Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادێک لە نەمر عەتائوڵڵا محەممەدی


عەتائوڵڵا محەمەدی کوڕی شەریف و ئەسما لە ڕێکەوتی ۱۰/١٠/١٣٤٩ی هەتاوی له ئاوایی عیسائاوا، سەر بە شاری سـنە لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و وەرزێڕ چاوی بە دونیا هەڵێنا. دوای سێ ساڵ بە هـۆی  کۆچی هەتایی باوکی بەڕێزیان  و هەروەها نەبوونی هەلی کار لەو گوندە بۆ دایکی، ڕوویان کردە شاری سـنە تا بتوانن بۆ بژێوی ژیان کارێک بدۆزنەوە. دایکی ناوبراو لەو ژنە نەترس و نیشتمان پەرەوەرانه بوو کە لە نەخۆشخانەی سنە خزمەتی دەکرد و بە زەحمەتکێشان و ماندووبوونێکی زۆر، کەلێنی باوکیانی بۆ منداڵەکانی پڕ دەکردەوە.

نەمر عەتائوڵڵا لە تەمەنی ۱۲ ساڵیدا، پێوەندی بە ڕێکخراوی کۆمەڵە دەگرێ و لە شانە نهێنییەکانی ئەو حیزبەدا چالاکی دەکات. دوای یەک ساڵ چالاکی لە ناو شار، بۆ ئەرکێکی ڕێکخراوەیی دەینێرنە تارانێ. لە مانگی خەرمانانی ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی لە شاری سنە لە حاڵێکدا خەریکی بەڕێـوە بردنی ئەرکە تەشکیلاتییەکانی بوو، دەسبەسەر دەکرێ و ڕەوانە زیندانی ئەو شارەی دەکەن. دوای حەوت مانگ ئازار و ئەشکەنجەیەکی ئێگجار زۆری ڕوحی و جەستەیی، بەرگرییەکی جانانەی کرد و ئامادە نەبوو دان بە هیچ چەشنە پێوەندێکی دەگەڵ کۆمەڵە دابنێ.  پاش چەند جار کە لێپرسینەوەیان لێ کرد و دانیشتنیان دەگەڵ کرد، ناوبراویان گواستەوە بۆ گرتووخانە “قزل حیسار” لە شاری کەرەج. ئینجا لەوێش دوای هەشت مانگ نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەکان گواستیانەوە بۆ گرتووخانەی ئێوین لە تاران.

بنەماڵەکەی ئەو نەمرە بۆ چاوپێکەوتنی ڕوویان لە تاران کرد تا بەڵکوو بتوانن ڕۆڵەکەیان چاو پێ بکەوێ بەداخەوە لەجیاتی دیدار دەگەڵ کوڕەکەیان، خەبەری تیرەبارانکردنی ڕۆڵەکەیان پێدان. نەمر عەتائوڵڵا وێـڕای چەند کەسی تر بە ناوەکانی”فەرهاد کلاە قووچی” و “نەستەرەن کەسووسارە” لە ڕێکەوتی ۱۱/١١/١٣٦٢ی هەتاوی ئیعدام کران. ئەوکات، بەڵێننامەیان بە بنەماڵەی نەمر عەتائوڵڵا واژۆ کردبوو که لە سەر گڵکۆکەی ئەو نەمرە نابێ نە هیچ بنووسرێ و نە وێنەشی لە سەر بێت. ئەو بنەماڵەیە پاش دوو ساڵ کە دەخوازن بچنەوە سەر گڵکۆی کوڕەکەیان، بەسەر دیمەنێکی سەیردا دەکەون و دەبینن کە ئەو شوێنەی گۆڕی کوڕەکەیان و ئەو پۆلە لە ئێعدامکراوانەی لێ بووە، خاپوور کراوە و هیچ ئاسەورێک لەو گۆڕانە نەماوە.  بەو شێوەیە ئەو مێرمنداڵە ١٣ ساڵانەیە بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری تاران تیرەباران و گۆڕغەریب دەکرێت.  

یادیان هەرمان و ڕۆحیان شاد