Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە نەمر فایەق کەریمی

لە لایەن ناوەندی نەمرانەوە لە ماوەی ڕابوردوودا ژیاننامەی قارەمانێک بەناوی نەمر “ڕەزا کەریمی”  بڵاو کرایەوە کە وەسیەتنامەکەی وەباڵی بۆ لە ئەستۆ دەدا کە دوژمن لەئاستی ئەو قارەمانە چەند بچوک و داماو بووە. خۆڕاگرییە جانانەکەی لە ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا وێردی زمانی گشت هاوزیندانییەکانی بووە. بەڵێ، سەری نەمر “ڕەزا کەریمی” لەناو کاروانی نەمراندا بە بەرزی دیارە و ڕووسووری میللەتەکەیەتی. ئەو خۆڕاگری و ئیمانەی نەمر ڕەزا بێگومان هەڵقوڵاوی پەروەردەیەکە کە فێری کردووە کە سەری بەرز لە هەناسەدانی کز هەرمانترە بۆیە ڕژێم نووکی هێرشەکانی دەگرتە ئەو پەروەردەیەی کە ڕەزای عاملاندووە. بەردەوام کاک “عەلی” باوکیان و “حوسنی خانمی بازرگان” دایکیان و کوڕ و کچەکانی لە ژێر چاوەدێری وردی ڕژێم و دەست و پێوەندییەکانی دابوون.  

برا بچووکی نەمر ڕەزا کەریمی بە ناوی “فایەق کەریمی” لە دایکبووی (١٠/١٠/١٣٤٥)ه، یەک لەو قارەمانانەی ئەو بنەماڵەیە بوو کە ورە و ئیمانی چی وای کەمتر نەبوو لە نەمر ڕەزای برای و لەناو کۆڕی هاوشارییاندا بە کوڕێکی کاریگەر و بەتوانا دەناسرا. ئەو کاراکتێرە وەهای کردبوو کە دوژمن بەردەوام لێی بخەفتێ تا گەشە نەکات. 

نەمر فایەق کەریمی

بەداخەوە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٦١ بە هۆی دانپێدانانی لاوێک لەسەر نەمر فایەق کەریمی، پاسدار لە شیرنخەودا دەگەنە سەری و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا دەستبەسەری دەکەن.  ئەو قارەمانە لە پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی لە ڕادەبەدەر، بەوپەڕی خۆڕاگرییەوە بە گژ جەلادانی سپای پاسداران دادەهاتەوە. 

زۆر بەداخەوە لە ساڵی ١٣٦٢ نەمر فایەق کەریمی هاوڕێ دەگەڵ زیاتر لە ٤٢ کەسی تر لە مانگی خەرمانان تیرەباران دەکرێ وێڕای نەمر ڕەزای برای دەبنە گوڵێکی تر لە جاڕەگوڵی نەمرانی کوردستان و لە گۆڕستانی (وادی رحمت) لە شاری تەورێز دەیانشارنەوە. هەرچەند بنەماڵەی ئەو قارەمانانە هیچکات چاویان بە تەرمی ڕۆکانیان نەکەوتەوە بۆیە هەردەم ئەو بنەماڵانە بە چاوی گومان دەڕواننە ئەو گڵکۆیانە. 

بە داخەوە پاش تیرەباران کردنی فایەق ، واتە دووهەم کوڕی ئەو بنەماڵەیە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا کاریگەری لەسەر ڕۆح و دەروونی باوکیان دادەنێ و بەرگەی کۆستی دوو لە کوڕەکانی ناگرێ و لە ساڵی ١٣٦٣ و لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا دڵی ڕادەوستێ و دەستەوملانی کوڕەکانی دەبێ لە بەهەشتی قارەماناندا. 

وەسیەتنامەی نەمر فایەق کەریمی

نەمر فایەق کەریمی لە کۆی وەسیەتنامەیەک دا کە پڕە لە ورە و ئیمان ئاوا دەنووسێ:

( وێڕای سڵاو، هیوادارم کە هەمووتان باش بن. دایک و بابی ئازیزم، خوشک و براکانی دڵسۆزم، هیوادارم باش بن. لێرە من حاڵم باشە و هیچ خەمی من مەخۆن و پێویست ناکا خەمم لێبخۆن. چاوی گشت برازا و خوارزاکانم ماچ دەکەم. دایک و بابە دڵسۆزەکەم، ئەوەندەی بزانن کە هەردەم لە مێشک و بیرم دان و بەیادتانم. 

لێرە پێویستیم بە پانتۆڵێک، کراسێک و شۆرتێک هەیە.

ماڵئاواییتان لێدەکەم نەک  بۆ هەتاهەتایە و خوداتان دەگەڵ.)