بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەمی ئەو ڕاپۆڕتە، کرتە لەسەر ئەو دێرە بکەن
بۆ خوێندنەوەی بەشی دووهەمی ئەو ڕاپۆڕتە، کرتە لەسەر ئەو دێرە بکەن
بەشی کۆتایی
۲- ئیعدامەکان
هەر وەک باس کرا زۆربەی شایەتەکان کە لە سەر ئەشکەنجە لە گرتووخانەی مەهاباد کۆمان کردۆتەوە شایەتی دایک و باوکی ۵۹ گیراوی ئیعدام کراو بووە کە لە مانگـی مەی ساڵی ۱۹٨۳ زایینی لە گرتووخانەی ورمێ ئیعدامیان کردوون. پێـش ئەو ئیعدامانەی کە هەواڵەکەی بە دەستی ئێـمە گەیشتبوو کە ١۵ کەسی خوارەوە لە ڕێـکەوتی ۱۵ ئاگۆستی ساڵی ۱۹٨۳ی زایینی لە گرتووخانەی”سەرکیس” ( نێوان بۆکان و سـنە)ئیعدام کراون:
- بەرزان فەتحوللا نیـژاد
- کولسووم حوسێنی
- محەمەد حاجی کەریـم
- سادات کەریمیان
- سەعیـد وەردانـی
- برایـم ئەحمـەدی
- فاتمە جەمشیـدی
- مەنسوور کەریمیان
- جەماڵ کەریمیان
- محەمەد کـەریمی
- عەتااڵڵە مینایی
- خالـید حەلیمی
- مەنسوور محەمەدی
- شەهلا میـنا
- وحیـد حوسێنی
لە ۲۲ تاکوو ۲۵ی ئاگۆست (ئەو ماوەی کە لە نزیک مەهاباد بووین) ۴٨ کەس لە خەڵکی ئەو شارە کە لانیـکەم ۱۹ لەوان کچانی جحێڵ بوون لە گرتووخانەی ورمێ ئیعدام کران.
۱۵ کەس لە کچانی ئیعدام کراو بە سێ تا دە ساڵ حوکم درابوون.
ئیعدام کراوەکان زیاتر”کرێـکار،قوتابی، خوێندکاری زانکۆ و یا مامۆستای قوتابخانە بوون و هیچ کام لەوان پێشمەرگە نەبوون.
لە سەرەتای ساڵ پتـر لە ۴۵۰ کەس ئیعدام کراون و حوکمی ئیعدامەکەیان لە (۲ تا ۱۰ خولەک) لە لایەن مەلایەک لە ژێـر ناوی “حاکمی شەرع” کە کاری دادوەری جێبەجێ دەکرد، پێیان ڕادەگەیاندن.
بەرپرسانی زیندان تەرمی ئێعدامکراوەکان بەو هۆکارانە نادەنەوە بە بنەماڵەکانیان:
- ئەو کەسانەی کە تیرەبارانیان دەکەن تەرمەکانیان لەبەر ڕێژنەی فیشەکان وەها شپرزە دەکرێن کە ناسینەوەی تەرمەکان کارێکی دژوارە.
