Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شیننامەی خوشکی ٣ نەمران – مەهناز قورئانی

نەمر کاک شەریف قورئانی

لە سەرتادا برای گەورەم کاک شەریف قورئانی کە هەر لە تەمەنی شانزدە ساڵیەوە، بەرەو باشور دەڕوات لەوێ ماوەیێک شاگردی چای خانەیێک دەبێت، هەوەڵ جار وەک پێشمەرگە لەگەڵ هێـزی پارتی چالاکی و ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی بەڕێـوە دەبات. ئەو کات هەر پارتی وەک تاکە حیزبی باشوور خەباتی دەکرد. کاتێک یەکیەتی درووست بوو، کاک شەریف بۆ درێـژەدانی خەبات و چالاکی پێشمەرگایەتی و هەروەها خەبات لە دژ حکومەتی ناوەندی عێڕاق پێوەست بە یەکێتی بوو.

نەمر شەریف قورئانی

سی ساڵ تەمەنی خۆی لە ناو شۆڕشدا تەواو کرد هەتا دوا  هەناسەی دەستی لەخەبات و بیر و باوڕی خۆی هەڵنەگرت، بە ڕاستی لە باری بیرو باوڕەوە زۆر دڵسـۆز و نیشتیمان پەروەر بوو.

کاتی شەهید بوونی: ئەو کات کە یەکێتی لەگەڵ ئیسلامیە تووند ئاژۆکان کەوتە ناو شەڕەوە و لەگەڵ گرووپی بە ناو  “ئەنساری ئیسلام” تووشی تێکهەڵچوون دەبن، کاک شەریف وێڕای هاوڕێانی تا ئاخر فیشەک و گوللە دەستیان کردەوە.  کاک شەریف وێڕای شەش پێشمەرگەی دیکە کە فیشەک و گوللەیان خەڵاس دەبێت لە لایان هێزی بەرانبەریان بە دیل دەگیرێن و بەداخەوە لە لایان ئەوانەوە زۆر ناجۆامێرانە و بێ بەزەیانە هەر حەوت پێشمەرگە  بە شێوەیەکی زۆر دڵتەزێن و ناخ هەژێن سەریان دەبـڕن و ژیانیان بەم جۆرە نامرۆڤانەیە لێ دەستێنن.

 کاک شەریف لە کاتی شەهید بوونی تەمەنی لە  پەنجا ساڵ لای دابوو. سێ کچ و دوو کوڕ بەرهەمی ژیانی هاوبەشی لەگەڵ هاوژینکەی بوو کە بە داخەوە مەرگ دەرفەتی نەدایە کە لەگەڵ کۆڕی بنەماڵەی بمێنێ و لە نازی باوکێتی بێبەش بوون. کاتێک کە شەهید دەبێ نووسراوەیەکی لە پاش جێ دەمێنێ کە بـۆ کوڕی گەوەرەی نوسیبوو کە تەمەنی ئێستا نەببوو بە بیست ساڵ.

ژیانی کاک شەریف و بنەماڵەکەی  گەڵێک دژوار بوو، شۆڕشگێڕانە و دەژیا و هەموو خۆشی ژیانی بۆ خەباتی گەلە چەوساوەکەی لە خۆی حەرام کردبوو بۆیە هیچکات ژیانێکی ئاسایی و ماڵێکی جێگیری نەبووو بەردەوام لە شوێنێک بۆ شوێنی دیکە ماڵی لە کۆڵ بوو. پاش مەرگییان هیچ سامان و داراییەکی لە خۆی جێ نەهێشت بێجگە لە چارەڕەشی و بێ کەسی و هەژاری…

نەمر کاک رەئووف قورئانی

نەمر رەئووف قورئانی

کاک رەئووف تەواوی ژیانی بە ناخـۆشی و ئەو پەڕی دژواری تێ پەڕاند دەرفەتی کار کردنی نەبوو. ماوەیەک وەک کارمەند لە بنکەی سیلۆی سەقز خزمەتی دەکرد کە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە لایان ساواک دەس بەسەر دەکرێ و پاشان زیندانی دەکەن  ماوەیەک لە گرتووخانە بوو بەڵام بە هۆی ئەوە کە هیچ بەڵگەیەکیان لێ وەدست نەکەوت کە بسلمێنێ تاوانبارە ئازاد دەکـرێ، بەڵام ئیزنی کار کردنیان لێ ئەستاند و بە ناچار و بۆ بژێوی ژیانی ڕووی کردە شارە گەورەکانی ئێـران تا وەک کرێکار درێژە بە ژیانی بدات، کاک رەئووف وەک کەسێکی نیگار کێش، هونەری جوانی دەخوڵقاند. چەند بەرهەم و تابڵوێ گەورە و بچووکی لە سەر وێنەکێشان بەرهەم هێنابوو کە دەکـرا کە پێشانگەی بـۆ بەرهەمەکانی دابمزرێ کە بە داخەوە لە ڕووی ئەوەی کە کاک رەئووف ڕابردووی سیاسی و دژایەتی لەگەڵ ڕێژیمی هەبوو ئەوەشی لێ زەوت کرابوو و ڕێگای لێ گیرابوو.

