Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر جەعفەر عیسمەتی، نمونەی خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری

Jafar emati

نەمر جەعفەر عیسمەتی، کوڕی یای عیسمەت باباخانی و وەستا سەدیق، لە ڕێکەوتی  ٢٠/٠٩/ ١٣٢٥ (١١ی دێسامبری ١٩٤٦ زائینی) لە شاری مەهاباد لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارە تەواوکرد و، دواتر وەک کارمەندی بەنداوی مەهاباد دامەزرا. لە ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی (١٩٦٩)ی زائینی، لەگەڵ یای ڕوقیا سووڵتان تۆزە هاوسەرگیری دەکات. بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە، چوار منداڵی ژیر و هەڵکەوتەیە بە ناوەکانی: وریا، گرین، دیار و تەوار.

کاک جەعفەر لە بواری پرسی سیاسی و ئابووری و کومەڵایەتی خۆی پێگەیاندبوو و هەر ئەوەش هۆکار بوو تا زیاتر ڕۆ بچێتە ناو ئازار و کەمایەسییەکانی خەڵکی کوردستان و لە جاران زیاتر هەست بە زوڵم و زۆری سەر نەتەوە و نیشتمانەکەی بکات. پێش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ٢٦/٠٩/١٣٥٧ی هەتاوی (١٧ی دێسامبری ١٩٧٨)، لە مزگەوتی سووری مەهاباد لەگەڵ چەند کەسایەتی شار کۆبوونەوەی کردووە و شوڕای بەڕێوەبەری شاریان پێکهێناوە و هەر لەو کۆبوونەوەیەشدا بەرپرسیارەتی پێ سپێردراوە.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی (١٩٧٩ی زائینی)، بە فەرمی لەناو ڕێکخراوی کۆمەڵەدا دەستی بە کار و چالاکی کردووە. پاش چۆڵکردنی شار لەلایەن حیزبەکانەوە، لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەدا، لەگەڵ ئەسعەد گووڵچینی، فەراسەت ساڵحی، هومایون نازری، کەماڵ بەدەوی، عەلی زەمانی و سەید جەلال، دەستی بە کار و چالاکی کردووە.

بەداخەوە لە ڕێکەوتی ٢٦/٠٦/١٣٦١هەتاوی (١٧ی سێپتامبری ١٩٨٢ی زائینی)، لە ناو ماڵەکانی بەنداوی مەهاباد، دەستبەسەر دەکرێت و بۆ ماوەی ٩٧ ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ون دەکرێت و هیچ کەس هیچ هەواڵێکی لێ نازانێ. پاش ئەو ماوەیە، ڕەوانەی زیندانی ورمێ دەکرێت و لە دادگایەکی هەڕەمەکیدا، حوکمی سێ ساڵ زیندانی بۆ دەبڕنەوە. لەو ماوەیەدا کە لە زیندانی ورمێ دەستبەسەر کرابوو، هەواڵی پێدەگا کە براکەی بە ناوی (کاک مستەفا عیسمەتی) وێڕای ٥٨ لاوی مەهابادی ئێعدام کراوە. ئەم هەواڵە دڵتەزێنە کاریگەرییەکی ناخۆش لە سەر کاک جەعفەر و بنەماڵەکەی دادەنێ. بەڕێزیان کە سێ ساڵ حوکمی زیندانی بۆ بڕابۆوە، پاش ئەوەی  ٩ مانگ لە حوکمەکەی لە زیندانی ورمێ تێپەڕ دەکات، لە ناکاو و بێئاگادار کردنەوەی پێشوەخت، ڕەوانەی بەندیخانەی شاری تەورێز دەکرێت و حەوتوویەک دوای ڕاگواستنەکەی لە ڕێکەوتی٢٠ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی (١١ی سێپتامبری ١٩٨٣ی زائینی)، هەواڵی لە سێدارەدرانی کاک جەعفەر وێڕای ٣٢ کەس لە لاوانی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە. تەرمی نەمر جەعفەر و ئەم کۆمەڵە لاوانە، هیچکات نەدرایەوە بە بنەماڵەکانیان، تەنیا بستە گۆڕێک لەلایەن پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێشانی بنەماڵەکان دەدەن و دەڵێن ئەو گۆڕی لاوەکانتانە.

Jafar emati

ئەو گیراوانەی کە بەدڵخۆشییەوە بەشێکیان ئازاد کران و کاک جەعفەریان لەوێ دیتبوو، شایەدی دەدەن ئەو مرۆڤێکی خوڕاگر، نەترس و بوێر بووە و بەردەوام ورەی داوەتەوە بە گیراوەکانی تر. ئەوە لە حاڵێکدایە کە قورسترین و نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکانیان لەسەر کاک جەعفەر تاقی کردەوە، بەڵام ئەو شانازییەی بۆخۆی تۆمار کرد کە نە ناوی کەسی درکاند و نە هیچ نهێنییەکی ڕێکخراوەیی ئاشکرا کرد. بەداخەوە ماشێنی مەرگیی کۆماری ئیسلامی ئێران خوێنی دەوسیت، بۆیە خوی لە ئاست تواناکانی نەمر جەعفەر عیسمەتی و ٣٢ لاوی کوردستاندا، بە لاواز دەزانی و وای کرد تا لە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٦٢ی هەتاوی کاک جەعفەر و ئەم ٣٢ لاوە ئێعدام بکات و لاپەڕەیەکی تر وەسەر تاوانە دژە مرۆڤییەکانی خۆی زیاد بکات.

