Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کێین؟ ئامانجمان؟ پلان و بەرنامەمان؟

  1. ئەو ماڵپەڕە لەلایان کێوە دامەزراوە؟
    ماڵپەڕی (نەمران/ Nemiran)، ماڵپەڕێکی زانیارییە بەدوور لە هەر چەشنە پێوەندییەکی سیاسی بە حیزبەکانەوە دامەزراوە. بە شێوەیەکی خۆبەخشانە لەلایان بەشێک لە کەس‌وکاری قوربانییانی تێڕۆڕ و ئێعدامی نهێنی و ئاشکرا، بزرکراوەکان، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژ کراوە و ئەشکەنجە کراوانە کە لەلایان کۆماری ئیسلامییەوە ئەو جینایەتانەیان دەرحەق کراوە، بەڕێوەدبردرێت.
  2. هۆکاری هەبوونی وەها ماڵپەڕێک بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
    ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سەرەتای هاتنە سەر حوکمی خۆیەوە، وەک ئامرازێکی تۆقێنەر و هۆڤ، بێپسانەوە سەرقاڵی گرتن و لەسێدارەدانی سیستێماتیک و تۆبزی گەلانی ئێران بەگشتی و ڕۆڵەکانی گەلی کوردە بەتایبەتیە. ئەم ڕژێمە تا ئەو جێیەی بۆی بلوێ دژبەرانی خۆی بە بێدەنگی دەکوژێک بەچەشنێک کە هیچ ئاسەوارێک لەو جینایەتانە بەدوای خۆی دا بەجێ نەهێلێت تا نەکا لە پاشەڕۆژ دا گرفت و کێشە بۆ بناغەی حکومەتەکەی ساز ببێت. زنجیرەی ئەو جینایەتانەی ڕژێم لە کوردستان، لە ساڵی١٣٦٠/١٩٨١ ڕا دەستپێدەکات و ساڵی ١٣٦٢/١٩٨٣ دا دەگاتە لوتکەی خۆی و بێباکانە، لە مێرمنداڵ ڕا تا پیر و پەککەوتە، لە کیژانی خۆنەناسیو ڕا تا ژنی بەمێرد، بە کۆمەڵ و پۆل‌پۆل لە سێدارەی داون و دەدات. ئەوە لە کاتێک دایە کە بە هەمووی هێز و توانای خۆی هەوڵ دەدات تا ئەو جینایەتانە بشارێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە هیچ زانیارییەکی ڕاست و باوەڕپێکراو نادات بە بنەماڵەی ئەو لەسێدارەدراوانە. تەنانەت تەرمەکانیان ناداتەوە و لە باشترین حاڵەت دا لە گۆڕستانی شارێکی غەیرە کورد دا بستە خاکێک پێشانی بنەماڵەکان دراوە و پێیانگوتراوە کە منداڵەکانتان لێرە نێژراون. ئەوە لە حاڵێک دایە کە کەس بۆی نییە ئەو خاکە بداتەوە تا دڵنیابێت کە خۆشەویستەکەیان لەو خاکە دا نێژراوە یا بۆیان نییە تا کێل و بەرد بۆ ئەو خاکە دابنێن. دەنا زۆربەی هەرە زۆری تەرمەکان بێشوێن و شاراوەن و کەس نازانێ ڕۆڵەکانیان لە کوێ نێژراوە.
    لە لایەکی ترەوە بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکان و چاو ترسێنکردنیان لە هەر چەشنە بەدواداچوونێک بۆ دۆزینەوەی ئاسەوارێک لە ڕۆڵەکانیان، لە هەوڵی سەرپۆشدانانە بۆ جینایەتەکانیان. زۆر جاران لە خەڵکەکە کەوتوونەتە فێڵ و بانگەشەی ئەوەیان ساز کردووە کە کەسەکانتان لە سێدارە نەدراوە و ڕاگوێزراون بۆ شوێنێکی تر و بەو زووانە ئازاد دەکرێن. ئەوەش خۆی وای لە بنەماڵەکان دەکرد تا تۆزە هیوایەک بدەنەوە بە دڵی بێهیوایان، بەڵکوو ئەم بانگەشانە ڕاست بن و کوڕەکانیان بێنەوە باوەشی بنەماڵەکانیان، مخابن کە ڕژێم لێیان لە فێڵە و درۆیان لەگەڵ دەکات.
