Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ژیان و بەسەرهاتی نەمر نیعمەت نەودینیان

نەمر نیعمەت نەودینیان لە بنەماڵەیەکی کرێـکار لە مانگی پوشپەڕی ساڵی ۱۳٤۲ی هەتاوی له دایک بووە. نیعمەت شەش برا و تاقە خوشکێکی هەبووە . له تەمەنی گەنجی دوای ئەوەی کە له لایەن بەرپرسانی گرتووخانە، ئیـزنی چاو پێـکەوتنیان بە بنەماڵەکەی نەدا، هاوڕێ حەوت کەس لە گەنجان و چالاکانی سیاسی له گرتووخانەی سنە و لە لایەن ڕێژیمی دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران ئێعدام کرا. ئەوە لە کاتێک دا بووە کە تەنانەت تەرمی نیعمەت و هاوڕیانی بێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان له مەزارگەی “باغ فردوس” لە کرماشان و لە پاژێکی جیاواز ئەسپاردەی خاک کرا .بنەماڵەی نەمر نیعمەت و هاوڕیانی ڕۆژێـک دوا بە دوای ئێعدام کردنیان کە دەچـن بۆ چاوپێـکەوتنیان، هەواڵی ئێعدام کردنیان پێ ڕادەگەینن و داوایان لێ دەکەن پارەی ئەو فیشەکانە بدەنەوە کە ئەوانیان پێ گولـلە باران کردوون.

نەمر نیعمەت تا ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاوی لە مەریـوان نیشتەجێ و قوتابی بووە بەڵام بە دەسپێکی ناڕەزایەتی جەماوەری لە ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاوی بۆ درێـژەی ژیان وێـڕای دایک و باوک و دوو لە براکانی ڕۆیشتن بۆ سـنە و لەوێ درێژەی بە خوێنـدن دا.

ئەو نەمرە، گەنجێکی خوێندەوار و زیرەک بوو، لەژێر کاریگەری پێـوەندی بنەماڵەیی ڕووی لە چالاکی سیاسی و کردەوەیی تەشکیلاتی کرد. سێ برای نیعمەت کە تەمەنیان لەوی زیاتر بوو :نسان ،عەبدوللا و ئەسەد لە چالاکانی ڕەوتی چەپ و کۆمۆنیست و له مامۆستایانی شۆڕشگێڕی مەریـوان بوون. ئەو کات کە حیـزبی تودە لەسەر ڕێـکخراوە کوردستانێکان کاریگەری دانابوو ماوەیەک لە مەریـوان و دواتـر لە سـنە له گەڵ ڕێـکخراوە خۆبەخشە جەماوەرێکان لەژێـر ناوی بەرگری لە ئازادی و شۆڕش هاوکاری دەکـرد. لە قوتابخانەکانی سـنە چالاکی بەرچاوی هەبووە.

دوای بە دوای زاڵ بوونی سەرکوتگەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان و چاوەدێـری هێـزەی ئەمنی ڕێژیم و دەسبەسەر کردنی زۆر لە ئازادیخوازان، چالاکی نیعمەت چوو له قۆناغێـکی ڕێکوپێـکترەوە . وێـڕای پۆلێـک لە گەنجانی چالاک لە کۆمیتەی قوتابیانی کۆمەڵە ڕێـکخرابوون. نەمر نیعمەت ئەو سەردەمانی گەلێک ڕۆژگارێـکی دژوار و ناخۆشی تێپەڕ دەکرد. سێ لە براکانی لەڕیـزی کۆمەڵە دا پێشـمەرگە بوون . عەبدوللا نەودینیان “عەبە” لە تێـکهەڵچوون لە بەرزایێکانی زاڵ بەسەر پادگانی مەریـوان لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕێژیم، ڕێـکەوتی ۱٨ی بانەمەڕی ساڵی ۱۳٥۹ی هەتاوی گیانی بەخت کرد. دوو لە براکانی نیعمەت به ناوەکانی هەیبەت و شەوکی لە لایەن ڕێژیم دەسبەسەر کرابوون. تەنانەت تاقە خوشکی نیعمەت، عەزیزە نەودینیان وێـڕای دایکی کەوکەب “کاڵێ”موحیبی چەند جار لە لایەن ڕێژیم دەسبەسەر دەکرێن و دەیانبەن بۆ گرتووخانە. باوکی نیعمەت ،ئەحمەد نەودینیان بەهـۆی گیران و لێـپرسینەوەی زۆر بەردەوام سڵامەتی لە مەترسی دابوو و چاوەکانی هێـزی دیتنی نەمابوو.

