Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە دوو برای نەمر کە بەیەکەوە ئێعدام کران (ئەمجەد و ماجید مستەفا سوڵتانی)

کورتەیەک لە ژیانی نەمر ماجد مستەفا سوڵتانی

نەمر ماجد مستەفا سوڵتانی

ماجد مانگی سەرماوەزی ١٣٣٥ هەتاوی لە گوندی ئاڵمانەی ناوچەی مەریوان لەدایکبوو . قۆناغی سەرەتایی خوێندنی تا پۆلی چوارەم لە گوندەکایان تەواو کرد.  بۆ درێژەدانی خوێندن ناردرایە شاری سنە.  قۆناغی دواناوەندی ساڵی ١٣٥٤ لە رشتەی ماتماتیک تەواو کرد.  ئەو قوتابیەکی ژیر و وریا بوو.  ئێستا خەریکی قۆناغی دواناوەندی بوو کە شێوەیەک لە خوێندنی لەگەڵ زانستگای ئاکسفوردی لەندەن لە ڕێگای دوورەوە و بە نامە دەستپێکرد.  بۆ زانکۆ لە ئەنستیتوی تیکنۆلۆژی تەورێز لە ڕشتەی بەرق وەر گیرا. هاوکات دیپڵۆمی تەبیعی وەرگرت و لە زانستگای ڕازی کرماشان و لە ڕشتەی پزشکیش وەرگیرا. لە هەرەتی لاوێتدا هەستی بە بێمافی گەلەکەی کرد. کاک فوئاد گرینگترین کارتێکەری لەسەر  گەشەی بیر و هزیی دانا. ماجید لە زانکۆ لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری تێکۆشەری چەپ و لەوانە دوکتور جەعفەری شەفیعی، سەدیق کەمانگەر و تێکۆشەرانی دیکە ئاشنا بوو و لەگەڵ ئەوان خەبات و هەڵسوڕانی خۆی دەسپێکرد. ماجید مرۆڤێکی گەل خۆشەویست، خۆنەویست، لێبڕاو، تێگەیشتوو،  ئەدەب و شیعر دۆست و ئۆگری موسیقا و ستران بوو.

لەگەڵ راپەرینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی ماجید بوو بە رێبەرێکی لێوەشاوەی نارەزایەتیە جەماوەرییەکان و تەنانەت لە کاتی تەقەی هێزە ئەمنیەتیەکانی پەهلەوی جارێک بە سووکی بریندار بوو. لەگەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و بە دەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی خومەینی، ماجد درێژەی بە خەبات و تێکۆشان دژی ئەو رژیمەش دا. هاوڕێ لەگەڵ  کاک فوئاد و کاک ئەمینی برای، یەکەمین یەکەکانی پێشمەرگەی یەکێتی جووتیارانیان پێک هێنا. ئەو شارەزایی لە کار و باری دەرمانی هەبوو بۆیە ئەرکی پزشکی و پێڕاگەیشتن بە بریندارەکانی پێشمەرگەی وەخۆگرت. هاوکات هاوڕێیانی بۆ خوێندن و نوسین یارمەتی دەدا تا بتوانن گۆڤار و بڵاڤۆکەکانی کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی تر بخوێنەوە. دوای گیانبەختکرنی کاک فوئادی برای، ئەرکی هەڵسووران لە رێکخراوی نەهێنی تەورێزی پێئەسپێردرا. ئەزموون و لێهاتووی، وریایی و ئاستی بەرزی بیر کردنەوەیی ئەویی لە پێگەیەکی هەستیار دانا. ماجید بەردەوام لە رووی سیاسی و هزرییەوە گەشەی دەکرد. ئەگەرچی کۆسپەکان و لە دەستدانی سێ هاوڕێ و برای گەورەی زامێکی قووڵ بوو بەڵام ئەو غەمە قورسانە  نەیانتوانی ئەو لە تێکۆشان بووەستێنن.

ماجید لە رەوتی سەردانێکی بۆ مەریوان ساڵی ١٣٥٩ ی هەتاوی لە لایان رژیمەوە دەستبەسەر و تووشی زیندان و شکەنجە دەبێت. بەڵام ئەو زیندانیش دەکاتە سەنگەرێکی بەرگری لە ئامانجە پیرۆزەکانی خۆی و هاوسەنگەرانی.

لە ساڵی ١٣٦٠ کۆماری ئیسلامی کاتیک نەیانتوانی ئیرادەی ئەو رۆڵە هەڵکەوتوویەی گەلەکەمان بە چۆک دابێنن لە زیندانی تەوریز هاورێ لەگەڵ یازدە تێکۆشەری سیاسی گولەبارانیان کرد. لە ناو ئەو نەمرانە ئەمجەد و ماجید مستەفا سوڵتانی، ئیسماعیل یگانەدوست، سەعید ڕەحمانپوور و هوشەنگ تەوحیدی بوون.

