Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

قارەمانی زیندانبەزێن، نەمر “سووسەن ئەمیری”

شێرەژن و دایکی ٣ ڕۆڵەی لەسێدارەدراو یای جەننەت ئەمیری

نەمر سوسەن ئەمیری بە ناوی ڕێکخراوەیی”سەحەر”، کچی عەلی و جەننەت ئەمیری، لە بنەماڵەیەکی ئازادیخواز و ڕەنجدەری کورد لە شاری کرماشان لە ساڵی ١٣٣٧چاوی بۆ دونیا هەڵێنا. دایک و بابی بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی “کەنوولە” سەر بە ناوچەی “دینەوەر”ی سەر بە کرماشان بوون. لە هەرەتی مێرمنداڵیدا لەگەڵ پرس و بابەتە سیاسییەکان ئاشنا بوو و لە وەرزشی شاخەوانیشدا چالاک بوو. هەر لەو سەردەمەدا بوو کە بە هۆی نووسینی واژینێک”ئینشا” دژ بە ڕێژیم لە قوتابخانەی دواناوەندی دەسبەسەر دەکرێ و ڕادەستی ناوەندی ساواکی دەکەن و لێپرسینەوەی دەگەڵ دەکەن. نێوان ساڵەکانی ۱۳٥۰ی هەتاوی، نەمر سوسەن لەگەڵ برا و هاوڕێیانی گیانبەختکردووی خۆی ئەسغەر و حەسەن ئەمیری، هەروەها وێـڕای چەند هاوڕێ تر کۆڕێکی کۆمۆنیستی پێک دێنن و هەر لەوێ لەگەڵ هاوڕێ پیرۆت محەمەدی”کاک سمایل” کە ئەندامی یەکیەتی کۆمۆنیستانی ئێران (سەربەداران) بوو، ئاشنا دەبێت و ژیانی هاوبەشی دەس پێکرد.

نەمر سوسەن ئەمیری

لە ساڵی ۱۳٥٥ی هەتاوی نەمر سوسەن وێـڕای پۆلێک لە هاوڕێانی بۆ وەدست خستنی کتێبی مارکسیستی و ئاشنا بوون لەگەڵ گرووپەکانی کۆمۆنیستی چوو بۆ دەرەوەی وڵات و بە کۆڵەبارێک بەرهەمی مارکسیستی و لەوان بابەتی “سەندیکای کۆمۆنیستەکان” گەڕاوە بۆ ئێران. چالاکی کۆڕەکەیان پەرەی ئەستاند و بوو بە “گرووپی خەباتگێڕان بۆ ئازادی چینی کرێکار” کە دواتر تێکەڵ بە “سەندیکای کۆمۆنیستەکانی ئێران” بوون. لەو سەردەمە دا نەمران سوسەن و کاک سمایل، شوێنی چالاکی خۆیان گۆڕی و لەلای کرێکارانی کارگەی تراکتۆرسازی تەورێـز درێژە پێدا. ئەو وەک کەسایەتێکی ئافرێنەر لە خۆپێشاندنەکانی ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاوی لە تەورێز ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو و هەروەتر بۆ ڕێکخستنی تیمەکانی کرێکاری حەولی بێ وچان و ماندوویینەناسانەی دەدا. هەر لەو ساڵەدا نەمر سوسەن لە جووڵانەوەی خوێندکارانی خوێندنگاکانی کرماشان چالاکی بەرچاوی هەبوو و گەنجانی شوڕشگێڕی ئەو شارەی بۆ لای خۆیان ڕادەکێشا و دوا بەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێکخستنی خۆپێشاندانی ۱٥۰۰۰ کەسی لە گۆڕەپانی جەوانشیری کرماشان لە ساڵی ۱۳٥٨ی هەتاوی”خۆپێشاندانی یەکی مانگی مەی (ڕۆژی کرێکار)” ڕۆڵی ڕوون و بەرچاوی هەبوو.

