دوانیوەڕۆی ڕێـکەوتی پێنج لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، له فـڕۆکەخانەی شاری سنە یازدە پیاو لە حاڵێـک دا کە دەست و مەچەکیان بەستراوە، بەرامبـەر بە خەڵخاڵی وەک حاکمی شەرع دەسبەسەرکراون. دە لەو پیاوانە لە سەر کورسی دانیشتون و یەک لەوان کە بریندارە لەسەر دەستەبەرێک درێـژ بووە .
بە وتەی خەلیل بەهرامی “هەواڵنێری ئەو کاتی ڕۆژنامەی ئیتلاعات”، خەڵخاڵی مندیلەکەی لە سەری کردەوە، پێڵاوەکانی لە سەر کورسی دانا و لە پشت چاویلکە بنەئیستکانێکەیەوە چاوی لەو چەند کەسە بـڕی و پرسیاری لی کردن کە ناویان چیە؟
پیاوەکان یەکبەیەک خۆیان بە خەڵخاڵی ناساند :
۱-ئەحسەن ناهیـد ۲-شەهریار ناهیـد ۳-جەمیل یەخچاڵی ٤-ناسر سەلیــمی ۵-عبدوللا فوولادی ٦-موزەفەر نیازمەند ۷-سیروس مەنووچێهری ٨-ئەسغەر موبسیری ۹-موزەفەر ڕەحیــمی ۱۰-عەتا زەندی ۱۱-عیسا پیروەلـــی
خەڵخاڵی یەکبەیەک ناوی هەموانی خوێـندەوە و ئەو تاوانانەی کە پێان سەپاندبوون ئاماژەی پێ کرد، تاوانی هەموان هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی، هاندانی خەڵک بە سەربزێوی و یاخیـگەری و قەتڵ و کوشتن بوو!! بـۆ کۆی ئەم تاوانانە تەنانەت یەک بەڵگەشی نەخستە ڕوو!! پاشان خەڵخاڵی ئەو یازدە کەسەی وەک “مفسد فی الارض” ناو برد کە سزاکەیان ئیعدامە. کـۆی لێپرسینەوەی ئەو یازدە کەسه نیـو کاژمێـری نەخایاند، چەند کەس لەو یازدە کەسە هاواریان کرد کە بێ گوناحن، ئەوانی دیکەش هیچیان نەوت و کاس بوون و واقیان بردبوو لەو حوکمە ناڕەوایە کە بە سەریاندا سەپابوو.
دواتـر ئەو یازدە کەسەیان بردە دەرەوەی فرۆکەخانە، کەمتر لە سەد شەقاو لەو هۆلە وەهایی و خۆڕاییە کە وەک جێ مەحکمە پێکیان هێنابوو ڕایانگرتن و چاویان بەستن. “ئەحسەن ناهید”ـیان لە سەر عەرز دانا. دەنگی شریخە و گرمەی باڵەکانی تەیارەکە کە هات، دوای چەند چرکە دە پیـاو کەوتنە سەر عەرز و پیاوێکی سپی پۆش کە چاویلکەیەکی ڕەشی لە چاو دا بوو، دەمانچە لە دەست، لە سەر سەری هەر یازدە کەس خوار بووە و تیـری خەڵاسی لە سەری هەر یازدە کەس دا.
لەو وێنانەی کە جەهانگیـر ڕەزمی ” وێنەگری ڕۆژنامەی ئێتلاعات” لە چرکەبەچرکەی ئیعدامی فڕۆکەخانەی سنە گرتویەتی، پیاوەکان لە حاڵەتی جۆرا جۆر دا نیشان دەدرێـن. بە ناوباگترین وێنە ئەو وێنەیە لە سەر ناوی لێـزگەی تیرهاوێژ “جوخە آتش” کە خەڵاتی پۆلتزێر لە ساڵی ١٩٨٠ وەرگرت. نەمر ناسر سەلیـمی هەوەڵ کەس لە لای ڕاستەوە وێستاوە و دەستی بریندارە. کەسی دووهەم کە بۆ پێشەوە خوار بۆتەوە “جەمیل یەخچاڵـی” گەنجێکە کە تەمەنی بیست ساڵ بووە.
