نەمر ناسر ئیبراهیم پوور کوڕی شێخە و خاتوون لە ساڵی ١٣٤٧ لە شاری سەردەشت و لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی لەدایک دەبێ. کوڕێکی زیرەک ، زیت و بەرپرسیار بوو. وێڕای تەمەنی کەمی، لەناو کۆڕی بنەماڵەدا جێگە و پێگەیەکی گەورەی هەبوو. باوکی سەرقاڵی باخ و بێستانی خۆیان بوو و بەو شێوەیە بژێوی خۆیان وەدەست دەهێنا. نەمر ناسر کە تەنیا کوڕی بنەماڵەکەیان بوو، هەموو ڕۆژێک پاش کۆتاییهاتنی کلاسی دەرسەکانی یەکڕاست دەچۆوە بۆ باخەکەی خۆیان و لەوێ یارمەتی باوک و دایکی دەدا.
لە بەهاری ساڵی ١٣٦١ کاتێک کە نەمر ناسر لە پۆلی سێهەمی ڕاهنەمایی دەیخوێند و تەمەنیان ١٤ ساڵی تێپەڕ نەکردبوو، ئێوارەیەک لە باخەکەی خۆیان سەرقاڵی کار کردن دەبێ. هەر ئەو ڕۆژە پێشمەرگە گورزێکی توندیان لە پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دابوو. بەشێک لەو پێشمەرگانە بە پەنای باخی ئەواندا تێپەڕ دەبن. پاشی چەند کاتژمێرێک تاقمێک جاش و پاسدار بەسەر باخەکە دادەدەن و بە دڵڕەقییەکی زۆرەوە ئەو لاوە ١٤ ساڵانەیە بەبێ سووچ و تاوان دەگرن و دەگەڵ خۆیان دەیبەن.
نەمر ناسر ئیبراهیم پوور کە هیچکات ئەندامی هیچ ڕێکخراو و حیزبێک نەبوو، تەنیا بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک و تۆڵە کردنەوە لە پێشمەرگە، پاشی دوو مانگ ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر، ئەو لاوە بێتاوانەیان تیرەباران کرد و تەرمەکەیان دایەوە بە بنەماڵەکەی و لە گۆڕستانی سەردەشت بە خاکی پیرۆزی کوردستانیان ئەسپارد.
ناوەندی نەمران لە پڕۆسەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو نەمرە، کۆمەڵێك زانیاری لەسەر ئەو کەسانەی بەگرتیان داوە و ئەو کەسانەی ئەشکەنجەیان کردووە، وەدەست هێناوە کە پاش تۆکمەکردن و بەڵگەمەندکردنیان، هەوڵدەدات بە ڕێگای قانوونی و گونجاو گەر بۆمان بلوێ، پێشکەش بە دادگایەکی دادپەروەر بکرێ و هاواری دادخوازی ئەو نەمرە بگەیێنێتە دادپەرەوەانی ویژدان زیندوو.
ڕۆحیان شاد و یادیان هەرمان