Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لە چلەمین ساڵیادی نەمر “کەریم کاشانی” – نووسینی سولەیمان کاشانی

ساڵی لەدایک بوون: ۱۲۹۱ هەتاوی | نێوی باوک: ئەحمەد | ڕێکەوتی تیرباران کردن: پووشپەڕی (تیر) ۱۳٦٠
شوێنی تیرباران کردن: زیندانی تەورێز | شوێنی گڵکۆ: گوندی شاوەلە سەر بە شاری نەغەدە

مانگی پووشپەڕی ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی بوو کە وێـڕای چەند یەکەی نیـزامی هاوڕێ لە گەڵ لێژنەیەکی کۆمیتەی ناوەنـدی “کۆمەڵە” بـۆ چاو پێکەوتنێک لە گەڵ “یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی عێـراق”بـۆ نێـوان سنووری ئێران و عێـراق ڕۆیشتبووین، ئەو ڕۆژە یەکجار گەرم بوو، ئێـمەیان لە نێـوان چەند یەکینە دابەش کرد،من وێـڕای هاوڕێکم لە یەکێک لە بنکەکانی ئەوان جێگـیر کراین، هاوڕێکم خەوی لێ کەوتبوو و منیش چاوەڕوانی هەواڵەکانی کاتژمێـر ۲ی دوا نیـوەڕۆ بووم،

هەوڵ هەواڵی بەرنامەی رادیۆ ئێران ڕاگەیاندنی ناوی ئەو کەسانە بوو کە بەم زوویانە ئیعدام کرابوون، هەوڵ ناو کە بێژەری رادیۆ ناوی هێنا،ناوی باوکم “کەریم کاشانی”و کەسێکی دیکە بە ناوی “محەمەد ئەمین حەسەن عەباسی”بوو کە خەڵکی شاری نەغەدە بوو، ئەو تاقمە کەسەی کە لای ئێـمە بوون باوکمیان نەدەناسی و منیش هیچـم نەدرکاند و قسەم نەکرد، بـۆ ماوەیەک نەمدەزانی چی بکەم، پێـم خۆش بوو بگریم، بەڵام نەمدەتوانی، هاوڕێکەم لە خـەو هەستاند و پێم وت کە باوکم ئیعدام کراوە، بـۆ چەند خولەک بێ دەنگ دانیشتم و پەشێواو بووم، لە بنەماڵەم دوور کەوتبوومەوە و دەرفەتم نەبوو کە تەنانەت لە ڕێگەی تەلەفوونیش پێوەندیان پێـوە بگرم، دوای ماوەیەک چووین بـۆ لای هاوڕیانی دیکەمان و پاش ڕاوێـژ کردن لە گەڵ هاوڕیانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، بڕیارمان دا کە من هاوڕێ لە گەڵ دوو کەس لە هاوڕێیان بەرەو نەغەدە ڕێ کەوین بۆ چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەم، ئەو کات زۆرینەی ڕێگا و جاددەکانی سەرەکی لە لایان هێـزی نیزامی ڕێژیمی ئێران دەستی بە سەر داگیـرابوو و ئێـمە بە پێ خۆمان و پاش سێ ڕۆژ خـۆمان گەیاندە لای بنەماڵەکەم لە نزیـک شاری نەغەدە.

