بۆ ڕای گشتی و کوردانی ئیسکاندیناویا، بەتایبەت کوردانی ستۆکهۆڵم
وێڕای سڵاو؛
هەروەک ئاگادارن دادگایی کردنی تاوانبار (حەمید نووری) لە وڵاتی سۆئێد گەیوەتە قۆناغەکانی کۆتایی و لە ڕۆژی چوارشەممۆ ٤ی مانگی مای (حەوتووی داهاتوو) بڕیار وایە کۆتایی دادگاکە ڕابگەیێنێدرێ و حوکمی تاوانبار حەمید نووری بخوێندرێتەوە. ئێمە لە ناوەندی نەمران بۆ سێهەمینجارە لەبەردەم دادگای ئەو تاوانبارە گردبوونەوە ڕێکدەخەین، بۆیە وێڕای دەستخۆشی کردن لە گشت ئەو کەسانەی لە سازکردنی وەها دادگایەکدا تێکۆشاون، بە پێویستی دەزانین داوا لە گشت کوردستانییانی دانیشتووی ئیسکاندیناوی، بەتایبەت کوردانی دانیشتووی سوئێد و ستۆکهۆڵم بکەین کە ڕۆژی چوارشەممۆی حەوتووی داهاتوو لە بەردەم دادگای تاوانبار گرد ببنەوە و لە خوێنی شەهیدان و ڕەنجی زیندانییانی سیاسی کورد بە خاوەن دەرکەون و ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانییان بەجێبگەیێنن. ئامادەبوونی هەر تاکێکی کورد لەو ڕۆژەدا و لەبەردەم ئەو دادگایە، قورسایی خۆی دەبێ و خاوەندارێتییە لە خوێنی بەناحەق کوژراوانی کورد بەدەستی ئەو تاوانبارانە.
بە هیوای دیداری کوردستانیان لە بەردەم دادگای ستۆکهۆڵم ڕۆژی چوارشەممۆ ٤ی مای ٢٠٢٢ لە کاتژمێر ١٠:٠٠ تا ١٤:٠٠
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی نەمران