Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بەشی دووهەم لە ڕاپۆڕتی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران، ساڵی ١٩٨٣

بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەو ڕاپۆڕتە، کرتە لەسەر ئەو دێرە بکەن


بەشی دووهەم


ئەو ژن و پیاوانە کاتی ماڵئاوایی لەگەڵ ئێـمە لە وڵامی سوپاس لێکردنی ئـێمە لەوان، دەیانگوت:

ئـێمە، هەموومان ،هاوژیـن، یەک یا چەند مناڵ، براکانمان ،یا لانی کەم یەک لە ئەندامانی بنەماڵەمان لە دەست داوە. کاتی ئەوەی هاتووە کە دونیای پێشکەوتوو لەو تاوانانەی کە دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجام دراون ئاگادار بکـرێنەوە. ئێـمە دەزانین کە تەنیا، چاوەدێـری توندی سوپای پاسداران دەبێتە هـۆی ئەوەی کە دەیان کەسی دیکە نەتوانن بێنە لای ئێـوە و شایەتی بدەن.

لە نێـوان دەیان شایەتی کە بە وردی بۆیان باس کردین، بە پێـویستی دەزانم ئاماژە بە چەند شایەتی بکەم. وتەکانی خوارەوە ئەوە دەسەلمێنێ کە نەک تەنیا ئەشکەنجەی گیراوەکان لە گرتووخانەی مەهاباد زۆر ئاساییە، بەڵکوو لە ڕاستی ئەو گرتووخانانە بوون بە ناوەندی ئەشکەنجە.

۱– شایەتی ئەو کەسانەی کە لە گرتووخانەی مەهاباد ڕایان کردووە:

جەعفەر…ه- ۱٨ ساڵان- قوتابی

ئەو لە سەرەتاکانی مانگی ژووئەنی ساڵی ۱۹٨۳ی زایینی گیرابوو و دوو مانگ لە گرتووخانە دەس بەسەر کرابوو.

جەعفەر و یەک لە هاوڕێکانی وایان پێشاندابوو کە ژانی زۆریان هەیە و لە کاتی گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، توانیبوویان خۆیان لە دەست دوو پاسداری پارێزەریان دەرباز بکەن و هەڵاتبوون.

جەعفەر دەیگووت:

“بۆ ماوەی ۴۱ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی کە لە ڕاستی دا وەک قەفەزێک وابوو گیرابووم، بە چەشنێک کە نەمدەتوانی لاقەکانیشم درێژ بکەم و لە سەر دوو ئەژنـۆم دانیشتبووم.

۴ ڕۆژ لە سەر یەک و بێ بڕانەوە ئەشکەنجەیان کردم ، بە مست و پێلاقە لە دەم و چاو و جەستەیان دەدام ،بە سیمی ئاسنی(کابڵ) لە پشت و دەست و لاقمان بە قامچی لێیان دەدام.

مەچەکی دەستەکانمیان بە ئاگری جگەرە دەسووتاند،بـۆ ماوەی چەند ڕۆژ و بە تایبەت ئەو ڕۆژانەی ئەشکەنجە دەدرام، چاوەکانمیان بەستبوو.

دواتـر بۆ گرتووخانەیەک کە نزیک ۲٥ میتر ڕووبەری دەبوو و ۳۲ گیراوی لێ بوو ڕاگۆازرام.

هەموو ئەشکەجە کراوەکان زۆر لاواز ببوون.

بەشێک لەوان لە گرتووخانەی ورمێ را هێنابوویاننەوە تا دووبارە ئەشکەنجەیان بکەنەوە.ژوورەکە هێندە چکۆلە بوو کە کەس نەیدەتوانی درێـژ بێت.

هاوڕێکانم ئەمنیان ئاگادار کردەوە کە ۶ گیراو کە پێشتر هەر لەو ژوورە بوون لە ژێـر ئەشکەنجە دا مردوون، ئەوان تەمەنیان ۱٨ بۆ ۲۰ ساڵان بووە و یەک لەوان ۱۳ ساڵ تەمەنی بووە.