زامێـکی گەڵێک دژوار بوو کە باوکم وەک گەورەی بنەماڵە و تەنیا کەسێک کە بـژێوی ژیانی ئێمەی لە ئەستۆ بوو چی دیکە لە سەر دوونیا نەماوە، بار و دۆخێـکی ناخۆش و چەتوون بۆ بنەماڵەکەمان هاتبووە گۆڕێ، لە لایەکیش من و براکەم لە گەڵ بنەماڵە نەمابووین و دوا بە دوای شەڕی نەغەدە  پێوەستی جوڵانەوەی بەرگری کوردستان بووین و ئەندامانی دیکەی بنەماڵە وێـڕای باوکم بـۆ نزیک دەور و بەری مەهاباد کـۆچی بە ناچاریان کردبوو و ئاوارە بوون،باوکم بە هـۆی ئەوەی کە سەرپەرەشتی ماڵەوەی لە ئەسـتۆ بوو و تەمەنیشی زۆر بوو لە کاتـی شەڕی نەغەدە و خۆپیشاندانەکان زۆر بەشداری نەدەکرد، پاش ماوەیەک دوور کەوتنەوە لە ماڵ و شـوێنی ژیانیان بڕیاریان دا بگەڕێنەوە نەغەدە و بـۆ ئەرخەەیان بوون لە هێـور بوونەوەی دۆخی نەغەدە لە لایان ئەو کەسانەی کە دۆستایەتی لە گەڵیان هەیبوو لە گەڵ بەرپرسانی حکوومی پێـوەندی گرت کە ئاخـۆ کەس سکاڵای لەسەر وان هەیە یا نا؟ لە وڵامی ئەو پرسیارە پێیان دەڵێن کە کەس سکاڵای بە دژ ئـێوە تۆمار نەکردووە و هیچ بەڵگەیەکیش نێ کە ئێـوە تاونبار بن، و پێیان دەڵێن کە دەتوانن بگەڕێنەوە نەغەدە و هیچ کێشەیەک لە ئارا دا نێ، دوای چەند ڕۆژ باوکم وێـڕای ئەندامانی بنەماڵە گەڕانەوە بۆ نەغەدە، ئەو کات نەغەدە دۆخێکی هەستیاری هەبوو، شاری نەغەدە لە دوو نەتەوەی کـورد و تورک”ئازەری” پێک هاتووە و دوا بە دوای شەڕی نەغەدە و کوژران و خەسارێک کە لە هەر دووکیان کەوتبوو، بارودۆخ و کەشی شار یەکجار ئاڵـۆز و مەترسیدار بوو هەڵـبەت نەتەوەی کورد پتـر لە ژێـر مەترسی و گوشار دابوون، لە لایەک گوشاری بەرپرسانی حکوومی و دەوڵەتی و لە لایەکیش چەند بنەماڵەی ئایینی ” شیعە ” و ڕەگەز پەرست کە لە لایان ڕێژیم پاڵپشتیان لێ دەکرا و وەک هێـزێک کە پشتی بە ڕێژیمەوە گەرم بوو سەرەڕوویان دەنواند کە من لێرە بە پێویستی نازانم ناوی ئەو چەند بنەماڵە باس بکەم و ناویان بێنم…

بەرپرسانی گرتووخانە بە دایکمیان وت کە دەبێت خەرجی ئیعدامی هاوژینکەت بدەێ!!

دوای چەند ڕۆژ کە ماڵباتی ئێـمە گەڕابوونەوە نەغەدە باوکم دەس بەسەر دەکـرێ و ڕاپێچی گرتووخانەی دەکەن، پاش ماوەیەک باوکم بۆ گرتووخانەی شاری تەورێـز دەگوازنەوە، هاوکات لە گەڵ دەس بەسەر کرانی باوکـم،ئێمە زۆرمان هەوڵ دا کە باوکـم ڕزگار بکـەیەن.

من لە گەڵ کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵـە قسەم کرد و بەڵێنیان پێ دام لە بەرامبـەر ئازادی باوکـم ئامادەن کە چەند فەرماندە و ئەندامی ڕێژیم کە لە لایان کۆمەڵـەوە گیرابوون ڕادەستی ڕێـژیم بکەنەوە، منیش لە لایان ئەو ناسیـاوانەی کە هەمـبوو پێوەندیم لە گەڵ چەند بەرپرسی ڕێـژیم گرت کە لە وڵام دا پێیان ڕاگەیاندم کە ئێـمە هیچ دەسەڵاتێکمان نێ و ناتوانین کە باوکت ڕادەست بکەینەوە و کەس گەلێک دژی ئەو بڕیارەن،

