لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و گرتنە دەستی حکومەت لەلایان کۆماری ئیسلامییەوە، زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان سەردەمێکی دژوار و چەتوونیان دەرباز کرد. شەڕ و خوێنڕشتن و کاولکاری کە تێیدا زۆربەی خەڵکی کوردستان ئازیزان و کەس و کاریان بە ناحەق بوون بە قوربانی تاوانەکان و سەرەڕۆییەکانی ئەو کۆمارە. شاری نەغەدە یەک لەو شارانەی کوردستان بوو کە خوێناویترین ڕۆژەکانی لە دەمژمێری مێژوویی کوردستاندا لە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی تۆمار کرد.
لەو ڕۆژەدا لەلایان چەند کەسایەتییەکی ئایینی وەک مەلا (غولامڕەزا حەسەنی)سەر بە ڕژێم، نیزیک لە خومەینی، لە ئێتنیکی ئازەری، سەرۆکی کۆمیتەکانی ئینقیلاب بوو لە سەرەتای شۆڕش و لە هەماکاتیشدا ئیمام جومعەی شاری ورمێ بوو کە بە هاوکاری کەسێک لە کۆنە ساواکییەکانی زەمانی شای بەناوی (حاج عەزیم مەعبودی) کە خۆی سەرۆکی کۆمیتەکانی سپاسی پاسداران بوو لە شاری نەغەدە، شەڕێک بە بیانووی باوەڕە ئێتنیکی و ئایینییەکانەوە بەسەر دانیشتوانی کوردی ئەو شارەدا سەپا کە کە تێیدا لانی کەم ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەست دا و دەیان کەس بریندار و کەمئەندام بوون و سەدان بنەماڵە ئاوارە و تەرکەوەتەن بون.
لەپاش هێوەربوونەوەی دۆخی شار و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ئەو شارە، ئەوجار هەڵمەتێکی تری گوشار بۆسەر خەڵکە بەڕەچەڵەک کوردەکەی شاری نەغەدە پەیڕەو کرا. لەو گوشارانەدا کە بە بێدەنگی و تەنیا بۆ مەبەستی ئازاردانی کوردانی ئەو شارە دەکران کە هەڵقوڵاوی ڕق و قینی پنگخواردووی حەسەنی، مەعبودی و دارودەستەکەییان بوو لە گەلی کورد، تێیدا بە هەڕەمەکی و کوێرانە ئەوەی وەبەر دەستیان هاتبا و ئەوەی دڵیان ویستبای دەیانگرتن و پەروەندەیان بۆ ساز دەکردن و تاوانی جۆراوجۆریان دەخستەپاڵ و بەبیدەنگی و بێ کێشە لەساڵی ١٣٦٠ و لە زیندانەکانی ورمێ و بەتایبەت لە تەورێز زۆربەیان ئێعدامیان دەکردن و تەرمەکانیشیان بزر دەکردن.
بە خۆشییەوە (ماڵپەڕی نەمران) لە سەرەتای دەسیتبەکار بوونی خۆیەوە بە شێوەیەکی تەواو بێلایەنانە و نەتەوەیی و باوەڕپێکراوانە توانیویەتی وەک یەک لە ناوەندەکانی جێی مەتمانە دەرکەوێت. هەر بەو پێیە شارۆمەندانی بەرپرس و دڵسۆزی کوردستان، قۆڵی هاوکاریکردنیان دەگەڵ هەڵسوڕاوانی ئەو ماڵپەڕە هەڵماڵیوە و ئەو ماڵپەڕەیان لە لایەنە شاراوەکانی دوای شەڕی نەغەدە ئاگادار کردۆتەوە. هاوکارانمان لەو ماڵپەڕە بە ڕژدی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ زیاتر دەرخستنی ئەم تاوانانەی ڕژێم و دەست و پێوەندییەکانی لە نەغەدە دەست پێکردووە و سەرقاڵی کۆکردنەوە و پۆلێنبەندی کردنی زانیارییەکانن کە بە شێوەی ئانقەست و پلانبۆداڕێژراوە ئەنجام دراون.
