Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

قارەمانی ناو زیندان، نەمر “ڕەزا کەریمی”

نەمر ڕەزا کەریمیش یەکێک لەو لاوە خۆێن گەرم و تێکۆشەرانەی شاری مەهابادە کە لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بێ هیچ بەڵگە و بێ هیچ دادگاییەک لە سێدارە درا.

نەمر رەزا کەریمی کوڕی کاک عەلی و دایە حوسنی بازرگان (بەدیعی – کۆن)، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی (١٩٦٢ زائینی) لە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بوو. نەمر ڕەزا کەریمی خوێندنی سەرەتایی و مامناوەندی هەر لەو شارە تەواو کردووە. کاتی ڕاپەڕینی گەلانی ئیران دژ بە ڕژێمی پاشایەتی لە ئێران تەمەنی شازدە ساڵ بوو و هاوکات لەگەڵ لاوانی شاری مهاباد، ئەویش بە گەرمی بەشداری ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٣٥٧(١٩٧٩)ی کرد. دوای ڕاپەرین و بەڕێوەبردنی شار لە لایەن هێزی پێشمەرگە، کاک ڕەزا هاوکاری هێزەکانی ‌‌حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی کرد  و بە باوەڕ بە ڕێبازی ئەو حیزبە درێژەی بە خەبات و چالاکی سیاسی خۆی دا.

نەمر ڕەزا کەریمی

بەدوای چوونە دەرەوەی هێزی پێشمەرگە لە شارەکان، کاک ڕەزا لە نێو شار مایەوە. کاتێک کاک ڕەزا دەیبیستەوە کە کۆمەڵێک خەڵکی خۆفرۆش هاوکاری هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن، بە توڕەییەوە دەیگوت: ” ئەو خائینانە ویژدانیان نەماوە و بە پول و پارەی دوژمن سەرخۆشن و بێگومان هەر روورەشیان بۆ دەمێنێتەوە”. بوێری کاک ڕەزا وای کردبوو کە ڕاستەوخۆ رووبەرووی خۆفرۆشەکان دەبوویەوە، هەر ئەو بوێرییەش وایکرد کە خۆفرۆشان داوی بۆ دانێنەوە و  بیگرن و ڕادەستی جەلادانی کۆماری ئیسلامی بکەن.

هەر لە کاتی بەدیلگیرانی ڕا تا کاتی لە سێدارەدانی، داگیرکەران لە هیچ شێوازێکی نامرۆڤانە بۆ ئەشکەنجەکردنی نەمر ڕەزا دەستیان نەپاراست، بەڵام کاک ڕەزا بە ورەی پۆلائین خۆڕاگری لە بەرانبەر ئەشکەنجەکەراندا کرد. خۆراگری کاک رەزا چەند ئەوەندە داگیرکەرانی توڕە دەکرد. چل رۆژ دوای دەستبەسەرکردنی، کاک ڕەزا ڕەوانەی زیندانی ورمێ دەکرێ و لە رۆژی ١٢ی خەزڵوەڕی ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی (٣ی نۆڤمبری ١٩٨١ زائینی)، هاوڕێ لەگەڵ قارەمان و نەمر کاک “خالید شاتری” لەسێدارە دەدرێن.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ترسی وەدەنگهاتنی خەڵکی شاری مهاباد، تەرمی ئەو دوو نەمرە نادەنەوە بە بنەماڵەکەیان. تەرمی ئەو دوو نەمرە لە لایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە و بەبێ ڕەزامەندی بنەماڵەکەیان و بەبێ هیچ ڕی‌ورەسمێکی ناشتن لە گۆرستانی “باغی ڕیزوانی” شاری ورمێ دەشاردرێنەوە. بنەماڵەی نەمر ڕەزا کەریمی کە دواتر کوڕێکی تریشیان لەسێدارە درا و گۆڕغەریب بوو بە ناوی نەمر “فایق کەریمی”، پەیمانیان داوە کە پاش سەرکەوتنی شۆرشی گەلی کورد بەسەر داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامیدا، تەرمی ئەو دوو نەمرە بە شانی هاوسەنگەرانی بگەڕێتەوە شاری مهاباد و بە ڕێوڕەسمێکی شکۆدار کە شایانی ورەی بەرز و خۆڕاگری ئەو تێکۆشەرانەیە بە خاک بسپێردرێن.

