۆ توێژەران و نووسەرانی بواری مافی مرۆڤ تا بەپشتئەستوورییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو تاوانانە بکەن.

ئەو ڕووداوە تراژیک و دڵتەزێنانە، پاژێکی گرینگن لە مێژووی خوێناوی گەلەکەمان و باس لە قووڵاییی کارەساتێک دەکەن کە کورد بەناحەق و وەک نەتەوەیەکی داگیرکراو و بەشخوراو توشی هاتووە. هەربۆیە پێویستە لەو شەهیدانە بە خاوەن دەرکەوین و بە ئەزموون وەرگرتن لەو کارەساتە خوێناوییانە، بناخەی داهاتوویەکی گەش لەسەر ئەساسی تەبایی، لێبوردوویی، یەکگرتوویی و یەکڕیزی بۆخۆمان وەک نەتەوە دەستەبەر بکەین و هەموو و بە دڵێکی گەورەوە لە دەوری ئامانجی پیرۆز کۆ بینەوە. ئەگینا قەت لە مەترسیی کارەسات و لەناوچوون ڕزگاریمان نابێت.

“هەڵبەت خێرۆک هەڵدەداتەوە” برک و ژانێکی هەڵقووڵاوی ئەو کارەساتانە و ئاوڕۆچکەیەک بوو لە سووچێکی بەسەرهاتی ئەو نەمرانە کە لە کۆی دەقێکی ئەدەبیدا پێشکەشتان کرا. 

ڕوحی نەستەرەنەکان، ڕەحمانەکان، شۆڕشەکان، هیواکان، ڕێبوارەکان و باقی شەهیدەکانمان شاد. یاد و ناویان لە مێژوو و لە دڵی نەتەوەکەیاندا هەردەم زیندوو دەمێنێ.

سارا شەرارە شەمامی. بەهاری ٢٠٢٥، نۆروێژ