Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

٤٠ ساڵەی تیرەباران کردنی ٥٩ قارەمانی کورد

رۆژی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ هەتاوی، (٢ی ژوئەنی ١٩٨٣زایینی)، ڕاگەیەندرا کە ٥٩ لاوی مەهاباد لە زیندانی تەورێز بە تاوانی هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان، لە سێدارە دران.  ئەو ساڵە لە مێژووی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ساڵێکی شووم و ڕەش دێتە ئەژماردن. بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ناوەندی نەمران کردوویەتی ساڵی ١٣٦٢ شەش جار  گیراوانی کورد کۆمەڵکوژ کراون  کە سەرجەم ١٦٤ کەس  تیرەباران کران.  لەو ٦ کۆمەڵکوژییە تەنیا گورپی ٥٩ قارەمانەکە بوون کە حکومەت بە فەرمیی ناوی هێنان و بێباکانە ناوەکانیانی هەم لە بەر دەرگای فەرمانداری و شوێنە گرینگەکانی شاری مەهاباد هەڵواسی و هەم لە ڕادیۆ تێلێڤیزیۆنی ناوەدنی مەهاباد بڵاوی کردنەوە و ناوەکانیان دانەبەدانە خوێندنەوە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە بە دەیان و سەدان بەندکراوی دیکەش لە زیندانەکاندا بە تاوانی هاوشێوە چاوەڕوانی چارەنووسی نادیار بوون.

بێپەروا بوون و فەللەیی کوشتنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد بۆ ئەو ڕژێمە لە ساڵی ١٣٦٢ دا گەییشتە لوتکەی خۆی و ئیتر لەپاش ئەو پۆلە ٥٩ قارەمانە، زنجیرەی کوشتن و ئێعدام کردنەکان لە هەڵکشان بوو و پۆلپۆل لاوانی کوردیان لە زیندانەکان تیرەباران و ئێعدام دەکردن بەو جیاوازییەی کە بە فەرمی باسی ٥٩ کەسەکەیان کرد، بەڵام بۆ ئەوانەی تر بەبێدەنگی، سیستێماتیک و بە هەڕەشە کردن لە بنەماڵەکان دەیانکوشتن.

ناوەندی نەمران لە ماوەی ئەو یەکساڵەی کە لە تەمەنی تێدەپەڕێ بووەتە جێی متمانەی گەلی کورد و بەردەوام خەڵکی دڵسۆز و بنەماڵەی شەهیدان پێوەندی پێوە دەکەن و بەڵگە و زانیارییە بەربڵاوەکانیان بۆ ئەو ناوەندە دەنێرن تا لەوێ ئاڕشیو بکرێت و لە فەوتان ڕزگاریان بێت و هاوکات بتوانن کەڵکیان لێوەرگرن بۆ زیاتر ڕیسوا کردنی ڕووی دزێوی کۆماری ئیسلامی و هەروەها (گەر بۆیان بلوێ) لە مەرجەعێکی قانوونیدا بە دژی ئەو ڕژێمە لەکار بگیردرێتەوە.

کاک برایمی قەزاق کە تێکۆشەر و دڵسۆزێکی نەتەوەکەمانە و لە ماوەی تەمەنی خۆیاندا کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاری کۆکردۆتەوە، زۆر جوامێرانە پێوەندی بە ناوەندەکەمان گرت و متمانەی پێکردین و ئەو بەڵگە گرینگانەی داینێ کە پەردە لەسەر هۆکاری ئەو جینایەتانەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەڵدەداتەوە. ئێمەش لە ناوەندی نەمرانەوە هەوڵێکی چڕ و پڕمان بۆ ئەو بەڵگە گرینگانە دا تا بتوانین ئەسڵی بەڵگەکە بدۆزینەوە کە بەختەوەرانە سەرکەوتوو بووین و ماکی بەڵگەکەمان بە مۆر و ئیمزای فەرمی وەزاڕەتخانە و بەرپرسەکانەوە دۆزییەوە.

ئێستا ئێمە لە ناوەندی نەمران پاشی ٣٨ ساڵ لەو کۆمەڵکوژییانە بەتایبەت کۆمەڵکوژییەکانی ساڵی ١٣٦٢ بەڵگەیەک بڵاو دەکەینەوە کە پێشاندەری ئاستی بەرزی نامرۆڤبوونی ئەو ڕژێمە وێنا دەکات کە بە پاساوی دین پەنا دەباتە هەرچەشنە کردەوەیەکی نامرۆڤانە. ڕۆڵەکانی گەلی کوردیان بە پاساوی دین کردە قوربانی و پێش لە ئێعدام کردنیان خوێنی لەشیان دەرکێشا تا پاسدارە بریندارەکانی خۆیان زیندوو ڕابگرن.