کاک رەئووف قورئانی کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران کـرا تەمەنی ٢٦ساڵ بوو. کەسێکی چالاک و دڵسـۆز و نیشتیمان پەروەر بوو و هاوڕێ لەگەڵ کاک عەتای برام بێوچان له خۆپیشاندانەکان و چالاکی دەستی هەبوو و دڵی بۆ وڵات پارێزی لێ دەدا.  لە شاری سەقز و لە پێش دەرگای نەخۆشخانەی ئەو شارە وەک پاسەوانی بەر دەرگای نەخۆشخانە خزمەتی دەکرد هەڵبەت بە بەرگـی پیرۆزی پێشمەرگایەتی.

ئەو کاتەی کە ناوەندی شارەوانی سەقز لە لایان خەڵکەوە دەستی بەسەر دادەگیرێ، کاک حەمە حوسێن کەریمی کە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە کاتی دەس بە سەر داگرتنی خەڵکی سەقز بۆ سەر بنکەی شارەوانی بریندار دەبێ دەیهێنن بۆ نەخۆشخانە و نەمر رەئووفی برام وەک پارێزەر و پاسەوانی کاک حەمە حوسێن کەریمی تا ئاخر هەناسەی ئاگادری لێ دەکات کە نەوەک هێزەکانی ڕژێم هـێرش بێننە سەر نەخۆشخانە. بە داخەوە کە کاک حەمە حوسێن شەهید دەبێ، ڕێک ڕۆژێک دواتر سیلەی لێ دەگرن و بە داخەوە بەر دەسڕێژی گوللەی بەکرێگیاوان دەکەوێ و خوێنی کاک ڕەئوفی قورئانیش تێکەڵ بە کاروانی لە بن نەهاتووی شەهیدانی کوردستان دەبێ و پاش خۆی کچێکی تەمەن یەک ساڵەی بۆ هاوژینکەی جێ هێشت کە هاوکات بوو لەگەڵ چاوەڕێ بوونی مناڵی دووهەمی کە لە سگی دابوو و ئەویش هەر کچ بوو بەڵام قەت چاوی بە باوکی نەکەوت.

نەمر کاک عەتا قورئانی

نەمر عەتا قورئانی

کاک عەتا قورئانی،کە دوساڵ لە کاک رەئووف بچووکتر بوو و مەودای شەهید بوونیان زۆر نەبوو. کاک عەتا لەو ڕۆژەیەوە کە فامم کردەوە خۆ و خدەی سیاسی هەبوو و ئەوکات وەک قوتابی لە سنە دەێخوێند لە “ئەنستیتۆ” بەردەوام لە چالاکی و خەباتی سیاسی دابوو دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی جارێکی کە بۆ سەردان دێتەوە سەقز بۆ لامان لە کاتێک کە لە ماڵ بووین بە تێکڕایی ئەندامانی بنەماڵە ساواک لێمان وەژوور کەوتن و کاک عەتا دەس بەسەر دەکەن و لەگەڵ خۆیان بردیان و تا ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی چاومان بە کاک عەتا نەکەوتەوە، کاتێک کە لە گرتووخانە ڕزگاری هات ئاسەواری ئازار و ئەشکەنجە لە سەر جەسته و ڕووخساری دیار و ڕوون بوو، کاک عەتا وەک کەسێکی ڕووناک بیر و بە واتا مامۆستا خۆی دەرخستبوو و ئێمە هەموو ئامۆژگاریمان لێ وەردەگرت و زۆر بوون ئەو گەنج و لاوانەی کە کەڵکیان لە ئەزموونی سیاسی کاک عەتا وەردەگرت و جێ شانازی ئێمە و ماڵباتی ئێمه بوو وەک کەسێکی مرۆڤ دۆست کە تێگەیشتوویی لە زۆر بواران دا هەبـوو هەڵس و کەوتی دەکرد. ئێستاشی لەگەڵ بێت من بەش بەحاڵی خۆم، خۆم بە قەرزداری کاک عەتا دەزانم، هەرچی کە فێـر بووم لە ژیانم دا لە ڕێنوێنییەکانی ئەودا فێری بووم.

بە داخەوە لە وەرزی پاییزی ساڵی ١٩٨١ی زایینی لە گوندی قرووچە سەر بە شاری بۆکان بە هـۆی مینی چێندراو کە لە لایان ڕێژیم داندرابوو هاوڕێ لەگەڵ سێ پێشمەرگە کە بە یەکەوە بوون شەهید کرا. کاک عەتا بەرپرسی هێزی نیزامی پۆلێک پێشمەرگە بوو. کەسێکی دڵسۆز و بەو پەڕی لە خـۆبردوویی و ماندوویینەناسانە ئەو ئەرکانەی پێ ئەسپێردرابوو بەڕێـوەی دەبردن، دژ بە کەسانێک بوو کە ناوچەگەراییان دەکرد حەزی لە کەسگەلی دووڕوو نەدەهات. بیر و هزری تەواو یەکسان خواز و کەسێکی بە واتا دێموکرات بوو کە مخابن بێ ئەوەی چاوەڕوانی ئەوەمان هەبێ ئەویش مەرگی بێوادە لێمانی هەستاند. من وەک خوشکی بچووکیان درێژە دەری ڕێـبازی پیرۆزی براکانم دەبـم و بەڵێن دەدەم تا دوا پشوو ئەو ڕێـبازە بەر نەدەم.