گۆڤاری لاوان ئۆرگانی یێکێتی لاوانی حدکا ژمارە ٢ ساڵی ١٣٦٠

کاک رەزا لە تەمەنی ١٩ ساڵێدا لەسەر باوەڕ بە ئاسوودەیی و ئازادی خەڵکی کوردستان گیانی لێ ئەستێندرا.

نەمر “ڕەزا کەریمی” لە دواساتەکانی پێش لە سێدارەدانی، لەسەر لەتێک لە مەلافەکەی نووسیویەتی و لە پووزووی پانتۆڵەکەیدا دەیشارێتەوە تا کاتێک کە لە سێدارەدرا و جلەکانیان دایەوە بە بنەماڵەکەی، خزم و کەسەکەی ئەو نامەیە بخوێننەوە. دەقی وەسییەتنامەکە لە ژیرەوە بخوێننەوە:

 بۆ بنەماڵەی ئازیزم،

سڵاو: سڵاوێک لە ناخی دڵمەوە و لە بەندیخانە و لە پشت قەفەسی ئاسنڕێژکراو بۆ ئێوەی ئازیز دەنێردرێ، هیوادارم لێمی وەرگرن. ئازیزانم من کاتی نووسینی ئەو چەند دێڕە، ڕەنگە ئاخرین رۆژەکان یان کاتژمێرەکانیم بێ. دەخۆازم دووریم پەسەند بکەن و بە جێ فرمێسک ڕشتن، بە لێوی پڕ لە بزە بڵێن کە کوڕەکەمان ماوە و زە‌حمەتکێشان و خەڵکەکەی بە باشی ناوی دێنن.

ئازیزانم، من خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم بۆوەی خۆم لە ریزی شەهیداندا دەبینمەوە، من دەمەوێ خۆم بە بەشێک لە خەڵک بزانم، هەر لەبەر وەیە ڕێگای پڕ لە شانازی شەهیدانی گەلەکەمم وەک “قاضی محمد”، “سرگرد عباسی” و “مەلا ئاوارە”م هەڵبژاردووە. من خەمی رۆییشتن لەو دوونیایە ناخۆم، تەنیا خەمی من ئەوەیە کە زیاتر ناژیم تا زیاتر خزمەتی خەڵکەکەم بکەم.

ئاواتەخۆاز بووم، تەمەنێکی بێبڕانەوەم بووایە و لە رێی خزمەت بە خەڵکدا بە کارم هێنابا

بژی حیزبی دمکرات

مەرگ و نەمان بۆ داگیرکەر و خائینانی دژی خەڵکی کورد

بەڵام دەزانم بە ڕۆیشتنی من، ڕیبازی پیرۆزی من ئیدامە دەدەن و من وەک مۆمێک وام، بە سووتانم دەوروبەری خۆم رووناک ڕادەگرم.

ئازیزانم؛ دەبێ من و هەزارانی وەک من گیانیان بۆ ئاسوودەیی خەڵکە‌کەیان قوربانی بکەن. هیوادارم بە ڕۆیشتنی من خەم و بێهیوایی لە دڵتان نەنیشێ و هەر وەک ئێستا سەرسەخت و بە باوەڕ بن. ئاواتەخۆازم وێنەکەم لە پێشانگای نەمران دابندرێ و بە من و دایک و بابی وەک خۆتان شانازی بکەن. لە کۆتاییدا دەخۆازم، سڵاوی من بە هەموو دراوسێکان و بنەماڵەی کەریمی بگەیەنن. چاوی هەموو خوشک و براکانم و منداڵەکانیان ماچ دەکەم، هەروەها ئێوەی دایک و بابی ئازیزم ماچ دەکەم و لە خوای مەزن داوای سێبووریتان بۆ دەخۆازم. لە کۆتاییدا داواتان لێ دەکەم متمانە بە هیچ کەس مەکەن، من بەندکراوی دەستی ئازیزترین هاوڕیمم. بە هاوڕێانم بڵێن کە بەرانبەر بە خەڵکەکەم بە ئەمەک بووم و لە ڕێی ئەواندا گێانم بەخت کرد. نە ژیان هێندە شیرنە و نە مردنیش هێندە ترسێنەرە کە مرۆڤ شەرەفی خۆی بۆ بدۆڕێنێ.

مردن لە ڕێگای نیشتمان بێ
سەد ژیانی بە قووربان بي.

واش نەبایە هەردەمردم
کەسیش یادی نەدەکردم

کوڕتان رەزا کەریمی ١٠/٠٨/١٣٦٠

بۆ هەمیشە ماڵئاوا


وێنەکانی نەمر ڕەزا کەریمی