سەرەتا (فێدێراسیۆنی ناونەتەوەیی مافی مرۆڤ) لە ڕاپۆڕتێکدا سەبارەت بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران کردبووی کە لە ماوەی٩ی اوت تا ٨ی سێپتامبری ساڵی ١٩٨٣ز – ١٣٦٢ه خایاندووە، ئاماژەی بەو بەڵگە گرینە کردووە. تێیدا ئاوا دەنووسێ کە:

بەرپرسانی زیندان تەرمی ئێعدامکراوەکان بەو هۆکارانە نادەنەوە بە بنەماڵەکانیان:


1- ئەو کەسانەی کە تیرەبارانیان دەکەن تەرمەکانیان لەبەر ڕێژنەی فیشەکان وەها شپرزە دەکرێن کە ناسینەوەی تەرمەکان کارێکی دژوارە.
2- پێش ئەوەی ئێعدامیان بکەن، خوێنی ئەو زیندانییانە دەکێشن و لە لەشیان بەتاڵی دەکەن تا بیدەن بە پاسدارە بریندارەکان. بە پێی فەرمانی ٣ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٨١ کە دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران ناردوویەتی بۆ گشت دادستانەکانی شۆڕش لە شار و شارۆچکەکانی ئێران، خوێنکێشان و خوێن بەتاڵ کردنی ئەو زیندانییانە لە لەشیان پێش ئێعدامکردیان بەبێ هیچ دوودڵییەک دەسەلمێنێ. ئەو فەرمانە بەو چەشنەیە:
ڕێکەوت:٣/٧/١٣٦٠ – (٢٥/٠٩/١٩٨١)
ژمارە:٣٢٥
             بە ناوی خودا
نووسینگەی دادستانی گشتی شۆڕش – کۆماری ئیسلامی ئێران
لە لایەن: دادستانی گشتی شۆڕش کۆماری ئیسلامی ئێران
بۆ: گشت دادستانەکانی شار و شارۆچکەکانی ئێران
لەبەر داوای سپای پاسداران، کاتێک برا پاسدارەکان لە کاتی شەڕ لە ناو شەقامی شارەکان یان لە بەرەی شەڕ بریندار دەبن و دەیاننێرنە نەخۆشخانە، لەوێ پێویستییەکی زۆریان بە خوێن هەیە. نەبوونی خوێن و نەبوونی ئەو دەرفەتە کە دەم و دەست خوێنیان بۆ دابین بکەین، دەبێتە هۆی مردنی برادەرە پاسدارەکانمان. بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە داواتان لێ دەکەین فەرمان بدەن تا بە شێوەیەکی نهێنی ئەو کەسانەی مەحکوم بە ئێعدامن و حوکمەکەیان دەبێ بە زووترین کات جێبەجێ بکرێ، پێش ئەوەی ئێعدامیان بکەن لە لایەن کارمەندانی پزشکیی جێ متمانەوە، خوێنی تاوانبارەکان بگرن و ڕایگوێزن بۆ نیزیکترین بنکەی تەندرووستی  یا بانکی خوێن. بۆ ئەوەی لە زووترین دەرفەتدا بدرێتە ئەو برا پاسدارانەی کە پێویستییان پێی هەیە تا لە مردن ڕزگاریان ببێ.
وەبیرتان دێنینەوە کە بۆ ئەوە بزانین ئەو کارە گرفتی شەرعی نییە، پرسیارمان لە ڕێبەر و ویلایەتی فەقیهمان، بونیاتنەری کۆماری ئیسلامی، ئیمام خومەینی کرد کە لە وەڵامدا فەرموویان ئەو کارە هیچ کێشەی شەرعی و ئیسلامی نییە. واژۆ
دادستانی گشتی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران
فەرمانی دادستانی گشتیی ئێران بۆ بەتاڵکردنی خوێنی ئێعدامکراوان پێش تیرەبارانکردنیان لەسەر داوای سپای پاسداران

بەڵێ؛ وەک بە چاوی خۆتان دەیبینن حکومەتی کۆماری ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆی، دەست لە هیچ چەشنە تاوانێکی نامرۆڤانە ناپارێزێت و دین و ئایینیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان مانا دەکەنەوە. بە پاساوی دین لەشی گیراوانی بێتاوانی کورد پێش تیرەبارانکردنیان لە خوێن بەتاڵ دەکەن تا پاسدارەکانیان زیندوو ڕاگرن. ئەو تاوانە تا ئێستا لە هیچ دیکتاتۆڕێک نەبینراوە جگە لە زوحاک (ئەژدیهاک) و کۆماری ئیسلامی کە هەردووکیشیان دژ بە کورد کردوویانە.