نەمر کاک جەعفەر چەند ڕۆژێک بەر لە سێدارەدرانی، لە زیندانەوە دوو نامەی جیاواز ڕوو بە منداڵەکان و هاوسەرەکەی دەنووسێ کە تێیدا ئاستی بەرپرسیارەتی و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییەکەی؛ هەروەها ئاستی بەرزی ڕوانین و جیهانبینی ئەم نەمرە پێشان دەدات. لە نامەکاندا ئاوا دەنووسێ:

مناڵە باشەکانم:

سڵاو، هەمیشە پێبکەنن، بۆ ئەوەی خەڵک وەنەزانن کە ئێوە شایانی ئەوە نین سەربەخۆ بن. چاودێری دایکتان بکەن. وتەکانی دایکتان بنێنە گوێ. ڕێگە مەدەن بە هیچ کەسێک کە دەستی ڕەحم و بەزەیی بە سەرتان بکێشێ. دەرسەکانتان باش بخوێنن. بۆ من جلی ڕەش مەپۆشن. سڵاوم بگەیەنن بە هەموو هاوڕێکانتان. ئەگەر بەگوێم دەکەن، بێجگە لە خوێندنی دەرسەکانتان، هەمیشە ڕۆژنامە و کتێب بخوێننەوە. چاوەڕوانیم لێتان هەیە کە سەرمەشق و نمونەی کۆمەڵگە بن. چاودێری ته‌وارە بچووکەکەم بکەن. بە هەر شێوەیەک بێ، هەموومان دەمرین. چاو لێکەن؛ هەندێک کات بەهۆی تووفانێک یان زەلزەلەیەک، هەزاران کەس لە نێو دەچن. هەر لەو ئێرانەی خۆمان، تاکو ئێستا چەندین پیر و گەنج شەهید بوون. ئاخۆ خوێنی من لە خوێنی ئەوان ڕەنگینترە، با ئێمەش یەکێک بین لە ئەوان.

باوکتان، جعفر
١/٦/٦٢

هاوسەرە دلۆڤانەکەم:

Jafar emati


سڵاو، ئاواتمە کە ژیانت لێوڕێژ بێ لە سەربەرزی و شەڕافەت. هەرگیز سەرت بۆ هیچ هێزێک دانەنوێنی و دەستت بۆ هیچ کەس و ناکەسێک درێژ نەکەی. دڵنیام کە منداڵەکانمان بەو شێوەیەی کە دڵخوازی منە گەورە دەکەیت. ئاواتی من ئەوەیە کە ئەوان ببن بە مرۆڤگەلێکی باش و بەسوود بۆ کۆمەڵگە. گەر بێت و ژیانیان بە سەختی و دژواریش بەرەوپێش بچێت، بەڵام نابێ لە خوێندن و گەشە دڵسارد ببنەوە و دەبێ ئاستی بەرزی خوێندن و زانست دەستەبەر بکەن. با لەو بوارانەدا چالاکی بکەن کە کۆمەڵگە پێویستی پێی هەیە. سەبارەت بە خۆت، هیچ تێبینییەکم نییە، چونکە تۆ خودی منی.  تەنها دەتوانم بڵێم: هەردەم خۆشم ویستووی. لەبەر من گوشار بۆ خۆت مەهێنە. بۆ من ڕەش مەپۆشە. من سەربەرزانە و بە شەڕافەتەوە دەمرم. ئەو کەسانەی بە درۆ شایەدییان لەسەر داوم، بۆتان نییە لەگەڵ خێزانەکانیان گێرە و کێشە درووست بکەن.

 ئەوەی هەمە و نیمە و هەر شتێک کە بە یاسا دەمگرێ، بۆ تۆ و چوار منداڵەکانمانە. دەستی باوک و دایکت ماچ دەکەم و چاوەڕوانییەکی ئەوتۆم لێیان هەیە. نەکا حکومەت بەهۆی خوێنم بیهەوێ یارمەتیی داراییتان بکات؛ بە هیچ لەونێک قەبوڵی نەکەن. 


هاوسەرت، جعفەر
 ١/٦/٦٢

تێڕوانین و زانستی نەمر جەعفەر بۆ پرسە گشتگیرەکان، بۆ بنەماڵەکەی و هەروەها بە هێند وەرگرتنی خوێندن لە ناوەرۆکی کورتی وەسیەتنامەکەیدا کە تەنیا چەند خولەک یان چەند کاتژمێرێک پێش لەسێدارەدانی نووسراوە، بە جوانی دەردەکەوێت.

