Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بەشێک لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ساڵی ٢٠٢١ز سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران.

وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا  لە ڕێکەوتی سێشەممۆ ١٢ی ئاوریلی ٢٠٢٢ ڕاپۆڕتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا بڵاو کردەوە و تێدا مکوڕی لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دۆخی مافی مرۆڤ لە جیهاندا بەگشتی لە ساڵی ٢٠٢١دا خەراپتر بووە و دەوڵەتانی پێشێلکار زیاتر پێشێلکاری دەکەن. لە بەشی پەیوەست بە ئێراندا ڕاپۆرتەکەدا  ئاماژە بە گەلێک  پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ناوەندەکانی دەسەڵاتداری حکومەت بە تایبەتی سپای پاسدارانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەکات. گرینگی ئەو ڕاپۆڕتانەی وەزاڕتی دەرەوەی ئەمریکا فرەڕەهەندن و لەناویاندا دەتواندرێت ئاماژە بەوە بکرێ کە وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوە مەتمانەی پێدەکرێت و ڕاستەوخۆ کاریگەری دادەنێ لەسەر ناوەندە بڕیاردەرەکانی ئەو وڵاتە بەتایبەت ڕای گشتی ئەمریکا. جیا لەوەش لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە چاوی لێدەکرێت و هاوتەریب دەگەڵ سیاسەتی ئەمریکا سیاسەتەکانی خۆیان ڕێکدەخەن. ناوەندی نەمران بەشێک لەو ڕاپۆڕتەی کە گرینگن و پێوەندی ڕاستەوخۆیان بە ئێران و ڕۆژهەڵاتیی کوردستانەوە هەیە، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و پێشکەشتانی دەکات.

بێبەش کردنی هەڕەمەکی لە ژیان و کوشتنەکانی نایاسایی یان بە هۆی سیاسییەوە

وەزارەتی دەرەوە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان دەڵێت کە حکوومەت و  ئەندامانی کوشتنە هەڕەمەکی و یان بە شێوە نایاساییان ئەنجام داوە  کە لە گەڵ پێوەرە یاسا نێونەتەوەییەکان ناگونجێن. هەروەها سزادانی مێرمندالان و ئەو کوشتنانەش کە دوای دادگایی نایاسایی ئەنجام دراون. ڕاپۆرتەکە ئاگایی دەدات کە هەروەک لە لایەن چاودێرانی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤەوە بە بەڵگە سەلماندوویانە، دادگا بە ڕواڵەت شۆڕشگێرەکانی “دادگاە انقلاب”  کە زۆربەی بڕیارەکانی ئێعدامکردنیان داوە، ڕەوتی یاساییان وەبەرچاونەگرت. ئەو دادگایانە مافیان بە بەندکراوان نەدا کە پارێزەریان هەبێت. لە زۆربەی کەیسەکاندا، ئەوەی وەک بەڵگە بەکاریان هێنا دانپێهێنان لە ڕیگەی ئەشکەنجەوە بووە. رێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران، جەواد ڕەحمان، لە کۆبوونەوەی گشتی ئەو ڕێکخراوەدا گوتی کە نزیکەی زۆربەی هەموو ئێعدامەکان لە ئەو وڵاتەدا بێبەشکردنێکی هەڕەمەکی لە ژیانە کە بە خێرایی دەتوانێت ئەو سزادانە وەک کەرەسەیەکی سیاسی کەڵکی لێوەربگیرێت. بە گوێرەی چالاکانی ڕێکخراوەکانی ناحکومەتی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، حکومەت ژمارەی درووستی ئەوانەی ئێعدام کراون ئاشکرا نەکرد و دەوری ٦٠ لە سەدی ئێعدامکردنەکانی بە نەهێنی هێشتنەوە. ناوەندی بەڵگەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران، چالاکانی هەوالەکانی مافەکانی مرۆڤ، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران و ناوەندی عەبدوڵڕەحمان بروومەند ڕاپۆرتیان کرد کە تا نێوەی مانگی ٨ی پارەکە ١٥٠ کەس لە ئێراندا ئێعدام کران، ئەوە لە حاڵێکدایە کە حکومەت ئەو کات بە فەرمی دەوری ٢٠ کەسی ڕاگەیاند. رێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی جەختی کرد کە ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو کەسانەی لە مەترسی ئێعدامکردن دان و ئەوانەی بە نەهێنی ئێعدام کراون وێدەچێت ژمارەیان زۆرزیاتر بێت، چونکە کاربەدەستان و میدیای نێوخۆیی لە ڕاپۆرتکردنی ژمارەکان خۆیان پاراست. حکومەت گەلێک جاران زانیاری زیاتری وەک ناو و ڕێکەوت و یان داخوا بە چ هۆیەک ئێعدامکران ڕاپۆرتی نەکردن.

