Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەمر خالەق نەقەدەیان (نەغەدە)

نەمر خالەق لە تاران گەمارۆ دەدرێ و پاش نیو کاتژمێر شەڕ دەگەڵ پاسدارەکان، بە برینداری دەکەوێتە دەستیان

نەمر ڕەسوڵ نەقەدەیان (نەغەدە)

نەمر خالەق نەقەدەیان/نەقدیان (لە مەهاباد بە نەغەدە ناودێرن) کوڕی بەڕێز مستەفا* لە ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووە.  هەر لەو شارە خۆێندنی دیپڵۆم لە بواری ئەدەبیدا تەواو دەکات. ئەو لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و شۆرشگێری مەهاباد لە دایک بووە. زۆرێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەو نەمرە هەم لە کاتی دەسەڵاتی شا و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، چالاکی بەرچاوی شۆرش بوون. مامی نەمر خالەق رەسوڵ نەغەدەیان لە کاتی جوانەمەرگبوونی کۆماری مەهاباد سێ رۆژ پاش لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد، وەک ئەفسەری کۆماری کوردستان لەگەڵ سێ ئەفسەری‌تری مەهابادی لە سێدارە دەدرێن. لە سێدارەدانی نەمر رەسوڵ نەغەدەیان برینێکی قووڵی لە جەستەی ئەو بنەماڵەیەدا بە جێ هێشت و هانی دان دژی دەوڵەتی شا خەبات و چالاکی بێ پسانەوە بکەن.

 ئەو بەبێ جیاوازی لە خەمی براکوردەکانی خۆیدا بوو و ئامادە بووە بە هەر لەونێک کە بخوازێت یارمەتیدەری برا کوردەکانی خۆی بکات. ئەو لە کۆتاییەکانی حکومەتی پاشایەتی لە ئێران، هەموو مەترسییەکی بە دڵ گیان دەکڕییەوە و بەردەوام یارمەتی و پێداویستی دەبردە “خڕی ناو زەنگێ” کە پێشمەرگەکانی یەکیەتی نیشتمانی لەوێ بوون. بەو چەشنە خزمەتی بە برا کوردەکانی خۆی دەکرد بۆ ئەوەی بە ئاوات بگەن.

نەمر خالەق لە ناو کۆڕی بنەماڵە و دۆست و هاوشارییانیدا بە کەسێک بە ئەخلاق، ڕاستگۆ، بەباوەڕ،  خوێنگەر و دڵسۆز دەناسرا. بۆ گەییشتن بە ئاواتەکانی چاونەترسانە و خۆنەویستانە تێدەکۆشا.

لە شۆڕش بۆ ڕووخاندنی بنچینەی تەختی پاشایەتی لە ئێران، ئەو ڕۆڵی کاریگەری لە مەهاباد دەگێڕا و لە گشت خۆپێشاندانەکاندا گەر ڕێکخەری ئەو خۆپێشاندانانە نەبوایە ئەوە یەک لە بەشداربووە هەرە چالاکەکانی دەبوو. هەر لە گەرمەی خەباتی ئەو ڕۆژانەی گەلدا بە دژی حکومەتی پاشایەتی ئەو تێکەڵ بە ڕێکخراوی “جمعیت دفاع از زحمتکشان خلق کرد” واتە “کۆمەڵەی داکۆکی کردن لە زەحمەتکێشانی گەلی کورد” بوو و لە مەهاباد درێژەی بە خەباتی خۆی دەدا. پاشان لە ساڵی ١٣٥٨ تێکەڵ بە ڕێکخراوی “پیکار” بوو وەک پێشمەرگەی ئەو حیزبە لە ناوچەی بانە و سەردەشت چالاکی تەشکیلاتی دەکرد. هەروەها نەمر خالەق لە شکاندن و گرتنەوەی پادگانی شاری سەقز ڕۆڵی کارای گێڕا.   

ئەو لەو کەسانە بوو کە لە باوەڕی فیکری زۆر لە کۆمەڵە نیزیک بوون و هاتووچۆی تەشکیلاتییان زۆر بوو. نەمر خالەق لە پشتیوانی لە خەڵکی دیواندەرە، سنە، بۆکان و سقز شان بە شانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە بەرەی خەڵک دژی داگیرکەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەستایەوە.

نەمر ان “ڕەحمەت حەبیبپەنا”، “خالەق نەقەدەیان” و “سارم ئیفتیخاری”

لەگەڵ دووهەم شەڕپێفرۆشتنەکەی حکومەتی ئێران بە گەلی کورد لە مەهاباد، نەمر خالەق خۆی گەیاندەوە ئەو شارە و لە ڕێگای نێوان مەهاباد و ورمێ دژ بە تابووری (ستوونی سەربازی) حکومەتی ئێران شەڕی قارەمانانەی کرد.