دوای دەرباز بوونم، دایکم کە تەمەنی ۶۰ ساڵانەیە گیـراوە و تا ئێستا هەر لە گرتووخانەیه.

“ڕەسووڵ- د …- ۴۰ ساڵە-  مامۆستای قوتابخانە

ئەو لە ڕێـکەوتی ۱۲ی دیسەمبەری ساڵی ۱۹٨۲ لەو قوتابخانەی کە وانەی دەگوتەوە گیـرا و لە ڕێـکەوتی ۲٨ی دیسەمبەری ساڵی ۱۹٨۲ کاتێک کە وەک هەموو ئێوارەیەک دەیانبرد بۆ سەربانی گرتووخانە تا شەو لەوێ ڕابوێرێ لە هەلی بڕانی کارەبا کەڵکی وەرگرت و خۆی دەرباز‌ کـرد:

لەو کاتەوەی کە گیرام تا سێ ڕۆژ ڕژانە سەر جەستەم و بە کابڵ قامچیان لێ دەدام.

تا شەش ڕۆژ چاوەکانمیان بەستبوو و چێشت و هیچ خواردەمەنێکیان نەدەدامێ .

هەروەتر ناچاریان دەکردم دەستەکانم لە سەر یەک ببمە پشت سەرمەوە.

ئەو ژوورە تاکە کەسی کە لەوێ گیـرا بووم ئەوەنده چـکۆلە بوو کە تەنانەت نەمدەتوانی لاقەکانم درێـژ بکەم و ئەگەر لاقەکانم درێژ کردبا نەمدەتوانی دابنیشمەوە.

لە ژووری هەموانی،کە دواتر بۆ ئەوێ گوازرامەوە و وێـڕای من چـوار‌ کەسی دیکەی لێ بوو دۆخ هەر وەک ژووری تاکە کەسی وا بوو.

یەک لە گیـراوەکان تەمەنی ۱۴ ساڵان بوو و ئەوانی تر ۱۶ بۆ ۲۲ ساڵان تەمەنیان بوو.

تەنێ ڕۆژی یەک جار ئیزنیان پێ دەداین کە بچین بۆ ئاودەست، ئەویش بە تێکڕایی.

هەرگـیز نەمتوانی خۆم بشۆم مەگەر‌ دەست و دەم و چاوم .

گرتووخانە زۆر سارد بوو و من تەنێ یەک پەتانیم بە سەر‌ خۆم دادابوو .

لە درێژەی ڕۆژ دا ناچار بووین دەربیجە(پەنجەرە) بە کراوەیی بێڵینەوە.

شەوێک دیتم کە پاسدارەکان پیاوێکیان خستە ناو توورەکەیەک و تا یەک کاتژمێر لە پیاوەکەیان دەدا و توورەکەکەیان لە دەوری دا، دەسووڕاند.

دوای ۱۰ ڕۆژ ناچاریان کردم کە شەوانە لە سەربان بخەوم، ئەوان چاویان دەبستم و هەوا زۆر سارد بوو (۱۰ تا ۱۳ پلەی ژێر سیفر)

بەفر وڵاتی داگرتبوو و ئیزنیان پێ نەدەدام بێـجگە لە کەراسێک چی دیکە لەبەر بکەم.”

مستەفا- م…- ۲۶ ساڵە- خوێندکاری زانکۆ 

دوای گیـران لە مانگی سیبتەمبەری ساڵی ۱۹٨۲ی زایینی، کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە توانیم خـۆم دەرباز بکەم، بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ پشت و لاقەکانی منیان بە کابڵ قامچی لێ دەدا( هەر جار ٦۰ تا ٨۰ خولەک)

دەستەکانمیان بە ئاگری جگەرە دەسووتاند.

دوا بە دوا یەک ئاویان دەخستە ناو ژوورەکەم و نەمدەتوانی لاقەکانم درێژ‌ بکەم .

