Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر مەستوورە شاسواری (تەوار) یەکەمین ژنی کورد کە لە ئێران لە سێدارەی دا.

بە داخەوە تا ئیستا لە هەندێ بەڵگە نامە، ئارشیو یان ماڵپەڕە ئینتێرنێتیەکان بە شێوەیەکی یان هه‌ڵه‌ یان ناتەواو باسی ژیان و خەباتی “تەوار” کچە هەڵکەوتووی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان کراوە. ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی بەشێک لە ژیانی خەباتکارانەی “تەوار” ڕوونتر بکرێتەوە و تۆمار بکرێت.

” تەوار” کەم ژیا بەڵام تەوارئاسا بەرز و ئازاد ژیا. مەستوورە شاسواری (مستورە شهسواری) کە دواتر لە ژیانی خەباتکارانەی خۆی ناوی نه‌هێنی”تەوار”ی هەڵبژارد لە 2ی مانگی خەزەڵوەری ١٣٤٠ هەتاوی یان 24 مانگی ئوکتۆبر ١٩٦١ی زایینی لە شاری سەقز لە دایک بوو. نه‌مر “تەوار” لە بنەماڵه‌یه‌کی کارمەندی مامناوەندیدا گەورە بوو. هەر زۆر زوو حەبیبە خانمی دایکی کۆچی دوایی کرد و کەلێنێکی گەورەی لە ژیانیدا بەجێ هێشت، بە تایبەت کە ئەرک و هەستی دایکایەتی سێ برا و خۆشکێکی لە خۆ بچووکتری کەوتە سەر شان. ئەم ئەرک و هەستە زیاتر هەڵقۆڵاوی کەسەیاتی “تەوار” بوو تا ئەوەی کە بەسەریدا داببڕێ.

ئەوەندەی پێ نەچوو کە کاک سیامەند، برا گەورەی نه‌مر “تەوار” لە تەمەنی ١٧ ساڵاندا لە لایەن ساواکی رژیمی شاوە گیرا و پاش ئەشکەنجە و ڵیپرسێنەوە لە بەندیخانەی شاری سنە زیندان کرا و تا سەر و بەندی ڕووخانی شا لە بەندیخانە ڕزگاری نەبوو. گرتنی کاک سیامەند لە لایەک ئەرکی نه‌مر “تەوار”ی زیاتر کرد و، لە لایه‌کی ترەوە بوو بە زەنگێک بۆ کردنەوەی دەرگای هوشیاری رامیاری ،دەستپێکی خەبات و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی زوڵم و نابەرابەری.

نه‌مر “تەوار” لە ماوەی به‌ندکراوی کاک سیامەند کە پاشان یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی یەکسانی- بەردەوام دەچوو بۆ زیندانی سنە بۆ چاو پێکەوتن و بە پێی ئەو نامانەی کە هی ئەوکاته‌ن و بە دەستەوە ماون، دیارە کە چەندە کەسایەتێکی بە توانا و جێ بڕوای بووە و، چاونەترسانە لەم پیوەندیانەدا جێگە هیوای کاکی بووە و دڵگەرمی پێداوە.

نه‌مر “تەوار” خاوەنی کەسایەتێکی خوشەویست و کارا، جێگای متمانەی  بنەماڵە و کەسوو کار، هاوڕێ و، دۆستی هەموان بوو. هاوڕێ “تەوار” خاوەن کاریزمایێکی تایبەت بە خۆی بوو، لێبڕاو و شێلگیر، راستگۆ و دڵسۆز، پڕ لە هەستی مرۆڤایەتی و، مرۆڤێکی پر لە ژیان و هیوا بە داهاتوو بوو.

“تەوار” لەم هەلومەرجەدا و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەگەڵ چەند هاوڕێی خۆی کە لە سەرەتادا هەموویان کوڕ بوون چەند شانەیێکی نه‌هێنی دادەمەزرێنن و دەکەونە کار و خەباتی رامیاری؛ بەشێک لەم چالاکیانە بریتی بوون لە نووسینی بەیاننامەی دژی رژیمی شا و بڵاوکردەنەوەیان لە ناو دواناوەندییەکانی کوڕان و کچان و خۆ پڕ چەککردن بە خوێندنەوەی کتێبی رامیاری و مێژوویی و هتد. هەر لەو کاتەوە لەگەڵ بیروبڕوای چەپ و مارکسیستی ئاشنا و نزیک دەبێتەوە. هاوکات لەگه‌ڵ بەرنگاری ستەم و جیاوازی چینایەتی وکۆمەڵایەتی، هۆشیارییان لە سەر مەسەلەی مافی پێشیلکراوی نەتەوایەتی گەلی کوردستان بەرەو گۆڕەپانێکی بەربڵاوتر هەنگاو دەنێت.