    ڕژێم وەها سیستێماتیک و نامرۆڤانە ئەو کۆمەڵکوژییانەی ئەنجام داوە کە نەیهێشتووە هیچ بەڵگەیەک سەبارەت بە لەسێدارەدراوەکانی کە بە کۆمەڵ کردوونی بدرکێت. بۆیە ساغکردنەوە، بەڵگەمەندکردن و پۆێلێنبەندیکردنی کەیسی ئەو نەمرانە کارێکی یەکجار سەخت و دژوارە. لە هەمووی جەرگبڕتر ئەوەیە کە بە پێی هەژمارە نافەرمییەکان، لە ساڵی ١٣٦٢/١٩٨٣ دا زیاتر لە ٢٥٠ کەس تەنیا لە شاری مەهاباد و دەور و بەری دا ئەویش لە ماوەی ٣ مانگان دا لە سێدارە دراون کەچی لەلایەن حیزبە کوردییەکانەوە تەنیا ٥٩ نەمر باس دەکرێت. دیارە کە حیزبەکانیش لەوانەیە نەتوانن بە بەڵگەوە لەسەر ئەو کەیسە بدوێن چوون ڕژێم گەورەترین سانسۆڕی خستۆتە سەر ئەو کۆمەڵکوژییانە.
    ئێمە هەوڵ دەدەین کە ئەو داتا و زانیارییانە سەبارەت بەو لەسێدارەدراو و بزرکراوانە کۆ بکەینەوە تا تۆزی فەرامۆشی لییاننەدا و ڕژێمیش وا نەزانێ کە ئەو خوێنانە بێخاوەنن و خوێنی کورد بەلاشە.
  3. سەر بە چ حیزب و دەوڵەت و لایەنێکین؟
    ئەم ماڵپەڕە و بەڕێوەبەرانی، تەواو سەربەخۆن و لە لایەن هیچ ڕێکخراو، حیزب، دەوڵەت و لایەنەوە پشتگیری فکری یان ماددی ناکرێت و لە هەمانکاتدا لەسەر ئەو باوەڕەین کە بۆ نەفەوتانی خوێنی ئەو خۆشەویستە لەبیرنەچوانە و سەرنەکەوتنی سیاسەتی کوشتن و شاردنەوەی کۆماری سێدارە، پێویستە کە هەموو کوردێک هاوکار و یاریدەدەرمان بێت. هەروەها ئێمە ئامادەین کە هاوکاری هەر کەس و لایەنێک بکەین کە بەدوور لە بانگەشەی حیزبیی و بەرژەوەندی تاکەکەسی، بۆ ئەو مەبەستە هەنگاو بنێت. ڕەنگە لەناو ئەو بنەماڵانە دا کە هاوکاری ئەم ماڵپەڕەن، هەبن کە هەواداری فکرێک و چەمکێکی سیاسی یا حیزبی بن بەڵام، قسەیان دەگەڵ کراوە کە تێکۆشانی و زەحمەتەکانی ئەو ماڵپەڕ و ئەو کۆمەڵە کەسە کە بۆئەو ماڵپەڕە تێدەکۆشن، بەحیزبی نەکەن. بۆیە، داواکارین کە هیچ حیزب و لایەنێک ڕەنجی شانی تێکۆشەران و چالاکانی ئەو ماڵپەڕە نەکەین بە ئی خۆیان و مۆرکی حیزبی لێنەدەن. مافەکانی ئەو ماڵپەڕە پارێزراوە و لە ئەگەری هەرچەشنە پێشێلکردنی مافی ئەو ماڵپەڕە، ڕێگای قانونی دەگرینە بەر.
  4. لە بواری داراییەوە لە کوێ پشتیوانی دەکرێ؟
    لە هەنگاوەکانی یەکەم دا شیمانە ناکەین کە پێویستمان بە هاوکارییەکی دارایی هەبێ. هەنگاوی یەکەممان تەنیا کۆکردنەوەی زانیاری دەبێت کە گرینگە هەموو کەس و لایەنێک هاوکارمان بن. گەر لە داهاتووشدا پێویست بوو هەنگاوی تر هەڵبێنینەوە و کەیسەکان پێشکەش بە دادگایەک بکرێن، ئەوکات گرینگە کە ڕێگە چارەیەک بۆ بواری داراییەکە بدۆزینەوە.
  5. ئامانجەکان چییە؟
    ئێمە بە دامەزراندنی ئەو ماڵپەڕە، دەمانهەوێ:
    الف: ببینە مەکۆیەک بۆ دۆزینەوەی ناوی ئەو نەمرانە و ئاڕشیوکردنی هەرچەشنە زانیارییەک سەبارەت ژیان و بەسەرهاتی لە سێدارەدراوەکان یان بزرکراوەکان و بەڵگەمەنکردنی کەیسی هەرکام لەو نەمرانە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا بەو شێوەیە بتواندرێت هەنگاوێکی هەرچەند بچووکمان هەڵێنابێتەوە بۆ خوێنی بەناحەقڕژاوی ئەم نەمرانە و لادانی لەوە زیاتری دەمامکی ڕووی دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران.