- پێش ئەوەی ئێعدامیان بکەن، خوێنی ئەو زیندانییانە دەکێش و لە لەشیان بەتاڵی دەکەن تا بیدەن بە پاسدارە بریندارەکان. بە پێی فەرمانی ٣ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٨١ کە دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران ناردوویەتی بۆ گشت دادستانەکانی شۆڕش لە شار و شارۆچکەکانی ئێران، خوێنکێشان و خوێن بەتاڵ کردنی ئەو زیندانییانە لە لەشیان پێش ئێعدامکردیان بەبێ هیچ دوودڵییەک دەسەلمێنێ. ئەو فەرمانە بەو چەشنەیە:
ڕێکەوت:١٠/٧/١٣٦٠ – (٠٢/١٠/١٩٨١)
ژمارە:٣٢٥
بە ناوی خودا
نووسینگەی دادستانی گشتی شۆڕش – کۆماری ئیسلامی ئێران
لە لایەن: دادستانی گشتی شۆڕش کۆماری ئیسلامی ئێران
بۆ: گشت دادستانەکانی شار و شارۆچکەکانی ئێران
لەبەر داوای سپای پاسداران، کاتێک برا پاسدارەکان لە کاتی شەڕ لە ناو شەقامی شارەکان یان لە بەرەی شەڕ بریندار دەبن و دەیاننێرنە نەخۆشخانە، لەوێ پێویستییەکی زۆریان بە خوێن هەیە. نەبوونی خوێن و نەبوونی ئەو دەرفەتە کە دەم و دەست خوێنیان بۆ دابین بکەین، دەبێتە هۆی مردنی برادەرە پاسدارەکانمان. بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە داواتان لێ دەکەین فەرمان بدەن تا بە شێوەیەکی نهێنی ئەو کەسانەی مەحکوم بە ئێعدامن و حوکمەکەیان دەبێ بە زووترین کات جێبەجێ بکرێ، پێش ئەوەی ئێعدامیان بکەن لە لایەن کارمەندانی پزشکیی جێ متمانەوە، خوێنی تاوانبارەکان بگرن و ڕایگوێزن بۆ نیزیکترین بنکەی تەندرووستی یا بانکی خوێن. بۆ ئەوەی بە زووترین دەرفەتدا بدرێتە ئەو برا پاسدارانەی کە پێویستییان پێی هەیە تا لە مردن ڕزگاریان ببێ.
وەبیرتان دێنینەوە کە بۆ ئەوە بزانین ئەو کارە گرفتی شەرعی نییە، پرسیارمان لە ڕێبەر و ویلایەتی فەقیهمان، بونیاتنەری کۆماری ئیسلامی، ئیمام خومەینی کرد کە لە وەڵامدا فەرموویان ئەو کارە هیچ کێشەی شەرعی و ئیسلامی نییە. -واژۆ-
دادستانی گشتی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران
ئەو بەڵگەیە پرسیاری خوارەوە بـۆ خوێنەران چێ دەکات:
زۆربەی شایەتەکان دەسەلمێنێ کە حوکم دراوەکانی بە حەپسیان، ئیعدام کردووە.( وەک یەک لە گیراوانی گرتووخانەی ورمێ لە مانگی ئاگۆستی ۱۹٨۳ی زایینی) ، کەوابوو ئاخۆ دەتوانین ئاوا لێکی دەینەوە کە پێویستی بەرپرسان بە خوێن بۆ بریندارانی شەڕ دەبوو هـۆی ئەوەی کە تەنانەت حوکم دراوەکان بە حەپس، دوای خوێن کێشان لێیان، تیـرە بارانیان بکەن؟ ئەگەر پێچەوانەی وەیە بۆچی ئەو گیراوانەی کە لە مەحکەمەکان بە حەپس حوکم دراون تیرەباران دەکـرێن؟
لە ڕاستی دا بـۆ ئەو پرسیارانە هیچ وڵامێکمان پێ نێ و تەنێ دەتوانین ئەژماری ئیعدام کراوەکان باس لێ بکەین، بەو جۆرەی کە بەراوردمان کردووە، لە سەرەتای ساڵ و هێرشەکانی ڕێژیم بۆ ئەو ناوچەیە، ۴۵۰ مرۆڤی سیویل ئیعدام کراون. بەڵام ئەگەر ئەو ئەژمارە بە ئەژماری پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کە دوای ۳۱ی دێسەمبەری ۱۹٨۲ ئیعدام کراون،ئەژماری ۱۳۳۹ کەس کە ۲۷۷ کەسی ئەوان لە مەهاباد ئیعدام کراون زیاد بکەین، ئەژماری کەسانی سیویل کە کۆماری ئیسلامی ئیعدامی کردوون لە ۱٨۰۰ کەس زیاتـرە.