دوای چل و دوو ساڵ لە تـۆمار کردنی وێـنەی ئەو نەمرە، برای گەورەیان بەڕێز “نەجمە یەخچاڵی” لە وتووێژێک کە لە “کلابهاوس” لە لایەن (ناوەندی نەمران) پێک هاتبوو، بەسەرهاتی ژیان و ئیعدامی براکەیان نەمر “جەمیل یەخچاڵی” بۆ باس کردین :
جەمیل یەخچاڵی لە بنەماڵەیەکی پڕحەشیمەت لە دایک بوو. دایکی حەمیدە ساعیـد و باوکی ساڵە یەخچاڵی، خاوەنی سێزدە مناڵ بوون کە چوار کەس لەوان هەر لە تەمنی مناڵێوە مردوون. لە نۆ مناڵی دیکەیان، جەمیل مناڵی حەوتەمی بنەماڵەکەیانە کە لە ساڵی١٣٣٨ی هەتاوی چاوی بۆ دونیا هەڵێناوە.
به پێچەوانەی بزۆزی براکانی دیکە، جەمیل کوڕێکی هێدی و هێمن بوو و حەزی لە خوێندن و خوێندنەوە و درس بوو.
جەمیل تا پـۆلی نۆ لە سـنە دەرسی دەخوێند و بۆ درێـژەدانی خوێندن لە تاقی کاری هونەرستانی سەنعەتی شاری “مسجدسلیمان” بەشداری دەکا و پاش دەرچوونی بۆ درێژەی خوێندن دەچێ بۆ ئەو شارە.
لەو کاتانەدا نەجمە برای گەورەی جەمیل چالاکی سیاسی و لایەنگری ڕێکخراوەی “فداییان خلق” دەبێ و کتێب و نووسراوە و ئەو شەونامانەی ئەو ڕێکخراوەی لە ماڵی خۆیان کـۆ دەکردەوە، دەست پێ ڕاگەیشتنی جەمیل بەو کتێب و نووسراوانە بوو بە هاندەری جەمیل بۆ چالاکی سیاسی، ئەو جۆرەی کە وێدەچێت جەمیل لە تەمەنی شانزدە سالێـوە خۆلیای چالاکی سیاسی بووە. کاک نەجمه ئەوە دەگێـڕێتەوە کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ئەوکات کە جەمیل لە”مسجدسلیمان ” گەڕابووە سنە، وێــرای هاوڕێکانی پێشانگەی وێنه، کتێب و نەواری کاسێتی ساز دابوو و ئەویشی بانگهێشت کردبوو کە بەشداری بکات لەو پێشانگایە.
چۆنێتی و کاتی دەسبەسەر کردنی چەند ڕوژ پێشتر (بە ڕوونی دیار نییە) لە ئیعدام لە فڕۆکەخانەی سنە وێـڕای ئەحسەن و شەهریار ناهیـد و چەند کەسی دیکە بۆ کارێکی حیزبی لە لایان ڕێکخراوەی “فدائیان خلق” بۆ نزیـک شاری سەقـز دەچن، خاوەن مڵکەکان به زۆری چەک بە تەمان لە دابەش کردنی مڵکەکان کە پێشتر لە لایان کۆمەڵە دەستی پێ کرابوو پێـش بە خەڵک بگرن. لە نێـوان خاوەن مڵکەکان و کۆمەڵە شەڕ ساز دەبێ کە بەشەڕی خورخوڕە ناوی دەرکردووە و ڕێکخراوەی “فداییان خلق” بۆ هاوکاری کۆمەڵە چەند کەس لە ئەندامانی خۆی بۆ کوردستان دەنێرێ. لە گەڕانەوە دا لە ڕێگەی مەریوان لە بنکەی ژاندەرمەری نێـوان سنە و مەریوان، ڕێگەی گاڕان، لە کاتی پشکنین و گەڕان، پاسدارەکان چەند چەک وێـڕای چەند بەڵگە و نووسراوە کە هی ڕێکخراوەی “فداییان خلق ” بوو و لە ناو ماشێنەکەیان شاردبووە، دەدۆزنەوە و چەند کەس لەو پێوەندی دا دەسبەسەر دەکەن.