هەڵبەت ئەو کەسانە بەشێک بوون کە لە ڕێـژیمی پێشوو لە ناوەندەکانی وەک “ساواک” ئەندام بوون، بە داخـەوە باوکم لە پووشپەڕی ساڵی ۱۳٦۰ی هەتاوی لە گرتووخانەی شاری”تەورێز” تـیرباران کرا، دوا بە دوای ڕاگەیاندنی ئیعدامی باوکم بەرپرسانی گرتووخانەی تەورێـز داوایان لە بنەماڵەی ئێـمە کرد کە بچن بـۆ تەورێـز و جەستەی باوکم وەربگـرنەوە، دایـکم وێڕای چەند کەسی دیکە بەرەو تەورێـز ڕێ کەوتن و لە گەڵ بەرپرسانی گرتووخانە پێوەندیان گرت کە بەرپرسانی گرتووخانە بە دایکمیان وت کە دەبێت خەرجی ئیعدامی هاوژینکەت بدەێ!! وەگینا ئیزنت پێ نادرێ کە جەستەی هاوژینکەت لە گەڵ خۆت ببەیەوە، دایـکم بە گژیان دادێ و سەد قسەی سووکیان پێ دەڵێت، لە ئاکام دا دایـکم بە ناچار خەرجی ئێعدامی باوکمیان کە بریتی بوو لە ٨۰۰ تمەن دەدا بە بەرپرسانی گرتووخانە، چونکە باوکمیان بە هەشت گوللە تیرباران کردبوو، هەروەتر قووتیەک شیرینیان دا بە بکوژانی باوکـم! هەڵبەت ئەو خەرجەیان بۆیە لێ وەرگرتبوون تاکوو ئازاری ڕوحـی بنەماڵە و ماڵباتی گیان بەختکردوان بدەن، دایـکم هیچ کات ئەو زووڵم و ناخـۆشی و ئازارەی کە بەسەری هاتبوو لە بیـر نەدەکـرد و پاش چەند ساڵ لە ژێـر ئەو نەهامەتی و دڵتەنگی کە دوای ئیعدامی باوکـم بەسەری هاتبـوو تووشی جەڵتەی دڵ دێ و دڵـی پاک و بێگەردی بـۆ هەمیشە وەستا و ئێـمەی بـۆ هەتا هەتایی جێ هێشت…

باوکـم بێ تاوان ئیعدام کـرا، هیچ بەڵگە و پاساوێک بە دژ باوکم کە سەلمێنەری تاوانبار بوونی باوکـم بێت لە ئارا دانەبوو  لە هیچ شەڕ و ناکۆکی ئەو کاتی شاری نەغەدە بەشداری نەکردبوو، تەنیا باوکم قوربانی شەڕاژۆیی تاقمێک لە کاربەدەستانی ڕێـژیم لە نەغەدە و حکومەتی دژە مرۆڤی ئێران بوو.ئەوەی سەیر و سەمەرە٫ ئەوەیە کە حوکمی ئازادی باوکم و “محەمەدئەمین حەسەن عەباسی” شەش مانگ دوا بە دوای ئیعدام کردنیان دەرکرا!!

جێـگەی ئاماژەیەی کە ڕەوانشاد باوکـم لە تەمەنی گەنجێتی وەک کەسێکی چالاک خـۆی دەرخستبوو و لە کۆماری کوردستان لە “مەهاباد” بەرپرسی بەشێک لەۆ ئەو هێـزە نیزامی بوو کە بەشداری لە حکومەتی خۆجەیی کۆماری کوردستانی کردبـوو، لە کۆتایی دا ئەوە بڕیاری ئێمەیە کە نە لێیان خۆش دەبین نە لە بیرمان دەچێ ..

بەرپرسیارەتی کوشت و کوشتاری خەڵــک و لە سێدارەدانی بەدیل گیراوانی سیاسی لە ئەستۆی ڕێژیمی سەرەڕۆ و دژە مرۆڤی داوکەوتووی ئێرانە و تەنیا ڕێگەی ڕزگاری و سەربەستی کۆمەڵانی خەڵکی زوڵم لێکراو و ژێـر دەست و تۆڵە ئەستاندنەوە، ڕووخان و تێک قرمانی حکومەتی دژە گەلی ئیسلامی ئێرانە…

۱٥/٠٦/۲۰۲۱

سولەیمان کاشانی