چاوگێڕانێکی کورت به سەر ژیان و خەباتی فەزیلەتی داراییدا
پائیزی ساڵی ٥٧ی هەتاوی کاتێک مەدرەسه و خوێندنگەکان بەڕووی خوێندکارەکاندا کرانەوه، بڵێسەی ئاگری شۆڕشی جەماوەری له ئێران پەرەی زیاتری سەند و بەرەبەره لقوپۆی سیستمە رزیوەکەی ستەمی پاشایەتی گرتە بەر و هەتا دەهات زیاتر بە رەگ و ریشەیدا دەچوه خوار.
کردنەووەی خوێندنگەکان تینێکی زیاتری به ئاگری شۆرش بەخشی و لاوانی خوێندکاری کچ و کوڕ، وێڕای باقی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، بۆ کۆتایی هێنان به ستەم و مەینەت و به هیوای هێنانەدی ژیانێکی خۆش و ئاسووده بۆ ئینسان، ئیرادەی قایمی خویانیان هێنایه سەر شانۆ و زۆری نەخایاند که هێزی جەماوەر، رەگو ریشەی ستەمی هەڵتەکاند و کۆتایی به دەسەڵاتی ستەمکاران هێنا.
فەزیلەت یەکێک بوو لەو خوێندکاره خوێن گەرمانە که به کردنەوەی خویندنگاکان و وێڕای هاوڕێکانی، رووی له مەیدانی خەبات کرد و بە بەشداریکردن له خۆپیشاندانەکان و مانگرتنی خوێندکارەکان له شاری سەقزدا بۆ وەدیهێنانی ئاواته لە مێژینەکانی کۆمەڵانی خەڵک، واتا نەهێشتنی هەرچەشنه ستەمێک و کردنەوەی دەرووی ژیانێکی روون و شیاوی ئینسانی بەڕووی کۆمەڵگەدا، تێکۆشا.
فەزیلەتی دارایی کچی خانمە چکۆڵ و فەیزوڵڵا دارایی لە ڕێکەوتی حەوتی مانگی گوڵان/فروردین ساڵی ١٣٤١/١٩٦٢ له بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سەقز له دایک بوو. فەزیلەت که چوارەمین منداڵی بنەماڵەکه بوو، وەک باقی خوشک و براکانی له کەش و هەوایەکی خۆشی بنەماڵه و له ژیان و گوزەرانێکی ئارامدا گەشەی کرد و گەوره بوو.
خوێندنی سەرەتایی و راهنمایی له سەقز تەواو کرد. بەڵام هاتنه سەرکاری دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی هەلی تەواوکردنی خویندنی ناوەندی لێبڕی و مەودای بە ئەو و زۆر کچ و کوڕی گەنجی دیکه نەدا که شوێن خەون و ئاواتەکانیان بگرن.
فەزیلەت هەر له منداڵییەوه خوو و رەوشتێکی تایبەتی هەبوو که دەبوه هۆی متمانە پێکردن و خۆشویستنی. ئەم رەوشته تا به گەنجیشی هەر لەگەڵی مابوەوه و نەیهێشتبوو که دارابوون و ناسراوبوونی بنەماڵەکەی کاریگەری نەرێنی لە سەر دابنێت و له خۆبایی بوونی پێببەخشێت، بەڵکوو به پێچەوانەوه گەنجێکی ئارام، رووخۆش، بەدەربەست و له هەمانکاتدا وریا بوو.
له دەسپێکی بزووتنەوه جەماوەریکانی ئێران و کاتی تەشەنەی ئەم بزووتنەوانه بەرەو شارەکانی کوردستان، فەزیلت تەنیا ١٦ساڵی بوو. سەرەڕای تەمەنی کەمی، هەڵسووڕاوانه له خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی خوێندکارانی شاردا بەشداری دەکرد.
به سەرکەوتنی شۆڕش و رووخانی سیستەمی پاشایەتی، چرۆی هیوا له دڵی ملیۆنها ئینسانی دڵبهکوێنی ئازادی و یەکسانیدا، پشکووت. مەخابن، دەسەڵاتدارانی تازه که سواری شەپۆلی بزووتنەوەکه ببوون و شۆڕش و دەسکەوتەکانی شۆڕشیان به تاڵان بردبوو، بەسەرهاتێکی رەش و تاریک، رەشتر له دڵی خۆیان و تاریکتر له ئەندێشەیانیان بۆ خەڵکی ئێران رەچاو کردبوو.