ناوەندی نەمران بەم زووانە بڕگەکانی ڕاپۆڕتی (فێدێراسیۆنی ناونەتەوەیی مافی مرۆڤ) کە لێوڕێژە لە بەڵگەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە گەلی کورد بڵاو دەکاتەوە.

لێرەدا لە ٣٨ەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی ٥٩ کەسی مەهاباد و ١٠٥ کەسی تر لە گشت ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری کڕنۆشبۆ سەر گۆڕیان دادەنوێنین کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٦٢ بە کۆمەڵ تیرەبارانی کردن،(جگە لە ئێعدامی تاک و تەریک) هەروەها ڕایدەگەیێنین کە ناو و ناسنامەی ئەو نەمرانە بە هەر هۆکارێک بێ، شپرزە کراوە و بەداخەوە تا ئێستاش کەس نەبووە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان زانیارییەکانیان ڕاست کاتەوە. ناوەندی نەمران هەوڵی داوە کە تا ڕادەیەک پێناسە و زانیاری وردی ئەو شەهیدانە ساغ بکاتەوە. دیارە ئەو کارە کارێکی هەستیار و پڕمەترسییە و تاوانێکە کە کۆماری ئیسلامی لەدوای ٣٨ ساڵان ئەنجامی داون و نابێ چواوڕوانیمان هەبێ بە یەک شەو هەمووی ئەو زانیارییانە ئامادە بکرێن، بۆیە ناوەندی نەمران هەروەک لە سەرەتاوە باسی کردووە بە ئەرکی خۆی دەزانێ تا گشت بەڵگە و زانیارییەکان سەبارەت بەو ئێعدامکراوانە کۆ بکاتەوە و لە فەوتان ڕزگاریان بکات و بۆ دادگایەکی قانوونی و بۆ جیلەکانی داهاتوومان بپارێزێ. پێویستە بگوترێ کە ئەو ناوانە لە زۆربەی سەرچاوەکانی دەوڵەتی، حیزبی، ڕێکخراوەکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ، تەنانەت لە کتێبەکانیشدا بە هەڵە نووسراون و تۆمار کراو کە بەختەوەرانە بەشی لێکۆڵینەوە لە ناوەندی نەمران دەستی کردووە بە ساغکردنەوە و وەدەستهێنانی زانیاریی درووست و بەڵگەمەند لەسەر ئەو نەمرانە. داوا لە ئێوە هاونیشتمانیان دەکەین کە لە ساغکردنەوەیاندا هاوکاریی ناوەندی نەمران بکەن.

وێنە و ناوی ئەو ٥٩ قارەمانە کە ناوەندی نەمران بە زانیاری وردەوە بەشێکیانی ساغ کردوونەوە بەو شێوەیەن:


١- غوڵامڕەزا باڕنجی

لە سەرچاوەکاندا بە (بارزی) نووسراوە

کوڕی مستەفا و هاجەر
لەدایکبووی: ٢١/١١/١٣٤٦

٢- عەلی گوڵپەرەست

کوڕی: عەبدوڵا و خاوەر
لەدایکبووی: ٢/٩/١٣٤١

٣- محەممەد ئەمین ئەحمەدی

کوڕی مەلا ڕەحمان و فاتمە حوسەینی
لەدایکبووی: ١٣٤٤

٤- هەژار کەریمی

ساڵی لەدایکبوون: ١٣٤١
کوڕی: ئەحمەد و موحتەڕەم عەزیمی

٥- محەممەد عەڵیاڵی

کوڕی: ئەحمەد

٦- کەریم کەڵهوڕی

کە لە سەرچاوەکاندا بە (کەریم کاوە) نووسراوە

ساڵی لەدایکبوون: ١٣٣٩
خەڵکی: مەهاباد، گوندی داشتەمری خوارێ
کوڕی: عەلی کەلهوڕی خەڵکی گوندی حاجی عەلیکەند و مەلیعە حەسەنزادە خەڵکی گوندی خاتونباغ