ئەوندەی پێ ناچێت کە خەباتی میلیۆنی کومەڵانی خەڵک لە دژی رژیمی پاشایەتی رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەگرێت و کڵپە ئەستێنێ.

نه‌مر “تەوار” کات بە فیڕۆ نادات و هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی خۆپیشاندانەکانی شاری سەقز بەشداری چالاکانەی هەبوو. لە زۆربەی هەرە زۆری ڕێپێوان و دژایەتی کردنی رژێم نەخشی بەرچاو و پێشڕەوانەی هەبوو.

لە مانگرتنی خوێندکارانیشدا لە شاری سەقز دیسانەوە نەخشی ڕێبەرێکی گەنجی خوێندکارانی گێڕا. تەوار زۆر خێرا لە ناو هاوڕیکانی لە دواناوەندی “پرورش” بوو بە جێگەی متمانە و وەک پێشڕەوی خەباتی خوێنکاران هاتە مەیدانەوە. بە ڕووخانی رژیمی پاشایەتی، کەش و بوارێکی ئازادی رامیاری لە کوردستان خۆلقا. ئەم کەشە بووە هوی تەقاندنەوەی بیر و هۆشی رامیاری کومەڵانی خەلک و هاتنە ئارا و دامەزراندنی ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان کە بە دوای ئەوەدا زۆر زوو ڕژیمی ئیسلامی هێرشی هێنایە سەر کوردستان.

“تەوار” که قەت سەری بۆ ستەم و نابەرابەری دانەنواندبوو، ئەمجارەش بە هۆشیاری و لێبڕاوی زیاترەوە درێژەی بە خەبات دا و لە دژی دەسەڵاتی کونەپەرستی ئیسلامی ڕاپەڕی و لە کۆمەڵەی یەکسانیدا وەک ئەندامێکی چالاک لە کار و خەباتی رامیاری خۆی بەردەوام بوو. ڵەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ هاوڕێێکی خۆیدا، دەستیاندایە کتێب کڕین و لە چەند لادێی ناوچەی سەقز وەک ئەحمەدئاوای سەرا و سونەتە، پەرتووکخانەیان بۆ منداڵانی گوندنشین کردەوە و سەردانیان دەکردن و هۆشیاری زیاتریان دەدا بە منداڵان .

شایانی باسه‌ هاوڕێ ته‌وار به‌شداری چالاکانه‌ی رێپێوانی جه‌ماوه‌ری سه‌قز بۆ مه‌ریوانی کردکه‌ هاوکات له‌گه‌ڵ چالاکوانانی شاره‌کانی سنه‌ و بانه‌ بۆ پشتگیری له‌ کۆچی میژوویی خه‌ڵکی مه‌ریوان سازدرا بوو( کۆچی مێژوویی خه‌ڵکی مه‌ریوان له‌ پووشپه‌ڕی 1358 تا14ی گه‌لاوێژی هه‌مان ساڵ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شار وبۆ ئوردووگای کانی میران ئه‌نجامدرا به‌ مه‌به‌ستی دژایەتی ده‌ربڕین به‌ سیاسه‌ته‌ شه‌ڕه‌نگێزه‌کانی کۆماری ئیسلامی).

نه‌مر “تەوار” دوای ته‌واو کردنی قۆناخی دواناوەندی لە شاری سنە لە بێهداشت مدارس درێژەی بەخوێندن دا و لە کاری رامیاری خۆشی لەم شارە بەردەوام بوو، بۆ وێنه کردنەوەی پەرتووکخانه له گەڕەکی خۆیان له سنه و هاندان بۆ دامەزراندنی شۆرای گه‌ڕه‌ک.

لەگەڵ خولی دووهەمی هێرشی رژیمی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە دوای نەورۆزی ١٣٥٩ یان ١٩٨٠، نه‌مر “تەوار” چووە ڕیزی بەرەنگاری لە شاری سنە و چالاکانە لە گەڕەکانی شاری سنە شان بەشانی خەڵک و پێشمەرگە لە دژی هێزەکانی پاسدار و سوپا داکۆکی لە شاری سنە کرد. پاش زیاتر لە یەک مانگ بەرنگاری، شاری سنە لە لایەن ڕژیمەوە داگیر دەکرێت. لە سەرو بەندی گرتنەوەی شار، نه‌مر “تەوار” یارمەتی هاوڕێکانی  دەدات کە لە شاری سنە دەرباز بن، بەڵام خۆی دەگەڕێتەوە ناوشار. لێرە بەدواوە کەسێک کە رۆژ بە ڕۆژ تا کاتی گولله‌ بارانکردنی”تەوار”، لەگەڵی بووە ئاوای گێراوەتەوە: لە کاتی گرتنەوەی شار نه‌مر “تەوار” و ئەو کەسە لە ناو شاری سنە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەگیرێن و دەبرێن بۆ پادگانی سنە.

