Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە نەمر هوشەنگ تەوحیدی

نەمر هوشه‌نگی ته‌وحیدی، ساڵی ۱۳۳٦ی هەتاوی له‌ شاری سه‌قز له‌دایک بوو. خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ سه‌قز خوێند، پاش ئه‌وه‌ی بنەماڵەکەی كوچیان كرده‌ ته‌ورێز، خوێندنی دواناوەندی له‌و شاره‌ خوێند. لەو قۆناغەدا كۆمه‌ڵێک له‌ ڕووناكبیرانی ناسی کە لە ئاکامدا بوو بە هۆی ئاشنابوونی لەگەڵ ماركسیزم و هزری ڕزگاری چینی كرێكار. كاتێک له‌ یەک لە ئاوایێکانی باکووری ئێران سەر بە ناوچەی لاهیجان، لە سپای دانش خزمەتی دەکرد، به‌ هۆی ئه‌و بیروباوه‌ره‌ کە باسی کرا و هەروەها لە نیزیکەوە ئاشنابوون بە ئێش و ئازارەکانی گوندنشینەکان، وای کردبوو تا زۆر زوو متمانه‌ی گوندنشینەکان وەدەست بێنێ و ڕێزی لێ بگیرێ. ئه‌مه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ  به‌رز بوونه‌وه‌ی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری دژی رژیمی پاشایەتی.

نەمر هوشەنگ تەوحیدی

پاش ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی، نەمر هوشه‌نگ گه‌ڕایه‌وه‌ بو سه‌قز و له‌ (کۆمەڵەی لایه‌نگریی زه‌حمه‌تكێشان) له‌و شاره‌ درێژە‌ی به‌ خه‌بات دا و به‌ ناوی ته‌شكیلاتی عه‌لی دەناسرا. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ خه‌باتی شورشگێرانه‌ی دێهاتی سه‌قز و دیواندره‌ له‌ دژی كۆنه‌په‌ره‌ستان به‌رپا ببوو. كاک هوشه‌نگ له‌گه‌ڵ  هاوڕێیانی له‌ شه‌رێكی چه‌كدارانه‌دا كه‌ له‌ كه‌ره‌فتوو ڕووی دا بوو، به‌شداری كرد.
له‌ پاییزی ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی نەمر هوشه‌نگ، خه‌باتی خوی به‌ چه‌شنێكی رێک و پێک به‌ “كۆمه‌ڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان”ـە‌وه‌ گرێ دا و به‌ بڕیاری ته‌شكیلات و لەژێر چاوردێری دوکتور جەعفەری شەفیعی گه‌ڕایه‌وه‌ بو ته‌ورێز. لەوێ پۆلێک له‌ كرێکارانی بەشی کەوشدووری ته‌ورێزی بۆ خەبات پەروەردە کرد و ڕێکی خستن و لە ژێر ناوی خوازراوی (عەلی) لەگەڵ کرێکارانی ئەو شارە ماندوویینەناسانە بۆ ناساندنی بیر و هزری سیاسی ڕێکخراوەکەی بێپسانەوە تێدەکۆشا.  لەئاکامدا نەمر هوشه‌نگ له‌ لایه‌ن هیزه‌كانی ڕێژیمی ئێران ده‌سبەسەر كرا و پاش ماوه‌یه‌ک، ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازار و خۆڕاگرییەکی بێوێنە، شه‌وی ٨ی پوشپه‌ڕی ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی له‌گه‌ڵ چوار کەسی تر بە ناوەکانی ماجد مستەفا سوڵتانی، ئەمجەد مستەفا سوڵتانی، ئیسماعیل یەگاندووست و سەعید ڕەحمانپوور له‌ گرتووخانەی ته‌ورێز تیرەباران كران.

” دوکتور موعتەسەم تاتایی مامۆستای ئابوری لە زانکۆی لەندەن و هاوڕێ نزیکی گیان بەختکردوو  هوشەنگ تەوحیدی لە وتووێژێک کە لەگەڵ تەلەوزیۆنی ئاسۆ سات و بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ئێعدامی هوشەنگ تەوحیدی بەشداری کردبوو، سەبارەت بە هاوڕێ هوشەنگ ئاوا دەدوێ:

(سەرەتای ناسینی من لەگەڵ هاوڕێ هوشەنگ ئەو کات بوو کە گەڕابووە سەقـز، پاشان بە یەکەوە لە زانکـۆی ڕازی شاری سنە درێـژەمان بە خوێندن داوە. ئەو سەردەمی، ساڵەکانی ۱۳٥۳ی هەتاوی بوو کە بیر و بۆچۆنی  مائۆئیست درزی کردبووە ناو هزری بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگای کوردستانی ئەو کات و زۆربەی ڕووناکبیرانی کوردستان هۆگریان بەو بیر و بۆچونە پەیدا کردبوو. هاوڕێ هوشەنگ بەو پێیە کە ئەو بیر و باوەڕەی هەبوو بەردەوام حەولی دەدا کە وەک ئەو ڕەوتە کە ئەوەی باوەڕی پێ بوو به کردەوه بە ئەنجامی بگەیەنێ. بەهاری ساڵی ۱۳٥٤ی هەتاوی کە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتایی هاتنی خوێندنی لە زانکـۆ، لەگەڵ هاوڕێ فیروز عەلاقەمەندان چوون بۆ تاران و بۆ ماوەی چەند مانگ وەک کرێـکار لەوێ کاریان کردووە کە هۆکارەکەی ئەوە بووە  لەگەڵ چینی کرێکار و هەژار هەڵس و کەوتی هەبێت و باشتر ئەم چینە بناسێت.