بەشێکی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە یاسای حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەدوێت کە  ڕێگا دەدات ئەو مێرمنداڵانەی تاوانێکیان لێ ڕوودەدات ئەگەر کچ بن لە تەمەنی نۆ ساڵی و ئەگەر کوڕیش بن لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ئێعدام بکرێن.  ئەو حکومەتە درێژەی بە ئێعدامکردنی کەسانی کەمتر لە ١٨ ساڵی دا.  لە مانگی شەش کارناسانی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان بۆ زیاتر لە ٨٥ کەس کە چاوەڕوانی ئێعدامکردنن دەربڕێ چونکە گویا کاتێک  تاوانیان ئەنجام داوە تەمەنیان لە ژیر ١٨ سالی بووە، لە نێویاندا حوسێن شاهبازی و ئارمان عەبدوڵلاهی کە بە هۆی ئەوەی گویا ئەو کاتەی تەمەن ١٧ ساڵ بوونە تاوانیان ئەنجام داوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی میدیا عەبدوڵلاهی لە ٢٤ی مانگی ١١دا ئێعدام کرا. ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتە کە پشت بە ئاماری ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەیی دەبەستێت کە لە مانگی ٨دا دەسەڵاتداران لە بەندیخانەی ناوەندی کرماشان ناسراە بە دزێل ئاباد سەجاد سەنجارییان بە هۆی کوشتنی کەسێک کە لە سالی ٢٠١٠ دا ئەنجامی دا، واتە کاتێک ١٥ سالانە بوو، لە سێدارە درا. سەنجاری ئیدعای کرد کە ئەو کوشتنە بە شێوەی لەخۆبەرگریکردن بووە دوای ئەوەی پیاوەکە هەویستوویەتی دەستدرێژی نامووسی پێبکات.  هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوی ناحکومەتی، کاربەدەستان لە ٢٠٢٠ دا لانی کەم شەش کەسیان ئێعدامکردن کە لە کاتی وەک ئیدعا دەکەن ئەنجامدانی تاوانەکەدا مێرمنداڵ بوون و ناوەکانیان بریتین بوون لە : مەجید ئیسماعیل زادە، شایان سەعیدپوور، ئەرسەلان یاسینی، موڤید سەوادی، عەبدوڵڵا محەمەدی و محەمەد حەسەن ڕەزایی. ڕاپۆرتەکە لە ئاماژە بە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران دا دەنووسێت، لە مانگی ١ی ٢٠١٧ دا دادگایەکی شۆڕش لە ئوستانی کوردستان حەیدەر قوربانی کە لە سێ ساڵ لە مەو پێشتر لە بەندیخانەدا بوو بە هۆی وەک حکومەت گوتی “یاخیگەری چەکدارانە” سزای مەرگیان بەسەردا سەپاند، سەرەرای ئەوەی دادگاکە لە فەرمانێک دا ئاگایی دابوو کە  ناوبراو هەرگیز چەکدار نەببوو. هەروەها بەندکراوێکی تر، ئیبراهیم یوسفی لە فایلێکی دەنگی دا سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی حەیدەر لە بەندیخانەدا دەدوێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی مانگی ٩ی ٢٠٢٠ لە لایەن ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەییەوە، دەسەڵاتداران حەیدەریان لە ٢٠١٦ دوای ئەوە دەستبەسەرکرد کە چەندین ئەندامی سپای پاسداران لە شاری کامیاران‌دا کوژران. بە پێی دادگاکە بە هۆی “هاوکاری کردن لە کوشتنی بە ئانقەست” و “ئەندامەتی و هاوکاری لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران”دا  سزای ٩٠ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٢٠٠ شەلاقیان بە سەر قوربانی‌دا سەپاند. بە ئەو حاڵەش، لە ٢٠ی مانگی ١٢دا حکومەت حەیدەر قوربانی بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئێعدام کرد بەڵام تەرمەکەی نەدراوە بە بنەماڵەکەی.