سەرەڕای ئەو دۆخـە نالەبارە کۆمەڵایەتیە کە لەسەر نیعمەت و بنەماڵەکەی قورسایی دەکرد نەمر نیعمەت ،ئازایانە و بە ورەیەکی پۆڵایین درێـژەی بە چالاکی دەدا، تاکوو ئەو کاتەی کە لە لایەن هێـزەکانی ڕێژیم کە بە ناوی گیراوانی کیلانەی سنـە ناودێر کرابوو دەسبەسەر دەکرێ. دوا بەدوای لەقاو چوونی تەشکیلاتی سـنە، نیعمەت نەودینیان لە لایەن هێزی ئەمنی و ئیتلاعاتی ڕێژیم دەسبەسەر دەکرێ و لە بەرەبەیانی ڕۆژی ۲٤ی جۆزەردانی ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی لە گرتووخانەی سـنە ،هاوڕێ لەگەڵ ۲۷ چالاکی سیاسی لە لەیەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێـعدام کرا.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەرمی گیانبەختکراوانی ۲٤ی جۆزەردانی گرتووخانەی سـنەی له گۆڕستانی “باغ فردوس”ی کرماشان لە حاڵێـک کە بەشێک لە جەستەیان بەدەرەوە بوو ئەسپاردەی خاک کرد. هاوڕیانی گیانبەختکردوو لە گرتووخانەی دادگای شۆڕشی سـنه دوا بەدوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری ڕوحی و جەستەیی بێ بەزەیانە ئێعـدام کران. بنەماڵەی گیانبەختکراوان بەبێ ئاگاداری لە چارەنووسیان ڕۆژێـک دوای ئەوەی ئێعدامیان کردبوون بۆ چاو پێـکەوتن دەچی بۆ دادگای شۆڕشی سـنە .بەکرێگیراوانی جەنایەتکار و مرۆڤ کوژی کۆماری ئیسلامی هەواڵی ئێعدامی گیانبەختکراوان بە بزە و پێـکەنین بە بنەماڵەکایان ڕادەگەینن.
دەنگدانەوەی هەواڵی ئێعدامی بە کۆمەڵی ۲۷ کەس لە گیراوانی سیاسی و چالاکان و کادرەکانی کۆمەڵە بارودۆخی سـنەی یەکجار ئاڵـۆز کرد و لە بەشێکی زۆر لە شار، دووکان و بازاڕ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین داخـران. خەڵکی سـنە بۆ هاوخەمی دەربڕین، پۆل پۆل دەچوونه سەردانی ماڵباتی ئەو گیانبەختکراوانە و شەپۆلی ڕق و توڕەیی، سـنەی دایـگرت.

نەمر نیعمەت لە تەمەنی گەنجێتی ئێعدام کرا. ناوبراو ئەزموونی یەکجار باشی له پتـر لە دوو ساڵ چالاکی بێ وچانی، بۆ لە ناو بردنی ڕێـژیمی دیکتاتۆڕی پاشایەتی و شۆڕشی هەمەلایانەی خەڵکی کوردستان دژ بە کۆماری ئیسلامی و بەرگری لە دەسکەوتەکانی سۆسیالیستی خەباتی جەماوەری کوردستان لە ساڵەکانی ۱۳٥۷ تاکوو ۱۳٦۰ی هەتاوی بەدەست هێنا و بە سیمایەکی خۆشەویست لە نێـوان هاوڕیان و ئەندامانی بنەماڵەی ناسرابوو.
بە شایەتی دوو لە براکانی ئەسەد و نسان لە چاوپێـکەوتنێک یەک مانگ پێش لە دەسبەسەر کرانی کە لە نزیک ئاوایی نیگڵ لە گەڵ نەمر نیعمەت کردبوویان ڕوخساری مرۆڤێکی خوێندەوار و چالاکیان تێ دا دیتبووە کە بۆ ڕێـکخستنی هاوڕیانی به باشی هەڵس و کەوتی دەکرد و سەرەڕای گیانبختکردنی براکەی عەبدولا “عەبە”ی نەودینیان و هەر وەتر بواری قورسی ئەمنی کە لەسەر شار زاڵ بوو، بە هێزێکی لەبن نەهاتوو و هیـوا و ئاواتێکی زۆر بۆ داهاتوویەکی تەژی لە سەرکەوتن هەنگاوی هەڵدێـناوە.

یادی ئازیزی بۆ هەمیـشە هەرمان دەمێنێتەوە.

وەرگێـڕان له فارسی بۆ کوردی: قادر سـۆهرابی