گیراوانێـکم دیت کە ئەشکەنجە کرابوون و لە دەستەی دە کەسی دا، لە ژووری تایبەت بەند کرابوون.

دەربیجە (پەنجەرەی) ژوورەکەم ڕوو بە گرتووخانەی ژنان بوو و کاتێک ئەوان ئەشکەنجە دەدران و دەست درێژیان پێ دەکردن دەنگی هەرا و هاوارەکانی ئەوانم دەبیست.

دوا بە دوای دەرباز بوونم، براکەم کە تەمەنی ۱٨ ساڵانە و خوشکەکەم کە تەمەنی ۱۶ ساڵانە بوو دەس بەسەر دەکەن.

دەزانم کە ئەوانیان ئەشکەنجە کردووە بەڵام هیچ هەواڵێکم لە بار و دۆخی ئەوان پێ نێ.

۲- شایەتی گیـراوێک کە لە گرتووخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.

مەهاباد- ڕەسووڵ- ی…- ۲۳ ساڵە خوێندکاری زانکۆ

ڕەسووڵ لە ڕێکەوتی ٨ی ئاوریلی ساڵی ۱۹٨۲ی زایینی دەس بەسەر دەکرێ و بۆ ماوەی یەک مانگ و نیو گیرابوو:

“لەو ماوەیە کە لە گرتووخانە بووم چاوەکانمیان بە پەڕۆ بەستبوو.

بە کابڵی ئاسن لە جەستەیان دەدام ، لە سمتیان دەدام، سەرەوەی ڕانم و لە پشت و لاقم بە قامچی لێیان دەدام.

جارێک ۶۴ شەپڵاغە و جارێکی تر ٨۴ شەپڵاغەیان لێ داوم.

لە سەر یەک و زوو زوو  لەسەر حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لێ پرسینەوەیان لێ دەکردم.

لە ژوورێک بە پانتایی ۳۲ میتری دووجا وێـڕای ۴۰ گیراوی دیکە هاو کووپە بووین.

شەوانە نەماندەتوانی درێـژ بین، چونکە هەر کات بە تەما بووین خۆمان درێـژ بکەین بە باتووم لە سەر لاقەکانیان دەداین.

تەنێ بۆمان بوو لە ڕۆژ دا دوو جار بچین بۆ ئاودەست.

۵ کەس،۵ کەس دەچووین بۆ ئاو دەست و ناچاریان دەکردین کە دەست لە سەر شانی یەکتر دابنێن و لە دوو خولەک زیاتر کاتمان نەبوو.

حەمام بۆ مسوڵمانانی باوەڕدار تەرخان کرابوو و بۆ ئەوانی دیکە قەدەغە کرابوو.

لە ژوورەکەمان بۆمان نەبوو کە لەگەڵ گیراوەکانی دیکە قسە و ئاخافتن بکەین.

لە ئەنجام دا بەو هـۆیە منیان ئازاد کرد کە یەک پرسیاریان حەوت جار لێ پرسیم و من سەرەڕای ئەوەی کە به قامچی( کە بە کابڵی ئاسنی لێیان دەدام ) هەر حەوت جار یەک وڵامم دابوونەوە.

۱۲ ڕۆژ دوای ئازاد بوونم دیسان گیرامەوە و ۹ ڕۆژ دەس بەسەریان کردمەوە.

سێ جار بە کابڵی ئاسنی قامچیان لێ دام.

ئەو ژووره تاکە کەسی کە لێ دەس بەسەر‌ کرابووم بە ڕادەیەک چکۆلە بوو کە نەمدەتوانی لەوێ درێـژ بم.

سەرئەنجام ئەو کەسانەی کە منیان پێـوە کردبوو نەیاتووانیبوو من بناسنەوە و جارێکی دیکە منیان ئازاد کردەوە.

