بۆ ڕای گشتی و سەرجەم مێدیاکان
وێڕای سڵاو؛
شاراوە نییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی سیستێماتیک و دەوڵەتی لە سەرەتای هاتنە سەر حوکمی خۆیەوە بە فتوای جیهاد و بە ناردنی جەللاد خەڵخاڵی، لاوان و خەڵکی کوردستانی ئێعدام و کۆمەڵکوژ کرد و هەوڵی داوە تا ئاستی بەربڵاوی ئەو تاوانانە پەردەپۆش بکات. “ناوەندی نەمران” کە لەلایەن بەشێک لە بنەماڵەی ئەو ئێعدامکراوانە دامەزراوە و هەروەها لەلایەن سیاسییشەوە تەواو بێلایەنە، تێدەکۆشێ تا بتوانێ هەرچەشنە زانیاری و بەڵگەیەک لەو تاوانانە دەست بخات و لە فەوتان ڕزگاریان بکات، تا بتواندرێت لە ڕۆژی خۆیدا بیانخاتە بەردەم دادگایەکی شیاو و لێهاتوو.
هەروەک ئاگادارن دادگایی کردنی تاوانبار (حەمید نووری) لە وڵاتی سۆئێد بەڕێوەدەچێ. ئێمە لە ناوەندی نەمران وێڕای دەستخۆشی کردن لە گشت ئەو کەسانەی لە سازکردنی بەستێنی ئەو دادگایەدا و هەروەها لە بەڕێوەبردنیدا بەشدارن، بە پێویستی دەزانین کە ئەوە ڕابگەیێنین کە تاوانبار حەمید نووری وەک خۆی دانیپێداهێناوە، لە ساڵەکانی سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان پاسدار بووە و لەوێ درێژەی بە تاوانەکانی خۆی داوە. بۆیە بە باشی دەزانین کە شەپۆلی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان بەگشتی و ڕۆڵی کەسانی وەک حەمید نووری بەتایبەتی لە ئێعدامکردن و کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی کورد لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٨ تا ١٣٦٢ی هەتاوی، وەبیر ڕای گشتی و قازییە بەڕێزەکانی ئەو دادگاییە بهێنینەوە تا تاوانەکانی ئەو تاوانبارە، هاودەستەکان و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەبیر نەکەن و دەنگی مافخوازانەی گەلی خوێنڕژاو و مافخوراوی کورد بن.
بۆ ئەو مەبەستە “ناوەندی نەمران” رۆژی ٢٦ نۆامبری ٢٠٢١ لەبەر دەرگای دادگای ئەو تاوانبارە لە ستۆکهۆڵم ئامادە دەبێ تا بتوانێ سەرنجەکان بۆ لای ڕادەی زۆری ئەو تاوانانە ڕابکێشێ کە زۆر پێشتر لە ساڵەکانی ١٣٦٧، واتە لە ساڵەکانی پێش ١٣٦٣ لە کوردستان ئەنجامیان داوە.
داواکارین لێتان کە پشتیوانی ناوەندی نەمران بن تا دەنگی کوردیش لەو دادگایە ببیسترێت و هەروەها تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان نەکەوێتە پەڕاوێزی بۆچوونی تایبەتی سیاسی.
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندی نەمران
11/11/2021