هەر له یەکەم مانگەکانی هاتنه سەرکاریانەوه پیلانگێڕیان سەبارەت به داخوازه رەواکانی خەڵکی و هێرشیان بۆ سەر ئازادی و ئازادیخوازان، دەستی پێکرد. بەرە بەره و هەتادەهات بۆ خەڵک و به تایبەت بۆ خەباتکاران و ئازادیخوازان پتر روون دەبوەوه که ئەو هەورە رەشه وا باڵی به سەر چارەنووسی خەڵکدا کیشاوه، ترووسکەی رووناکی لێ بەدی ناکرێت.
کوردستان که به حەق ببوه لانکی هەموو ئازادیخوازانی ئێران، له یەکەمین شوێنەکان بوو که کەوته بەر پەلاماری رق و تۆلەسەندنەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران. به دەسپێکی ئەم پەلامارانه، خەڵکی خەباتکار و ئازادیخوازی کوردستان که زیاده له هەموو ستەمەکانی دیکه به درێژایی مێژوو قورسایی باری ستەمی نەتەوایەتیشیان له سەرشان بوو، بێڕاڕایی. دەستیان دایەوه خەبات و بەرنگاری هەڕەشە و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بوونەوه.
بەمجۆره دەورێکی تازه بەڵام زۆر دشوارتر له دەوری پێشوو له خەبات و تێکۆشان بۆ فەزیلەت و بۆ هەزاران گەنجی وەکوو ئەو، دەستی پێکردەوه. پاش گرتنەوەی شارەکانی کوردستان له لایەن کۆماری ئیسلامییەوه، خەباتی فەزیلەت و هاوڕێیانی که ئیتر له چوارچێوەی تەشکیلاتی کۆمەڵەدا قاڵبێکی رێکخراەوەیی بەخۆوه گرتبوو، بەرەو خەباتی نهێنی نێوشار گۆڕدرا.
لەم مەیدانەشدا فەزیلەت لێبڕاوانه بە پێی توانای ئەرک و کاره تەشکیلاتییەکانی بەڕێوه دەبرد. کچێکی گەنج که له تەمەنی ١٨ سالەیی خۆی نزیک دەبوەوه، سەرەڕای ئەوەی که دەیتوانی به کەڵک وەرگرتن له هەل و مەرجی باشی ئابووری بنەماڵەکەی، رێگایەکی کەم کێشه بۆ ژیانی داهاتووی هەڵبژێرێت، بوو به رێڕەوی رێگایەک که نەک هەر بۆ خۆی وەک “ژن” بەڵکوو بۆ بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگا ئاسۆی ژیانێکی ئاسووده و شیاوی ئینسانی سەردەمی لەبەرچاو بوو.
هەروەک وترا، ئەم رێگا به بوونی کۆسپێکی گەورەی وەک کۆماری سەرکوت و سێداره، رێگایەکی گەلێک دژواره. فەزیلەتیش وەک زۆربەی هەڵسووڕاوانیتر، مەترسییەکانی دەناسی و دەیزانی که چ وەک “ژن”، چ وەک “کورد” و چ به تایبەت وەک ئینسانێکی ئازادیخواز له چوارچێوەی دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامیدا، هیچکام له ئاواتەکان و داخوازەکانی نایەنه دی.
دەوری تازەی خەبات و هەڵسووڕانی فەزیلەت چووبوه قۆناغێکی تازەوه. فەزیلەت وەک لایەنگری تەشکیلاتی کۆمەڵه لە چوارچێوەی رێکخراوێکدا کاری دەکرد که بۆ نەهێشتنی هەرچەشنه ستەمێک لەوانه ستەمی چینایەتی، ستەم و نابەرابەری له سەر ژنان و ستەمی میللی له کۆمەڵگادا، تێدەکۆشا. فەزیلەت وێڕای چەند کەسێکیتر له کوڕان و کچانی تێکۆشەری شار، له شانەیەکی تەشکیلاتیدا سازمان درابوو. ئەم شانه حیزبیانه جگه لەوەی مەکۆی کتێب خوێندنەوه و بردنه سەری رادەی وشیاری ئەندامانی شانەکه بوون، بەشێک له ئەرکەکانیشیان بڵاو کردنەوەی راگەیەندراوەکان، چاپەمەنیەکان و پەیامه حیزبییەکان له گەڕەک و کۆڵان و بەشه جۆراوجۆرەکانی شاردا بوو. نووسینی دروشمی دژ به رژیم و له قاودانی سیاسەته دژی ئینسانیەکانی رژیم و نووسینی دروشمی ئازادیخوازانه و هاندانی کۆمەڵانی خەڵک بۆ راوەستان و بەرپەرچدانەوەی سیاستە دژی ئینسانییەکانی رژیم، بەشێکیتر له کار و خەباتی فەزیلەت و هاوڕێیانی بوو.