٧- حوسێن کەڵهوڕی

لەدایکبووی: ١٣٣٩
خەڵکی: مەهاباد، گوندی داشتەمری خوارێ
کوڕی: عەلی کەلهوڕی خەڵکی گوندی حاجی عەلیکەند و مەلیعە حەسەنزادە خەڵکی گوندی خاتونباغ

٨- ئینشائەڵڵا نادری

لەدایکبووی: ١٣٤١

کوڕی: کەریم و سەیدزادە مەعسوم

٩- شوکروڵڵا نادری

١٠ -مەلا حەسەن لاجوەردی

١١- ئیبراهیم ئەمینی(برایم خەبات)

ساڵی لەدایکبوون: ١٣٣٨
خەڵکی: مەهاباد
کوڕی: عەلی ئەمینی و ڕۆقیا بابەدینی

١٢- خالەق خۆشڕوو

لە سەرچاوەکاندا بە (خالەق بارزانی) نووسراوە
کوڕی: عەبدوڵڵا

١٣- کامڕان زائیر حیجازی

کوڕی : قاسم

١٤- مستەفا عیسمەتی

١٥- خالید سەفایی

١٦- عەلی سەلامی

کە لە سەرچاوەکاندا (عەلی سەلاحی یا ساڵحی) نووسراوە

کوڕی: حەسەن و مرێم نوحی
لەدایکبووی ساڵی: ١١/٦/١٣٤٣

١٧- خدر ڕەنگین

لەدایکبووی ساڵی: ١٣٤٥
کوڕی: فەتاح و ئایشێ

١٨- عەلی مەزنی (مەزنە)

کوڕی: مەلا محەممەد
لەدایکبووی: ١٣٤٤

١٩- یۆسف ئەیازی

٢٠- عەلی غەوارە

لەدایکبووی: ١٩/١/١٣٤٣
کوڕی: ئیبراهیم و خوونچە میکاییل زادە

٢١- فەرەیدون شەنگە

٢٢- محەممەد فاروق بازیار

کوڕی: سەعید

٢٣- منسور جەناح

٢٤- وەفا ئەلیاسی

لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٥
کوڕی: عەبدوڵا

٢٥- حەسەن جەهانبین

ساڵی لەدایکبوون: ٥/٣/١٣٤٢
شاری: مەهاباد
کوڕی: عەبدولقادر

٢٦- کازم خاتونی

٢٧- محەممەد ئەمین سەفا

٢٨- عەلی بانەیان

٢٩- هومایون نیلوفەری

٣٠- مەحمود ڕیزەیی

٣١- محەممەد حوسەینی

٣٢- عەباس حوسێنپوور

٣٣- عەبدوڵا تەحریریان

٣٤- ڕەحمان ڕەحیمی

٣٥- کەماڵ چاوشینی

٣٦- حەسەن ڕەحمانیان

٣٧- خالید ڕەحیم ئازەر

٣٨- برایم سید ئەحمەدی

٣٩- محەممەد مەسعودی

٤٠- محەممەد ئەبووبەکری

٤١- عەلی بازیان

٤٢- محەممەد سەلیمی

٤٣- ئەبوبەکر شوکری

٤٤- کەماڵ کەریمی

٤٥- کەریم ڕەحمانیان

٤٦- یۆسف حەبیب پەنا

٤٧- سالح مام ئیبراهیمی

٤٨- سولەیمان حەسەنزادە

٤٩- یۆسف حەسەنزادە

٥٠- سەید مەحمود سەید مەحمودی

٥١- حامید مەحمود کەندی

٥٢- عەباس یۆسفی

٥٣- سیامەک سقزی

٥٤-عەلی جمال ئابادە

٥٥- ساڵح فەرهودی

٥٦- مەقسود مەحمودی

٥٧- ئەحمەد کەڕوبی

٥٨- ڕەحمان خزرپوور

٥٩- مستەفا بیژەنفەڕ


خوێنەر و میوانی هێژا، ڕەنگە ئەو لیستە کەم و کوڕی هەبێ، تکایە گەر زانیاری زیاترتان لەو نەمرانە یا هەر نەمرێکی دیکە هەیە، پێوەندی بە ناوەندی نەمرانەوە بکە و بە پێشکەشکردنی زانیارییەکانتان بەو ناوەندە، ئەرکی نیشتمانی و کوردانەی خۆتان بهێننە جێ. بە سپاسێکی پێشوەختەوە.