دەمانهەوێ کاتێک کە ئەو زانیارییانە هاتە دەستمان، ئەو بەشە لە زانیارییەکان کە بۆ بڵاو کردنەوە دەبن لەسەر قوربانیانی ئەو زەمەنە، بخەینە بەر دیدی ئێوە خوێنەران و خەمخۆرانی کوردستان و لایەنە شاراوەکانی ئەو تاوانە دژی مرۆییەتان زیاتر بۆ ڕوون بکەینەوە.
یەک لەو قوربانیانە کەسێک بووە بە ناوی مامۆستا مەلا قەسیم ڕەواندڵ کە ناوی نە لە هیچ لیستێک و نە لە هیچ شوێنک تۆمار نەکراوە و کۆماری ئیسلامی توانیویەتی زۆر بە بێدەنگی و بیکوژێک و بزری بکات و تەرمەکەشی نەداتەوە بە خزم و کەسەکانی. لەویش جەرگبڕتر ئەوەیە کە هیچکام لە لایەنەی سیاسی و مافی مرۆڤەکانی کوردستانیش لەو تاوانەی ڕژێم ئاگادار نەبوون. ئێمە لە ماڵپەڕی نەمران بۆ یەکەمجارە کە پەردە لەسەر ئەو تاوانە هەڵدەدەینەوە و نەمر مەلا قەسیم ڕەواندڵ بە ئێوە دەناسێنین.
مەلا قەسیم ڕەواندڵ
ڕێکەوتی لەدایکبوونی مەلا قەسیم ڕەواندڵ، لە ڕووی بەڵگە و ناسنامەی ناوبراو، ڕێکەوتی هەشتی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ۱۲٨۱ی هەتاوی تۆمار کراوە بەڵام، بە دڵنیاێیەو ئەو ڕێکەوتە ڕاست نییە، چونکە ناوبراو زۆر جحێڵتر بووە، باوکی مەلا قەسیم یەک لەو شۆڕشگێرانەی سەردەمی خـۆی بووە کە لە ناوچەی شامات دەژیا بەڵام بە هـۆی ناکۆکیی کە لەگەڵ سەرۆک خێل و خاوەن موڵکەکان هەیبووە بە ناعیلاجی لەو ناوچەیە کــۆچی ناچاری کردووە.
باوکی پایەبەرزی مەلا قەسیم لە ناوچەی شنۆ لە ئاوایی نەلیوان نیشتەجێ دەبێ و مەلا قەسیم لەو گوندە چاوی بۆ دونیا هەڵدێنێ.
قەسـیم چوار برای هەبوو و تا تەمەنی حەوت ساڵەگی خەریک بە کار و باریی ئاسایـی ناو ئاوایی بــووە، ناوبــراو لە تەمەنـی گەنجێتی بێ ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەکەی بۆ شۆێنێکی نادیار هەڵوەدا دەبێت و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە دیار نابێـت، بنەماڵەکەی وەدەزانن کە مەلا قەسـیم تووشی مەرگ هاتووە.