شەهید نامرن

خاڵۆم، حەمەی ئابدرەم

حەمەی ئابدرەم

 خاڵۆم حەمەی ئابدرەم،کە لە بنەماڵەیەکی هەژار لە دایک ببوو باوکی کرێکاری دوخانیانت لە سەقز بوو. بـە هۆی هەژاری لە کاتی خوێندنی له قووتابخانە کرێکاریشی دەکرد بەڵام نەبوو هۆی ئەوەی کە لە خوێندن دوا بـکەوێ و قوتابێکی زیرەک و ئازا بوو. پاش تەواو کردنی پۆلی دواناوەندی بـۆ زانکۆی ئەفسەری ناوی دەرکەوت، پاش تەواو کردنی خوێندن لە زانکۆ وەک ئەفسەر لە هێـزی سەر زەوی ئەرتەش دامەزرا، ئەو کات کە شەڕ دژ بە کوردستان لە لایان ڕێژیمەوە دەستی پێ کرد شاری سەقزیش وەک زۆربەی شارەکانی کوردستان هـێرشی کرا سەری، ئەو سەردەم وێـڕای هاوژین و تاقانە کوڕەکەی لە تاران دەژیا، هەر ئەو کات حوکمی بۆ دەردەچێ کە بۆ هێندێک کار و باری نیزامی لەگەڵ پۆلێک لە هاوکارانی بچێت بۆ شوێنێکی نادیار بەڵام کە وەرێ دەکەون و سواری هەلیکۆپتێر دەبن لە سەروە دەبێنێ کە لە هەلیکۆپتێر بە سەر ئاسمانی سەقز  و بەرزایێکانی قەرەچیاو  دەفرێ کە هەلیکۆپتێر دەنیشێ خاڵـۆم کە حەز ناکات شەڕی برا کوردەکان و هێـزی پێشمەرگەی کوردستان بکات خۆی دەرباز دەکات بۆ ناو هێـزی پێشمەرگە و دەبێت بەشێک لە هێـزی بەرگری لە خاک و نیشتیمان بەڵام کە هەلیکۆپتێر بەرز دەبێتەوە و دەبینێ کە خاڵـۆم پێوەستی پێشمەرگەکان بووە لە ناو هەلیکۆپتێر تەقەی لێ دەکەن و دوو گولڵەی لێ دەدرێ یەک لە لای چاوی و یەک گوللەش سینگی دەپێکێ، خۆم چاوم پێ کەوت و دیتم کە چـۆن خاڵوشم تێکەڵ بە کاروانی سوور خەڵاتی شەهیدانی کوردستان بوو و بەم شێوە ڕێژیم بە تەمای ئەوە بوو کە کورد به دەستی کورد بکـوژێ بەڵام کەسانی وەک خاڵۆم خۆیان لەو ڕەوتە دوور خستەوە و بە پێوەست بوون بە هێـزی پێشمەرگە تێـکەڵ بە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بوون دژ بە ڕێژیمی کۆنە پەرەست.

ڕێژیم وەک لە سەرەتای دەسەڵاتەوە ڕاستیکان حەشار دەدات و بە چەواشەکاری خواستی ئەوەێتی کە بە درۆ و فـریوی خەڵک ناوی ئەو کەسانەی کە لێ دوور کەوتنەوە و تێکەڵ بە گەل بوون بـۆ خەڵک نامۆ بێت هەر بۆیەش ناوی خاڵـۆمی وەک کەسێکی کە لە شەر لەگەڵ هـێزی پێشمەرگە کوژراوە  هێـناوە  بەڵام ڕاستێکان هیچ کات حەشار نادرێن، تەنانەت کاک عەتای بـرام خـۆی ئەو بەسەر هاتەی لە زۆر جێ باس کردووە وەک کەسێک کە لە نزیکەوە چاوەدێـری ئەو ڕووداوەی کردبـێت، بە پێچەوانەی ڕێـژیم کە خاڵۆمی وەک “شەهیدی شۆڕش” ناو بردووە خاڵـۆم کەسێکی خۆش ناو و خاکەڕا و خەڵکی بوو و وەرزیشی زۆرەوانی دەکرد و زۆر لە گەنج و لاوەکانی سەقز خۆشیان دەویست و کەسایەتێکی باشی هەبوو… با بە ڕوون کردنەوەی ڕاستێکان لە سەر کەسانی دڵسـۆز و نەتەوە پارێـز حەوڵ بدەین پلانەکانی دزێوی ڕێژیم زیاتر ئاشکرا بکەین …

ڕێــز و حورمەت بۆ گشت لایکتان

مەهناز قورئانی

نەمر حەمەی ئابدرەم