بـۆچی؟
لەڕووی چ پێوەرێک؟ لەسەر چ بنەما و ڵوژیکێک ئەو ڕێـژە ژن، پیاو، کوڕ و کچە کە زۆربەیان تەمەنیان ۱۴ تا ۱٨ ساڵانە ئاوا بە ئاسانی کوشتوویانن؟ ئاخـۆ بێجگە لە ترۆریسمی ڕێژیم لە بەرامبەر کەمینەیەکی بەهـێز کە نەتەوەی کـورد پێکی دێنێ، ناوی دیکەی هەیە؟ ئاخـۆ کۆماری ئیسلامی “شیعە” شەری پیـرۆزی دژ بە گەلی “سوننە” دەس پێ کردووە؟ ئەگەر بـۆ کـۆی ئەو پرسیارانە وڵامێکی لۆژیکی نەبوو، هەر ئەوەیە کە لە نێـوان دان پێدانی تلیزیۆنی “و- عەزیز” لێک دەدرێتەوە. عەزیز دواتر وێـڕای ۵۹ ئیعدامێکەی ورمێ بوو. ئەو کوڕە ۱۲ ساڵانە خـۆی بەوە تاوانبار دەکرد کە بە فەرمانی حیزبی دێموکرات چەند پاسداری کوشتووە. گومان نێ کە تەنیا یەک”تاوان”بـۆ پاساوی کوشتاری زۆربەی ئیعدام کراوەکان هەیە:
– کـورد لە دایـک بوون لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێـران دا
٣– هێرشەکانی ئەرتەش و پاسدارەکان بـۆ گوندەکانی کوردستان- بیلان:۲۵۰۰۰ ئاوارە
زیاتر لە ۲ ساڵە کە بە سەدان گوند لە کوردستان کە شـوێنی وەرزێڕەکانی بێ دەرەتانە و کەوتۆتە ژێـر هێـرشی توندی ئەرتەش و سوپای پاسداران. له زۆربەی هێرەشەکان،گوندەکانی کوردستان کە بێ بڕانەوە ئەرتەش بە ( فرۆکە، بۆردمان و چەکی قوورس ) و پاسدارەکان( چەکی ئۆتوماتیک و تاڵان) پەلامار دەدرێن. چـی دیکە گوندە خاپوور کراوەکان نابژێرن. دوا بە دوا هەر هێرشێک، وەرزێڕەکان نەک تەنیا ئەو نەختووکە موڵکەیان، بەڵکـوو تەرمە زۆرەکانی ئازیزەکانیشیان بە جێ دەهێشت. جاروبار ئەو وەرزێڕانە دەچنەوە گوندە خاپوور کراوەکانیان تا خانوو چکۆلەکانیان نووژەن بکەنەوە. بەڵام زۆر جار ناچار دەبن هەمیسان لە بەرامبەر هێـرشەکان، شوێنی ژیانیان بەجێ بێڵنەوە. هەروەتر زۆر جار ئەرتەش یا پاسدارەکان لە نزیک گوندە وێران کراوەکان جێـگیر دەبن و خێوەتگەیان دادەمزراند تا بەو جـۆرە بەرگری بکەن لە چۆنەوەی خەڵک بۆ ناو ماڵەکانیان. تەنێ لە هەوڵ ڕۆژەکانی مانگی ژووئیەی ساڵی ۱۹٨۳ی زایینی تاکوو ۱۵ ئاگۆستی ۱۹٨۳ هێـرش کراوەتە سەر ئەو گوندانەی خوارەوە (بە فڕۆکە و چەکی قوورسی خۆمپارە) لە حاڵێک دا لە پێـنج مانگ پێشـووتر لەو ڕێـکەوتە، ۱۴ گوند وێران و ۷۲ وەرزێـڕ کوژرابوون.
