Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یادی ٣٨ ساڵەی تیرباران کردنی ١٧ کوڕ و کچی لاوی “سەقز”ی قارەمانپەروەر.

ئەمڕۆ لە مێژووی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژێکی ڕەش و شوومە. لەو ڕۆژەدا کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری قارەمانان، لە سەقزی سەربەرز دەستی دایە تاوان و ١٧ کەس لە کوڕ و کچانی ئەو شارەی تیرەباران کرد و جغەی تەمانی بەسەر ئەو شارەدا داکێشا. بەڵێ ١٧ کوڕ و کیژ و لاوی ئەو شارە قارەمانپەروەرە بەبێ تاوان لە ڕۆژی شەممۆ ڕێکەوتی (٢٣/٥/١٣٦٢ز ١٤/٨/١٩٨٣) خەڵتانی خوێن کران. لەناویان ٦ کیژ و پرچ پاک هەبوون کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ بەرەو ژێر بوون.

 ئە ڕۆژە تا هەیە لە زەینی خەڵکی نەبەز و مەردی ئەو شارە ناسڕێتەوە و وەک ئەرکێکی نیشتیمانی بۆ جیلی تازەیان دەگێڕنەوە تا بزانن چی بەسەر کورد هاتووە و چییان چێژتووە. یەک لە شاهیدانی عەینی کە خوشکە مێرمنداڵەکەی یەک لەو پەرییانە بوو، ئاوا باسی بیرەوەرییەکانی خۆی لەو شەو و ڕۆژانە دەکات:

ماڵی ناسیاوێکمان لە خیابانی بوڵوار بوو، کە زیندانی سپای پاسدارانیش هەر لەسەر ئەو شەقامە بوو. خوشکم و باقی زیندانییەکان هەر لەو بڵوارە لە زیندانی سپا زیندانی کرابوون. من کە ماوەیەک بوو لەلایان سپای پاسدارانەوە بە شوێنمەوە بوون تا بمگرن، نەمدەوێرا لە ماڵ بخەوم و زووزوو جێگاکەم دەگۆڕی. ئەو شەوە من لە ماڵی ناسیاوێکمان مابوومەوە. دایکیشم کە دەزانێ من لەو شوێنەم، هات تا شەو هەم لەلای من بێت و هەم بۆ بەیانیش بچێتە بەردەم زیندان تا سۆراغێک لە خوشکم بزانێ؟  ئیتر ئەو شەوە من و دایکم تا درەنگایی شەو هەر نەخەوتین و قسەمان دەکرد.

بە هەڵکەوت ئەو شەوە تا درەنگوەخت خەومان لێنەکەوت. لای کاتژمێر یەکی نیوە شەو دەنگی خرمە و ڕێژنەی گوولە لە زیندانی سپا ڕا هات. دڵمان خورپەی کرد. لە پاش ئەو،  بە بژاردە کە بژاردمان، دەنگی ١٧ تەکتیرمان بەر گوێ کەوت. ئەو دەنگانە هێندەی تر خورپەی خستە ناو دڵی هەموومان بەتایبەت دایکم. بەیانی زوو دایکم دەچێتە بەر دەرگای زیندان و لەوێ پێیدەڵێن کە حاکمی شەرع هاتووە و بەپەلە ١٧ کەسی تیرەباران کردووە. بەڵێ قسەکە ڕاست بوو بۆیە شەو ١٧ تەکتیرمان گوێ لێبوو. کە ئەوەمان بیست هەموو زانیمان کە ئەو ١٧ فیشەکە تیری خەڵآس بووە کە لەو قارەمانانەیان داوە. هەموومان چاومان لە یەکتر دەکرد بەڵام هێزمان نەبوو وەبیر یەکتری بێنینەوە. چوون بیرهاتنەوەکەشی تیرێکی خەڵاس بوو لە دڵی ئێمە.

بەو چەشنە ١١ کوڕ و ٦ کچی قارەمانانی سەقز لە کاتژمێری یەکی نیوەشەوی ٢٢ لەسەر ٢٣ ی گەلاوێژی  ١٣٦٢ لە حاڵێکدا کە تەمەنی زۆربەیان ١٨ ساڵ کەمتر بوون، تیرەباران دەکرێن.

ناوی ئەو ١٧ کەسە ئاوایە:

مەهین عەبدولله زاده

محێدین جەلالی

وەحیده وەحیدی

مەنسور محەممەدی

شۆعله ئیبراهیمی ئایچی

ڕەسوڵ باپیری

کولسوم حوسێنی

be-wene-bo-Piyaw-2

خالید باپیری

be-wene-bo-Piyaw-2

سەعیده کەریمیان

be-wene-bo-Piyaw-2

فاتمه جەمشیدی

be-wene-bo-Piyaw-2

بارزان فەتحوڵڵا نیژاد

be-wene-bo-Piyaw-2

عەتائوڵڵا ئەمینی

be-wene-bo-Piyaw-2

محەممەد کەریمی

be-wene-bo-Piyaw-2

فەهیم ئیسماعیلزاده

be-wene-bo-Piyaw-2

محەممەد حاجی محەممەدی

be-wene-bo-Piyaw-2

شەمسەدین ئەحمەدی

be-wene-bo-Piyaw-2

جەماڵ …؟

کۆماری ئیسلامی ئێران تەرمی ئەو نەمرانەی نەداوە بە بنەماڵەیان و تەرمەکانیان ڕاگوێزی بۆ  گۆڕستانی شاری “قوڕوە” و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان لەو گۆڕستانە لە ژێر خاکدا شاردرانەوە. بنەماڵەی ئەو نەمرانە تا ئێستا سێ جار کێل و بەردیان بۆ سەر گۆڕی ئەو نەمرانە درووست کردووە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران کێل و بەردەکانی شێواندووە و تێکی داون.

ئێمە لە ناوەندی نەمران وێڕای هاوخەمی و دڵسۆزی دەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی ئەو نەمران و هەروەها وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو تاوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوا لە سەرجەم هاونیشتمانیانی هێژا دەکەین کە لە تەکمیل کردنی کەیسی ئەو نەمرانە یارمەتیدەرمان بن و بە ناردنی وێنە و زانیاری و بەڵگە، یادی ئەو نەمرانە بکەنەوە تا ئاڕشیویان بکەی بۆ داهاتوو و بۆ ڕۆژی خۆی.