۳- شایەتی دایکان و باوکانی ۵۹ گیراو کە لە مانگی مەی ساڵی ۱۹٨۳ لە گرتووخانەی ورمێ ئیعدام کران.

(بۆ پاراستنی هێمنی شایەتحاڵەکان کە ئێستا لە مەهاباد دەژین، پیتی هەوەڵی ناوەکان و پاش ناوەکانمان گۆڕیـوە)

①- شایەتی باوک و دایکی ئا- ز- ۱۹ ساڵە

“کوڕی ئێـمە نۆ مانگ و نیو پێش لە مەهاباد دەس بەسەر دەکرێ، جیرانێکمان ئەوی بە گرتن دابوو.

لە چـوار مانگی هەوەڵی دەس بەسەر بوونی نەمانتوانی چاومان پێ بکەوێ، چونکە ئەشکەنجەیان دەدا.

دواتر بـۆ ئێمەی باس کرد کە لە ژوورێکی تاکەکەسی بە قەت یەک قەفەز بەند کرابوو و تەنانەت نەیدەتوانی درێـژ بێت،چاوەکانیان بەستبوو و هەر ڕوژەی بە شێـوەکانی خوارەوە ئەشکەنجەیان دەدا:

– ئەشکەنجەی ئیلکتریکی

– کێـشانی نینۆکەکانی

– لێدان بە مست و پیلاقە لە کـۆی جەستەی

– قامچی لێدان بە کابڵی ئاسنی

– سووتاندن بە ئاگری جگەرە

– ئیعدامی ساختەیی

دوای گواستنەوە بۆ گرتووخانەی ورمێ ئیزنیان دا بە دایک و خوشکی چاویان پێ بکەوێ، ئەوان لە پشت شووشە بە تەلەفوون قسەی له گەڵ بکەن.

ئەوان ئاسەواری ئەشکەنجەیان لە سەر لاقەکان، دەستەکان و ئەو نینۆکانەی کە لە دەستیان دەرهێنابوو بە چاوی خۆیان دیت.

هەروەتر ئەو ساعاتەی کە لە مەچەکی دەستی کردبوو،لێیان شکاندبوو و لە نێو دەستی دا شکاندبوویان کە ورکە شووشەکانی تەواو دەستی هەڵدڕیـبوو.

هەرگیـز برینەکانی ئەویان ساڕێـژ نەکردبوو.

دوای ئیعدام کردنی بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی چووین بۆ تەورێـز، بەڵام تەرمەکەیان ڕادەستی ئێمە نەکردەوە.

②شایەتی برای، ب- ز- ۲۷ ساڵە

لە گرتووخانەی مەهاباد ئیزنیان بە دایک و باوکم نەدا کە چاویان بە براکەم بکەوێ و تەنیا دوای ئەوەی کە ئەشکەنجەیان دا و گۆازراوە بۆ گرتووخانەی ورمێ توانیان چاویان پێ بکەوێ.

تا چاوی بەوان کەوت، لاواز بوو و دڵی بوورایـەوە.

ئەشکەنجەدەرەکان بە کابڵی ئاسن کە لە سەر ئاگر سووریان کردبووە لە سەر جەستە و لاقەکانی و دەم و چاوی قامچییان لێ دابوو.

ئەوان دروشمی “زیندوو بمێنێ خومەینی” بە ئاگری جگەرە لە سەر سینگی براکەم نووسیبوو.

پاسدارەکان زۆر جار ئەویان وەک مەئمووری وڵاتی ئامریکا ناو بردبوو و پاشان ئیعدامی دەسکردیان بۆ ساز دابوو و بە چەکی بێ فیشەک تەقەیان لێ کردبوو.

جار و بار بە ۵ ڕۆژ جارێک خواردن و چێشتیان پێ دەدا، هێندێک کات ڕۆژانە یەک جەم یاخود سێ جەم.

