Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

قاسم ئابەستە، باوەڕمەندی ئایینی سوننە، ئێعدام کرا.

هەواڵنێرەکان بڵاویان کردەوە کە دوێنێ ڕۆژی یەکشەممۆ ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی (٥/11/2023) لە زیندانی (قزڵحەسار لە کەرەج) لە سێدارە دراوە.  قاسم ئابەستە تەمەن ٤٤ ساڵ و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی شاری مەهاباد لە ڕێکەوتی ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی  هاوڕێ لەگەڵ ٦ کەسی تر بە ناوەکانی داود عەبدوڵاهی، ئەیوب کەریمی، ئەنوەر خزری، خوسرەو بەشارەت، کامڕان شێخە و فەرهاد سەلیمی دەستبەسەر دەکەرێن. ئەم حەوت زیندانییە سوننەیە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لەلایەن دادوەر محەمەد موقیسە بەرپرسی لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران دادگایی کران و حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو حوکمەی بۆ ئەو زیندانیانە دەرچووە، لە مانگی گوڵان ١٣٩٨ لە لایەن لقی ٤١ی دادگای باڵا دوای چەندین ساڵ لە خەباتی دادوەری پشتڕاستکرایەوە و لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٩یشدا لە دادگای باڵا داواکارییان بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە ڕەتکرایەوە.

ئەوان بە تۆمەتی “محاڕەبە”، ” افساد فی‌الارض “، “پشتیوانی لە گروپە سەلەفیەکان” و کوشتنی کەسێک بە ناوی  عەبدولڕەحیم تینا کە لە ٧ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٧ لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا، تۆمەتبار کران. بەڵام هەموو ئەم کەسانە لە نامەکانیاندا کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاوکرابوونەوە، چەندین جار پێداگرییان لەسەر بێبنەما بوونی ئەو تۆمەتانە کردبووەوە کە خراوەتە پاڵیان. ئێستا لەگەڵ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی قاسم ئابەستە، شەش بەندکراوی دیکەی دۆسیەکەی مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

قاسم ئابەستە پاش چەند مانگان کە لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لە زیندانی تاکەکەسیدا دەگیرێ پاشان ڕەوانەی زیندانی (اوین) لە تاران دەکرێت و لەوێ بۆ ماوەی ٦ مانگان لە بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ لە زیندانی تاکەکەسیدا دەیهێڵنەوە و بەردەوام لە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدا دەبێ. پاشان ئەو گیراوە کە لەسەر باوەرمەندبوونی خۆی بە مەزەبی سوننی گیراوە لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ دەنێردرێتە زیندانی (رجایی شهر کرج) و لە گەلاوێژی ئەوساڵ ڕا دەیگوازنەوە بۆ  زیندانی (قزل حصار کرج).

نەمر قاسم لە ڕۆژی یەکشەممۆ ٧ی خەزەڵوەرەوە بۆ جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەدانەکەی گوێژرابۆوە بۆ بەندی ئەمن لە واحیدی ٣ی زیندانی قزڵحەسار. دوای گواستنەوەی قاسم ئابەستە بۆ ژووری تاکەکەسی، کۆمەڵێک زیندانی سیاسی زیندانیکراوی زیندانی غەزەلحەسار بانگەوازێکی گشتییان بۆ ڕێگریکردن لە لەسێدارەدانی ئەم زیندانییە باوەڕمەندە ئایینییە بڵاوکردەوە. لە نامەکەیاندا پێداگرییان لەسەر نەبوونی ئاشکرای مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی ئابەستە کردووەتەوە و نووسیویانە: با نەهێڵین بارودۆخی ئێستا و هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی گیانی هاووڵاتییەک بگرن و لەلایەن حکومەتەوە بیکوژن.

لە هەمان کاتدا ئەحمەدرەزا حائێری، زیندانی سیاسی، لە نامەیەکدا لە زیندانی قزڵحەسارەوە، چیرۆکی یەکێک لە هاوتۆمەتبارەکانی قاسم ئابەستەی لە دانیشتنی دادگاکەیەوە وەبیرهێنایەوە و نووسیویەتی: “تەواوی دادگاییکردنەکە دوو خولەکی نەخایاند، قازی موقەیسە وتی: پێش هەموو شتێک تۆ کوردیت، ئەمە لە سێدارەدانێک!” دووەم: ئێوە سوننەن، ئەمە دوو لەسێدارەدان، سێیەمیش بیرکردنەوەی سەلەفیتان هەیە، ئەمە سێ لەسێدارەدان”.

ڕۆحی نەمر قاسم ئابەستە شاد و یادی هەرمان

Qasm Abaste 1