    ب: پێوەندی کردن بە بنەماڵەی ئەو شەهیدانە و هاوفکری کردن دەگەڵیان و داخوازییەکانیان بخەینە بەردەم شوێنە پێوەندیدار و حقووقییەکانی جیهان کە داکۆکی لە مافی مرۆف دەکەن و پێوەندیدارن بە ئێعدام و تێڕۆڕ و ئەشکەنجەدان دەوڵەتی.
    پ: بەڵگە و دێکیومێنت و ئاڕشیو و شاهید، بخەینە بەردەست خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوەکانی نیونەتەوەیی و کۆمەڵگای جیهانی.
    پاش کۆکردنەوەی و بەڵگەمەند کردنی ئەو زانیارییانە وەک هەنگاوی داهاتوومان، گەر بۆمان بلوێ و هاوکاری پێویست بکرێین؛ ئەو بەڵگە و زانیارییانە بدەین بە دادگاکانی ناونەتەوەیی و بەتایبەت نەتەوەیەکگرتووەکان.لەبیرمان نەچێ کە:
    یەکەم: ئەو کەیس / پەروەندەیە کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان یا دادگایەکی ناونەتەویی تۆمار بکرێن، کۆماری سێدارە ناچار دەبێت سەبارەت بە چارەنووسی ئەو شەهیدانە وەڵامدەری نەتەوە یەکگرتووەکان و جیهان ببێت. گرنگ نییە وەڵامی ڕژێم چ دەبێ، گرینگ ئەوەیە کە ئەو کەیسانە وەک بەرگێکی ڕەشی تر لەسەر ئەو ڕژێمە ببێتە ماڵ.
    دووهەم: ناو و باقی زانیارییەکانی ئەو شەهیدانە لە گەورەترین ڕێکخراوی ناونەتەوەیی تۆمار دەکرێت و دەمێنێتەوە بۆ هەتایە و وەکوو پەڵەيەکی ڕەش بە تەوێڵی ئەو ڕژێمەوە دەمێنێتەوە و بۆ وەچەکانی داهاتووش باسی ئەو جینایەتانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت.
    سێهەم: زۆربەی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤانە ڕۆژێک هەن و ڕۆژێک نین بەڵام، نەتەوە یەکگرتووەکان دەوڵەتانی خاوەن هێژمۆن هەمیشە هەن و ئەو کەیسانە هیچکات نافەوتێن. لەلایەکی تریشەوە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو شەهیدانەن کە تەمەنیان بڕ ناکات و کۆچی دوایی دەکەن بۆیە، گرینگە کە ئەو سکاڵایانە بە زووترین کات لە شوێنە پێوەندیدارەکان یان دادگا ناونەتەوەییەکان تۆمار بکرێن تا نەکا ئێمەش سەر بنێینەوە و کەس نەبێ هاواری ئەو شەهیدانە بەرز کاتەوە.
    چوارەم: درەنگ یا زوو تەمەنی ئەو ڕژێمە و جینایەتەکانی بە کۆتایی دەگات و ئەودەمە کە کەیسی ئەو شەهیدانە هەڵدەدرێتەوە و بە گوورچی جەللادەکانی کۆماری سێدارە دادەدرێت و لە دادگادا دەبێ وەڵامدەرەوە بن.
  6. داواکاری.
    داواکاریشین لە گەشت ئەو کەسانەی کە زانیارییان هەیە سەبارەت بەو نەمرانە، پێوەندیمان پێوە بکەن تا بتوانین بە دەستی پڕەوە ئەو کەیسانە دەوڵەمەند بکەین و لە رۆژی خۆی دا جینایەکاران و قاتڵانی ئەو کۆمەڵکوژییانە بکێشینە دادگایەکی گەلیی و نەهێڵێن کە خوێنی ئەو قارەمانانەی گەلی کورد بە فیڕۆ بڕوات. پێویستە کە ئەو گرینگە بزانین گەر ئێمە واتە(جیلی ئێستا) کە لە نیزیکەوە ئاگاداری ئەو جینایەتانەی کۆماری پەتین و ئەو هەنگاوە نەنێین، تازە نابێ هیوامان بە کەس بێت ئەوکارە بۆ ئەو گیانبەختکراوانە بکات.