هەروەتر “ڕەوانکەریان”دابوو بە براکەم و هاوڕێکی دیکەی و دواتر تا چەند ڕۆژ ئیزنی چوونە سەر ئاودەستیان پێ نەدابوون و ناچاریان کردبوون لە سووچێکی ژوورەکەیان پیسایی خۆیان بکەن و پاشان پیسایی خۆیان بخۆن.”

③شایەتی برای س- ز- قوتابی ۱۶ ساڵە کە لە ڕێکەوتی ۲۱ی مارس ساڵی ۱۹٨۳ وێـڕای ۴۰۰ گومان لێکراو بە لایەنگری لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەس بەسەر کرا.

“دایـکم لە گرتووخانەی ورمێ دوو جار چاوی بە براکەم کەوتبوو، براکەم پێ وتبوو کە ناتوانێ هیچ شتێک بدرکێنێ چونکە  ئاخافتنی تەلەفوونی ئەوان لە ژێـر‌ چاوەدێری دایە و قسەکانیان کۆنتڕۆڵ دەکەن.

بەڵام دایـکم دەستی دیتبوو کە جێگەی سووتانی جگەرەی لە سەر بووە، بێـجگە لەوەی پەلکی چاوی تەواو کرابۆوە و ماددەیەکی لە سەر مابووە.

ئەو تەنیا بە دایکمی گوتبوو کە چونکە دانی بە ئەندام بوون لە حیزبی دێموکرات نەناوە له سەر چاو و پەلکە کراوەکانی چاوی، گێچیان تێ کردووە.

 کاتێک کە ئەندامانی بنەماڵە بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی ڕۆیشتن بۆ تەورێز پێیان دەڵێن کە براکەم لە شەڕی نێوان عێراق و ئێران کوژراوە.”

④شایەتی هاوژینی د- ز- ۴۲ ساڵە بەردتاش

دوای دەس بەسەر کرانی هاوژینەکەم لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ۱۹٨۲ی زایینی، کچەکەشم دەگرن و هەشت ساڵ حوکمی بەند بوونیان بەسەر دا سەپاند.

“ئەو ناوی “زەرین تاج” و تەمەنی ۱۴ ساڵانەیە.

ئەویان ئەشکەنجە نەکردبوو بەڵام ددانەکانی دوو لە هاو بەندێکانی ئەویان کێـشابوو و بە کابڵ قامچیان لە لاقیان داوبوو.

هاوژینەکەم بۆ ماوەی شەش حەوتوو لە ژێر ئەشکەنجە دابوو و دواتر بۆ گرتووخانەی ورمێ ڕایانگواست.

ئەویان بە شێوەکانی خوارەوە ئەشکەنجە کردبوو:

– قامچی لێدان بە کابڵی ئاسنی له سەر هەموو ئەندامانی جەستە و لاقەکانی

– داغ کردنی ژێـر لاقەکان و پشت و سینگ بە ئوتوو

– هەڵقەندنی مووی سمێل دەنک بەدەنک

کاتێک کە چووم بۆ چاوپێکەوتن و چاوم پێ کەوت پێ گووتم کە لە پازدە ڕۆژی هەوەڵی دەس بەسەر کرانی هەر ڕۆژ بە چەند کاتژمێر بە کابڵی ئاسنی قامچیان لێداوە.

کاتێک بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی چووین بۆ تەورێـز، بەرپرسان دژایەتیان لەگەڵ کردم و پێیان وتم کە “ئەو بە ڕێژیم وەفای نەبووە”

من شەش مناڵم هەیە و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات هاوکاری ئێمە دەکەن، ئەوان پارە دەدن بە من تا بۆ مناڵەکانم خواردن دابین بکەم.

⑤- شایەتی دایک و خوشکی ئا و س- ز – ۱۹ و ۲۵ ساڵ-  خوێندکاری زانکــۆ

ئا.و س لە مانگی فێوریەی ساڵی ۱۹٨۳ دەس بەسەر کران و ئـێمە تەنیا دوو جار چاومان پێیان کەوت.