کورتەیەک لە ژیان و خەباتی نەمر ئەمجەد مستەفا سوڵتانی

نەمر ئەمجەد مستەفا سوڵتانی

ئەمجەد رۆژی ٢٣ ی رێبەندانی ١٣٣٨ ی هەتاوی لە ئاوایی ئاڵمانەی سەر بە شاری مەریوان لە دایکبوو.تا پۆلی چوارەی سەرەتایی لە ئاوایی ئاڵمانە خوێندی و بۆ درێژەدانی خوێندن هاوڕێ لەگەڵ براکانی بۆ شاری سنە نێردرا. ئەو تەمەنی زۆر نەبوو بەڵام خێرا هەستی بەرپرسیارەتی خۆی سەلماند. تا ساڵی ١٣٥٦ لە هونەرستانی سەنعەتدا درێژەی بە خوێندن دا. قۆناغی خوێندنی دەبیرستانی ئەمجەد هاوکات لەگەڵ گەشەی زانیاری سیاسی، ئاشنایی لەگەڵ بیری چەپ و خەبات دژی ڕژیمی شا بوو. گیرانی کاک فوئاد لەو ساڵانەدا کاردانەوی ڕاستەوخۆی لە سەر هەڵویستەکانی ئەمجەد دانا و بەستێنی پەیوەندی لەگەڵ ڕووناکبیرانی شۆڕشگیڕ  بۆ ئەمجەد پێکهات. هەڵاواردن وەک دیاردەیەکی ئاشکرا لە کوردستان، ئەمجەدی هاندا تا شێلگیرانەتر تێبکۆشێت. پووشپەڕی ساڵی ١٣٥٧ ی هەتاوی کاتێک بەندییە سیاسیەکانی شاری سنە بە ڕێبەریی کاک فوئاد بۆ ماوەی ٣١ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت ئەو یەکێک لە پشتیوانەکانی ئەو نارەزایەتیە بوو.

 ئەمجەد ساڵی ١٣٥٧  دیپلۆمی لە هونەرستانی سەنعەتی سنە وەرگرت و لە بواری پەروەردەی موعەلیمی شارەزا لە زانکۆ درێژەی بە خوێندن دا. لەو قۆناغەی تەمەنیدا خەباتی جەماوەری خەڵکی ئێران دژی سیستەمی پاشایەتی و دیکتاتوری ڕەزا شا، دەستی پێکردبوو. ئەمجەد لە ورمێ لەگەڵ ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی سیاسی و خوێندکاری زانکۆ و تورک و کورد ئاشنا دەبێت و چالاکانە لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی بەشداری دەکات و دوای شۆرش دژی دەسەڵاتی رژیمی ئیسلامی ئێران درێژە بە خەباتی خۆی دەداتەوە و لە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە دا خەبات دەکا.

پاییزی ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی لە ورمێ ئەرکی کاری رێکخراوەیی پێ سپێردرا. ساڵی ١٣٦٠ لە لایەن رژیمەوە دەسبەسەر دەکرێت و بە هەموو شێوەیەک ئازاری دەدەن بەڵام ئەمجەدی وەرە پۆڵا نابەزێ و تەسلیمی ئیرادەی کۆنەپەرستانی کۆماری ئیسلامی نابێ. سەرئەنجام هەر ئەو ساڵە هاوڕێ لەگەڵ ماجدی برای لە زیندانی تەورێز گولەباران دەکرێن.

گواستنەوەی تەرمەکان بۆ ئاڵمانە

هەواڵی جەرگبڕی گولەبارنکردنی ماجد و ئەمجەد بە گوێی دایکیان دەگات. بۆ وەرگرتنەوی تەرمەکانیان وەڕێدەکەوێ. کاتێک دەگاتە تەورێز بەندیوانەکە پێی دەڵێ: دڵم بۆت دەسوتێت. دایە بەهییە پێیدەڵێتەوە: کەوایە چۆن بڕیاری ئیعدامی دو کوڕی منتان بەرێوە برد؟ لەحاڵیکدا دەتزانی خەلخاڵی دوو کوڕی دیکەشمی ئێعدام کردووە و چەمڕانی پاسدار کورە گەورەکەمی کوشتووە؟ دایە بەهییە داوای تەرمی دوو جگەرگۆشەکەی دەکا، تا لە گۆڕستانی تاڵەسواری گوندی ئاڵمانە و زێدی خۆیان و پەنا سێ برا نەمرەکانیان بە خاکیان بسپێریت، کاربەدەستانی رژیم  بەو بیانوویە کە بەخاک ئەسپێردراون، ئیزنی گواستنەوەی تەرمەکان نادەن. دایە بەهییەی شێرەژن بە شەو تەرمی ماجد و ئەمجەد  لە گۆڕەکانیان دەر دێنێتەوە و بەرەو ئاڵمانە وەرێدەکەوێت.  یەکێک لە شاهید حاڵەکان دەگێرێتەوە:

(پاش هەشت رۆژ گولەبارنکردنیان ،لە کاتی هەڵگرتنی تەرمەکان خوێنی ماجد و ئەمجەد پڕژایە سەر سینگی دایە بەهییەی دڵبریندار، ئێمە هەموومان بەو دیمەنە خەم هەژێنە تاساین. بەڵام دایە بە ورەی پۆڵاینیەوە گوتی: ئێوە هەرکامتان بۆ من ماجد و ئەمجەدن. “

یاد، ناو و ڕێبازی نەمرانی کورد و کوردستان هەتا هەتاییە.