وەسییەت نامە

بۆ هاوسەرە مێهربانەکەم:

سڵاو، داوای لێبووردن دەکەم کە لەو دۆخەدا تۆ تەنیا جێدەهێڵم کە باری ژیانی خێزان و چوار منداڵمانت لەسەر شانە. وەسیەت و دوا وتەم ئەوەیە کە بە شەرافەتەوە بژین. بەتایبەت ڕووم لە تۆیە و چاواڕوانیم لێت هەیە کە هەوڵ بدەی منداڵەکان بە باشترین شێوە پەروەردە بکەیت و دەرسیان پێ بخوێنی. سەرەڕای ئەوەی لە هەموو بنەماڵە و خزم و هاوڕێ و ناسیاوەکان چاوەڕوانیم هەیە، بەڵام نامهەوێ منداڵەکانم چاو لە دەستی هیچ کەس بن. هەرچی هەمە ئی تۆ و منداڵەکانمە.

خانووەکەیان بۆ چۆل بکە و بڕۆوە لای دایک و باوکت. تکام وایە بۆ مەرگی من ڕەش مەبپۆشن و زۆر خەم مەخۆن. زیاتر مەبەستم تۆیە. من نە یەکمین کەسم و نە دوایین کەسیش دەبم کە لەو جیهانەدا ئازیزەکانی بۆی تازیەبار دەبن. لێرەدا بە هەلی دەزانم تا لە گشت ئەو زەحمەتانەی لە ژیانمدا و لە درێژەی ئەو ڕۆژانەی لە زیندان بووم، پێم داوی  سوپاست بکەم و خۆم بە شەرمەزارت دەزانم.

بۆ منداڵە باش و دەرسخوێنەکانم: وریا، گرین، دیار و تەوار-ە بچکۆلانەکەم!

Jafar emati

خەم مەخۆن، لە جیهاندا زۆر منداڵ هەن کە سەرەڕای ئەوەیکە لە هەبوون باوک و دایک بێبەشن، بەڵام بەوپەڕی شەرافەتەوە دەژین و دەرس دەخوێنن و کۆڵەوەی گرانی ژیان لەکۆڵ دەنێن و شان وەبەر بەربەستەکان دەدەن و دەگەن بە ئاوات و دەبن بە کەسانی شوێندانەر، کاریگەر، پێگەیشتوو، تێگەیشتوو و بەسوود بۆ ماڵباتی خۆیان و بۆ کۆمەڵگەیان. منیش وەها چاوەڕوانییەکم لە ئێوە هەیە تا بەم شێوەیە بژین.  

ڕۆڵەکانم؛ دایکتان لە باشترین ژنەکانی سەر گۆی زەوییە. تا بۆتان دەکرێ ئاگاتان لێی بێ و گوێڕایەڵی بن و لە فەرموودەکانی دەرنەچن. چاوەڕوانیم لێتان هەیە تا بەرزترین قۆناخەکانی خوێندن ببڕن و باشترین بڕوانامەی زانستی وەدەست بێنن تا بتوانن خزمەتی کۆمەڵگە و گەل و نیشتمانی خۆتانی پێ بکەن. هیچکات دایکتان تەنیا جێ نەهێڵن. بۆ منیش زۆر خەم مەخۆن. پێشنیارتان پێدەکە، تا بۆتان دەلوێ ڕۆژانە کەمێک وەرزش بکەن. نانی بەیانیتان لەیاد نەچێت و تێر و تەسەل بیخۆن. دوو جار لە ڕۆژدا ددانەکانتان بشۆن. دواڕاسپاردەم بۆتان ئەوەیە کە هەرکات دەرفەتتان هەبوو کتێب یا ڕۆژنامە و گۆڤار بخوێننەوە. لەجیاتی من ماڵئاوای لە خزمان و دۆستان بکەن، بەتایبەت لە بابە حاجی ، پورە خەجیج، زارا، زۆهرە، کولسوم و باقی ئازیزن.

تکاتان لێدەکەم کە گشت کەرەسەکانم کە لە تەورێزن، وێڕای ٤٠٠ تمەن پوڵ و یەک ساعەتی دەست، لە زیندان وەرگرنەوە. هەروەها تکاتان لێدەکەم کە بۆ سەرەخۆشی من گوشار بۆخۆتان مەهێنن. ئەوەی بۆ سەرەخۆشی منی خەرج دەکەن، بۆ نانی شەوی خۆتان پێویستە.

هیوای ژیانی خوش و ساڵیکی پڕ لە دەستکەوتی خوێندنتان بۆ بە ئاوات دەخوازم.

کەسێک کە تا دواهەناسەی ئێوەی لەیادە.

جەعفەر عیسمەتی

٢٠/٦/٦٢

یادی نەمر جەعفەر عیسمەتی و سەرجەم ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و نیشتمان بەخێر بێت و ڕووڕەشی بۆ کۆماری پەت و سێدارەی ئیسلامی ئێران.

وێنەکان