ددانەکانیان شکاندبوون،دەست و لاقەکانیان بە قامچی لێ دابوون و بێ بڕانەوە بە مست لە کـۆی جەستەیان دابوون.

پشت و سەر شانەکانیان بە ئۆتووی داغ سووتاندبوون.

ئەوان یەک مانگ لە ژووری تاکە کەسی مابوون و لەو ژوورە دا نەیاندەتوانی خۆیان درێـژ بکەن و چاوەکانیان بە پەڕۆ بەستبوون.

لە ڕۆژێ دا تەنیا بۆ یەک جار ئێـزنیان پێ دەدان چووبان بـۆ ئاودەست.

من ناچار بووم کە خواردەمەنیان بۆ ببەمە گرتووخانەی ورمێ وەگینا لە برسان دەمردن.

دوای ئیـعدام کردنیان لە دانەوەی تەرمەکانیان خۆیان پاراست.

⑥شایەتی خوشکی ج- س

قوتابی ۱۷ ساڵە کە لە مانگی فێوریەی ساڵی ۱۹٨۳ گیرابوو

“تەنێ یەک جار توانیم چاوم بە براکەم بکەوێ، ئەو نەیدەتوانی لە سەر پێ ڕابوەستێ و دوو پاسدار بن هەنگڵیان گرتبوو و ڕایانگرتبوو.

من ئاسەواری سووتانی جگەرەم لە سەر دەست و مەچەکی بینی.”

⑦شایەتی دایکی ه. و ئا .س- ١٨ساڵە و ۲۰ ساڵە، خوێندکاری زانکـۆ

“دوو جار لە گرتووخانەی مەهاباد و سێ جار لە گرتووخانەی ورمێ چاوم پێیان کەوت. لە سەر دەست و مەچەکی دەستیان جێگەی سووتانی جگەرەم دیت.

هەر دووکیان زۆر لاواز و ماندوو دیار بوون و به دژواری قسەیان پێ دەکـرا.

ئەوان پێیان وتم کە بۆ ماوەی شازدە ڕۆژ لە ژوورەکانی تاکەکەسی دەس بەسەر کرابوون و بـۆیان نەبوو کە لەو ژوورە دا درێـژ بن و چاوەکانی هەر دووکیان بە پەڕۆ بەستبوو.

لە گرتووخانەی ورمێ خواردنمان بۆیان برد چونکە هیچ خواردەمەنیان نەدەدانێ.

دوای ئەوەی کە پاسدارێـک کووژرا بـۆ جارێکی دیکە ئەوانیان ئەشکەنجە دەدا.

دوای ئیعـدام کردنیان زۆرم هەول دا تەرمەکانیان لە گرتووخانەی تەورێـز وەربگرم بەڵام بێ ئاکام بوو .

هاوژین و کوڕە گەورەکەم پێشـتر بەدەست پاسدارەکان کووژرابوون.

من دوو مناڵی چکۆلەی دیکەم هەیە و جیرانەکانم کە لایەنگری حیزبی دێموکراتن یارمەتی ماڵی دەدەن بە ئێـمە.”

⑧شایەتی دایـکی ج- س- ١٧ساڵە-  بارهەڵگر

لە فێوریەی ساڵی ۱۹٨۳ گیـراوە.

“دوای ۱۴ ڕۆژ کە لە گرتووخانەی مەهاباد گیـرابوو جارێک چاوم پێ کەوت.

ئەویان بـۆ ۴۰ ڕۆژ لەوێ ڕاگرتبوو و دواتر گواستیانەوە بۆ گرتووخانەی ورمێ .

لەوێ ۵ جار چاوم پێ کەوت و توانیبووم بە تەلەفوون قسەی لەگەڵ بکەم .

وا وێـدەچوو کە پێستی لەش، سەروسەکت و دەستەکانیان سووتاندبوو.

سەرەڕای ئەوەی کە چێشتم بۆ دەنارد زۆر‌ لاواز و شەکەت دەردەکەوت.