دەقی گێـڕانەوەی ئەو بەسەرهاتە لە کێبی (“ثبت در تاریخ” – تۆمار کردن بۆ مێـژوو) کە جەمیل نەوەرە بەرهەمی هێناوە و لە زمانی ئەحسەن ناهیـد نووسراوە پێشکێشتان دەکرێ :
” لە کاتی پشکنینی ماشێنەکەمان لە لایان بەکرێگیراوان چەند چەک کە حەشار درابوو و به ئێـمە بوو وێـڕای کۆمەڵێک بەڵگە و نووسراوە لە لایان بەکرێگراوەکان دەستی بەسەر داگیـرا ، هەر بەو هۆیەش ئێمەیان دەسبەسەر کرد و مۆری دژی شۆڕشیان بە ئێمەوە کوتا! کەسێک کە خەڵکی کرمانشان بوو زۆر زوو ڕای کرد و لەو شوێنە دوور کەوتەوە و هەڵات، بەکرێگیراوەکان دوای هەڵاتنی ئەو هاوڕیە زیاتر ئاگادری ئێمەیان کرد و بە هەستیاری پتر چاویان لە سەر ئێمه بوو. پاشان ئێمەیان بۆ ژوورێک گواستەوە کە وەک گرتووخانە نەدەچوو وا دیار بوو کە کاتی لەوێ ڕاماندەگرن، کەسێک کە پێش ئێمە لەوێ بوو بانگیان کرد و بردیان ، زۆربەی ئەوانەی لەوێ چەکدار بوون جاش و خۆفرۆشەکانی ناوچەکە بوون، لەو هەل و مەرجە دا مەترسی زۆرمان لە سەر بوو چونکە ئەوان ئەو چەک و بەڵگە و نووسراوەیان له ناو ماشێنی ئێمه دۆزیبووە و ئەگەری وەی هەبوو وەک بەڵگەی سەلمێنەری تاوانبار بوونی ئێمه کەڵکی لێ وەربگرن.
دەبووایە زوو کارێکمان کردبا چونکە ئەوان بە زوویی ئێمەیان ڕادەستی سپای پاسدارانی سـنە دەکرد.
سێ کەسی بڕیارمان دا کە ڕا بکەین و به زووترین کات ئەو بڕیارەمان جێ بە جێ کرد، کاتی گواستنەوەمان ڕامان کرد، بنەکەی هێـزەکانیان لە سەر تەپۆڵکەیەک بوو، کەنداوێک کە به هـۆی جوڵەی ئاو لە عەرز چێ ببوو، ڕێـگەی بنکەی ئەوانمان لە ڕێگەیه ئەو کەنداوە بڕی، پاسەوانەکانی بنکە تەقەیان لە ئێمە کرد بەڵام وەبەر گوللە نەهاتین ، ئێمه ڕێگاکەمان پێشتر تا ڕادەیەک تاقی کردبووە بە جۆرێک ڕامان دەکرد کە بەر گوللە نەکەوین ، چەند جار داوایان لە ئێمە کرد کە ڕابوستین بەڵام ئێمه گۆمان نەدانێ لەو جێگەیە کە کەنداو بە دوو بەش دابەش ببوو گوللەیەک لە ڕانم کەوت، نەمدەتوانی درێـژە بە هەڵاتن بدەم چەند هەنگاوێک دوا بە دوای هاوڕێکانم ڕۆیشتم ئەوان ئێستا ئاگاداری برینی من نەبوون، مەودای ئێمە لەوان کە گوللەیان بە ئێمەوە دەنا زۆر دوور بوو، جەمیل و شەهریار هەستیان بەوە کرد کە من لە پشت سەریان نیم، گەڕانەوە و خۆیان گەیاندە من، حەولیان دەدا کە من لە گەڵ خۆیان ببەن، گوللە لە ئیسقی ڕانم کەوتبوو، چونکە نەمدەتوانی لە سەر قاچەکانم ڕاوەستم جەمیل و شەهریار دەستەکانی منیان لە سەر شانی خۆیان دانابوو و بە تەقەلای زۆر دەیانویست منیش لە گەڵ خۆیان ببەن و نەجاتم بدەن، شوێنی کەنداویان گۆڕی ، ئەو ڕێگەیە بلیندی و نەوی بوونی زۆری هەبوو و ئەوانی ماندوو دەکرد، بەکرێگراوانی ڕێژیم زیاتر ئەوێیان پەلامار دەدا،کەمێک کە