نەمر سوسەن لەو سەردەمەدا سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی کێشەی جیددی بۆ هاتە پێش بە هۆی دووگیان بوون و ئاگاداری لە منداڵەکەی نەیدەتوانی وەک جاران چالاکی بنوێنێ. مناڵەکەی زۆر خۆش دەویست بەڵام سەرباقی ئەوەش شێلگیر بوو کە کێشەکان چارەسەر بکات و دایکبوون ڕێـگری لێ نەدەکرد لە چالاکییەکانیدا. بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ڕووی لە دایکی نا، دایکێکی بوێر کە لە هیچ چەشنە لایەنگری بۆ وەدی هاتنی ئاوات و خۆلیاکانی سڵی نەدەکرد.

نەمر سوسەن بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی شۆڕشگێری، بۆی دەرکەوت کە مامەڵە کردنی دروست لەگەڵ بابەتی ژنان لە کۆمەڵگا و دژایەتی کردن لەگەڵ پیاوسالاری، لە پێناو حەولی بێوچان و وریایانە دایە و بۆ ئەو مەبەستە ژنان دەبێ زیاتر لە پیاوەکان دژکردەوەیان هەبێت. 

نەمران سووسەن ئەمیری و هاوسەریان پیرۆت محەممەدی

کاتێک کاک سمایل وەک سەرکردەیەکی نیزامی “ڕێکخراوەی پێشمەرگەی ڕەنجدەران” لە کوردستان جێگیر بوو بەپێچەوانەی پێشنیاری ڕێکخراوە، سوسەن پەیوەست بە کاک سمایل نەبوو و درێژەی بە چالاکییەکانی له کرماشان دا. هۆکار ئەوە بوو کە دیاری کردن ئەرکی ژنان و شوێنی نیشتەجێبوونیان بە لەبەرچاوگرتنی ئەرک و شوێنی هاوژینەکانیان دروست نییە، چونکە دووپات کردنەوەی ئەو پێوەندییە پیاوسالارانەیە کە لە کۆمەڵگادا باوە، کە دەبێت بەرامبەری بوەستینەوە.

نەمر سوسەن تا بەهاری ساڵی ۱۳٥۹ی هەتاوی بەرپرسی ڕێکخستنی بنکەی “ڕێکخراوەی خوێندکاری و قوتابی هاوپێوەند لەگەڵ سەندیکا”ی کرماشان بوو. بە دەسپێکی شەڕ و بەرگری یەک مانگەی خەڵکی شاری سنە، بەڕێ کرا بۆ ئەم شارە. ئەرکی تیمارکردنی شۆڕشگێڕانی بریندار لە مەتەرێزی بەرگریدا وەئەستۆ گرت و بەرپرسیارەتی گرنگی گواستنەوەی هاوڕیانی برینداری بەرەی شەڕی بۆ ناوچەکانی دیکە بۆ چارەسەری خێرایی لەئەستۆ دابوو.

دوا بەدوای شەڕی سنە،هاوڕێ سوسەن بۆ تاران گوازرایەوە و لە کارگەی درووست کردنی پێلاو دامەزرا و ئەرکی یەک لە ناوچەکانی چالاکی ڕێکخراوەکەی لەو بەشەدا وەئەستۆ گرت. ئەزمونەکانی خۆی کە لە جووڵانەوەی کرێکاری وەدەستی هێنابوو ڕەچاو گرت و بە زوویی وەک هاوڕێ و ڕێبەرێکی جێگای متمانەی کڕێکارانی شۆڕشگێڕ لە شوێنی کارەکەی دەرکەوت. دوای شکستی شۆڕشی “آمل” و گیان بەختکردنی کاک سمایل، هاوڕێ سوسەن بە ناچار شوێنی کارەکەی بەجێ هێشت. نەمر سوسەن لە ڕێکەوتی ۱۳ی جۆزەردان پێوەست بە هاوڕێانی جەنگەڵ بوو. ئەو ڕەخنەی تووندی لە هەمبەر چۆنێتی دابەش کردنی هێزی شەڕ لە بەرەکانی شەڕ دا گرت. باوەڕی وا بوو کە دابەشکردنی ژنان بۆ بەرەکانی پشتەوەی شەڕ و تەنیا چارەسەر کردنی بریندارەکان نابێت ئەرکی ژنان بێت و دەبێ ژنان هاوشانی پیاوان لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ دا بەشداری بکەن.