بەڵام مەلا قەسـیم ڕەواندڵ پاش حەوت ساڵ کە دەگەرێتەوە لای بنەماڵەکەی بە جل و بەرگی مەلایەتی خـۆی وەدر دەخات و دێتەوە ئاوایی نەلیوان و ئاشکرا دەبێت کە لەو ماوەیە دا کە بە بێ ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەکەی جێ هێشتبوون، بەدوای خوێندن و فێر بوونی زانست و دەرسی فەقێەتی بووە…
ناوبراو پاش ماوەیەک لەو ناوچەیە وەک کەسێکی شۆڕشگێر و مرۆڤێکی دژ بە نابەرابری و ئەو زوڵم و زۆرەی کە لە سـەر خەڵک لە ئارا دابوو هەڵوێست دەگـرێ و ناوبانـگ دەردەکات، پاش ماوەیەک مەلا قەسـیم وێڕای بنەماڵەکەی دوای خۆراگری لەهـەمبەر دژواری و زەختێکی زۆر کــۆچ دەکەن بۆ شاری نەغەدە…
مەلا قەسـیم لە بزووتنەوە و جوڵانەوەی حەق خۆازانەی گەلی کورد لە دەشتی سندووس نەخش و ڕۆڵی بەرچاوی گێـڕا و وێڕای کەسانێک وەک ڕەوانشـاد کەریـم حیسامی کە خزمیشی بوو و دوکتور قاسملوو، ڕەحمان کەریـمی، مامۆستا هێـمن و …
پێـوەندی باشی هەبوو، پێویستە ئەوەش باس بکرێ کە مەلا قەسـیم ماوەیەک لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانیش هاموشۆی هەبووە.
دوابەدوای شەڕی داسەپاو بـۆ سەر خەڵکی بێ تاوانی نەغەدە لە لایان هێـزەکانی دۆڕاوەکانی ساواک کە لەو حکومەتی تازەدا خۆیان لە لە قەرەی موجاهیدەکانی مەلا حەسەنی دەیتەوە کە پێش نوێژی ئەوکاتی شاری ورمێ بوو و بە پیاو کوژ و کوردکوژ ناوبانگی هەبوو. لە ساڵی ١٣٥٩ وێـڕای چەند هاوڕێی دیکەی خۆی بۆ وێنە: خەلیل مورادی، کەریـم کاشانی و زۆرێک لە لاو و گەنجانی کورد بە تـۆمەتی چالاکـی سیاسـی دژ بە ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر دەکـرێ و پاش چەند مانـگ ئازار و ئەشکەنجـە لە کۆمیـتەی شاری نەغـەدە بـۆ گرتووخانەی ورمێ دەگـۆزرێتەوە و پاشـان، زۆربــەی گیـراوانی نەغەدە دەگـۆزرێنەوە بۆ گرتووخانەی شاری تەورێز کە بە داخـەوە لە لایان موسەوی دادسـتانی ئەو کـاتی تەورێـز حوکمی لە سێـدارەدانی بۆ دەردەچـێ و لە سەرەتای هاوینی ساڵی ١٣٦٠ ئیعـدام دەکـرێ.
وەک ئەوەی کە هاوڕیانی کە لە گرتووخانە و لە دادگا لەگەڵی بوون باسیان کردبوو: مەلا قەسـیم ئەوکات کە ئەو حوکمەی پێ دەگوترێ هـێرش دەباتە سەر موسەوی وەک قازی شەرع و بە گـژی دادێت کە لە لایان ئەو مەئموورانە کە لەوێ دەبن هێـرش دەکرێتێ سەری و بە زۆر و کوتەککاری لەوێ دوور دەکەنەوە بە داخــەوە شوێنی ناشتنی تەرمـی مەلا قەسـیم ڕەواندڵ تا هەنووکەش بـە بنەماڵەکەی ڕانەگەیندراوە و ڕوون نییە، دادگای شۆڕشی ئەوکات، تەنێ تیرەباران کردنـی ناوبراویان پشت ڕاست کردۆتەوە.
یەک لەو کەسانەی کە لە گرتووخانە لەگەڵ مەلا قەسـیم بووە و پاش چەند ساڵ بەرگـری کردن لە گرتووخانە ڕزگاری هاتبوو بـۆ کەس و کار و ئەندامانی بنەماڵەی مەلا قەسـیمی گێـڕابووە کە ئەو خـۆڕاگـری و ئازایەتی و باوەر و متمانە بەخـۆبوونەی کە من لە مامۆسـتام دیت لەو قارەمانە بە نێـۆبانگانەی ناو کتێبەکانیش نەمبیستووە و مامۆسـتا سیما و ڕوخساری جەماڵ عەبدوو ئەلناسری کوردستانی هەبوو.
یاد و ناوی هەرمان