دوور بووینەوە گەیشتینە شوێنێک کە پڕ بوو لە دار و لە نێـوان دارستان دا عەرزێکی تەخت و دەشتایی بوو، لەو عەرزە دا کۆگای شەڤدەریان هەڵچنیبوو تاکوو ویشک ببێ، قەراغ ئەو عەرزە دەشتاییە بە دار داپۆشرابوو، ئێمە کەسێکمان دیت کە لەوی خەریکی ئیش کردن بوو و داوامان لێ کرد کە پەنامان دا، کابرا بە بیستنی تەقەی تفەنگ ترسا و لە هاوکاری کردنی ئێمە دوودڵ بوو، جاش و پاسدارەکان نزیکتر ببونەوە، زۆرم داوا لە جەمیل و براکەم شەهریار کرد کە ئەوان بچن و من جێ بێڵن بەڵام قەبووڵیان نەکرد، جەمیل و شەهریار بڕیاریان دا من لە ژێـر شەڤدەرکان (گیشە گیا) حەشار بدەن چونکە بڕستیان لێ بڕابوو و ماندوو بوون، جاش و خۆفروشەکانیش زۆر لێمان نزیــک بوونەوە،
کابرای خاوەن باغەکەش یەکجار تاسابوو و ترسابوو، هاوڕێکانم منیان لە ژێر ئەو گیشە گیا و پووش و پەڵاشە کە ئێستا باش ویشک نەبوو دانا خۆشیان کەمێک لەولاتر لە ژێـر دارەکان ئاگاداری منیان دەکرد کە ئاخـۆ چیم بەسەر دێ، جاشەکان هاتن، یەک لە جاشەکان لە دوورەوە خاوەن باغەکەی بانگ کرد و داوای لێ کرد کە خۆی نیشان بدات، دیار بوو کە کابرای باغەوان لە ترسان خـۆی شاردبووه و لەو جێگەی کە خۆی حەشار دابوو هاتە دەرەوە و هات بۆ لای ئەوان، هەواڵانی من هەموو ئەو هەڵس و کەوتەیان لە بەر چاو بوو بەڵام گـۆیان لە قسە و باسی ئەوان نەدەبوو کە ئاخـۆ چی ئەڵێن ؟! دوای کەمێک قسەی نێوان بەکرێگیراوان و کابرای سێحەب باغ دەستیان کرد بە گەران و پشکنین سەریان بەهەموو کونێک دا دەکرد چون دڵنیا بوون ئێمە چەک و تفەنگمان پێ نێ و داوایان لە ئێمە دەکرد کە خۆمان بەدەستەوە بدەین، من هیـچ جوڵەم نەدەکرد، تین و گەرمای گیشە گیایەکان ئازاری دەدام و تاقەتی لێ بڕیبووم به تایبەت ژانی ڕانم کە ئازاری لێ پتـر کردبووم، جاشەکان خەریکی پشکنین و سەر و خوار کردنی گیشە گیایەکان بوون تا گەیشتنە ئەو گیشە گیایەی کە لە سەر من بوو، کۆگاکەیان لادا و منیان هێنا دەرەێ، شەهریار و جەمیل کە لە دوورەوە چاوەدێری منیان دەکرد کە من دەسبەسەر کرام هاتنە دەرێ و خۆیان ڕادەست کرد، ئەوان دەیانتوانی ڕا بکەن بەڵام هەڵنەهاتن چونکە نەیاندەویست من بە جێ بێڵــن، دەست و پیلی جەمیل و شەهریاریان بەست و منیشیان بە هاوکاری بەکرێگیراوانی ڕێژیم بردە بنکەکەیان، هەر بە زوویی ئێمەیان گواستەوە بۆ سـنە، منیان بۆ دەرمان کردن هێـنا بۆ پادگانی سـنە”
لە گرتووخانەی سنە بنەماڵەی جەمیل چەند جار چاویان بە جەمیل کەوت ، ماڵباتی جەمیل زۆریان حەول دا کە جەمیل ڕزگاری بێ بەڵام بە داخـەوە سەرکەوتوو نەبوون، چەند ڕۆژ دواتر ئەوان دەگوازنەوە بـۆ فڕۆکەخانەی سـنە و لەوێ جەمیل و شەهریار بۆ جارێکی دیکە چاویان به ئەحسەن دەکەوێ.