هەر لە سەرەتای گرتنی نه‌مر “تەوار”ەوە پاسدارەکان و بەتایبەت جاشێک بە ناوی حاجی مسعود دەکەونە ئەشکه‌نجەکردنی دڕندانەی نه‌مر “تەوار”. بەڵام خۆڕاگری قارەمانانەی “تەوار” و قسە نەکردنی ئەوەندەی تر ئەم خۆفرۆشە شێت و هار دەکات و ڕادەی ئەشکەنجەکان زیاتر دەکەن بە شێوەیەک کە لە ناو چەند سەد زیندانی دەنگ دەداتەوە. دوای زیاتر لە یەک مانگ ئەشکەنجە رۆژێک کە نه‌مر “تەوار” خەڵتانی خوێن دەبێت و لە ئەشکەنجە دەگەڕێتەوە بەم کەسە دەڵیت: دەزانم گوللەبارانم دەکەم بۆیە ئەمڕۆ پێم وتن کە من پێشمەرگەم و دژی دەسەڵاتی کونەپەرستی ئیسلامی ئێرانم، پێم وتن کە من پێشمەرگەی یەکسانیم و ناتوانن هیچیتر لە زمانی من ببیستن. نه‌مر “تەوار” هەندێ قسەی تری تایبەتی خۆی وەک قسەی کۆتایی بۆ ئەم کەسە کردبوو کە ئەویش بە ئەمانەتەوە پاش ماوەیەک گەیاندبوویە بنەماڵەی نه‌مر “تەوار”. پاشان لە شەوی یەکشەممەی ٤ی مانگی جۆزەردانی ١٣٥٩ی هەتاوی یان ٢٥ی مانگی مەی ١٩٨٠ زایینی نه‌مر “تەوار” و کوڕێکی بانەیی دەهێننە ناو مەیدانێکی گەورەی پادگانی سنە کە زیاتر لە ٢٥٠ کەس  زیندانیان دا نیشاندوە. دەست و چاوی هەردوویان دەبەستنەوە و دەیانبەنە بەردەم دیوارێک کە لەم کاتەدا نه‌مر “تەوار” داوا دەکات چاوی بکەنەوە و،  بە چاو کراوەیی گوللەبارانی کەن، چون هیچ ترسی لەوان نییە و دەیەوێت کە لە کاتی گوللەباراندا چاو ببڕێتە ناو چاویان؛ کە جەللادەکانی کۆماری ئیسلامی بە قسەی ناکەن. پاش گوللەبارانکردنی نه‌مر “تەوار”، حاجی مسعود دێت و بە پێلاقە بێ حورمەتی بە تەرمی نه‌مر “تەوار” دەکات.

ەڵام چەند ساڵ دوای ئەمە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە حاجی مسعودیان بە سزای تاوانه‌کانی گەیاند و لە چالاکییەکی ناوشاردا کوشتیان. لە دوای چەند ڕۆژ تەرمی نه‌مر “تەوار” لە سنەوە گەیندرایە شاری بۆکان و لەوی بە خاک سپێردرا، چونکە هێشتا لە سەقز شەڕ بەردەوام بوو. تەرمی نه‌مر “تەوار” ٩ فیشەکی پێوە بوو. پاشان تەرمەکەی بۆ سەقز گوێزدرایەوە.

نه‌مر “تەوار” یەکەم کچی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە دەست رژیمی کونەپەرست و جەللادی ئیسلامی ئێران گوللەباران بکرێت.  “تەوار” هێمای ئازایەتی، لەخۆبردوویی و هۆشیاری کچە کوردێک بوو کە بۆ نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی و چینایەتی، بۆ بە دیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد، بۆ ئازادی، یەکسانی و بەرابەری خەباتی کرد و دژی هەر جۆرە هەڵاواردن و زوڵم و زۆرێک بوو.

یادی نه‌مر “تەوار”  و تەوارەکان بەرز و پیرۆز بێت

نووسینی:

شنۆ شاسه‌واری، خوشكی نەمر تەوار


ئاڵبۆمی وێنەکانی نەمر تەوار