دۆخی ناڕوون و مەترسی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی چەند گیراوی سیاسی کورد لە نێوان شەڕی ئامریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران
لەگەڵ دەسپێکی هێرشی ئامریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوکات چڕبوونەوەی تێکهەڵچوونی سەربازی لە ناوچەکە,نیگەرانی لەسەر بارودۆخی سڵامەتی گیراوانی بەندیخانەکان بەتایبەت گیراوانی سیاسی ڕووی لەزیاد بوون کردووە.
دوابەدوای هەڵگیرسانی شەڕ لەنێـوان وڵاتانی ئامریکا و ئیسرائیل دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێـڵی ئینترنێت لە ناوخۆی ئێران بـڕاوە و پێـوەندی گرتن و ئاگادار بوونەوە بەتایبەت لەسەر گیراوانی سیاسی ناو بەندیخانەکانی ئێران و ڕاگواستـنەوەی هەواڵ زۆر ئاستەم بووە بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخە سنووردارە هەواڵ گەلێک بڵاو بۆتەوە و درزی کردووە لەسەر بارودۆخی بەندیخانەکان له ئێران کە دەرخەری ئەوەیە ئیزن بە گیراوانی سیاسی نادرێ چاویان بە ئەندامانی بنەماڵەکانیان بکەوێ هەروەتر ڕێژەیەک گیراوی سیاسی کە پێشـووتر بەدانانی بارمتە لەمانگدا چەند ڕۆژ ئیزنی چوونە دەروەیان هەبوو, ئێستا ئیزینی چوونە دەرەوەی گرتووخانەکانیان نییە, تەنانەت لە بەشێک لە شارەکان بە تایبەت لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گیراوانی سیاسی گوازراونەوەی شارەکانی تر .نەبوونی پێوەندی لە نێوان گیراوانی سیاسی و پارێزەرکانیان یەکێکی تر لەو دۆخە هەستیارانە کە لەم کات و ساتەدا لە لایەن بەرپرسانی گرتووخانەکان جێبەجێ کراوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و سەرەڕای شەڕ و ئاڵۆزی ناو ئێران و ناوچەکە پێنج گیراوی سیاسی لە گرتووخانەکانی تاران و کەرەج ئێعدام کراون.
هاوکات ڕێژەیەک گیراوی سیاسی بەتایبەت کورد کە پێشـووتر حوکمی ئێعدامیان بۆ پەسەند کـرابوو, مەترسی جێبەجێ کردنی سێدارەی بەوزووانەیان لەسەرە.دۆسیەی بەشێکی دیکە لە گیراوانی سیاسی دوای هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامیان, سەر لەنوێ بەدواداچوونی بۆ دەکرێتەوە و بۆ جارێـکی تر لەگەڵ مەترسی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدام بەرەوڕوون.
لە ئێستادا حەوت گیراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی, حاتەم ئۆزدەمیـر, یۆسف ئەحمەدی, میحراب عەبدوڵازادە, ناسر بەکرزادە, ڕەئووف شێخ محەممەدی و محەممەد فەرەجی کە بە ڕەوتێکی نادادپەروەرانە لە لایەن دادگاکانی شۆڕشی تاران, مەهاباد, ورمێ و سـنە بەتۆمەتی شەڕ لەگەڵ خوا و شەڕی چەکدارانە بۆ تێکدانی بواری ئەمنی وڵاتی ئێران, دەسبەسەر کراوان.حوکمی ئێعدامی لانیکەم چوار کەس لەو گیراوانە لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران پشت ڕاست کراوەتەوە و مەترسی جێبەجێ کرانی ئێعدامیان لەسەرە.
هەروەتر دۆسیەی وریشە مرادی, عەلی” سۆران “قاسمی, پەژمان سوڵتانی, کاوە ساڵحـی و ڕزگار بەیگزادە بابامیری دوای هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامیان لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران بۆ بەدواداچوونەوەی سەر لەنوێ دراوەتەوە دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی.
ئەو گیراوانەش کە پێشووتر و به ڕەوتێـکی نادادپەروەرانە حوکمی ئێعدامیان بۆ پەسەند کرابوو لەئێستادا لە گرتووخانەکانی اوین و ناوەندی ورمێ دەسبەسەر کراون و بە تۆمەت گەلێـکی وەک شەڕ لەگەڵ خودا, گەندەڵی سەر عەرز و شەڕی چەکدارنە دژ بە کۆماری ئیسلامی و لەسەر پێشینەی دۆسیەکانیان مەترسی پەسەندکردنی سەر لەنوێ ئێعدامیان لەسـەرە.
نووسین و ئامادەکار: قادر سۆهرابی