بێسەروشوێنچوون

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا  هەروەها دۆخێک باس دەکات کە تێیدا ژمارەیەک کەس بێسەروشوێن کراون و لە ماوەی ساڵەکەدا ڕاپۆرت سەبارەت بە ڕفاندنی مرۆڤ بە مەبەستی سیاسی هەبوو کە دەگوترێت کاربەدەستانی حکومەت ئەو کارەیان کردووە.  کاربەدەستان بە جل و بەرگی مەدەنیەوە  پارێزەر، رۆژنامەوان و چالاکانیان دەستبەسەر کرد بێ ئەوەی پێشتر هوشداریان پێبدەن، بەڵام کاربەدەستانی حکومەتی پشتڕاستی ئەو دەستبەسەرکردنانەی نەکرد و لە دانی زانیاری سەبارەت بە ئەو کەسانە خۆیان پاراست. لە ٣ی مانگی دوو، ٣٦ ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوەکانی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ نامەیەکی سەرئاواڵایان بڵاوکردەوە کە تێیدا خوازیاری سەرنجدانی تەنگەتاوی بە “شەپۆلی بەردەوامی دەستبەسەرکردنە هەڕەمەکییەکان، گرتنی نایاسایی و بێسەروشوێنچوونی بە زۆری لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە” بوون  کە لە ئەو نێوە دا کوردیان کردۆتە ئامانج.  لە نێوان ١٥ی مانگی بەفرانبار تا ١٢ی ڕێبەندان، یەکەی ئیتلاعاتی سپا یان سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات ٩٦ کوردیان لە ١٩ شار دا گرت و لانی کەم ٤٠ لە دەستبەسەرکراوەکان بە زۆری بێسەروشوێن کران کە کاربەدەستان سەبارەت بە ئەو کەسانە هیچ زانیارییەکیان بە بنەماڵەکانی ئەو گیراوانە نەدا.

ئەشکەنجەدان و رەفتار یا سزادانی بێ بەزەییانە، دژی مرۆڤایەتی یان سووکایەتی پێکردن

وەزارەتی دەرەوە دەڵێت ڕاپۆرتی باوەڕپێکرا هەبوون کە کەڵکوەرگرتن لە ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕووحی و بگرە بەزۆردانپێهێنان هەروا لە ماوەی ساڵەکە‌دا بە تایبەتی لە ماوەی پێش دادگاییکردنەکاندا هەر درێژەی هەبوو بۆ ئەوەی زانیاری لە گیراوەکان دەرکێشن. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بە بەڵگە ئاماژەیان پێکردووە کە هێندێک لە بەندیخانەکان لە نێویاندا، بەندیخانەی “اوین” لە تاران، ڕەجایی شەهر لە کەرەج، پەژیوانگای گەورەی تاران، بەندیخانەی قەرچەک، بەندیخانەی عادل ئاباد، وەکیل ئاباد، بە ندیخانەی زاهیدان، بەندیخانەی ناوەندی ئیسفەهان و بەندیخانەی ورمێ شێوازی بێ بەزەییانە و ئەشکەنجەدانی درێژخایەن بۆ سەر جودابیرانی سیاسی بەکاردێنن.  وەک ڕاپۆرتەکە ئاماژە دەکات، بەتایبەت بەشەکانی ٢٠٩ و دوو ژووری بەندیخانەی  “اوین” ئەو کارە دەکەن کە بە گوێرەی ڕاپۆرت لە ژێر دەسەڵاتی سپای پاسداران دان. هەروەها دەگوترێت کاربەدەستان بەندیخانە و گرتووخانەی نەهێنی نافەرمییان لە دەرەوەی سیستەمی بەندیخانە سەرانسەرییەکاندا هەن کە بێ ڕێزی بە بەندکراوان دەکەن.