لە ساڵی ۱۳٥٥ی هەتاوی سەرەڕای ناڕەزایەتی بنەماڵەکەی و بە هۆی بیر و بۆچوونی و کار کردن لە ئاواییەکان، وازی لە خوێندن لە زانکۆ هێنا و دواتر چوو بۆ خزمەتی سەربازی و دوای شەش مانگ پێـوەست بوو بە سپای دانش و گوازرایەوە بۆ ناوچەکانی سەر بە شاری لاهیجان و بۆ ماوەی یەک ساڵ و نیو لە ئاواییەکی سەر بە لاهیجان لە سپای دانش خزمەتی دەکرد کە خۆی یەکجار هۆگری ببوو و پێـوەندی باشی لەگەڵ مناڵانی ئاوایی و خەڵک و هاوکارەکانی چێ کردبوو.

هاوڕێ هوشەنگ یەک لەو هاوڕیانە بوو کە لە ساڵەکانی ۱۳٥٦ بۆ ۱۳٥۷ی هەتاوی و هاوتەریب لەگەڵ شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی زۆر چالاکانە له شاری سەقـز بەشداری ئەو جوڵانەوانەی دەکرد کە یارمەتی دەدا بۆ سەرکەوتنی شۆڕش. پاش ڕوخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هـۆگری هاوڕێ هوشەنگ بۆ ئەوە بوو کە پێـوەست بێت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و وەک پێشمەرگەی ئەو ڕێـکخراوەی درێـژە بە چالاکی خۆی بدات و هاوڕێ لەگەڵ من، دوو جار چووین بۆ بانـە تاکوو پێـوەندی بگرین بە یەکێتی نیشتمانی، بەڵام لەسەر داواکاری هاوڕیانی کۆمەڵە ئاگادار کراینەوە کە دۆخەکە دەگۆڕدرێ و ئێـمەش وەک هێـزێکی کوردی پێـویستیمان به پێشمەرگە دەبێت و لەسەر ئەو داوایە ئێـمە لەو بڕیارە پاشگەز بووینەوە.

هاوڕێ هوشەنگ لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و ڕووناکبیر لەدایک ببوو کە پێگەی کۆمەڵایەتی باشیان هەبوو، زۆربەی ئەندامانی بنەماڵەی، خوێندنکار لەئاستی سەرەوە بوون و ئەوە ببوو هۆکاری سەرەکی لەسەر کەسایەتی تایبەتییان. ئەو پێـوەندی کۆمەڵایەتی باشی لەگەڵ چینە جۆراجۆرەکانی کۆمەڵگا هەبوو بە باشترین شـێواز پێوەندی درووست دەکرد و ڕێزی لە هەموو چین و تۆژێکی کۆمەڵگا دەگرت. پێـوەندی هاوڕێ هوشەنگ لەگەڵ برا گەورەکەی و دایک و خۆشکەکانی زۆری کاریگەری لەسەر من دانابوو و ببوو بە نمونەیەکی باش بۆ من و ئەزموونی باشم لەو پێـوەندیانەی هاوڕێ هوشەنگ وەرگرتووە. له کومەڵگاش دا پێـوەندی باشی لەگەڵ خەڵک هەبوو، چ ئەوکات لە زانـکۆ بوو و چ ئەوکات وەک سپای دانش لە لاهیجان بوو جێی خۆی لە ناو دڵی خەڵکدا کردبۆوە و متمانەیان پێی هەبوو. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە، هاوڕێ هوشەنگ لە شاری سەقز و وەک چالاکێکی ناوبەدەرەوە دەرکەوت و ببوو خۆشەویستی هاوڕێکانی و ئەو کەسانەی کە دەیاناسی و وەک مرۆڤێکی جێ باوەڕ لەناو دڵی جەماوەر جێی خۆی‌ کردبۆوە و خۆشەویستی هەموو لایەک بوو.

خاڵی گرینگی کەسایەتی سیاسی هاوڕێ هوشەنگ ئەو بووە که ئەوەی بیر و باوەڕی پێی بووە بە کردەوەش جێبەجێ کردووە و هەر وەک ئاماژەم پێ کرد بۆ بیر و باوەڕی زۆر شوێن و کاری به تاقی کردەوە تاکوو تێبگات لە زام و ژانەکانی چینی کرێکار و گوندنشین.)

نوسینی: قادر سۆهـرابی