– ناوچەی ورمێ
“قەسری یەک- یەک کوژراو- یەک بریندار / قادرئاوا- سێ بریندار / بەست ئاوا- کوژراوێـکی ژن / سـۆسەن ئاوا- دوو ژن و مناڵێکی ۱۲ ساڵە کوژراون”
– ناوچەی مەهاباد
“کارسالار- یەک ژن کوژراو و حەوت بریندار / گەمیشان- یەک کوژراو و یەک بریندار”
– ناوچەی کامیاران
“زیاتر لە ۴۰۰۰ ئاوارە و لانەواز لە گوندەکانی خوارەوە: بیـلاوەر- تیلاکـۆ- موورانهـۆ- زێـویا- لنکەن”
– ناوچەی بۆکان
“یەکشـەوە( هێـرشی پاسدارەکان) یەک کوژراو و یەک بریندار”
بەڵام ئاکامی هێرشی هێزەکانی ئەرتەش و پاسدارەکان، تەنێ دەیان کوژراو و سەدان گوندی خاپوور کـراو یا چـۆل بوو،نێ. لە ڕاسـتی دا زیاتر لە ۲۵۰۰۰ پیاو،ژن و مناڵ ئاوارە بوون و لە شـوێن پەناگە، ئاشتی و ڕاحەتی ڕادەبورێن. زۆربەی ئاوارەکان پەنایان بـۆ گوندێک بردووە کە کاتی خـۆی بۆردمان کراوە و لەوێ را بە گوندی دووهەم، سێهەم و … پەنایان بردووە و لەگەڵ هەر هێرشێک لەوێش را ئاوارە بوون. ئەوان بـێجگە لە هەڵاتنی بەردەوام چارەی دیکەیان نێ.
لە ئێستا دا ئەژمارێکی زۆر لە پەنابەرەکان لە ناو یاخود لە نزیـکی ئەو گوندانەی کە لە ژێـر کۆنترۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستان دان لە دۆخێـکی نالەباری ماڵی و تەندرووستی دا دەژیـن.
ئێـمە لەگەڵ ۶۰ بنەماڵەی ئاوارە(زیاتر لە ۳۰۰ کەس) کە لە ژێـر خێوەت لە نزیکی گوندی “جەندرە” لە ۷۰ کیلۆمیتـری مەهاباد خۆیان پەنا دابوو چاوپێکەوتنمان کرد.
لە ناو ئەوان، بنەماڵانێک بوون کە دوای دەست بەسەر داگرتنی مەهاباد لە لایان پاسدارەکان لەو شارە هەڵاتبـوون. ترس لە توندوتیـژی پاسدارەکان و نەبوونی هێمنایەتی زاڵ بە سەر شار ڕێگەیەکی بێجگە لە هەڵاتن، نەهێشتبووە.( ئێـمە چاومان بە دایکانێک کەوت کە داوایان لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەکرد کە کوڕەکانی تەمەن ۱۳ یا ۱۴ ساڵانەی ئەوان لەگەڵ خۆیان ببەن، ئەو دایکانە له سەر ئەو باوەڕه بوون کە مناڵەکانیان بە خەبات و بەرەنگاری کردن هاوڕێ پێشمەرگەکان دژ بە پاسدارەکان باشتر دەپارێزرێن و ڕەوشـی سڵامەتیان کەمتر لە مەترسی دا دەبێ.)
شایەتی ئەو بنەماڵانە لە چەند وشە دا کورت دەکرێتەوە: بۆردومـان،هێرشی فڕۆکە،سەدان پاسدار کە بـۆ هەموو شوێنک تەقە دەکەن، خانوو وێـرانەکان،ئەو خانوویانەی کە لە ئاگر دا دەسووتێن، تاڵان،کوژراوەکان، بریندارەکان، تـرس و دڵەڕاوکە، هەڵاتن و …
لێـرە دا له نێـوان ئاخافتنی دەیان ئاوارە چەند شایەتی کە سرنجی زیاتری پێ داوین ئاماژەی پێ دەکەین:
ج – ر بازرگان نیشتەجێ مەهاباد
سێ ساڵ پێش لە ترسان مەهابادم جێ هێشت، ئەوان(پاسدارەکان) زۆربەی خەڵکیان گرتـبوو.