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە لە درێژەی ڕوونکردنەوەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا دەنووسێت، سیستەمی دادوەەری وڵات لە فەلاقەدانی بەندکراون، کوێرکردن، سەنگسارکردن و لێکردنەوە یا برێنەوەی ئەندامێکی لەشی گیراوەکان هەروا درێژە پێدەدات.  ئاماری راپۆرتەکە دەڵێت لە نێو لانی کەم ١٤٨ کەس کە بە تاوانبار ناسران لە فەلاقەیان داون و سزادانی ٢٠ کەسیش بە شێوەی لێکردنەوەی ئەندامێکی لەش بووە کە ئەم زانیارییانەش بە پێێ ناوەندی عەبدوڵڕەحمان بروومەند بووە و لە نێوان یەکی مانگ و ٢ی مانگی ٩ی ساڵی پاردا ئەنجام دراون.

دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە دەڵێت بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی مانگی ٩ لە لایەن ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێونەتەوەییەوە،  حەوت هەزار کەس لە پێوەندی خۆپیشاندانەکانی مانگی ١١ی ٢٠١٩دا گیراون، و لانی کەم ٥٠٠ کەسیان بە تاوانی ناڕوون و بە بێ‌بەڵگە لە مانگی ٨ی ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوەی تاوانکارییان لە سەر کرا؛ هەر چەندەش ئەو رێکخراوە مەزەندە دەکات کە کە ژمارەی ئەو بەندکراوانە لە ئەمەش سەرتر بێت.  

پێشێلکارییەکانی پێوەندیدار بە شەڕ و پێکدادان

کوشتنەکان لە سوریەدا:

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە نەخشی مەرگهێنەرانەی ئێران لە سوریەدا دەڵێت بەردەوام ڕاپۆرت هەبوونە کە حکومەتی ئێران و بە تایبەتی لە ڕێگەی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە ڕاستەوخۆ پشتیوانیان لە رێژیمی ئەسەد لە سوریا کردووە  و شەرکەرانی عێڕاقی، ئەفغانی و پاکستانی و سورییان مەشق پێکردوون کە ئەوانە یارمەتیدر بوونە لە درێژەکێشانی شەری نێوخۆیی و مەرگی هەزاران مەدەنی ئەو وڵاتە لە ماوەی ساڵەکەدا.

کوشتنەکان لە عێڕاقدا:

هەروەها ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە دەستێوەردانی ئێران لە عێڕاقدا دەڵێت حکومەتی ئێران پشتیوانی لە ملیتانەکانی لایەنگری ئێران کرد ئەوانەی لە عێراقدا کردار ئەنجام دەدەن، لە نێویاندا ڕێکخراوی تێرۆریستی کەتائیب حیزبوڵڵا لە کوشتنە هەڕەمەکییەکان، بەزۆر بێسەروشوێنکردنەکان و پێشێکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ لە عێڕاقدا دەستیان هەبووە.

کوشتنەکان لەیەمەندا:

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها دەڵێت کە حکومەتی ئێران لە وەتا ٢٠١٥ەوە سەدان ملیۆن دوڵاریبۆ سەرهەڵداوانی حوسی لە یەمەندا دابینکردووە و چەکی ئەوتۆی بۆناردوون کە شەرەکە هەم گەورەتر و هەم ماوەکەی درێژتر بخایەنێت. ئەو سەرهەڵداوانە چەک و پارەی ئێرانیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی هێرش بۆ سەر مەدەنێکان و دامەزراوەکانی خزمەتگوزاری سەرەتایی هەم لە نێوخۆی یەمەن و هەم بۆ سەر عەڕەبستان ئەنجام بدەن.

هەروەها ڕاپۆرتەکە بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراوی چاودێری بە سەر مافەکانی مرۆڤ لە ٢٠١٧ دا دەڵیت کە سپای پاسداران منداڵانی ئەفغانی تەمەن ١٤ ساڵی لە  گوردانی فاتمییەدا مەشقی پێکردن کە ئەو گوردانە بە پێی ڕاپۆرت ئێران پشتیوانی لێ‌دەکات و شان بە شانی ‌هێزەکانی حکومەتی لە شەڕی سوریادا بەشداری دەکەن. لە ڕاپۆرتی مانگی ٧ی ٢٠٢٠ی ناوەندی “ئیران وایر” هەروەها کەسانی تەمەن ١٥ و ١٦ ساڵێش لە نێو ئەو شەڕەدا بەشدارن.

کرتە لەسەر ئەو دیڕانە بفەرموون بۆ دیتن و خوێندنەوەی گشت ڕاپۆڕتەکەی وەزاڕەتی دەرەوەی ئامریکا بە زمانی ئینگلیسی