Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

داود عەبدوڵاهی بەندکراوی باوەڕمەندی مەززەبی، ئێعدام کرا.

ماڵپەڕی کوردپا ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە کە داود عەبدوڵاهی ناسروا بە (سەید ئاسۆ) بەندکراوی سیاسیی کورد بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممۆ ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٢ لە زیندانی قزڵ حەساری شاری کەرەج لە سێدارە دراوە. وەک دەگوترێ تەرمی ئەو بەندکراوە ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە تا بیبەنەوە بۆ مەهاباد.

داود عەبدوڵاهی کوڕی سەید مەحمود عەبدوڵاهی و خەجیج مورادی لە ١٤ ساڵ لەمەوبەرەوە هاوڕێ دەگەڵ شەش کەسی تر بە ناوەکانی خوسرەو بەشاڕەت، کامڕان شێخە، ئەنوەر خزری، قاسم آبستە، فەرهاد سەلیمی و ئەیوب کەریمی بە تاوانی باوەڕمەندبوونی بە مەزەببی سوننە لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ەوە گیراون. ئەو بەندکراوانە لە زیندانی ورمێ زیاتر لە ٦ مانگان لە بەندی تاکەکسەیدا ڕاگیراوبوون و نامرۆڤانەترین و توندترین ئەشکەنجەکانیان لەسەر پەیڕەو کرابوو.

لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ەوە ڕادەگوێزرێنە زیندانی ڕەجایی شەهری کەرەج و پاش ئەوە ئەو زیندانە لەمساڵدا چۆل کرا و دەرگاکەی داخرا، گواستیاننەوە بۆ زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج. ئەو ٧ بەندکراوە لە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٤دا لە لایەن محەممەد موقەیسە سەرۆکی دادگای شۆڕشی تارانەوە محاکەمە دەکرێن و بە تاوانی “محاربە” افساد فی الارض” داشدادری کردن لە گروپە سەلەفییەکان” و “تاوانی کوشتن”ی عەبدولڕەحیم تینا پێشنوێژی مزگەوتی خولەفای ڕاشدینی شاری مەهاباد بە ئێعدام حوکم دەدرێن. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەو تاوانەی خستوویاننەتە پاڵ ئەو ٧ کەسە بەردەوام ڕەتیان کردۆتەوە و حاشایان لێ کردووە کە کاری وەهایان کردبێ.

داود عەبدوڵاهی کە هاوسەردارە و دوو منداڵی بە ناوەکانی ئەسرا و موسعیب هەیە، لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبارەوە گواسترابۆوە بۆ بەندی تاکەکەسی بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی، بەڵام ئەو مانی لە نانخواردن گرت و دوای ٧ ڕۆژ مانگرتن ئەمڕۆ لە حەوشەی زیندانی قازلحەساری کەرەج بە داخەوە ئێعدام کراوە.

ناوەندی نەمران ئەو کردەوە نامرۆڤانەییە کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندترین شێوە شەرمەزار دەکات و داوا لە گشت ڕێکخراوە جیهانییەکان دەکات تا لە هەوڵێکی تۆکمەدا هەوڵ بدەن سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دابنێن.

Dawood Abdolahi1
Dawood Abdolahi