ئەم هەوڵ و تێکۆشانه که نەک هەر له لایەن کۆمەڵه و لایەنگرانییەوه له کوردستان، بەڵکوو له لایەن زۆر حیزب و رێکخراوی چەپ و رادیکال له سەرتاسەری ئێراندا له ئاڕادابوو، رژیمی له گەڵ مەترسییەکی گەورەدا بەرەو روو کردبوو. بۆیه به پیلانێکی سەرکوتگەرانەی گەوره و سەرەتا به هێرش بۆ سەر دانشگاکان که به زۆری له ژێر هێژموونی رێکخراوه چەپ و سۆسیالیستەکاندا بوون، دەستی به پەلامار بۆ سەر ئەو رێکخراوانه و بۆ سەر خەباتکارانی ئەو بواره کرد.
له بەهاری ساڵی ٦٠دا، شەپۆلێکی گەوره له گرتنی ئازادیخوازان، دەستی پیکرد و پاش یەک دوو مانگ، دەستی دایه ئێعدامی به کۆمەڵی گیراوەکان که دەیان هەزار ئینسانی تێکۆشەر و ئازادیخوازی غەڵتانی خوێن کرد. ئەم شەپۆلی گرتن و ئێعدام کردنه، شارەکانی کوردستانیشی گرتەوه.
هاوینی ساڵی ٦٠ و له درێژەی پیلانی گرتنی تێکۆشەراندا، فەزیلەتیش له لایەن بەکرێگیراوانی رژیم و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوه، دەسگیرکرا و گواستیانەوه بۆ زیندانی رژیم له شاری سنه. له ماوەی زیندانی بوونیدا که پتر له چەند مانگێکی نەخایاند، چەندین جار دایکی هاتوچووی سنەی کرد بۆ چاوپێکەوتنی. هەرجاره که دایکی دەچوو بۆ زیندانی سنه دەکەوته بەر بێرێزی و ئیهانه پێکردن له لایەن بەرپرسان و بەکرێگیراوانی رژیمەوه و به دڵێکی کەیل و خەمبارەوه دەگەڕایوه بۆ سەقز.
له رۆژەکانی سەرەتای مانگی ئازەری هەمان ساڵ، واتا ساڵی ١٣٦٠ و له درێژەی پیلانی ئێعدام و کۆمەڵکوژی زیندانییەکاندا، رژیمی ئێعدام و سێدارەی کۆماری ئیسلامی، حوکمی ئێعدامی به ناحەق داسەپێندراو به سەر فەزیلەتیشی جێبەجێ کرد و غونچەی نەپشکوتووی ئاوات و ئارەزوە بەرزەکانی ژاکاند. رژیم تەرمی فەزیلەتیشی هەر وەک تەرمی باقی ئێعدامکراوەکان نەدایەوه به بنەماڵەکەی و به وتەی کاربەدەستانی جنایەتکاری رژیم، تەرمەکەی له شوێنێک به نێوی “شەیتان ئاوا” له نزیکی شاری قوروەدا نێژراوه.
رۆژنامەکانی رژیم له هەواڵێکی کورتدا نووسییان: “… به تاوانی هاوکاری له گەڵ گرووپی دژ به شۆڕشی کۆمەڵه، بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوەکانی ئەو گرووپه و هاندانی خەڵک له دژی کۆماری ئیسلامی، ئێعدام کرا”. هەر ئەم پەیامه کورتەی رژیم خۆی نیشاندەری ئەوەیه که فەزیلەت و هەزاران کەسی وەک ئەو تەنیا به تاوانی دەربڕینی بیروباوەڕیان و بۆچوونی سیاسیان له ئەشکەنجه خانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئێعدام کراون.
زەخت و گوشاری رژیم بۆ سەر بنەماڵەکەی فەزیلەت، به ئێعدامی ئەویش کۆتایی پێنەهات و تا ساڵیانێکی درێژ دوای ئەو کارەساتەش هەر ئیدامەی بوو. تەنیا چەند مانگ پاش ئێعدامی فەزیلەت و له ٢٥ی ئەسفەندی ٦٠دا، بنەماڵەی فەزیلەت و چەندین بنەماڵەی دیکە، له سەقز دوورخرانەوه و رەوانەی تاراوگه بەرەو کەمپی فوولادشەهری ئەسفەهان کران.