ڕۆژێک دواتر مەلایەک بە ناوی “هشترودی” دێتە لای ئەوان و چەند جار بۆ لێپرسینەوە دەیانبەن، ئەحسەن و شەهریار و جەمیل کە لە هاوتۆمەت بوون بۆ لێپرسینەوە لە گەڵ یەک دەبەن، ڕوژاوابوونی ئەو ڕۆژە ئەوان دەبن بۆ خانووبەرەیکی دیکە فڕۆکەخانەی سـنە کە گیراوانی دیکەش هەر لەوێ دەبن ، جارێکی دیکە برایانی ناهـید و جەمیل بۆ لێپرسینەوە دەبن.
دوانیوەڕۆ لە نێوان کاژمێر ۲ بو ۳ کەسێک دێ و ناوی چەند کەس لە گیراوەکان دەخوێنێتەوە
۱-ئەحسەن ناهـید
۲-شەهریار ناهـید
۳-جەمیل یەخچاڵی
٤-موزەفەر ڕەحیمی
٥-عەتا زەنـدی
٦-ئەسغەر موبسیری
۷-ناسر سەلـیمی
٨-عیسا پیر وەلـی
پاسدارەکان پێ داگری دەکەن کە پێڵاوەکانتان لە پێ بکەن.!!
لە وڵامی پرسیاری جەمیل نورە کە پرسیار دەکا گیراوەکان بۆ کۆی دەبەن ؟ وڵام دەدەنەوە کرمانشان !
نیـو کاژمێـر دواتر دەنگی هەرای باڵەکانی تەیارە دەبیسترێ.
لەو تۆز و خۆڵەی قەراغ تەیارەکە کە لە وێنەکانی ڕەزمی لە کاتی ئیعدامی یازدە کەسەکە دیارە، ئەوە دەسەلمێنێ باڵەکانی تەیارەکەیان به ئانقەست وەکار خستووە تاکوو دەنگی ئەو گوللانە نەبیسترێ و ئەو خەڵکەی لە دەرەوە فڕۆکەخانە ڕاوەستاون هەست بەوە نەکەن و گوێیان لە تەقەی چەکی پاسدارەکان نەبێ کە ئەو یازدە کەسە ئیعدام دەکەن .
ماڵباتی جەمیل یەخچاڵی لە ڕێگەی هەواڵی تلیزیۆن کە هەواڵی ئیعدام کردنی ئەوانەی لە سـنە ئیعدامیان کردبوون باس کرد زانیان کە جەمیل ئیعدام کراوە، ئەوان به پێ داگری زۆر و حەولی بێ وچان توانیان تەرمی کوڕەکەیان لە پاسدارەکان وەربگرنەوە و تەرمی پیرۆزی جەمیل له قەبرستانی ” شێـخان ” به خاک دەسپێرن.
ژیانی لاویم
وێنەی گوڵێك بوو
كە هاتە باخی ژین
هەڵوەری زوو
وەكوو
لەولاوی ناكامی بەهاران
خەمێكی نایە داوێنی دڵ و چوو
دوا بە دوای ئیعدامی ڕۆژی پێنجی خەرمانان، خەڵکی سـنە بە نیشانە ناڕەزایەتی بەو ڕەشەکوژی و ئیعدامانە دێنە سەر شەقام کە به دڕەندانەترین شـێواز لە لایان بەکرێگیراوانی ڕێژیم بەرەوڕوو دەبنەوە، شاری سـنە حاڵەتی نیزامی بە خۆی دەگرێ …
مخابن کە ناخۆشی و نەهامەتی و تەگەرەی بنەماڵەی یەخچاڵی پاش ئیعدامی جەمیل کۆتایی پێ نەهات و هەموو ئەندامانی ماڵباتیان دەسبەسەر دەکەن، لە شەڕی ٢٤ ڕۆژەی سـنە خوشکەزای جەمیل یەخچاڵی بە ناوی “حەمیـد” قوربانی سیاسەتی دژە مرۆڤایەتی ڕێژیمی مەلایان دەبێ و تەرمی ئەویش لە تەنیشت قەبری جەمیل لە قەبرستانی شێخان بە خاک دەسپێرن.
ئاڵبۆمی وێنەکانی نەمر جەمیل یەخچاڵی