ئـیمە یەک بەدوای یەک لە شەش ناوچەی سەر بە مەهاباد خـۆمان داڵـدە دابوو. پاسدارەکان، هێرشیان کردە هەر شەش گوند کە خەڵکی خۆی لێ داڵدە دابوو،ئەوان تەقەیان ڕوو لە خەڵک و ماڵەکان دەکـرد و ماڵەکانیان ئاگـر تێ بەردەدا. جارێک ۱۵۰۰ تا ۲۰۰۰ پاسدار هێرشیان کردە سەر گوندی ئێـمە، خەڵک هەموو ڕایان کـرد، بەشێکیان گەڕانەوە تا گوند نووژەن بکەنەوە بەڵام پاسدارەکان هەمیـسان” هێرشیان کردەوە. هەر جار فـڕۆکە لە سەر ئێمە هەڵدەفڕی، زۆربەی خەڵکیان دەکووشت. جاروبار هەر جار ۲۰ تا ۲۵ کەس. سێ کچی ئێمە لە مەهاباد قوتابی بوون، ئەوان تازە توانیبویان لە شار دەرباز بـن و بۆ ژیان بێنە لای ئێـمە، ئەوان دەترسن. زۆربەی هاوڕێکانیان کە تەمەنیان ناگاتە ۱۴ ساڵ گیـراون. لە مەهاباد ئەژماری گیـراوان بە ڕادەیەک زۆرە کە سێ مزگەوتیان کردووە بە بنکەی نیزامی و یەک مزگەوتیان کردووە بە گرتووخانە.
“ئا- ر
دوو ساڵ پێـش ئێستا دوای ئەوەی کە”شـنۆ” لە لایان ئەرتەش دەستی بەسەر دا گیـرا لەوێ هاتمە دەرەوە. ئێـمە تا هەنووکە لە پێـنج گوند ژیانمان کردووە. ئەوان شاریان بە فرۆکە و خۆمپاره بـۆردمان دەکرد. زۆربەی خانۆکان وێـران کراون و زۆر کەس بریندار بوون. دواتـر پاسدارەکان هاتن و هەرچی بەجێ مابوو تاڵانیان کرد. ئێـمە شانسمان بوو و بە کەڵک وەرگرتن لە تاریکایی شەو خۆمان حەشار دا لە حاڵێـک دا زۆربەی خەڵک لە کاتی ڕاکردن گیـران لێان دان و کوشتیانن.”
ن- ز
“من لە گوندی کەرگڵ لە نزیـک مهاباد دەژیام. ساڵێک پێش ئێستا پاسدارەکان هێرشیـان کردە گوندی ئێـمە و تەقەیان لە خەڵک کرد . ۱٨ کەس کوژران،حەوت لەوان ئەندامی ماڵباتی من بوون:
– خەزوورم – کوڕێکم – سێ لە براکانم- دوو کوڕە مامم
پاسدارەکان لە سێ لاوە هێرشیان کردە سەر گوندی ئێـمە، ئەوان نزیـک ۱۰۰۰ کەس دەبـوون.
من هەڵاتـم و دوا بە دوای یەک لە چـوار گوند جێـگیر بووین کە هێـرش کرا سەر هەموان. ئێـستا چەند مانگە کە وێـڕای چوار کەسی دیکە لێـرەکانێ لە ژێـر خێوەتێـکی چکۆلە دەژیـم.” ۲۵۰۰۰ ئاوارەی کوردستان هەموو شتی خۆیان لە دەست داوە :خانوو،کار،موڵک و… ئـەوان لە هەر جـێگەیەک بن کار دەکەن و یا بە یارمەتی وەرزێـڕەکانی دیکە که هەر وەک وان هەژارن ڕۆژگار تێـپەڕ دەکەن. زۆربەی کاتەکان پاسدارەکان بۆ کات ڕابواردن تەقە لەو مێگەلانە دەکەن کە لە نزیکیان تێ دەپەڕن ، هەر لەوڕووە شوانەکان بە ناچار بە شەو مێـگەلەکان دەبن بۆ لەوەڕ.