ئەو لە تلیـزیۆن دانی بەوە دا هێنابوو کە دوو جار لە لایان حیزبی دێموکراتی کوردستان فێـرکاری بوو کراوە و لە هێـرشەکانی ئەو حیـزبە بەشداری کردووە.

سەرەڕای ئەوەی کە زۆر پێداگریم کرد بەڵام تەرمەکەیان نەدامەوە.

⑨شایەتی دایکی ک- س- قوتابی ۱۵ ساڵە- گیـراو لە مانگی مارسی ۱۹٨۳ی زایینی

“کوڕەکەم ۴۰ ڕۆژ لە گرتووخانەی مەهاباد دەس بەسەر کرابوو و دواتر گواستیانەوە بۆ ورمێ، من لەوێ چاوم پێ کەوت و لە پشت شووشە تەلەفوونی قسەمان کرد.

ئەویان ئەشکەنجە دابوو و ئۆتووی داغیان له سەر شانەکان و لاق و دەستەکانی دابوو.

۱۵ ڕۆژ لە ژوورێکی چکۆلە گیرابوو و نەیدەتوانی خـۆی درێژ بکا.

لە کـۆی ئەو ماوەیە دا چاوەکانیان بە پەڕۆ بەستبوو و تاڕادەیەک هیـچ خواردنیان پێ نەدەدا.

دوای ئیعدام کردنی تەرمەکەیان ڕادەستی ئێـمە نەکردەوە.”

لێـرە دا شایەتی خوشکی عوسمان- س-

پێشمەرگەی تەمەن ۱۹ ساڵان کە وێـڕای ۵ کەسی دیکە، ۱٨ مانـگ پێـش ئیعدامەکەی کە له مانگی ژووئەنی ساڵی ۱۹٨۳ی زایینی گیرابوو باس دەکەین:

“سەرەڕای ئەوەی کە کاتی دەس بەسەر کرانی زگ و دوو لاقی برینی هەڵگرتبوو و بریندار ببوو ، پاسدارەکان لێیان دەدا و تەنانەت ئەو کات کە لە نەخۆشخانەش بوو به مست و پێلاقە لە زگ و سمتیان دەدا.

هەوڵ جار کە له گرتووخانە چاوم پێ کەوت نەیدەتوانی ڕێگە برۆ و پاسدارەکان بن هەنگڵیان گرتبوو و ڕایانگرتبوو.

ئەو گووتی لاقەکانی کە لە نەخۆشخانە لە گێـچ گرتبوو جارێکی دیکە لە گرتووخانە شکاندبوویانەوە.

لەگەڵ ئەوەی کە جەستەی زۆر ئەشکەنجە کرابوو، ئەوەندەیان زەخت هێنابوو بـۆ سەر دەست و قامکەکانی کە دوو قامکی شکابوو.

تەزووی کارەباییان لە قامکی نووساندبوو.

براکەم نەیدەتوانی ڕێگا بڕۆ و زۆر بە دژواری قسەی بۆ دەکرا چونکـە دوای ئەو ۴۰ڕۆژەی دوا به دوای یەک ئەشکەنجەیان دابوو.

پاسدارەکان دوو جار بـۆ دەس بەسەر کردنی دایکمان هاتن بەڵام هەر دوو جار کە هاتـن دایکمان لە ماڵ نەبوو.ئاخرسەر توانی خـۆی دەرباز بکا و لە یەک لە گوندەکانی ژێـر کۆنترۆڵی حیزبی دێموکرات دا جێـگیر بێت.

چەند ڕۆژ پێشـتر کاتێک کە بۆ چەندەمین جار بۆ داوای ڕادەست کردنی تەرمی براکەم چووین بۆ مردووشۆرخانەی تەورێـز، تەرمی هەشت کەسم وەبەرچاو هات (سێ کچ و ۵ کوڕ) کە دیار بوو ئیـعدامیان کردبوون. من سێ کەسم ناسیـنەوە.”