نەمر خالەق حەوت خوشک و برای هەبوو. ئەوانیش وەک بەشێکی زۆر لە خەڵک ئەو کات بۆچوون و باوەڕی فیکری جێاوازیان هەبوو. براکانی لە چریکە فیداییەکان، حیزبی دیموکرات و کۆمەڵەدا چالاک بوون. بە هۆی چالاکی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە لە بەرەی شۆرش، دایک و بابی نەمر خالەق تا ساڵانێکی دوور و درێژ لە ژێر فشاری هێزە ئەمنیەتێکان و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا بوون. لەو ماوەیەدا چەندین جاران هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە شەو بەسەر دیواردا خۆیان بە ماڵی نەمردا دەکرد و ئازاری دایک و بابی بەساڵاچووی ئەو نەمرەیان دەدا. بەو فشارانە هەوڵی ئەوەیان دەدا دایک و بابی نەمر خالەق بچن منداڵەکانیان بێننەوە و تەسلیمیان بکەنەوە. دایک و باوکی نەمر خالەق زۆر خۆڕاگرانە لە بەرانبەر ئازارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاوەستان و بەشداری لە خەباتی شۆرشگێرانەیان بە ئەرکێکی پێویست دەزانی.  

نەمر خالەق لە سەرەتای مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ هاوڕێ دەگەڵ نەمران “ڕەحمەت حەبیبپەنا” و “محەممەد وەلیدی” بۆ ئەرکی تەشکیلاتی دەچێتە تاران و لە شوێنی پێویست کە بۆیان دێاری کردبوو جێگیر دەبن کە بەداخەوە لە لایەن کەسانی سیخوڕ دەستنیشان دەکرێن و شوێنی نیشتەجێبوونیان گەمارۆ دەدرێ و پاش نیو سەعات خۆڕاگری و شەڕ دەگەڵ پاسدارەکان، بە برینداری دەستبەسەر دەکرێن.

دایک و بابی بە ساڵاچووی نەمر خالەق زۆریان هاتووچۆی تاران کرد تا سۆراغێک لە کوڕەکەیان بدۆزنەوە، بەڵام هاتووچۆکەیان بێ سوود مایەوە. بەداخەو پاش تێپەڕبوونی کەمتر لە دوو مانگان کە بە برینداری زیندانی کرا بوو، لەناکاو و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەواڵی ئێعدام کردنی نەمران “خالەق نەغەدە” و “ڕەحمەت حەبیب پەنا” دەگەڵ پۆلێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی کە زۆربەیان سەر بە ڕێکخراوی پەیکار بوون لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیان لە ڕێکەوتی٥/٨/١٩٨١ زایینی بەرانبەر بە ٠٥/١٤/ ١٣٦٠ هەتاوی  بڵاو کرایەوە کە لە زیندانی  “ئێڤین”ی تارا تیرەبارانیان کردوون.

لە ڕۆژنامەکانی فەرمیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی سەبارەت بە کۆمەڵکوژییە لە زمان (روابط عمومی زندان اوین) نووسیویانە کە:

[خالەق نەقەدیان کوڕی حوسێن، بە ناوی خوازراوەکانی “کازم تاهیری” و “فازڵ”، بە تاوانی چالاکی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی لە دادگای ئیسلامی ناوەند، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا و لە ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەردانی ١٣٦٠ ئێعدام کرا.]

هەر لەو پێوەندییەدا کۆمیتەی کوردستانی سازمانی پەیکار لە یەک لە نەمیلکە بڵاوکراوەکانی خۆیدا بە ناوی (نشریە پیکار) ژمارە ١٢٤ بە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ١٣٦٠ یادێک لەو سێ ئەندامەی خۆی هاوڕێ دەگەڵ ٩ کەسی تر لە تێکۆشەران تر دەکاتەوە.

بنەماڵەی نەمر خالەق زۆریان هەوڵدا تەرمەکان بستێننەوە، بەڵام هەموو هەوڵێک بی سوود مایەوە و کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت دانەوەی تەرمی ئەو نەمرانە بە بنەماڵەکانیشیان بە ڕەوا نەزانی. بنەماڵەکەیان ئاگادارکرانەوە کە نەمر خالەق و نەمر ڕەحمەت حەبیب پەنا بە نیوەشەو لە گوڕی گشتی لە پارکی خاوەران شاردراونەوە. پاش ئێعدام کردنی ئەو نەمرانە بنەماڵەکەیان بە تووندی هەڕەشەیان لێدەکری کە بێدەنگ بن و بۆیان نییە هیچ پرسە و ڕێ و ڕەسمێکی سەرەخۆشیان بۆ دابنێن. کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت بەو تاوانە قێزەونەشەوە ناوەستێ و شۆێنی شاردنەوەی تەرمی ئەو نەمرانە لە خاوەرانەوە بۆ “لعنت ئاباد” دەگۆڕێ.

ڕۆحیان شاد و یادیان هەرمان

سەرنج:

  • بە گوێرەی وتەی بنەماڵەی نەمر خالەق، ئەو نەمرە کە دەگیرێ کاتێک ناوی باوکی لێدەپرسن، ئەو ناوی مامی دەدات و دەڵێ من کوڕی حوسێنم. ئەوە لە حاڵێک دایە کە مامە حوسێنیی دوو مانگێک بووە کە کۆچی دوایی کردووە. بۆیە ئەو کارە دەکات تا پاسدار و جەلاددەکان بابی نەناسنەوە و ئەزیەت و ئازاری نەدەن. لەبەر ئەو هۆیەیە کە لە ڕۆژنامە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ناوی باوکی نەمر خالەقیان بە “حوسێن” نووسیوە دەنا، لە ئەسڵدا ناوی باوکی نەمر خالەق “مستەفا”یە

وێنەکان