۴– بنەماڵە دوورخـراوەکان
هیـچ ڕۆژێک نێ کە دەیان بنەماڵە لە کوردستان دوور نەخرێنەوە. ئەو پێشێل کاری مافی مرۆڤی کە تەنیا لە هەمبەر نەتەوەی کوردی ئێرانی جێبەجێ دەکرێ لە دەرەجەی هەوڵ بنەماڵەکانێک دەگرێـتەوە کە یەک لە ئەندامانی بنەماڵەیان لە گرتـووخانە، دەس بەسەر کرابێ. تەنێ تاوانی لایەنگری و پشتیوانی لە حیـزبی دێموکراتی کوردستان یا کۆمەڵە بۆ دوور خستەنەوە بەسێتی. هەژماری دوور خراوەکان ۱۳۰۰ تاکوو ۱۵۰۰ کەس بەراوەرد کراوە:نـزیک ۳۰۰ بنەماڵەی بازرگان، کرێـکار و فەرمانبـەر. بـۆ وێنە لێرە دا ناوی بنەماڵەکانی خوارەوە شی دەکەینەوە:
– ۹بنەماڵە کە لە مانگی مارسی ۱۹٨۳ لە سەرکێس بۆ پوولانشار، بە مەودای ۱۲۰۰ کیلـومێتر دوور خرانەوە.( هەژماری هەر بنەماڵەشمان ئاماژە پێ داوە)
- م- فارووریان ٤ کەس
- ن- نیـلووفەری ١٧
- م- نیـکوویی١
- م- شەربازی٦
- ه- کەهابی١٦
- س- دەرەهـی٥
- ک- سفیدگەر٩
- س- مەلوودی٦
- ه- حەبیب مورادی ١١
– ۴٣ بنەماڵە لە ڕێکەوتی ۱۴ ژووئەنی ۱۹٨۳ لە مەهاباد بـۆ ڕەفسەنجان ،دانووجان، یەزد، سمنان (هەڵکەوتوو لە ۱۰۰۰ تا ۱۲۰۰ کیـلۆمیتری مەهاباد) دوور خرانەوە.
- ر- شـیوا
- ئا- مەحموودی
- ئا- ڕۆستەم زادە
- ر- ئەلاسی
- س- جیان
- ئا- کەریـم
- ف- ڕیشی
- ئا- زاهیـدی
- م- بارام میـرزا
- م- عەباسی
- م- ڕووباتی
- م- ئەمیـن
- ی- مێهرزای
- ئا- حەسەن زیا
- س- تاهیـر
- ع- خەرزی
- م- نیـک
- ر- فردووسی
- ب- مەنسوور پوور
- ع- پیـرانی
- م- ڕەبیحی
- س- بتهەمـی
- ع- تەداهیـوون
- ع- حەسـری
- م- موزەفەری
- د- پەرتەویان
- ی- سەیدیان
- س- کەلاندەری
- س- هومایـوون
- م- ئێـرانپوور
- ع- ئەحمەدیان
- م- ر- سیـراجی
- ر- بانەوان
- ه- حیـسام
- ی- حیـسام
- م- سالح
- ه- سابیـر
- ر- بەهرامـی
- ح- بەهرامی
بە پێ ئەو زانیاریانەی بە دەستمان گەیشتووە، هەنووکە دەیان بنەماڵە مەترسی ئەوەیان لە سەرە کە دوور بخرێـنەوە. بەرپرسانی تاران بە تەمان بەرەبەرە چەندین هەزار کوردی تۆمەتبار بە پشتیـوانی لە خەباتگێـڕانی خۆڕێبەری کوردستان بـۆ ناوچەکانی دیـکە دوور بخەنەوە.
کۆتایی
تێبینی:
خوێنەر و میوانی هێژا؛ پێویستە پێتان ڕابگەیێنین کە بەشی کۆتایی و ئەو ڕاپۆڕتە پەیوەستە بە چۆنیەتی ڕەچاوکردنی جاڕنامەی مافی مرۆڤ لەو ناوچانەی کە بەدەست حیزبی دیموکڕاتی کوردستانەوە بوون کە بەحەق جێی شانازییە بۆ کورد کە سەرباقی گشت ئەو کەند و کۆسپانەی لەپێشیدا هەبووە، بتوانێ وەها ڕووخسارێکی مرۆڤدۆستانە لەخۆی بە جیهانیان پێشان بدات. بەهۆی ئەوەکە ئەو بەشە ناکەوێتە خانەی پەیڕەو و پڕۆگڕامی کاری ناوەندەکەمان، بۆیە لە تایپکردنەوە و بڵآوکردنەوەیان خۆمان دەپارێزین، بەڵام لە بەشی زمانی فارسی و لە بەشی “کتابخانە” کۆی دەقی ڕاپۆڕتەکە بە فۆڕماتی pdf دادەنێینەوە کە هیوادراین کەڵکی هەبێ بۆ لێکۆڵێنەران و توێژەرانی ئەو بوارە.