نەمر سووسەن ئەمیری و تاقانە منداڵەکەی بەڕێز سەحەر محەممەدی

دوای هێرشی بەربڵاوی ڕێژیم  بۆ سەر ڕێکخراوەکەی، نەمر سوسەن لەگەڵ “کۆمیتەی کاتیی ڕێبەری” کەوت. ئەو نەمرە بۆ بەشداری لە راوێژگەی چوارەم گەڕایەوە بۆ کوردستان بەڵام بەداخەوە ئەو وادەیە جێبەجێ نەکرا و نەیتوانی بەشدار ببێت.

لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳٦۲ی هەتاوی هاوڕێ دەگەڵ فەرەیدوونی سەراج کە جێگری یەک لە بەشە سەربازییەکانی (سەربەداران) بوو، دەسبەسەر دەکرێ. پێش دەسبەسەر کرانی هەموو کات دەیگوت “ئەگەر بێتوو من دەسبەسەر بکرێم کارێک دەکەم کە دوژمن بە چۆک دابێت و ناچار بێت دان بە بێهێزی خۆی دابنێت و هەروەتر دەیگوت کە دڵخۆشی بەکرێگیراوان لە دەسبەسەر کردنی من دەبێ ببێتە ناهومێدی ئەوان.” هاوڕێ سەحەر ئەوەی کە گوتبووی لە گرتووخانە ڕەچاوی گرت. کۆی جەستەی لە ژێر ئەشکەنجەی بێ بەزەیانە، ئازاری دیتبوو و هەڵی بەستبوو، بەرگری قارەمانانەی هاوڕێ سەحەر دەنگی دابووە، دروشمی دەدا، گاڵتەی بە ڕێژیم و بەکرێگیراوانی ڕێژیم دەکرد ،جەللادانی گرتووخانەی “ئێوین”ـی بە چۆکدا هێنابوو ،لە مانگی خەرمانانی ساڵی ۱۳٦۳ی هەتاوی کە چەند ڕۆژی مابوو بۆ ئیعدام کردنی، گواستبوویانەوە بۆ ژووری گشتی گرتووخانە لە لای یەک لە هاوڕێانی گێرابوویەوە کە پێان گوتووم لەگەڵ ئێمە هاوکاری بکە تاکوو ئیعدام نەکرێی بەڵام من بە هیچ جۆر لەگەڵیان ڕێک ناکەوم.

ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی هاوڕێ سوسەن، بەو پەڕی شکۆ بەڕێوە چوو.سەرەڕای ئەوەی کە لە چەند ڕۆژ پێشتر ،شوێنی ڕێورەسمەکە لە ژێر کۆنترۆڵی پاسداران دابوو، ڕێـژەیەکی زۆر لە خەڵک بەشداریان لەو ڕێوڕەسمە دا کرد. ئەو یاد کردنەوە بوو بە شوێنی لەقاو دانی جنایەتەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. پاسدارەکان هێرشیان کردە سەر ئەو ڕێوڕەسمە و ڕێژەیەکی زۆریان لە گەنج و لاوەکان دەسبەسەر کرد و بۆ ماوەی یەک مانگ تاکوو یەک ساڵ لە گرتووخانە دەسبەسەریان کردن.

لەو سەرچاوانە کەڵک وەرگیراوە:

  • ماڵپەڕی حیزبی کومونیستی ئێران
  • فەیسبووکی یای نەسرین رەمەزان عەلی
  • یوتیوبی یای سەحەر محەممەدی کچی نەمر سوسەن ئەمیری

وەرگێڕان لە فارسییەوە: قادر سۆهرابی