              ×                ×                 ×

ئەو چەند شایەتی کە باسمان لێ کرد هاوڕێ له گەڵ دەیان شایەتی دیـکە کە زۆر لە یەک دەچـن کە توانیمان کـۆی کەینەوە بـۆ ئێمەی سەلمانـد، کە گرتووخانەکانی مەهاباد پێش هەموو شتێک ناوەندەکانی ئەشکەنجە بوون و گیراوەکان پێش گۆاستنەوە بۆ ورمێ بـۆ ماوەی ۴ تاکوو ۶ حەتوو لەوێ لێپرسینەوە و ئەشکەنجە دەکــرێن.

هەروەتر بە هاوکاری ئەوان توانیمان کە لە چۆنییەتی گوزەرانـی ژیانی گیراوەکان لە گرتووخانەی مەهاباد زانیاری کــۆ بکەینەوە.

گیراو له ۲،۳ حەوتووی هەوەڵ لە ژوورێکی تاکە کەسی دەبێت.

ژوورەکە بە ڕادەیەک چکۆلەیە کە وەک قەفەز دەچێ و گیراو تەنانەت ناتوانێ لاقەکانی لەوێ دریـژ بکات.

گیراو لە حاڵێـک دا کە چاوەکانی بە پەڕۆ بەستراوە بـۆ ماوەی چەند ڕۆژ یا زیاتـر ئەشکەنجە دەدرێ.

دوای ئەوەی کە ئەشکەنجە تەواو بوو گیراوەکە دەبن بـۆ ژووری هەموانی بەڵام لەوێش ناتوانی لە کاتـی خەویش دا لاقەکانی درێـژ بکات.

لە کاتێک دا چاوەکانی بەستراون زۆر بە دژواری و بە زەحمەت دەتوانێ کە لەگەڵ هاوڕیانی گیراوی کە ئەوانیش ئەشکەنجە کراون قسە بکات.

گیراو ئیـزنی ئەوەی هەیە کە لە ڕوژێ دا دوو یا سێ جار بچێتە ئاودەست لە حاڵێک دا مەودای حەوتوو یا یەک مانگ بـۆی هەیە یەک جار بڕوات بـۆ حەمام.

 گیراوەکان کە لە سەر عەرزی ڕووت و لە دۆخێکی نالەباری تەندرووستی دان تەنیا یەک پەتانی دەدرێ کە ئەویش تەنێ بۆ بەرگری لە سەرما پێیان دەدرێ.

بەشێـوەی باو بە گیـراوەکان ڕوژێ سێ جەم خواردن (نان و برینج) دەدەن بەڵام لەوانەیە گیـراو تا حەوتوویەک برسی ڕابگـرن.

هەر چۆنێک بێ، باش نەبوونی خواردەمەنی بە ڕادەیەکە کە نیشانەکانی کەم خۆراکی بە خێـرایی لە سەر گیراو دەردەکەوێ.

سەرەڕای ئەوەی کە زیاتری گیراوەکان دوای گواستنەوەیان بۆ گرتووخانەی ورمێ ئەشکەنجە ناکرێن بەڵام ڕادەی خواردەمەنی هێنده کەمه کە بنەماڵەکانی گیراوان بە ناچار دەبن، خواردەمەنی ئەوان دابین بکەن.

تەنیا ئاسایی بوونی ئەشکەنجە دان کە باوە نابێتە هـۆی ئازاری ئەوان بەڵکـوو هیچ گومان نێ کە بارودۆخی تەندرووستی لە ڕوی ئەو خۆراکەی کە پێیان دەدەن، سڵامەتی گیراوەکان لە مەترسی داوێ.

دەبێ گوشارەکانی دیکەش بە بابەتەکانی سەرەوە زیاد بکەین لەوانە، گرتنی ئەو کەسانە کە کەس و کاریان پێشمەرگەن و یا بە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبی دێموکراتی کوردستان یا کۆمەڵە دەس بەسەر کـراون.