Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تایبەتمەندی دادگایی حەمید نووری لە دادگای شاری ستۆکهۆڵمی سوئێد

نووسینی: یۆنس بلوری |  ١٣ی گوڵانی ٢٧٢٢ی کوردی

حەمید نووری یەکێک لە تاونبارانی ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی رۆژی ١٨ی خەزەڵوەڕی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی (٩ی نۆمبری ساڵی ٢٠١٩) لە کاتی دابەزین لە تەیارە لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سۆئێد بەتاوانی هەبوونی دەوری سەرەکی ناوبراو لە ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دەستبەسەر دەکرێت و ڕەوانەی زیندانی ئەو وڵاتە دەکرێت. پاش لێکۆڵینەوەی چڕوپڕ لەو تاونبارە لە لایەن پۆلیسی سۆئێد و ناردنی کۆمەڵێکی زۆر بەڵگە بۆ دادگا و ئامدەیی دەیان شاهید، لەوانە بەشێک لەو کەسانەی ئەو کاتە زیندانی کرابوون و نەجاتیان بووە، دایک و باوک و کەس و کاری ئێعدامکراوەکان لەو دادگایەدا بەشدار بوون. یەکێک لە گەواهی دەرانی بەشداربوو لە دادگا باس لەوە دەکات کە ئەویان لە تەمەنی سێزدە ساڵانەوە بردبوو بۆ ئێعدامکردن.

دادگای شاری ستؤکهۆڵم بە پشت بەستن بە سەڵاحیەتی یاسایی نێونەتەوەیی لەسەر ئەو پەروەندەیە کار دەکات. ئەسڵی سەڵاحیەتی یاسایی نێونەتەوەیی ئیزن دەدات بە دادگا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە تاوان لە چ وڵاتێک کراوە و بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەزی تاوانبار و بێتاوان، تاونبار لە دادگای ئەو وڵاتە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت.

تا ئێستا دادگاکانی وڵاتی سۆئێد بەسەر پێنج پەروەندی لەو شێوەیە هاتوونەوە، لەوانە پەروەندەی تاوانی کۆمەڵکووژی ڕواندا و وڵاتانی باڵکان.

ئەوە یەکەمجارە لە مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تاوانبارێک لەسەر حوکمی ئێعدامکراوەکان لە وڵاتێکی ئورووپایی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

تاوانبار حەمید نووری
تاوانبار حەمید نووری

دادگای ناوبراو لە ڕێکەوتی  ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی ١٠(ی مانگی هەشتی ٢٠٢١) دەستی بە پێداچوونەوە لەسەر ئەو پەروەندەیە کرد و بڕیار وایە رۆژی چۆارشەممۆ ١٤ی گوڵانی ١٤٠١ی هەتاوی( ٤ی مەی ٢٠٢٢)بڕیاری کۆتایی دادگا لەسەر تاوانبار حەمید نووری ڕابگەیەندرێ.

شایانی باسە دادگای وڵاتی سۆئێد، دەسەڵاتێکی سەربەخۆی هەیە و بە پشیبەستن بە یاسا نێونەتەوەییەکان لێکوڵینەوە لە تاوانێکی ئەو شێوەی دەکات.

تایبەتمەندی ئەو دادگایە بە بڕوای من لەوە دایە کە ئەوە بۆ یەکجارە کەسێکی پلە باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر تاوانی ئێعدامکردن لە وڵاتێکی ئورووپایی لێپرسینەوەی دەگەڵ دەکرێت و حوکمی ئەو دادگایە هەرچییەک بێت، ئەوە تەنیا تاوانبار حەمیدی نووری ناگرێتەوە، بەڵکوو هەموو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرانی سەرووی ئەو دەسەڵاتەش دەگرێتەوە و خۆی لە خۆیدا شتێکی بێوێنەیە.

پارێزەرانی شکایەتکەرەکان لە حەمیدی نووری لە کۆبوونەوەی ڕۆژەکانی پێنج شەممۆ و هەینی حەوتووی ڕابردوو داوای قوورسترین حوکمی یاسایان بۆ تاوانبار حەمیدی نووری کرد کە قوورسترین حوکمی یاسایی لە وڵاتی سۆئێد زیندانی هەتا هەتاییە. پاش داواکاری پارێزەران دادستانی دادگاش ئەو داواکارییەی دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە حەمید نووری تاوانی شەڕ و کوشتنی عەمدی لەسەرە و سزای تاوانی لەو شێوەیە زیندانی هەتا هەتاییە. مێژووی لێکۆڵینەوەی لەو شێوەیە ئاماژی بۆ ئەو ئاڕاستەیە دەکات کە تاوانبار حەمید نووری لە لایەن دادگای سۆئێدەوە حوکم بدرێت و ئاستی حوکمەکەی چۆن دەبێت، دەبێ چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی دادگا لە رۆژی چۆارشەممۆدا بین.

یەکێکی تر لە تایبەتمەندێکانی حوکمی ئەو دادگایە ئەوەیە کە حوکمی دادگای سۆئێد دەتواندرێ لە وڵاتانی تری ئورووپایی کاری پێ بکرێت و تاوانبارە سەرەڕۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بێ باکانە و لە ماوەی دەسەڵاتی ٤٣ ساڵەی ئەو ڕیژیمەدا بە دەیان هەزار کەسیان بە تاوانی جۆاراوجۆر ئێعدام کردووە لە هەرکام لە وڵاتانی ئورووپایی لێپرسینەوەیان دەگەڵ بکرێت.

تاوانبار حەمید نووری لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی دادگا لە یەکەمین پارێزگاری لە خۆی بە شانازێکی زۆرەوە باس لە چوونی دڵخۆازانەی خۆی لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی بۆ کوردستان دەکات و ناوبراو دەڵێ کە تا ساڵی ١٣٦١ هەتاوی لە کوردستان دەمێنێتەوە. کاتێک حەمید نووری لە کوردستان بووە، سەرکووت کردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان لەوپەڕی خۆیدا بووە. کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ساڵانەدا بۆ سەرکووت کردنی جووڵانەوەی ئازادیخۆازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی لە هیچ تاوانێک نەپاراست و ئەو تاوانانە ئێستاش هەر بەردەوامن. حەمید نووری بە زاری خۆی و بە شانازییەوە ئەوە دەلێت کە ئەو یەکێک لەو کەسانە بووە کە دڵخۆازانە بۆ سەرکووتکردنی گەلی کورد هاتۆتە کوردستان.

گوومان لەوە دانیە کە پاش حوکمی حەمید نووری لە دادگای ستۆکهۆڵم لە وڵاتی سۆئێد دەرگایەکیتر بۆ دادگایی کردنی تاوانبارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێتەوە و ناوەندی نەمران بەو پەڕی توانای خۆیەوە بەدوداچوون بۆ بەڵگەکانی ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دژی کچان و کوڕانی کورد کردویەتی، دەکات و هەم هێز و گوڕی خۆی بۆ بە سەزاگەیاندنی تاوانبارن دەخاتە گەڕ.